بیروڕاهەواڵ

فریدەران و فریوخواردوەکان

 فریودان، پێدەچێت یەکێک لە کۆنترین کردارەکانی ناو مێژوو بێت. لە ڕاستیشدا فریودانی کەسانی تر گەورەترین فریوخواردنە! ئەو ڕێگایەی بە هۆی فریودانەوە دەبڕدرێت هەرچۆنێک بێت و چەندە درێژخایەن بێت، کاتێک سەیری ئاڕاستەی قەدەری ئەو جۆرە کەسانە دەکەین، زۆر بە ئاشکرا ئەوە دیارە کە هەرکەسێک فریودانی وەک ڕێگا و شێوازی خۆی هەڵبژاردبێت، درەنگ یان زوو، خۆی یەکێک دەبێت لە گەورەترینی ئەوانەی فریویان خواردووە و گەورەترینی دۆڕاندنەکانیش بە نسیبی خۆی دەبێت.

لە ئایەتێکی قورئانی کەریمیشدا خودا دەفەرموێت” ئەی مرۆڤەکان، هەرگیز ژیانی دونیا فریوتان نەدات، شەیتانی فریودەریش بە پاساوی مەرحەمەت و بەزەیی خودا ئێوە فریو نەدات”.

گەرچی فریوخواردن زیانی لێدەکەوێتەوە بەڵام ڕەها نیە. بە پێچەوانەوەی ئەو کەسەی فریودەدات کە زەرەرەومەند و دۆڕاوی ڕەهایە. هەربۆیە چارەنوسی یەکەم فریودەر کە شەیتانە لەلای هەموومان ئاشکرایە. ئێمەش وەک نەوەکانی یەکەم دوو کەسی فریوخواردوو، ژیانمان لە نێوان فریودان و فریوخواردندا بەسەر دەبەین.

لە ڕاستیدا ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئێمەوە هەیە، یان ئەوەتا فریودان هەڵدەبژێرین و ئاگری دۆزەخ بۆ خۆمان مسۆگەر دەکەین، یاخود یەکێک دەبین لە کەسە فریوخواردوەکان و خۆمان توشی ناڕەحەتی و ناسۆری کاتی دەکەین ، کە پێموایە ئەمەی دووهەمیان هەڵوێستێکی مرۆڤانەترە.

 

ماوەیەک کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن فریویان خواردووە و پاشان دەڵێن “خودا لێمان ببورێت”. گەرچی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی لێهاتووە کە ئامادەیە باوەڕ بە هەموو شتێک بکات کە پێی دەڵێن و دەیبیستێت و لە دوێنێشەوە ڕازی بووە بەوەی باوەڕ بەم قسەیە بکات.

هەربۆیە هەنگاو بە هەنگاو دیوارەیەکەیان بە شێوەیەک بەرز کردەوە و تەواوی بۆریەکانی هەناسەی کۆمەڵگایان بە شێوەیەک ئاخنی، لە حاڵی ئێستادا شتێک بە ناوی مێدیاوە بوونی نەماوە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا پیرە پیاوێکی سەر سپی کە چەند ساڵێکی کۆتایی تەمەنی بە ژیانی دونیا گۆڕیەوە، بە سەری زمانی وتی ” دڵگرانم بەوەی پیرە پیاوان و خانمانی باڵاپۆش دەخرێنە زیندانەوە” و هەر هێندە زانی بەوەی تۆمەتباری دەکەن بەوەی خائینە و لە ڕیزی خائینان دایدەنێن، یەکسەر لە قسەکانی  دوێنێی پەشیمان بوویەوە.

 

خۆ گەر لە گۆشەنیگای فریودەران/ فریوخواردووەکانەوە سەیری بابەتەکە بکەین ئەوا هەموو شتێک ئاشکرایە.

 

ئەو مفتەخۆرانەی ئەمڕۆ حسابی پیاویان بۆ دەکرێت لە ڕابردوودا ئەم قسانەیان پێنوسین :” هەموو جەماعەتەکان یان ئەوەتا بەیعەت دەدەن یاخود لەناو دەبرێن”.

لە ڕاستیدا ئەمە بابەتێک بوو کە هەموو کەس دەیزانی، بەڵام پێموایە کەس حەزی نەدەکرد بە ڕاستی بزانێت. فریودەران لە سەرەتاوە قسەکانیان بە ئاسپایی و بە دەنگێکی سوک بە کەسانی چواردەوری خۆیان وتبوو. کەسانێک هەبوون لە دوای سەردانێکی دۆستانە، لە کاتی دابەزینیان لە بەرزکەرەوەکە(مصعد) بە کەسانی نزیک خۆیان وتبوو ” سەرەتا پێویستە ئەمانە – خزمەت – لەناو ببەین” و پاشان لەگەڵ ئاشکرابوونی واژۆکەی لە ژێر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی وڵات، کە باسی لە لەناوبردنی خزمەت دەکرد، چەندین سوێنی دەخوارد کە ئاگای لێ نەبووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان فریوی خواردووە و دەیویست ئێمەش باوەڕ بەمە بکەین.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکی باڵیۆزەکاندا دەڵێت” با لە کەلـلەم نەدەن، هەموویان لە ڕێگەی داواکاری گشتی و دادوەرێکەوە دەکەم بە تیرۆرست”، ئەم قسانە لە پشتی پەردەوە لە هەموو لایەک دەنگی دابوویەوە و باسی لێوە دەکرا، با زۆر دوور نەڕۆین پێش چەند ساڵێک لە بەردەم دەیان هەزار کەسدا ئێردۆغان وتی” ژیانی غوربەت پڕە لە حەسرەت، حەسرەت بارێکی زۆر قورسە، باجێکی قورسی بە دواوەیە، ئێمە دەزانین کەسانێک لە غوربەتدان و بە حەسرەتی ئەم خاکەوە دەژین، ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانە لەناوماندا بژین و کۆتایی بەم حەسرەتی دووری لە نیشتیمانە بهێنن. با ئەم حەسرەتە کۆتایی پێبێت”.

دوای چەند ساڵێک لەم قسەیە،  ڕاوێژکارێکی نزیکی خۆی دانی بەوەدا نا کە ئەم قسەیە بە مەبەستی فریودان بووە، گەرچی ئەو فریودانی بە “بلیمەتی سیاسی” و ” تاکتیک” ناودەبرد، بەڵام ئەگەر زۆرە شەیتان بەم جۆرە هاوکێشانە فریوەکانی خۆی پشانی شوێنکەوتووەکانی بدات.

ئەمەی خوارەوەش قسەکانی ئەو ڕاوێژکارەیە:” دەبێت زۆر بە ئاشکرا ئەوە بڵێم کە ڕەجەب تەییب ئێردۆغان و ئەوانەی لەسەر ڕێچکەی نەجمەدین ئەربەکانی ڕەحمەتی پەروەردە بوون هەرگیز حەزیان بە چارەی م.فەتحوڵڵا گولەن نەکردووە و خۆشیان نەویستووە و لەگەڵیدا نەگونجاون. تەییب ئێردۆغانیش هەرگیز متمانەی بە گولەن و بزاڤەکەی نەبووە. ئێستا دەڵێن ئەی باشە لە ئۆڵمپیاتەکانی زمانی تورکی لە ساڵی ٢٠١٢ کاتێک وتی ” با ئەم حەسرەتە کۆتایی بێت”، ئەم قسەیەی لەبەرچی کرد؟ ئێوە سەیری ئەو دەیان هەزار ئەحمەقە مەکەن کە لە گۆڕەپانەکەدا هەستانە سەر پێ و چەپڵەیان دەکوتا، ئەوانەی ئاگایان لە پێکدادانەکانی ٢٠١٠ بوو، دەیانزانی ئەم بانگەوازە یەک زەڕە لە خۆشەویستیەوە سەرچاوەی نەگرتووە و ئەوەشیان دەزانی کە ئەم بانگەوازە گولەنی زۆر بە باشی لە کونێکدا قەتیس کردووە و پێکدادانەکانی زیاتر گەرم کرد، ئەوانەی ئاگایان لە بابەتەکە بوو دەیانزانی کە ئەمە تاکتیکی ئەقڵێکی سیاسی بلیمەتە”.

وابزانم پاساوی فریودانەکە لە هەلومەرجی ئێستا بە “تاکتیکی ئەقڵێکی سیاسی بلیمەت” پەردەپۆش دەکەن.

بەڵام دەبێت دان بەوەشدا بنێین تاکتیکی ئەقڵێکی سیاسی بلیمەتی وەها کە توانای مانۆڕی لەو شێوەیەی هەبێت لە مێژوودا کەم بینراوە.

با  شریتی فیلمەکە بگێڕینەوە سەرەتاتر…

کاتێک ئەوەی بینرا کە بەیعەت نادرێت، ئیدی بە دوای تاوانێکدا گەڕان لە ناو جەماعەتدا…

دوای هەموو دامودەزگا و کەسەکان دەکەوتن و دەخرانە ژێر چاودێری و گوێ لە تەلەفۆن و پەیوەندیەکانیان دەگیرا و ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجام دەدرا. بەڵام لە هەموو دامودەزگاکاندا بچوکترین کەموکوڕی و کاری نایاسایی بەدینەدەکرا و ناچار لە ڕێگەی بیانوگرتن بە فراوانی دەرگای فڵان خوێندنگە یاخود هاتنە پێشەوە لە سنوری دیاریکراوی خۆی یاخود چێوەی سەری تەنەکەی خۆڵی فڵان شوێن، هەوڵیان دەدا بەم جۆرە پاساوانە دامودەزگاکان دابخەن.

سەرەڕای هەموو ئۆپەراسیۆنەکان هەموو دامودەزگاکان لە شوێنی خۆیان بە خۆڕاگرانە مانەوە، چونکە هەموویان دامودەزگای سەرکەوتووی جێگە شانازی ناوچەی ئەنەدۆڵو بوون. سەرچاوەی ماددی هەموو دامودەزگاکانیش دیار بوون و، هیچیان سەرچاوەکەیان لە سپیکردنەوەی پارەی ڕەشەوە نەهاتبوو، تەواوی دامودەزگاکان لەلایەن پارەی حەڵاڵی خەڵکی ئەنەدۆڵوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە بە ئارەقی ناوچەوانیان پەیایان کردبوو.

ئەمەش وای لە کەسانێک کردبوو کە زیاتر شێت و هار ببن بەرامبەر ئەم دامودەزگایانە… دواتر بابەتەکەیان بەستەوە بە دەستی دەرەکی و ئەقڵی سەرەوە و ، کۆکتێلێکیان دروست دەکرد کە جەماعەت و هەموو کەسێکیان پێکەوە تێدەئاخنی  و پاشان پێکەوە دەیانشڵەقاندن. عەبدوڕەحمانی دیلیپاک کە کەرامەتەکەی لە زاری خۆیەوە نەقڵ کراوە! و ئێستا ڕاوێژکاری گروپی ساداتە کە وەک سوپای نیمچە فەرمی ئێردۆغانە، بە ڕادەیەک کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدابوو کە تەنانەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد بزاڤی خزمەت پەیوەندی لەگەڵ Mossad  و CIA، KGB، MI5 هەیە! چونکە دەیزانی هیچ پێویست بە لۆجیک ناکات لە کاتی فریوداندا بە تایبەت گەر کڕیارەکانت ئامادەی کڕینی قسەکانت بن. ئیدی دواتر بەڵگەگەلێک کە سەر بە ماسۆنە و لەکەی چاکەی دەستیانی هێشتا پێوە دیار بوو، هەتا دەگاتە پیلانی کوشتنی سومەیەی کچی ئێردۆغان، بەڵگەگەلێک لە مێدیای دەسەڵاتەوە بڵاو دەکرایەوە کە ئاستی ژیری دوێنراوەکانی ١٢ ساڵی تێنەدەپەڕاند.

فریودەرەکان باوەڕیان وەهابوو کە پێویستە لایەنی بەرامبەریان بکەن بە تاوانبارێکی گەورە و، فریوخواردوەکانیش هەڵەیان لەوەدا هەبوو، کە پێیان وابوو سەرەڕای شەل و کوێری سیستەمی وڵاتەکەیان، بە هەر جۆرێک  بێت لە وڵاتەکەیاندا  یاسا و دادگا بوونی ماوە.

بە چەشنی ئەو بەڵگانەی لەم دوایانەدا ناردیان بۆ ئینگلتەرا، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حاڵی ئیستادا دەزانن کە بەڵگە یاسایەکانی کاربەدەستانی تورکیا چیە.

دواتر هەوڵدرا بزاڤی خزمەت و پەکەکە تێهەڵکێشی یەکتر بکەن، کتێبەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن لەگەڵ چەند کڵاشینکۆفێکدا دەستی بەسەردا دەگیرا و ئاژانسی فەرمی دەوڵەتیش کە وەک تیمی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرەوەی لێهاتبوو، ئەم هەواڵە دوور لە ڕاستیانەی بڵاو دەکردەوە. شەوانیش کۆمەڵێک شەبیحەی بە کرێگیراویان دەهێنایە سەر تەلەڤیزیۆنەکان و شرۆڤەی ئەم هەواڵانەیان دەکرد، هەرچەندە خۆیان دەپڕوکاند بەڵام ئەنجامێکی سەرکەوتوویان نەبوو! تەنانەت کەسانێکی وەک حیکمەت چەتینکەیا کە دوژمنی گیانی بە گیانی بزاڤی خزمەتن و ئەمین چۆلەشانی ڕەمزی کودەتای ٢٨ ی شوبات باوەڕی بەم جۆرە درۆیانە نەدەکرد.

دواتر ویستیان کۆکتێلێک لە خزمەت و داعش دروست بکەن.

کەس هەبوو ئەم کۆکتێلانە قوت بدات؟

بێگومان هەبوو…

فشارەکان لە ئەقڵ بەدەر بوون، ناوزڕاندن و هەڕەشە و گوڕەشەکان ڕەحمەتیان بۆ سەردەمی ٢٨ ی شوبات دەنارد. لەم نێوەندەدا داواکاری گشتیەک لە ئەمەریکا پەیدا دەبێت کە تەواوی ڕووداوەکانی وڵاتی ئێمە خستە بەرچاوی هەموو دونیا. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە بەرەو تیاچوون دەچن، ئەمجارەیان هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموزیان بە فریای خۆیان خست، کە کودەتایەکی دەستکردبوو لەسەر بنەمای ئەوەی شکست بهێنێت، ساز کرابوو.

تەنانەت ١٠ خولەک تێنەپەڕیبوو بەسەر دەستپێکردنی کودەتاکەدا، یەکسەر کاربەدەستانی وڵات کودەتەکەیان بەسەر بزاڤی خزمەتدا ساغ کردەوە. کەسی فریودەر هەتا ساڵێک یان دوو بەر لە کودەتاکە دەیوت” ئەم هاوڕێیانە چییان ویستووە کە ئێمە پێمان نەداون” و دوای ساڵێک لە زاراوەی کەسی فریودەردا دەبوون بە “دەوڵەتی هاوتەریب” و دواتر لە ڕۆژنامەنوسێکی بە کرێگیراوی خۆی توڕە دەبوو کە بە بزاڤی خزمەتی نەدەوت “چەتە” و پاشان بەوپەڕی دڵخۆشیەوە سەرکەوتنی خۆی ڕادەگەیاند بەرامبەر بزاڤی خزمەت، لەو ڕاپرسیە گشتیانەی لەناو خەڵکدا ئەنجامیدابوو سەبارەت بە لەکەدارکردنی بزاڤی خزمەت.

ئێمە نازانین تەمەنی دەسەڵاتێک کە لەسەر درۆ هەڵچنراوە چەندین تر درێژ دەبێتەوە.

لە وڵاتێکدا کە فریوخواردوەکان لە حاڵی خۆیان ڕازین، لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بێ واتایی ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە لە سەری هەموو کۆڵانێکدا هاواریان لێبکەین و بڵێین ” بوەستن هەمووتان فریو دەخۆن”.

هەربۆیە واتایەک بۆ قسەکردن نەماوە لە حاڵی ئێستادا.

وابزانم جگە لەو بڕیارەی قەدەر پشانی دەدات چارەیەکی تر نەماوە.

سەرئەنجامی ئەم فیلمە ئاشکرایە گەرچی کاتی کۆتاییەکەی دیارنیە.

گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا… فریودان چەشتنی خۆشی سەرکەوتنێکی کاتیە. فریوخواردنیش بینینی ناسۆری و ناڕەحەتیەکی کاتیە. هەندێک جار لە ڕێگەی فریوخواردنەوە شایەنی ئەو شتە دەبیت کە بەسەرت دێت. بەڵام حەقیقەت و ڕاستی ئەوەیە کە کەسانی فریودەر لە ڕاستیدا خۆیان فریوخواردوی ڕاستەقینەن و سەرئەنجامی کارەکانیشیان دیارە.  ئەمەش هیچ کاتێک لە دادپەروەری خودادا ون نابێت!

 

Show More
Back to top button