هەواڵ

فاروق ئەککان: ئەو ڕۆژنامەنوسەی بە حەسرەتی بینینی خۆرەوە دەژی

 

فاروق ئەککان نزیکەی ١٠ ساڵی تەمەنی لە وڵاتێکی وەک ڕوسیا بەسەر برد، کە خۆرهەمیشە لە پشت هەورەوەیە یاخود هەر نابینرێت.

دوای ئەوەی بە حەسرەتی بینینی خۆرەوە گەڕایەوە وڵاتەکەی، ئەمجارەیان لە دوای ٦ مانگ  بە تۆمەتی ئەوەی “تیرۆرستە” خرایە زیندانەوە.

بە نیسبەت کەسێکی وەک منەوە کە هەموو ژیانی لە وڵاتێکی گەرمدا بردۆتە سەر، خۆر شتێک نیە بیری بکەیت و دەبێت خۆتی لێ بشاریتەوە.

بەڵام بە نیسبەت هاوڕێکەی زیندانم و بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی جیهان و نوێنەری پێشووی ئاژانەسەکە لە مۆسکۆ، خۆر و ئازادی دوو وشەی هاوواتای یەکترن.

لەبەر ئەوەی پەنجەرەکانمان سەیری باکوری دەکرد، خۆر لە ژوورەکەی ئێمەی نەدەدا. تەنیا نیوەڕوان دەمانبینی ئەویش کەمێک…

بەیانیان کاتژمێر ٨، کاتێک دەرگای حەوشەی زیندانیان دەکردەوە، یەکەم کارێک کەوا ئەنجامی دەدا، بریتی بوو لەوەی کورسیەک بباتە بەر ئەو سوچەی حەوشەکە کە خۆری زۆری لێدەدا.

پاشان دەچووە سەر کورسیەکە و چاوەڕێی ئەوەی دەکرد، کە خۆرەکە بە باشی لە دەموچاوی بدات.

کاک فاروق خۆی باڵای ١٨٠ سانتیمەترە، کورسیەکەشی نزیکەی ٦٠ سانتیمەتر دەبێت، واتە هێندە حەسرەتی بینینی خۆرە، حەز دەکات لە بەرزایی زیاتر لە دوو مەترەوە خۆر بەر دەموچاوی بکەوێت. هەندێک جار نزیکەی یەک کاتژمێر بەو شێوەیە دەمایەوە لەسەر کورسیەکە. ئەمەش سەرەڕای ئەوە بوو کە خۆر و ئاسمانی شینمان لە پشت تەلبەندەکانی زیندانەوە دەبینی.

ئەگەرچی نازانم وێنە بکێشم، بەڵام حەز دەکەم بە پێنوسێکی ڕەش، ئەو ساتە نەمرانەی ناو یادگەم وێنە بکەم.

ئەمڕۆ سێهەم ساڵێتی لە زیندان، فاروق ئەککان ٣ ساڵە بە حەسرەتی بینینی خۆرەوە دەژی.

تەنیا فاروق ئەککان وەهایە؟ نەخێر، سەدان ڕۆژنامەنوس، سەدان منداڵ، هەزاران  ژن و دەیان هەزار پیاو بە حەسرەتی خۆرەوە دەژین…

لە ماوەی ڕابردوودا نامەکەی بوشرا ئێرداڵم خوێندەوە. لە نامەکەیدا دەڵێت: کاتێک بۆنی چەپکە نەعنایەکی سەوزیش دەکەم، بە دوای نیشتیمانەکەمدا دەگەڕێم.

لە سووچێکی حەوشەی زیندانەکەی ئێمەشەوە گیایەک سەری دەرکردبوو، وەک ئەوەی عینادی لەگەڵ ئەو چەند تەنە کۆنکریتە بکات کە بەسەریدا ڕژابوو.

بە نیسبەت کاک فاروقەوە، ئەو گیا بچوکە، چەشنی ئەو گوڵە بوو، کە لە ئەفسانەی شازادە بچوکەدا بوونی هەیە. هەموو ڕۆژێک ئاوی دەدا و لە نێو ئەو هەموو دیوار و کۆنکریتەدا، هیوای بە ئێمە دەبەخشی.

 

بەڵام نازانم بە چی هۆیەکەوە بوو، ڕۆژێکیان ئەو کارمەندەی بۆ ژماردنی ژمارەی زیندانیەکان دەهات، هەر لە خۆیەوە قرتاندی و فڕێی دا. هێشتا ئەوەم لە بیر نەچۆتەوە کە کاک فاروق لەو ڕۆژەدا چەندە خەمی خوارد.

“زیندانی سلیڤریان بە ئێمە پاک دەکردەوە”

یەکەم ڕۆژ کە چووینە زیندانەوە، مامۆستا مومتەزەر تورکئۆنە پێی وتین: یەکەم یاسای ناو زیندان ئەوەیە کە نەخۆش نەکەویت، ڕێگای ئەمەش لە پاکوخاوێنیەوە دەردەچێت. ئێمەش زۆر بایەخمان بە پاکوخاوێنی خۆمان و ژوورەکەمان دەدا. بەڵام لەم بابەتەدا نەماندەتوانی کێبڕکێی کاک فاروق بکەین. ئەگەرچی ئێمە هەموو هەفتەیەک قاوشەکەی خۆمان پاک دەکردەوە و سەرزەویەکەمان گسک دەدا، بەڵام کاک فاروق بەمە تێری نەدەخوارد.

 

تەنانەت حەوشەی زیندانەکەشی بە ئاو و تایت پاک دەکردەوە. لە تەشتێکدا تایتی دەگرتەوە و بە فڵچەیەک تەواوی حەوشەی زیندانی کەفاوی دەکرد. بێگومان لەبەر ئەوەی لە زیندان سۆندە بوونی نیە، منیش لە دوایەوە دەبەی ٥ لیتری ئاوم پڕ دەکرد و بە حەوشەکەمدا دەڕشت. لە زیندان هەموو جوڵەیەکی ئێمە لە ژێر کامێراکانی چاودێریدایە، شۆردنی حەوشەی زیندانیش لەلایەن ئێمەوە، تێبینی کرا بوو. ئیدی هەر ٤٥ ڕۆژ جارێک قاوشەکەی ئێمەیان دەگۆڕی. ئێمەش سوعبەتمان لەگەڵ فاروق دەکرد و دەمانوت” بە بۆنەی تۆوە هەموو زیندانی سلیڤری بە ئێمە پاک دەکەنەوە”.

 

“مرۆڤی نەزاکەت”

گەر پرسیاری ئەوەم لێبکەن کە چۆن پێناسەی کاک فاروق دەکەیت؟ لە وەڵامدا تەنیا یەک وشە بەکاردەهێنم کە بریتیە لە “نەزاکەت”.

کاک فاروق مرۆڤێکە زیاتر لە خۆی بیر لە کەسانی تر دەکاتەوە. زیندانەکانی شوێنی بە بێبەشی و مەحروم بوونە، زۆربەی کات یاخود هەموو کاتەکان، ئەوەی دەیخوازیت بەدەستت ناکەوێت.

تەنانەت گەر ئیمکانیەت و پارەشت لە دەستدابێت، ناتوانیت بەدەستی بهێنیت. تەنانەت لە حاڵێکی لەم شێوەیەشدا، کاک فاروق زیاتر لە خۆی، بیری لە کەسانی چواردەوری دەکردەوە. تەنانەت لەگەڵ ئەو پاسەوانانەی کە مامەڵەی تیرۆرستیان لەگەڵ ئێمە دەکرد، بە ڕێز و نەزاکەتەوە مامەڵەی دەکرد.

پاسەوانەکان لە سەرەتادا کە دەهاتن بۆ بژاردنی ئێمە، کەسیان قسەیان لەگەڵدا نەدەکردین. بەڵام کاک فاروق لەگەڵ هاتنیاندا بەخێرهاتنی لێدەکردن و، کە دەشڕۆشتن خواحافیزی لێدەکردن. ئەو کارمەندە ڕوو گرژانەی کە قسە لەگەڵ کەسدا ناکەن، پاش ماوەیەک دەستیان کرد بەوەی سڵاومان لێبکەن.

هەروەها سوپاسی ئەو کارمەندانەی دەکرد کە وەک ئەرکی خۆیان خواردنیان بۆ دەهێناین یاخود لە کاتی چاوپێکەوتن بە کەسوکارماندا لەگەڵماندا دەبوون.

 

بە داخەوە مرۆڤێکی لەم شێوەیە، وەک ئەوەی تاوانبارێکی گەورە بێت، ماوەی ٣ ساڵە لە زیندانە.

 

“ئەو عاشقی قورئانە”

کاک فاروق تەنیا ڕۆژنامەنوسێک نیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا عاشقێکی قورئانە. لە ماوەی ٩ ڕۆژی یەکەمی دەستگیرکردنماندا، لە کاتێکدا من تیشۆرتێکم پێ نەبرداریە ژوورەوە، ئەو لەگەڵ خۆیدا قورئانێکی بچوکی هێنابوو. ئەو پۆلیسانەی کە تەنانەت قەیتانی پێڵاوەکانیان لێ سەندین، قورئانە بچوکەکەیان لەو نەسەندبوو، بە هۆی ئەوەی کە زۆر لێیان پاڕابوویەوە. ئەو قورئانەی هیچ کاتێک لە دەست نەدەکەوتە خوارەوە. هەموو ڕۆژێکی زیندانی سلیڤری، نزیکەی کاتژمێرێک لەو حەوشەکە پیاسە دەکات و دەیخوێنێتەوە. هەموو ٥ تا ٦ ڕۆژ جارێک خەتمێکی قورئان دەکات.

کاتێک کەسێکی نزیکی زیندانیەکان وەفات دەکات و دەیانەوێت خەتم بکەن، هەموو زیندانیەکان چەند جوزئێک وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە، کاک فاروق هەمووی لە ئەستۆی خۆی دەگرێت.

کاتێک دایکی مامۆستا مومتەزەر تورکئۆنە، باوکی مەهمەت گیوندەم و نەنکی من وەفاتیان کرد، خەتمی قورئانی هەدیە بە هەموویان کرد.

 

 

وانەیەک لە  “تیرۆرست”ێکەوە…

 

دوو کارمەندی گەنج هەبوون لە زیندان. ئەمانە وەختی خۆی خەریکی حافزێتی بوو بوون. کاتێک ئەوەیان بیست کە کاک فاروقیش حافزە، ئیدی لەگەڵ هەموو چاوپێکەوتنێکیاندا پرسیاریان لێدەکرد.

کاتێک لە زیندان دەچووینە بەشی کتێبخانە، پاسەوانەکە بەسەر ئەم و ئەودا دەیانقیڕاند کە فڵان و فیسار شت نەکەن. بەڵام کە کاک فاروقیان دەبینی، پرسیاری ئەوەیان لێدەکرد کە چۆنی فڵان جوزئی قورئان لەبەر بکەن. ئیدی پێنەکەنین لە دەستی خۆمدا نەبوو، بەڵام کاک فاروق سەرەڕای هەموو شتێک، وەڵامی پرسیارەکانی دەدانەوە و فێری دەکردن کە چۆنی لەبەری بکەن.

لە زیندان ٢٢ مانگمان پێکەوە بەسەر برد. زۆر زیاتر لە برایەکم دۆستی من بوو. هێندە دۆستێکی نزیکی من بوو، لە دوای ئازاد بوونم لە زیندان، هێندە خووم بە وتنەوەی ناوکەیەوە گرتبوو، زۆر جار بە هەڵە لە جیاتی ئەوەی ناوی هاوسەرەکەم ببەم، بە کاک فاروق بانگم دەکرد.

لە بەرواری ٣٠ ی نیسانی ٢٠١٨، کاتێک لە دادگا سزای ٩ ساڵیان بەسەردا سەپاند، ئەو ڕستەیە وەک چەقۆیەک لە سنگم چەقی. خۆم ئازاد کرام، بەڵام ئایا دڵم خۆش بوو؟ نەخێر، چونکە نیوەی دڵم لە ژوورەوە مابوو.

 

هەر وەک ئەو هۆنراوەیەی بۆ هاوسەرەکەمم نوسیوە:

هەر ئاواتم خواست و چاوەرێم کرد

چاوەڕوانی سەبرێکی ڕەشە

ئێستا ئەو بەهارە هاتووە کە چاوەڕێی دەکەم

پێیەکم لە دەرەوەیە

پێیەکەی تریشم بە ڕاکردن دەچێتە ژوورەوە

حاڵم سەیرە

دڵم تەنگ

نەشەم نیە

دەمەوێت لە زیندان دەربچم

گەر بڕۆم، دڵم لە زیندان دەمێنێتەوە

گەر بشمێنمەوە دڵم دەڕوات

ئێستا لە زیندان ڕۆشتووم و دڵم لەوێ ماوە و هێشتا هەر لەوێیە…

Show More
Back to top button