هەواڵ

عەلی ئوناڵ ٢٠ مانگە دەستبەسەرە و ئەمجارەش بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرنەکرا

عەلی ئوناڵ نوسەری پێشووی ڕۆژنامەی زەمان، بە هۆی ١٧ وتاری بڵاوکراوەی لە ڕۆژنامەکەدا ماوەی ٢٠ مانگە لە زیندانە و دادوەری دادگا ئەمجارەش بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ درێژ کردەوە.

ئوناڵ بەرگری خۆی پێشکەش بە دادگا کرد و دادوەری دادگاش داوای ئازادکردنی ئوناڵی ڕەت کردەوە.

بڕیارە دانیشتنی داهاتووی دادگا لە ١٨ ی تەموزی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

ئوناڵ بە تۆمەتی “ئەندامی گروپی تیرۆرستی” و “کودەتا” تۆمەتبار کراوە و وەک بەڵگەش لەسەر ئەم تۆمەتانە، ١٧ وتاری بڵاوکراوەی ناوبراو لە ڕۆژنامەی زەمان پشان دراوە، کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١-٢٠١٢ نوسیوێتی.

دادگا بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە لە دانیشتنی داهاتووی دادگادا، وەک شایەت گوێ لە هەریەک لە نورەدین ڤەرەن و حەسەن پۆلات بگیرێت.

دانیشتنی سێهەمی دادگاییکردنی ئوناڵ لە دادگای دووهەمی سزا قورسەکانی شاری ئوشاک بەڕێوەچوو.

داواکاری گشتی وەک بەڵگە لە دژی ئوناڵ، دوو وتاری نورەدینی ڤەرەنی پشاندا کە لە ڕۆژنامەی یەنی ئەکیت بڵاو کراوەتەوە؛ هەروەها ئاماژەی بە هەواڵێکی ڕۆژنامەی “ئەکشەم”یش کردووە.

سەرۆکی دادگا لە دانیشتنی ئەمجارەی دادگایکردنی ئوناڵدا ئەوەی ڕاگەیاند کە دۆسیەیەکی نهێنی لێکۆڵینەوە لەسەر ئوناڵ لە ئیستەنبوڵ کراوەتەوە و بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای ئوشاک، نوسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنەدۆڵو ڕەوانە کردووە.

عەلی ئوناڵ لە بەشێکی قسەکانیدا وتی:

دەزگای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیا داوای ئەوەی کردووە کە هەتا خۆی مۆڵەت دەرنەکات من لە زیندان ئازاد نەکرێم، ئەمە فشار خستنە سەر دادگایە. قسەکانی ماهیر ئوناڵ وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) ش کە لە مێدیاکاندا بڵاو کرایەوە ئەم قسانەی من پشت ڕاست دەکەنەوە. من بە هۆی ١٧ وتارەوە دادگایی دەکرێم. ١١ دانە لەم وتارانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە و هیچ پەیوەندیەکی بە بانگەشەکانی ناو دۆسیەکەوە نیە. هەتا بەرواری ١٧ ی کانونی ٢٠١٣ حکومەت و ئەوەی ئێوە بە فە… ناوی دەبەن، پێکەوە جوڵەیان دەکرد و دەستیان لە ناو دەستی یەک بوو. لەو سەردەمەدا ئێردۆغان بەشداری ئۆڵمپیاتی زمانی تورکی دەکرد و بە دەمی خۆی وتی “با حەسرەتی دووری ئێوە کۆتایی بێت” و  بانگهێشتی فەتحوڵڵا گولەنی دەکرد کە بگەڕێتەوە بۆتورکیا. مێدیا دەسەڵاتیش پشتگیری ئەم قسانەی دەکرد. لە کاتێکدا مێدیای دەسەڵات پاڵپشتی ئەم قسانە دەکرد، ناکرێت من بە هۆی ئەوەی لە ڕۆژنامەیەکی ئەواندا هەفتەی جارێک وتارێکم بڵاوکراوەتەوە بە کودەتاچێتی تۆمەتبار بکرێم و ئەمە جێگەی قبوڵ نیە.

لە بانگەشەکاندا باس لەوە دەکات کە من ڕەخنەم لە ئێردۆغان گرتووە. ئێ من لە ساڵی ٢٠٠٢ هەرکاتێک بە پێویستم زانیبێت ڕەخنەم لە ئێردۆغان گرتووە. لە بانگەشەکەدا باس لەوە دەکات کە من یەکێکم لە سەر دەستەکانی ئەو گروپەی ئێوە بە فە… ناوی دەبەن، بەڵام خودی دەسەڵات گەورەترین پاڵپشتی ئەو گروپە بوو لە ڕابردوودا. حکومەت هەتا بەرواری ١٧-٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣ هیچ کاردانەوەیەکی لە دژی ئەم بزاڤە نەبووە. خۆیان کە هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەری نەبووە، لەبەرچی ئێستا هەڵوێستەکانی من بە تاوان ئەژمار دەکەن. دەڵێن پشتگیریم لە دۆسیەکانی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز کردوو، بەڵام سەبارەت بەم بابەتە من هیچ نوسینێکم نەبووە. گەورەترین داکۆکیکار لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز خودی ئەم دەسەڵاتەیە، ئەمە شتێکە هەموو تورکیا دەیزانێت. دەڵێن ئەم بزاڤە ٥٠ ساڵە هەیە و گەورەترین گروپی تیرۆرستیە. کەواتە دەبێت ئەو سیاسەتمەدار و سیاسیانەش دادگایی بکرێن کە پاڵپشتی ئەم بزاڤەیان کردووە”.

دادگا لەم شوێنەدا قسەکانی بە ئوناڵ بڕی بە پاساوی ئەوەی لە دانیشتنی ڕابردووشدا هەمان قسەی کردووە و داوای کرد قسەکانی کۆ بکاتەوە.

ئوناڵ لە درێژەی قسەکانیدا وتی ” دەڵێن من پێش ٥ ساڵ ئاگام لە کودەتاکە بووە و بە هۆی نوسینەکانمەوە ڕێگام بۆ خۆش کردووە. ئێ گەر وایە لەبەرچی لە دۆسیەکەمدا باسی پێش ٥ ساڵ نەکراوە؟ دەلێن من لە بزاڤەکەوە فەرمان وەرگرتووە، ئایا هیچ بەڵگەیەک هەیە کە ئەمە بسەلمێنێت؟ من بە شتی هەمەکی تۆمەتبار کراوم. هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە نیە کە من بە هۆیەوە دەستبەسەر بکرێم. من سەرپەرشتی هیچ گروپێکی تیرۆرستیم نەکردووە. لە پشتی سەرتانەوە نوسراوە ” دادپەروەری بنەمای دەسەڵاتە”، من متمانەم بەو نوسراوە هەیە و هەر بۆیە داوای ئەوە دەکەم ئازادم بکەن”.

پاش ئەوەی ئوناڵ قسەکانی تەواو کرد، پارێزەرەکەشی بە ناوی عائیشە سەئودا ئوناڵیش وتی:

بریگرتەکەم بە هۆی ١٧ وتارەوە دادگایی دەکرێت و تەواوی ئەم نوسینانە لە چوارچێوەی دەربڕینی بیروڕای تایبەتی خۆیەتی. هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەی لەسەر نیە. بریگرتەکەم ڕۆژنامەنوسە، دادگایکردنی ئازادی بیروڕا جێگای قبوڵ نیە. بریگرتەکەم کە ئەندامی هیچ گروپێک نەبووە، ئێستا بە تۆمەتی سەرپەرشتی گروپێکی تیرۆرستی دادگایی دەکرێت”.

 

دادوەری دادگا لە پاش کۆتای قسەکانی پارێزەرەکەی ئوناڵ، بڕیاری ئەوەی دەرکرد دانیشتنی داهاتووی دادگا لە ١٨ ی تەموزی ٢٠١٨ ئەنجام بدرێت.

http://www.tr724.com/bes-yil-once-yazdigi-17-kose-yazisinda-20-aydir-tutuklu-olan-ali-unal-yine-tahliye-edilmedi/

 

Show More
Back to top button