هەواڵ

علی ئوناڵ; نووسەرێک لەبەر هەڕەشەی زیندانیی هەتاهەتاییدا

2 ساڵە دەستبەسەرە، دۆسیەکەی 18 مانگی پێچووە، کەچی داوای لێ دەکەن بە مانگ و نیوێک بەرگرینامەیەک بنووسێت

علی ئوناڵ یەکێکە لە نووسەر و شیکەرەوە بەناوبانگەکانی تورکیا، بەتایبەت لەبواری ئاینیدا، پێشتر و پێش هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، ئوناڵ لە ڕۆژنامەی زەمان نوووسینەکانی بڵاو دەکردەوە. پاش ئەوەی لەدوای ١٥ی تەمووزەوە ڕۆژنامەکە داخرا، علی ئوناڵیش دەستگیر کرا، لەماوەی ئەم ٢ ساڵەی ڕابردووشدا ٥ جار براوەتە بەردەم دادوەر. لە دادگاشدا ١٧ دانە لە نووسینەکانی لەدژی بەکاردەهێنرێن، کە ٥ ساڵ بەر لە ئێستا نووسیونی.

لە ئێستادا دادگا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپی تیرۆرستیی و هەوڵدان بۆ کودەتا، داوای سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ علی ئوناڵ دەکات. لە دوا دانیشتنی دادگادا، بڕیار دا بە درێژکردنەوە دەستبەسەر کردنی ئوناڵ، بڕیاردانیش لە دۆسیەکەی دواخرا بۆ ١٤ی تشرینی دووەم ی ئەمساڵ.

ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرۆکی ئەو دادگایەی کە ئوناڵی لێ دادگایی دەکرێت، لەگەڵ داواکاری گشتییەکەدا هەردوکیان گۆڕدراون، دواتریش داواکارە نوێیەکە، دۆسییە کۆنەکانی هەڵداوەتەوە و داوای قورسکردنی سزاکەی ئوناڵی کردووە، بۆ زیندانیی هەتاهەتایی.

 

ئوناڵ بەهۆی نەخۆشییەوە، نەیتوانیوە بەرگری لەخۆی بکات

علی ئوناڵ بەهۆی جێگیر نەبوونی باری تەندروستییەوە، نەیتوانیوە لە دادگا وەک پێویست داکۆکی لە خۆی بکات، بۆیە داوای ماوەیەکی کردووە تا بتوانێت خۆی کۆبکاتەوە و بەرگری لە خۆی بکات.

ئوناڵ ڕایگەیاند: ” چوومە نەخۆشخانە و پشکنینی خوێنم ئەنجام دا، دەرکەوت کە دەمارەکانم تێکچوون و پزیشکەکان وتیان کە پێویستم بە پشوودانە، بۆیە هەوڵمدا لە ژوورەکەی خۆمدا پاڵبکەوم و پشوو بدەم، چونکە من لە هەمانکاتدا شەکرە و پەستانی خوێنیشم لەگەڵدایە، ئەوەش زۆرجار فشارم بۆ دێنێت و ناڕەحەتم دەکات.”

 

دۆسیەکەم بە ١٨ مانگ ئامادە کراوە، ئێستا دەیانەوێت من بە مانگ و نیوێک بەرگرینامەیەک بنووسم

ئایشە سوێدا پارێزەری علی ئوناڵە، ڕایگەیاند: ” داواکاری گشتی ئەو دۆسیەیەی بە ١٨ مانگ ئامادە کردووە، کەچی دەیانەوێت ئێمە بە مانگ و نیوێک بەرگرینامەیەک بنووسین. ئەو کارە زۆر نا دادپەروەرانەیە. بریگرتەکەم زیاد لە ٢ ساڵە دەستبەسەرە، بەڵام تا ئێستا هیچ مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا نەکراوە، لەکاتێکدا علی ئوناڵ کێشەی تەندروستیی هەیە و گومانی توشبوون بە شێرپەنجەی لێ دەکرێت، ئەنجامی پشکنینەکانیشی دەرچوون و ئاماژە بەوە دەکەن کە دەمارەکانی لەشی تێکچوون و بێهێز بوون. ئێمەش بە هێنانە پێشچاوی هەموو ئەوانە، داوای ماوەیەکی زیاتر دەکەین بۆ نووسینی بەرگرینامە.”

سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە ماوەیەکی زیاترمان دەداتێ، بەڵام ئەگەر تا ئەو بەروارە بەرگرینامەکە ئامادە نەبوو، ئەوە هەر ئەو کاتە بڕیاری کۆتایی دەدرێت، بۆیە دانیشتنی دادگا بۆ بڕیاردان دواخراوە بۆ ١٤ی تشرینی دووەم.

 

سەرچاوە: http://m2.shaber3.com/gazeteci-yazar-ali-unal-rahatsizlandi-hakim-ve-savci-degisti–davasinda-karar-cikmadi-haberi-1311480.html

Show More
Back to top button