بیروڕاهەواڵ

“عاکیفی تەمەن ٣٠ ڕۆژمان لە تەنەکەی خۆڵی زینداندا شۆری”

نور ئەنەر کلینچ یەکێک لە ڕۆژنامەنوسەکانی تورکیا کە ماوەی ساڵێک لە زیندان ژیانی بەسەر بردووە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا بانگهێشتی هەموو لایەک دەکات هەتا لە پێناو منداڵە ساواکانی زینداندا یەکبگرن.

نور لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لە حاڵی خراپی منداڵە ساواکانی زیندان دەکات و نمونەی مەهمەت ئاکیفی تەمەن ٣٠ ڕۆژ دەهێنێتەوە، کە لەبەر نەبوونی شوێنی گونجاو، لە تەنەکەی خۆڵی قاوشەکەیاندا شۆردویانە.

 

هەروەها باس لە ئازار و ناڵەی ئەو منداڵانە دەکات، کە لە زینداندا تای بەرز دەیانگرێت و چەندین ڕۆژ چاوەڕێی ئەوە دەکەن بیانبەن بۆ نەخۆشخانە.

 

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە قسەکانی نور ئەنەر:

 

سڵاو لە هەموو لایەک، لێرەوە بانگهێشتی یەکبوونێکی گەورەی هەموو لایەک دەکەم، وەرن و هیچ نەبێت با بۆ منداڵەکانی ناو زیندان یەکبگرین، لایەنی کەم با سەرکەوتوو بین لەوەی لە بابەتی منداڵە ساواکان یەکبگرین.

گەر بە تەنیا بین تیادەچین و گەر یەکبین بەهێز دەبین.

ئێستا لە زیندانەکانی تورکیادا نزیکەی ٨٠٠ منداڵی بچوک بوونیان هەیە، من ماوەی ئەو یەک ساڵەی لە زیندان مامەوە، سەبارەت بە منداڵەکانی ناو زیندان، شاهیدی زۆر ڕووداوی ناخهەژێن و جەرگ سوتێنەر بووم.

بۆ نمونە منداڵێکی تەمەن ٣٠ ڕۆژەیان هێنا بە ناوی مەهمەت ئاکیف، لەبەر ئەوەی شوێنێکی گونجاو بۆ شۆردنی مەهمەت ئاکیف نەبوو، شاهیدی ئەوە بووم کە لە سەتڵی خۆڵی ناو زیندانەکەدا شۆردیان.

شاهیدی ناڵە و ئازاری ئەو منداڵانە بووم کە تای بەرز دەیگرتنەوە و چەندین ڕۆژ چاوەڕێی دەرچونی فەرمانیان دەکرد هەتا بیانبەن بۆ نەخۆشخانە.

شاهیدی گریانی ئەو منداڵانە بووم کە دەیانوت : ئێمەش دەمانەوێت بچین بۆ باخچە و خوێندنگە، ئێمەش دەمانەوێت فێری نوسین و خوێندنەوە ببین.

شاهیدی ئەوەم کە لە عەلاگەی خۆڵ، جانتایان بۆ ئەم منداڵانە دروست دەکرد.

کاتێک لە زیندان سەرەی ڕۆژی چاوپێکەوتنی کەسوکاری زیندانیەکان دێت، لە پێشدا پشکنین بۆ زیندانیەکان دەکەن، منداڵێکی بچوکی تەمەن چوار ساڵ کە ناوی مورات بوو، کاتێک گەشتە بەردەم پاسەوانەکان دەستەکانی بەرز کردەوە هەتا پاسەوانەکان پشکنین بۆ ئەویش بکەن، هیچ کاتێک لە ژیانمدا ئەو دیمەنە لە یاد ناکەم…

بێگومان ڕۆژێک دێت کە دادپەروەری ڕوو لەم وڵاتە دەکات.

بێگومان ڕۆژێک دێت کە لەم هەڵانە پاشگەز دەبنەوە.

بەڵام ئەو ڕۆژەی دادپەروەری دێت، بە نیسبەت ئەو منداڵەی لەبەردەم پاسەوانەکاندا دەستی بەم شێوەیە بەرز کردەوە، زۆر درەنگ دەبێت.

توشی چەندین تراڤما دەبێت، کە گەڕانەوەی بۆ نەبێت.

وەرن هیچ نەبێت با سەرەتا ئەم منداڵانە ڕزگار بکەین، وەرن  و لایەنی کەم بۆ ئەم منداڵانە یەک بگرین.

بێگومان چاوەڕێی هیچ شتێک لەو سیاسیانە ناکەم کە بە ڕاست و چەپدا توڕەییان هەڵدەڕژن، بەڵام گەر ڕای گشتی لەم بارەیەوە دروست بکەین و پشتی یەکتری بگرین، دەتوانین سەرکەوتن بە دەست بهێنین.

وەرن با بۆ منداڵە ساواکان یەکبگرین.

 

Show More
Back to top button