بیروڕاهەواڵ

عاتف ئوڕاڵ

عەبدوڵا ئایماز

 

من پێش ٥٥ ساڵ لەمەوبەر خزمەتم ناسی، بەڵام هەموو برا گەورەکانی ناو خزمەتم نەدەناسی. ساڵی ١٩٦٦ واتە پێش ٥١ ساڵ لەمەوبەر، م.فەتحوڵا گولەن لە مزگەوتی مێژووی کەستانەپازاری شاری ئیزمیر، وتاری بۆ ئێمەی خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی خوێندنی زانستە شەرعیەکان دەخوێندەوە. لە وتارەکەدا زۆر بە شێوەیەکی خەفەتاوی باسی ژیان و وەفاتی عاتف ئوراڵی برا گەورەمانی بۆ کردین و داوای لێکردین هەموومان نزای خێری بۆ بکەین. ئێمەش لە دوای ئەو وتارەوە هەزاران خوێندکار بووین، کە نزای خێرمان بۆ کرد . دواتر باسی ئەوەی بۆ کردین کە عاتف ئوراڵ زۆر بە باشی پەیامەکانی نوری دەخوێندەوە و هەرلەبەر ئەوەش دەستگیرکراوە و لەلایەن دادگای باڵاوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. هێندەی من تێگەشتبێتم، مامۆستا حەزی دەکرد کەسێکی قارەمانی پڕ ئیخلاس و ڕاستگۆیی وەک عاتف ئوراڵ، بە چەشنی مامۆستا سەعید نورسی بە بێ هاوسەر بژی، هەربۆیە جارێکیان عاتف لێی توڕە دەبێت و پێی دەڵێت ” ئەم بابەتە پەیوەندی بە تۆوە نیە”. دوای ئەو ئاگادارکردنەوە مامۆستا لەوە تێدەگات کە بابەتی ئەوەی عاتف ئوراڵ وەک داواکاری گشتی کار دەکات و پاشان هاوسەرگیریشی کردووە، نهێنیەکە زۆر کەس نایزانێت.

عاتف کە لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری کارس لە دایک دەبێت، لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا لە بەرواری ١٨ ی ئەیلولی ١٩٦٦ وەفات دەکات.

خوێندنی دواناوەندی لە ساڵی ١٩٥٢ لە ئێرزینجان تەواو دەکات و دەچێتە بەشی یاسای زانکۆی ئەنقەرە. عاتف ئوراڵ خوێندنی زانکۆکەی کە لەو کاتەدا ٤ ساڵ دەبێت بە ١٠ ساڵ تەواو دەکات لەبەر خاتری ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی ئیمانی و قورئانی پێشکەش بکات.

لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کچی پڕۆفیسۆر دکتۆر تومەر گیونای هاوسەرگیری دەکات و دوای تەواوکردنی بەشی یاسا، وەک داواکاری گشتی لە ناوچەکانی نوسایبین و بۆزکورت دەست بەکار دەبێت. کاتێک لەناوچەی بۆزکورت دەست بەکار دەبێت، دەچێت بۆ سەردانی کەمال ئوراڵی برا گەورەی لە ئەنقەرە و لە پڕێکدا باری تەندروستی تێدەچێت و  دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری ئەنقەرە، پاش ئەوەی ماوەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، هەر لەوێش گیان لە دەستدا و دەگەڕێتەوە لوتکەی ڕۆحی خۆی.

ئاتف ئوراڵ لە ساڵی ١٩٥٥ کاتێک یەکەم چاپی دەستنوسەکانی پەیامەکانی نور بڵاو کرایەوە، نامەیەک دەنێرێت بۆ هیزبەر حیکمەتئاغالەر کە لە قوبروسەوە کەرەستەی چاپخانە ڕەوانەی تورکیا دەکەن.

دواتر ئەم نامەیە وەک دیاری پێشکەش بە نەجمەدین شاهینەر کراوە و بەشێک لەو نامەیە لێرەدا بڵاو دەکەمەوە:

” سوپاس بۆ خودا لە هەموو شوێنێکەوە نوسین و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی نور بەردەوامی هەیە. پەیامەکانی نور کە ئاڕاستەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئیمانیمان دەکات، هەموو جیهانی ئیسلام و دواتر دونیا لە تاریکیەوە بەرەو ڕوناکی دەبات. لەبەر ئەوەی ئامانج لە پەیامەکان ڕەزامەندی خودایە و چاوە کوێرەکانیش سوودیان لێبینیوە، پشتیوانی بە خودا مژدەی هەواڵی زۆر خۆشی پێیە بە نیسبەت هاتوەوە.

لەبەر ئەوەی بە دەستوری هەوڵ و تێکۆشانێکی  زۆر فیداکارانە و ڕاستگۆیانە و ئیخلاسانە ئەم کارانە ئەنجام دراوە، خەریکە ئەو تاریکیەی دایگرتبووین بڕەوێتەوە. پەیامەکان بە چەشنی سپێدەی بەرەبەیان ئیمانی تەحقیقی بڵاو دەکەنەوە. کاتێک ئەم کارە تەواو دەبێت، ئەو ڕۆژە پڕ کامەرانیانەی بەڵێنی پێ دراوە، لە دایک دەبن. هەرچیەک بێت، ئێمە بێ ئەوەی خۆمان سەرقاڵی ئەنجامەکەی بکەین، پێویستە خەریکی ئەرکی بەندایەتی خۆمان بین و هەوڵی ڕەزامەندی خودا بین، ئەنجامەکەی بە ئیحسانی خۆی پێمان دەبەخشێت و ئەوەش کاری تایبەت بە خۆیەتی.

لەبەر ئەوەی وانەی ڕاستەقینە لە پەیامەکاندایە، داوای لێبوردن دەکەم کەوا بە پێنوسە کەموکوڕەکەی خۆم هەوڵی ڕوونکردنەوەی چەند شتێکم دا. هەمووتان ڕاسپاردەی لای جەنابی حەق بن. ئێمە لە دونیا و ئاخیرەتیش برای یەکترین. لەم پەیام و بانگەوازە باڵا و پیرۆزەدا پێویستە دەست لەناو دەستی یەکتر بین. پشتیوان بە خودا… ڕێز و سڵاومان هەیە بۆ تەواوی ئەوانەی پەرۆشی پەیامەکانن”.

برا گەورەکەشی بە ناوی کەمال ئوڕاڵ دەگێڕێتەوە:” شەوێکی بەفراوی زستان دەبێت، کاتێک دایک و خوشکەکەم لە دوو ژووری جیاوازی ماڵەکەم دەخەون، لە قوڵایی شەوەوە گوێیان لە دەنگێک دەبێت، دەنگەکە چەندین جار دەڵێت : عاتف! عاتف! عاتف…

بە ترس و داخورپانەوە باوەش دەکەن بە سەرینەکەیاندا و بەیانی ڕووداوەکە بۆ یەکتری دەگێڕنەوە. عاتفیش دەڵێت: لەبەرچی بە منتان نەوت، گەر پێتان بوتمایە ئەوا بەرەو ئەو دەنگە دەڕۆشتم. هەر بە ڕاستیش دەنگێکی عاتفی بەرەو خزمەت بانگهێشت دەکرد. ئەم ڕووداوەش لە ژیانی مەعنەوی عاتفدا ئاماژە و خاڵی وەرچەرخان بوو.

هەر لەو ماوەیەدا نەنکیشم خەوێک بە عاتفەوە دەبینێت. عاتف دەبینێت کەوا شیر دەخوات، بەڵام شیرەکە هەر تەواو نابێت، بە پێچەوانەوە هەتا دێت زیاتر شوێنەکەی پڕ دەبێتەوە… لە خەوێکی تریشیدا نەنکم و عاتف پێکەوە دەبن کاتێک گۆمێکی قوڵیان دێتە بەردەم، عاتف پێستەیەک فڕێ دەداتە ناو ئاوەکە و بەسەریەوە دەپەڕێتەوە ئەوبەر، بەڵام نەنکم لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.

سەزایی کەرەکۆچیش سەبارەت بە عاتف ئوڕاڵ دەڵێت” عاتف کاتێک بەشی یاسای تەواوکرد، پێموایە یاریدەدەری داواکاری گشتی بوو کاتێک وەفاتی کرد، هاوڕێیەکی زۆر پاک و ڕاستگۆ و خاکی بوو…”

پێش ئەویش برایەکی ترمان بە ناوی سەعید وەفاتی کرد، دواتر برایەکی ترمان بە ناوی زیهنی و دواتر عاتفمان لە دەستدا. تایبەتمەندی هاوبەشی نێوان ئەم ٣ برایەمان ڕاستگۆیی و دڵسۆزیان بوو. سەعید و زیهنی تایبەتمەندیەکی وەهایان هەبوو کە هەڵەی مرۆڤەکانیان دەدایەوە لە ڕووی خۆیان، واتە بە شێوازێک لە شێوازەکان قسەیان ڕەق بوو، بەڵام عاتف زۆر نەرم و نیان بوو…”

ئێستا وەک ئەوە وەهایە هەریەک لە زیهنی هیزال، عاتف ئوراڵ، سەعید موتڵو بە چاوی خۆم لە جیهانێک ببینم کە بوونی زۆر لە ئێرە بەرجەستە و ڕەهاترە. دەزانم ئەوان لە شوێنێکی زۆر خۆشتر لە ئێرەن و زۆر دڵخۆشن. خەمی ئێمە بۆ ئەوان نیە بەڵکو بۆ خۆمانە”…

دەبێت دان بەوەدا بنێم کە بوونی ئەوان هەمیشە ئێمەی نیگەران دەکرد. بە ڕاشکاوانە گەر بیڵێم : ئێمە لێیان دەترساین. لە هەموو کەس زیاتر لەبەردەمی ئەواندا بیری تاوانەکانمان دەکەوتەوە. ئەوان لە کاتی لەش ساغیشیاندا وەک ئەوە وەهابوو کە سەر بەم دونیایە نەبن. وەک نوێنەری ئەو دونیا بوون لێرە. ئەم هەستە لە ڕێگەی مەرگیانەوە دروست بوو؟ نەخێر … مردن تەنیا و تەنیا ئەوەیە پارچەیەک لە بێ ئاگایی ئێمە دەبڕێت و وامان لێدەکات باشتر ڕاستیەکان ببینین”.

عاتف هەمیشە بە نەرمیە ئاوریشمیەکەیی و بە تێڕوانینی لەلایەنە باشەکانمان و چاوپۆشین لە کەموکورتیەکانمان، زیهنی هیزاڵیش لە ڕێگەی دەنگهەڵبڕینی لە کاتی پێویست و ناچاریدا، سەعیدیش لە ڕێگەی قسە ڕاشکاوەکانیەوە کە گرام بە گرام پێوانەی دەکردن، وەک ئاگادارکەرەوەیەکی ئەو دونیا بوون لەم ژیانەدا…

 

Show More
Back to top button