بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عابید, زاهید, عاشق. بەشی یەکەم

بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

 

 

 

عابید ئەو کەسەیە کە عیبادەت و عبودییەت دەکات و خولگەى ژیانى عبودەتە. بە واتایەکى تر, عابید بریتییە لە ناونیشانى تایبەتى ئەو بەندەیەى کە هاوڕێ لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانێکى تایبەتیدا ئەم ئەرکە فرەڕەهەندەى بەندایەتى لە چوارچێوەى فەرمانەکانى خوادا جێبەجێدەکات و, بە ڕووى هەوا و ئارەزووەکاندا داخراوە و, سنگى لە خراپکارى و ناشرینییەکان دەرپەڕاندووە و, عیبادەت بە داخوازیى “نیعمەتەکانى ڕابردوو” دەزانێت و, هاوڕێ لەگەڵ هەستێکى بەرپرسیارێتیى جددیدا عبودییەت پێشکەشدەکات و, هاوڕێ لەگەڵ شعوورى بینران و هەیەجانى ڕۆیشتن بەرەو ئاسۆى بینینى حاڵ و چێژ ڕووى هەمیشە لە خواى حەقە.

یەکێک لە دەستوورە هەرە گرنگەکان سەبارەت بە کەسى عابید بریتییە لە بەجێهێنانى هەموو جۆرەکانى بەندایەتى لە چوارچێوەى بناغە زانستییە دیاریکراوەکانى خۆیاندا؛ هەرچى زانستى کاڵوکرچیشە بەبێ بەندایەتى, بەپێى ناوەرۆکى فەرمانى (كَمَثَلِ الْحِمَارِ يَحْمِلُ اَسْفَارًا), لە کۆڵى خاوەنەکەیدا هەم لە دونیا و هەم لە قیامەتدا هیچ سوودێکى پێناگەیەنێت, بەڵکو بەپێچەوانەوە خۆپەرستى و غرورى دەوروژێنن و, لە “نەزانیى چڕ”یش (جهل المرکب) ترسناکترە. لە ڕاستیدا هەریەک لە زانست و عیبادەت دوو ڕووى یەک شتن و نرخى هەردووکیشیان ڕاستەوانە لەگەڵ یەکتردا دەگۆڕێت. بەڵێ, ئەگەر زانست خاک بێت, عیبادەت ئەو نەمامەیە کە لەناویدا بەهۆى هێزى سەوزبوون و چەکەرەکردنەوە بە وێنەى سەروویەك دەچێت بە ئاسماندا. عیبادەتێک پشتى بە زانست نەبەستبێت فۆلکلۆرە, زانستێکیش نەبێت بە نەمامگەى عیبادەت حەماڵێتیى زیهنە.

لە سۆنگەیەکى دیکەوە, لە ڕوانگەى سەرەتا و دەستپێکەوە عیبادەت دەرەنجامى بەدیهاتنە و, شوکرانەبژێریى مەزهەرییەتبوونە بە پایەى (أحسن تقویم)ى مرۆڤێتى و, بەرپرسیارێتیى سەرشانى هەمووانە و, قەبووڵنەکردنى ئەم ڕاستییەش بەم جۆرە نانکوێرى و سپڵەییە. عابید نموونەى باڵاى ئەو کەسەیە کە شعوور بەم بەرپرسیارێتییە دەکات و هاوڕێ لەگەڵ هەستێکى جددیی ترس و ئومێددا ئەنجامى دەدات. چەند ڕەچاوى قووڵییەکانى عیبادەت بکرێت, هێندە عابید لە ئاسۆى تەقوا نزیکبووەتەوە. قورئانى پیرۆز بە فەرمانى (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) ئه‌ی خه‌ڵكینه‌ په‌روه‌ردگاری خۆتان بپه‌رستن، ئه‌و زاته‌ی كه‌ ئێوه‌ و پێشینانی ئێوه‌شی به‌دیهێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێبازی خواناسی و ته‌قوا و پارێزكاری بگرنه‌ به‌ر (البقرة: ٢١) فەرمانى ئەنجامدانى ئەو شتانەى فەرمان بە کردنیان کراوە و دوورکەوتنەوە لەو شتانەى قەدەغەکراون بۆ ئینسان دەردەکات و, بەرەو هانابردن بۆ لاى خوای گەورە لەژێر ناونیشانى تەقوادا ئاڕاستەمان دەکات. بە پایە و بناغە گرنگەکانى بەندایەتى وەک عیبادەت و عبودییەت و عبودەت, بەرامبەر بە مەزهەریییەتەکانى وەک هاتنەبوون و سەرفرازبوون بە موسڵمانێتى و چەندەها نیعمەت و ئیحسانى تر, چاومان بە ڕووى ئاسۆى شوکر و سوپاسگوزاریدا واڵادەکات. بەڵێ, ئەگەر عابید ئەو کەسە بێت کە هەموو جۆرەکانى عیبادەت ئەنجامدەدات, ئەوا عیبادەتیش بریتییە لە ئەرکى سوپاسگوزارى بەرامبەر بە شەرەفمەندبوون بە ئیمان و ئیسلام و ئیحسان. بەڵام مەزهەرییەتى تەواوەتى, وەک لە وشەى (لعل)ەشەوە دەردەکەوێت, بەتەواوەتى وابەستەى ڕەحمەتى فراوانى خواییە. عیبادەت لە هەر ئاستێکدا ئەنجامبدرێت, ئەوەى دەکەوێتە سەرشانى ئێمە ئەوەیە وەک ئیمامى شافیعى بڵێین ( جَعَلْتُ الرَّجَا لِعَفْوِكَ سُـلَّمًا) “ئومێدم کرد بە پلیکانەیەک بۆ لێبوردەییت.”

عیبادەت, بە هەموو جۆرەکانییەوە, دوو لایەنى گرنگى هەیە: یەکەمیان بەدەستهێنان (کسب واکتساب), دووهەمیان دوورەپەرێزى (اجتناب) لەو شتانەى شەرع قەدەغەى کردوون. لە ڕوانگەى بەدەستهێنانەوە, بریتییە لە ئەنجامدانى ئەوپەڕى هەستیارانەى ئەو شتانەى فەرمانیان پێکراوە؛ لە ڕوانگەى دوورەپەرێزیشەوە, بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە گشت قەدەغەکراو و سەرپێچى و حەرامەکان؛ ئەگەر بە شێوەیەکى گوێرەییش بێت, تەقوا بریتییە لەمە. هەرچى تێکڕا و تەواوى عیبادەتیشە بریتییە لە نواندنى بەندایەتییەکى تەواو بەرامبەر بە خوا لە ناوەندى خۆبەکەمزانیدا و, ئەنجامدانى فەرمانپێکراوەکان هاوڕێ لەگەڵ ڕۆحى ئیخلاص و ئومێدى ڕەزامەندیدا و, لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا چاوبڕینى بەردەوام لە ئەودیوى عبودییەت کە عبودەتە و, هەوڵنەدان بە ئاگادارکردنەوەى کەسانى تر لەو شتانەى لەم بوارەدا دەیانچێژێت و هەستیان پێدەکات و, پێشخستنى ڕەزامەندیى خوایى بەسەر هەموو ڕەزامەندى و ستایشەکانى تردا و, وەڵامدانەوەى سەرجەم مەزهەرییەتەکان بە سوپاسگوزارى؛ پاشان لەپاڵ هەموو ئەمانەدا, کاتێک دووچارى هەندێک لەبیرچوونەوە دەبێت, لە لادان و ناڕێکیى ترپەى جیهانى ناوەوەى خۆیدا بەدواى هۆکارەکانیدا بگەڕێت و, لەبەرامبەر هەر شتێکى نەرێنیشدا کە لە خۆیدا دەیدۆزێتەوە, خێرا بەرەو پلوسکەکانى تەوبە و ئەوبە و ئینابە پێ هەڵبگرێت و, تازەکردنەوەى عەهد و پەیمان فەرامۆش نەکات. بەڵێ, هەموو ئەمانە پێداویستییەکانى بەندایەتییەکى ڕاستەقینەن. ئێمە بە کەسێک دەڵێین عابید کە هەموو ئەمانە پەیڕەوبکات.

عابید لەپێناو پاراستنى پێگەکەى خۆیدا, لە ناوەندى تێبینیى (فناء فی الله)دا دەست لە هێز و تواناى خۆى دەشوات و, پەنا بۆ قەڵاى پارێزەرى (لَا حَوْلَ وَلَا قُوَّةَ إِلَّا بِاللهِ) دەبات و, لە هەموو حاڵەت و ڕەفتارێکیدا لەسەر (صراط المستقیم) دامەزراو دەبێت. لەپاڵ هەوڵ و تێکۆشانى بۆ بەجێهێنانى ئەمانە لەگەڵ ئەوپەڕى هەستیاریدا, هەمیشە سەرى لە بەرپێى دەرگانەى خوا داناوە و, هەموو چرکەساتێک لە ڕەهەندێکى جیاوازتردا بە ڕێز و شکۆوە ناوى خوا دەهێنێت و, ڕیتمى دڵى هەردەم هاوئاهەنگ لەگەڵ هەستەکانى ترس و سام و شکۆدا لێدەدات و, لە کاتى خۆیشیدا بەرماڵەکەى تەڕدەکات.. هەموو ئەمانە سەبارەت بە ئەو بناغە هەرە گرنگەکانى پاراستنى سەلامەتیى ڕێگان.

لە ڕوانگەیەکى دیکەوە جیاوازییە گوێرەییەکانى عیبادەت گوزارشت لە قووڵیى ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان دەکەن. پێگەى ئیماندارێکى ئاسایى و تەقلیدکار لەنێو ئەم پلانەدا, ئەو جیهانبینییە تەسکەیە کە فەزاى کلتورى دەوروبەرى پێیان بەخشیوە. بەڵام سەبارەت بە وەلى و کەسانى لەو بەرزتر, هەمیشە ڕوانین و هەستکردنیان لەبەرامبەر ڕێژنەى واریداتە خواییەکانەوە (هَلْ مِن مَّزِيدٍۢ) “نییە زیاتر؟!” دەڵێت. هەرچى هەست و نەستى کەسێکى (مقربین)یشە لە سایەى لەتیفەى ڕەببانیدا, قووڵیى ئیستغراق و هەیمەنیان هەیە؛ ئەوان هاوڕێ لەگەڵ شعوورى بینران و شەوقى بینیندا هەموو شتێکى جگە لە “ئەو” بە ئەغیار ئەژماردەکەن.. لە ئاسەوارەکاندا دەکەونە حونجەکردنى کاریگەر(مؤثر).. لە ناوەکاندا, بە واریداتى سیفەتە سوبحانییەکان سەرمەستانە دەژین.. ئەو مەوجودە مەجهولە دەکەن بە ویردى سەرزاریان و, وەکو “نیازیى میسرى” دەڵێن “نییە شتێک هێندەى خوا ئاشکرا ، ئەوە تەنها بێچاوەکانن کە نایبینن”. وە هەمیشە واریداتى ئاسۆى خۆیان دەڵێنەوە. ئەم لوتکەیەى کە تایبەتە بە هەرە تایبەتمەندەکان ناوى مەقامى “جەمعى ئەحەدییەت و فەرق”ى لێنراوە.

بە واتایەکى تر عیبادەت, سەبارەت بەوانەى هێشتا بەرزنەبوونەتەوە بۆ لوتکەى عیرفان و لە توولەڕێى لاساییکردنەوەدا سنگەخشێ دەکەن, کردارێکە بە نیازى پاداشت و کرێی دونیایى و ئاخیرەتى ئەنجامدەدرێت؛ بۆ ئەولیا و ئەصفیاکان ڕێگایەکى کراوەیە بە ڕووى موشاهەدە و موکاشەفەدا؛ هەرچى ئاسۆى (أقرب المقربین)یشە بریتییە لە میعراجى زانین و بوون بە بەندەى (حقیقة الحقائق) بە کامڵترین شێوە لە لوتکەى (حق الیقین)دا هاوڕێ لەگەڵ شەوق و ئیشتیاقى ڕوئیەت و ڕیزواندا. دەستەى یەکەم عابید و, ئەوانەى دووەهەم تا ئەندازەیەک زاهید و, ئەوانەى سێهەمیش عاشقیان پێدەوترێت. بە واتایەکى جیاوازتر, دەستەى یەکەم ئەربابى نیو تەوەککول و نیو تەسلیمییەتن؛ دووەمەکان نموونەى باڵاى تەفویضن؛ هەرچى دەستەى سێیەمە بە قارەمانى بوارى متمانە(الثقة) دادەنرێن.

دەستەواژەى (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا)ى ناو ئایەتەکەى سەرەوە لە لایەنێکەوە ڕووى لە دەستەى یەکەمە و, (اتَّقُوا اللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ) بێدارکردنەوەیە بۆ گروپى دووەم و, (واعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ )یش سەبارەت بە گرۆى سێیەم هەم ڕێنموونى و هەم ئاگادارکردنەوەیە.

لام وایە هەموو ئەوانەى لە گشت ئەم پلە و ئاستانەدا بەرپرسیارێتیى بەندایەتى بەجێدەهێنن یان هەوڵدەدەن جێبەجێى بکەن, بەهۆى پێگەکەیانەوە, دەکرێت ناوى عابید, عابید و زاهید, زاهید و عاشقیان لێبنرێت. گرۆیى یەکەم ئەو سەرەتاییانەن کە لە ڕوانگەى ئەو دابونەریت و کلتورەى کە تێیدا گەورەبوون موسڵمانێتییان هەڵبژاردووە و پەیڕەوى دەکەن؛ دەستەى دووەم عابید و زاهیدەکانن و هەرچەندە ئەربابى عەزم و دامەزراوین، بەڵام ئامانجیان بەهەشت و حۆرى و غیلمان و کۆشکەکانى ناویەتى؛ هەرچى شەوقى ئەوانەى سێهەمیشە بریتییە لە ئارەزووى بینینى جوانیى خوا و بەدەستهێنانى ڕەزامەندییەکەى. ئەوانەى لە چوارچێوەى دابونەریت و عادەتەکاندا بە ڕێگاى بەندایەتیدا دەڕۆن خواى گەورە لەمەش بێبەشمان نەکات بەرپرسیارێتییەکانى وەک دەستنوێژ و نوێژ و ڕۆژوو و زەکات بەجێدەهێنن و, هەموو شتێک لەم سنوورەدا دەبینن و, ئەو زوهدە ناناسن کە ڕەهەند و لایەنێکى گرنگى بەندایەتییە.. جگە لەمە, هیچ پەیوەندییەکیان بە عەشق و ئارەزووى دیدارى خواوە نییە. کاتێک باس لە عەشق دەکرێت ئەگەر بیستبێتیان زوڵەیخا یان مەجون و لەیلا و, شیرین و فەرهاد و وامیق و عەزرایان بیردەکەوێتەوە. لەمە زیاتر نازانن و بیرى لێناکەنەوە و پەى بە ناوەرۆکى نابەن.

دووریی نێوان عابیدێکى لەم جۆرە و زاهید چەند بێت, دووریی نێوان زاهید و عاشقێکى ڕاستگۆش ئەوەندەیە. گرنگترین فاکتەرەکانى ئەم بابەتەش نییەت و ڕوانگە(نضر)ن. ئەگینا بەندە لە هەر ئاستێکدا بەرپرسیارێتییەکانى بەرامبەر بە خوا ڕابپەڕێنێت, بە کەم نازانرێت؛ بەڵکو جیاوازییەکە لە غایەى خەیاڵ و مەفکوورەدایە؛ ئەویش شتێکە کە تەنها خوا دەیزانێت. داخۆ عابید بە دەم و زمان بەهەشت و شتە بەڵێندراوەکانى ناوى کردووە بە یەکەم بابەتى خۆى یان نا؛ ئەمەش شتێکە کە تەنها خوا خۆى دەیزانێت.

ئەگەر کۆى بابەتەکە کورتبکەینەوە دەتوانین بڵێین: ئەو کەسەى فەرمانەکانى خواى گەورە جێبەجێ دەکات و کراوەیە بە ڕووى تێبینییەکانى ماسیوادا عابیدە؛ ئەوەش کە دەستى لە دونیا و شتانى ناوى شتووە و هاوڕێ لەگەڵ خولیاى جیهانەکانى غەیبدا هەڵدەستێت و دادەنیشێت زاهیدە؛ ئەوەش کە دڵى بە هیچ شتێکى دونیایى و عوقباییەوە نەبەستووە و هەردەم قوم لە هاودەمى دەدات و (هو) دەڵێتەوە ناوى عاشقى لێنراوە. ژیانى زاهیدانەى پێغەمبەرە مەزنەکان کە خاوەنى ڕەهەندى عەشق و گوتارى (إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ) بوون و چاوەڕوانى هیچ شتێکى دونیایى و ئاخیرەتى نەبوون و هەموو شتێکیان حەواڵەى خوا کردووە, ئەم لوتکەیە نیشاندەدات. “فزوڵى” لەژێر ناوى عاریفدا بەم جۆرە گوزارشت لە عابید و زاهید دەکات:

عاریف (دەتوانرێت عابیدیش بەکاربهێنرێت) ئەوە نییە دونیا و مافیها بزانێت

عاریف ئەوەیە دونیا و مافیها نەزانێت   

ئەو گوتەیەى خوارەوەش کە خولگەکەى زوهد و ئامانجەکەى عەشقە, شایانى ئەوەیە بکرێتە ویردى سەرزمان:

فانیم؛ شنى فانیم ناوێت,

دەستەوسانم؛ شتى دەستەوسانم ناوێت,

ڕۆحم تەسلیمى ڕەحمان کرد, کەسى ترم ناوێت.

دمەوێت بەڵام تەنها یارى باقیم دەوێت،

گەردیلەم بەڵام خۆرى هەمیشەییم دەوێت,

خۆم لە خۆمدا هیچم, بەڵام سەراپاى بوونەوەرانم دەوێت.

اَللّٰهُمَّ اجْعَلْنَا مِنْ عِبَادِكَ الْمُخْلِصِينَ الْمُخْلَصِينَ

وَصَلِّ اللّٰهُمَّ وَسَلِّمْ عَلَى حَبِيبِكَ وَرَسُولِكَ الْمُصْطَفَى وَعَلَى اٰلِهِ وَأَصْحَابِهِ ذَوِي الْقَدْرِ وَالْوَفَاءِ

 

 

Show More
Back to top button