هەواڵ

شەهید کردنی زیندانیەکی تر: مامۆستا حەلیمە لە زیندان گیانی لە دەستدا

حەلیمە گولسو کە یەکێک بوو لەو ٨٠ خانمەی لە شاری مەرسین دەستگیر کرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیندان گیانی لە دەستدا.

سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لە مێدیاکاندا هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە حەلیمە گوڵسو خراوەتە ژێر ئەشكەنجەوە و دەرمانەکانی وەک پێویست پێ نادرێت و ژیانی لەبەر مەترسیەکی گەورەدایە، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا سووبوون لەسەر هێشتنەوەی ناوبراو لە زینداندا.

حەلیمە لە ٥ ی شوباتی ئەمساڵدا دەستگیر کراو تەنیا تۆمەتیش بۆ دەستگیرکردنیان ئەوە بوو کوبە و یاپراخیان بردووە بۆ خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانەی سەرپەرشتیارەکانیان لە زیندانداندایە و ناتوانن بژێوی ژیانیان بەدەستبهێنن.

حەلیمە یەکێک بوو لەو ٨٠ خانمەی لە بەرواری ٢٠ ی شوباتدا دەستبەسەر کرا. هەروەها لە مێدیاکاندا هەواڵی ئەوە بڵاو بوویەوە کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ئەشکەنجەیان دراوە و هەوڵ دراوە بە زۆر لەچکەکانیان پێ داکەنن.

گوڵسو نەخۆشیەکی دەگمەنی لەگەڵدابوو بە ناوی Lupus erythematosus کە سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ پەلاماری خانە زیندووەکان دەدات و، ماوەی ١٥ ڕۆژ ڕێگە نەدرا دەرمانە تایبەتەکانی پێ بگات.

خوشکەکەی لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە هاواری لە کاربەدەستانی تورکیا کرد و هۆشداری ئەوەی پێدان کە گەر گوڵسو ئازاد نەکرێت، لە زینداندا گیان لە دەست دەدات.

 

بەڵام کاربەدەستانی تورکیا گوێیان لەو هاوارە نەگرت.

گوڵسو لە ماوەی ڕابردوودا ٢ جار هۆشی لە دەستداوە و لە کاتی خۆیدا نەبراوە بۆ نەخۆشخانە، هەروەها جارێکیان زمانی پڕیوەتە قوڕگی و لە مەرگ نزیک بۆتەوە. سەرەرای ئەوەی راپۆرتە پزیشکیەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ناوبراو ناتوانێت لە زینداندا بژی، بەڵام داواکاری گشتی سوور بوو لەسەر ئەوەی لە زینداندا بیهێڵێتەوە.

ناوبراو لە بەرواری ٢٥ ی نیسان جارێکی تر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و ئەمجارەیان ئیتر نەگەڕایەوە بۆ زیندان!

 

زوبەیر گوڵسو برای حەلیمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەم شێوەیە باسی مەرگی خوشکەکەی کرد:

خوشکەکەم حەلیمە ئەمشەو وەفاتی کرد. تەمەنی درێژی بۆ ئێوە جێهێشت. حسابێکی تریشمان کەوتە ژیانی ئەولا. بە پشتیوانی خودا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەنجام دەدەین کە بەرپرسن لە گیان لە دەستدانی خوشکەکەم”.

زوبەیر گوڵسو لە درێژەی قسەکانیدا وتی”  دایکمان هێشتا پێی نەزانیوە، ئێمە لەدەرەوەی وڵاتین و ناتوانین بگەڕێینەوە، جەرگمان ژان دەکات، پێش ٢.٥ ساڵ باوکمان وەفاتی کردە، ئێستاش خوشکە بچوکەکەمان بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی هەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە خرایە زیندانەوە و بە ئەنقەست چاوپۆشیان لە مردنی کرد. هەتا ئێستا بە دایکمان نەوتووە، لە دەرەوەی وڵاتین و ناتوانین بەشداری پرسەکەی بکەین”.

عیرفان گوڵسو لە ڕێپۆرتاژێکیدا لەگەڵ فاتیح ئەکەڵن بەم شێوەیە باسی چۆنیەتی کوشتنی خوشکەکەی کرد لەلایەن پۆلیس و داواکاری گشتیەوە:

یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنی ناوبراودا ڕاپۆرتی نەخۆشیەکەی ون دەکەن و دواتر هەرچەندە دەڵێت راپۆرتی هەیە باوەڕی پێناکەن. هەر بۆیە کاتێک ڕەوانەی کۆما دەکرێت، هەرچیەک لە دەستیان دێت کردوویانە بۆ ئەوەی جارێکی تر زیندوو نەبێتەوە”.

سێزگین تانریکولو پەڕلەمانتاری جەهەپە بەم شیوەیە هاواری لە عەبدولحەمید گوڵی وەزیری دادی تورکیا کرد:

 حەلیمە گوڵسو لە ٢٠ ی شوبات دەستبەسەر کرا، نەخۆش بوو بەڵام دەرمانەکانی پێ نەدەدرا. چارەسەریان بۆ نەکرد و گیانی لە دەستدا. لە زیندانەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری و لەوێشەوە بۆ خاک. هەزاران کەس هەیە لە زیندانەکان لە سەرەمەرگدان و ئازاد ناکرێن. بەرپرسەکانیش وەڵامی تەلەفۆنەکانمان نادەنەوە. ئۆباڵی هەموویان لە ئەستۆی ئێوەدایە”.

 

http://www.tr724.com/cezaevinde-goz-gore-gore-bir-olum-daha-halime-gulsu-vefat-etti/

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button