بیروڕاهەواڵ

شێوازی قورئان بۆ قایل کردنی پەیڕەوانی پەرتووکە ئاسمانییەکان

بە خامەی موفەسیری قورئان: سوعات یڵدرم

لە سوورەتی عەنکەبووتدا کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی مەککەدا هاتۆتە خوارەوە و ڕیزبەندی ٨٥ی لە هاتنە خوارەوەدا وەرگرتووە، لە سەرەتاوە هەڵس و کەوت و ڕەفتاری قورئان بەرامبەر پەیڕەوانی پەرتووەکە ئاسمانییەکان بەمشێوەیە باس دەکات: (‘مجادلة’) مەکەن لەگەڵ خاوەن پەرتووکە ئاسمانییەکاندا مەگەر بە جوانترین شێوە نەبێت، جگە لەوانەیان کە ستەمیان کردووە ‘ئاوا ڕەفتارتان لەبەرامبەریانەوە دەبێت جیاواز بێت’ پێشیان بڵێن: ئێمە باوەڕمان هێناوە بەوەی بۆ ئێمە و بۆ ئێوە دابەزێنراوە، خودای ئێمە و ئیوە تەنها یەکێکە، ئێمە فەرمان بەرداری ئەوین)1. لە ئایەتی دواتردا باسی ئەوە دەکات کە هەندێک لە باوەڕدارانی پەرتووکە ئاسمانییەکان قورئان پەسەند دەکەن: (ئەی پێغەمبەر ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ هەر بەو شێوەیەی کتێبەکانی پێشوو ئێمە قورئانمان بۆ دابەزاندوویت، جا ئەوانەی کتێبمان پێ داون و بەڕاستی خوێندوویانەتەوە، ئەوا باوەڕ دەهێنن دەهێنن بە قورئان و هەندێک لەو خەڵکەی تریش هەن باوەڕ دەهێنن پێی و موسوڵمان دەبن، جا کەس نییە ئینکاری ئایەت و بەڵگە و نیشانەی ئێمە بکات ‘دوای لابردنی گومان’ جگە لە خوا نەناسان)2. زۆرێک لە ڕاڤەکارانی قورئانی پیرۆز باوەڕیان وایە کە مەبەست لە دەستەواژەی؛”ئەوانەی کتێبمان پی داون”؛ ئەو خاوەن پەرتووکانەیە کە لە سەردەمی پێش حەزرەتی پێغەمبەردا ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ ژیاون و مەبەستیش لە دەستەواژەی ‘هەندێک لەو خەڵکانەی تریش’ ئاماژە بەو خاوەن پەرتووکانە دەکات کە هاوچەرخی حەزرەتی پێغەمبەر ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ بوون.

ئەهودییەکان هەر لە سەرەتای سەردەمی مەددینەوە سەرەڕای هەڵس و کەوتە نەرێنییەکانیان بەرامبەر بانگهێشتی قورئان، هەر ئەوەیان بیر دەخاتەوە کە ئەوان باوەڕیان بە هەمان خودا هێناوە، وەک دەفەرموێت: “بەو جوولەکانە بڵێ: (ئایا ڕەوایە ئێوە دەربارەی ئایینی خودا قڕە و گاڵە و کێشەمان لەگەڵ دەکەن، خۆ خۆتان چاک دەزانن کە ئەو خودایە پەروەردگاری ئێمە و ئێوەشە”3. لە بابەتە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ خاوەن پەرتووکە ئاسامانییەکاندا قورئان خاسیەتێکی تایبەت و سەرنج ڕاکێشی هەیە: ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ دوێنراوەکانیدا بە وتەی ڕەق یاخود تەنها بە بەرپەرچ دانەوە نەیدواندون بەڵکو هەوڵی داوە بە بەڵگەی عەقڵی قاییلیان بکات و لە ڕێوڕەسمەکانی گفتوگۆ کردنیشدا ڕەچاو کردنی ڕێکاری ویژدان پیادە دەکات. لێرەوە بەردەوام دەبین لەسەر شی کردنەوەی ئەم بابەت بە چەند نموونەیەک.

قورئانی پیرۆز هەر لە وەگەڕ خستنی عەقڵ و ڕەت کردنەوە بتەکان و پەسەند کردنی بەدیهێنەر بە سیفاتە کامڵەکانییەوە، دوای باوەڕ هێنان بە حەزرەتی موسا (سەلامی خودای لێبێت) ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ڕەوییە و پەرۆشی مرۆڤ بۆ بت پەرستی شایەنی شەوکەتی مرۆڤ نییە و دەفەرموێت: (یادی ئەو نیعمەتە بکەنەوە کە وتتان: ئەی موسا هەرگیز باوەڕت پێناهێنین تاوەکو بە ئاشکرا و با چاوی خۆمان خوا نەبینین، ئیتر یەکسەر هەورە برووسکەکە لێی دان، لە کاتێکدا کە تەماشاتان دەکرد و بە دەورو بەری خۆتاندا دەتانڕوانی. پاشان زیندوومان کردنەوە و ژیانمان پێبەخشینەوە لە دوای ئەو مەرگەتان بۆ ئەوەی سوپاسگوزاری بکەن)4. بێگومان ئەوانەی ئەم کارەیان ئەنجام دا، هەموو بەنی ئیسرائیل نەبوون. لەسەر ئەم سووربوونەی قورئان ٧٠ پیاو بانگهیشت کران بۆ میقات: (لەوە و دوا نەوەی ئیسرائیلمان لە دەریاکە پەڕاندەوە، دوای تاوێک ڕێیان کەوت لە خەڵکێک کە بە دەوری بتەکانیاندا دەخولانەوە و دەیان پەرستن، هەندێکیان وتیان: ئەی موسا خوایەکیش بۆ ئێمە ساز بکە وەکو ئەوانە چەند خودایەکیان هەیە!! موسا پێی وتن:بەراستی ئێوە قەومێن نە دەزانن و نەدەفان. بێگومان ئا ئەوانە ئەوەی تێیدا دەژین لە ناو چووە و پووچەڵە ئەوەی ئەوان دەیکەن. کەی ڕەوایە بێجگە لە خودا خودایەکی ترتان بۆ بخوازم، لە کاتێکدا کە ئەو زاتە لە ناو خەڵکی ئەم جیهانەدا هەڵی بژاردوون و ڕێزی زیاتری لێ ناون”5، ئەو مرۆڤانەی لەو شوینە دەژیان خەڵکی شاری سینای میسر بوون. رەنگە حەزرەتی موسا و خەڵکەکەی لە شوێنێکی نزیک ‘سوڤێیشی’ ئێستاوە لە دەریای سور پەڕیبنەوە. لە شاری ‘مەفکە’ی سەر بە نیووە دوورگەی سینا تا ئەمڕۆش پەرستاگایەکی میسرییەکانی تێدا ماوە. وا دەردەکەوێت کە نەوەی ئیسرائیل مەیلیان هەبووە بۆ لای هەڵگرانی ئەم بیروباوەڕە. لە ئایەتی ٩٣ی سورەتی ‘البقرة’دا باسی ئەوە دەکات کە سەردەمانێکی دوور و درێژی کۆیلایەتی کاریگەری درێژ خایەنی لەسەر نەوەی ئیسرائیل جێ هێشتووە و لەو ماوەیەشدا خووڕەوشتی پەرستنی مانگایان تێدا دروست بووە.

(جا ئەوانەی نەفام و نەزانن دەیانگوت: بۆ خودا لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ ناکات؟! یان موعجیزە و نیشانەیەمان بۆ نایەت؟!! کەسانی تریش پێش ئەمان هەمان شتیان دەوت، ئەمانە دڵەکانیان چوون یەکە و لەیەک دەچێت، بێگوومان ئێمە چەندەها نیشانە و بەڵگەی ئاشکرا و ڕوونمان دیاری کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاستی خوازن و بە شوێن حەقیقەتدا دەگەڕێنن)6.

(جوولەکە و گاورەکان دەیان وت:ئێمە ڕۆڵەی خوا و خۆشەویست و نزیکی ئەوین، پێیان بڵێ: کەواتە بۆچی لەسەر گوناه و تاوانتان سزاتان دەدات، نەخێر وا نییە، چونکە ئێوەش بەشەر و ئادەمیزادێکن لەو خەڵکەی کە دروستی کردووە، ئەوەی خودا بیەوێت لێێ خۆش دەبێت، ئەوەش کە بیەوێت سزای بدات سزای دەدات، هەرچیش لە ئاسمانەکان و زەوی نێوانیاندا هەیە خودا خاوەنیانە، گەڕانەوە و سەرئەنجامیش بۆ لای ئەو زاتەیە)7.

(هەروەها دەڵێن: چەند گوناهباریش بین تەنها چەند ڕۆژێکی کەم لە دۆزەخدا دەمێنینەوە!! پێیان بڵێ: باشە، ئێوە پەیمانتان لە خوا وەرگرتووە، تا هەرگیز خودای گورە پەیمان شکێنی نەکات؟! یان هەر دەتانەوێت شتێکبڵێن بەدەم خوداوە کە هیچ بناغەیەکی نیە و هەر نازانن چی دەڵێن) 8. لەسەر ئەم بابەتە ئایەتێکی تریش هەیە دەفەرموێت: (جولەکە و گاورەکان دەڵێن: هەرگیز کەس ناچێتە بەهەشتەوە بێجگە جولەکە یان گاور، جا ئەوە ئاوات و خەیاڵی خۆیانە، تۆش ئەی محەمەد ‘دروودی خوای لەسەر بێت’ پێیان بڵێ: ئەگەر ڕاستگۆن، بەڵگەتان لەسەر ئەم قسەیە بهێننە مەیدان) 9، (هەروەها پێیان بڵێ:ئەگەر ڕاست دەکەن و باوەڕتان وەهایە کە ماڵی ئەو دونیا واتە بەهەشت لای خودا تایبەتمەندە بە ئێوە نەک خەڵکی تر، دە ئاواتی مردن بخوازن ئەگەر ڕاست دەکەن)10.

هەروەها لە سورەتی جومعەدا ئایەتی ٦-٨ ئەم ڕاستییە دووپات دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لەم شێوازەی قورئانی پیرۆز تێ نەگەن و کردەوەی خراپتر ئەنجام دەدەن.

یەکێک لەو مەترسیانەی بڕوادارانی ئایینی دەکەونە ناوی شوێن کەوتنی ئەو بڕیار و حوکمانەیە کە گوجاوە لەگەڵ نەفس و سوودی دونیاییاندا و خۆ دزینەوەشیان لەو بابەتانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیاندا ناگونجێت. قورئانی پیرۆز باس لە گرنگی باسکردنی ئایین بە شێوازێکی ڕاست  و دروست دەکات بۆ ئەو یەهوودیانەی کەوتوونەتە ناو ئەم مەترسییەوە و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە مرۆڤی ژیر بە دەستی خۆی خۆی ناخاتە ناو ئەو دژ بەیەکییەوە و دەفەرموێت: (کەوابوو چۆن دەبێت باوەڕتان بە بەشێکی پەرتووکەکەتان هەبێت و باوەڕتان بە بەشێکی نەبێت؟ ئایا پاداشتی ئەوەتان کە ئەو کارە دەکات جگە لە سەر شۆڕی و سووکی نەبێت لە ژیانی دونیادا هیچی تر هەیە؟ لە ڕۆژی قیامەتیشدا دەگەڕێرێنەوە بۆ ناو سەخترین سزا، خوایش بێ ئاگا نییە لەو کارانەی کە ئێوە ئەنجامی دەدەن. ئەوانە، ئەوانەن کە ژیانی دونیایان کڕی و گۆڕیویانەتەوە بە ژیانی دواڕۆژ و بەهەشت، لەبەر ئەوە سزایان لەسەر کەم ناکرێتەوە و ئەوانە هەرگیز یارمەتی نادرێن و سەرناخرێن)11.

تەنها لەبەر ئەوەی کۆتا پێغەمبەری ناو پێغەمبەران حەزرەتی محەمەد ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ پەسەند نەکەن هەندێک بەڵگەیان بە پێی خۆیان هێناوەتە پێشەوە، قورئان دەفەرموێت: (ئەو یەهوودیانەی دەڵێن: خودا پەیمانی داوە بە ئێمە کە بە هیچ پێغەمبەرێک باوەڕ نەکەین تا قوربانییەکمان بۆ نەهێنێت و نەیبینین ئاگر دەیخوات و دەیسووتێنێت و لە ناوی دەبات، ئەی محەمەد ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ پێیان بڵێ: خۆ ژمارەیەک پێغەمبەر لە پێش منەوە ڕەوانە کران بۆتان بە چەندەها بەڵگە و نیشانەی ئاشکراوە و بەو داخوازیەشەوە کەوتتان، جا بۆ کوشتانن و شەهیدتان کردن ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن؟!)12. ئەمە بوختان کردنە بۆ خودا لەلایەن ئەم یاهوودیانەوە. لەگەڵ ئەوەی لە تەوراتدا باسی قوربانی سووتا بە ئاگر کراوە13، بەڵام ئەمانە بە یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی پێغەمبەری هەژمار ناکرێن، بەڵکو ئامانە تەنها نیشانەی پەسەند بوونی قوربانی و پێشکەشکارییە لەلایەن خوداوە. گوایە ئەمان تەنها بە بیانووی ڕەت کردنەوەی نبووەتی حەزرەتی پێغەمبەر’دروودی خودای لەسەر بێت’ ئەم وتانەیان پێشنیار کردووە. بەڵام قورئان بەهانەکانیانی لە دەمیاندا هێشتەوە و بەمشێوەیەک سەلماندی کە ئەوان لە داواکەیاندا ڕاست و دروست نین: (ئادەی بڵێن؛ بۆچی ئەو پێغەمبەرانەی خۆتانتان کوشت کە لەگەڵ ئەو مەرجانەی ئێوەدا دەگونجان؟)، بۆ نموونە؛ بڕواننە ئەوەی بەسەر حەزرەتی “ئیلیاس”یاندا هێنا لە تەوراتدا بەشی پاشاکان ١، ١٨، ١٩.                                                        

ئەم ئایەتە لەبەرامبەر بانگهیشت کردنی یەهوودییەکان لەلایەن موسوڵمانانەوە بۆ پەسەندن کردنی ئایینی ئیسلام ئەوە پیشان دەدات کە جیاوازی کردن لە نێوان پێغەمبەرانی خودادا کارێکی هەڵەیە و گرنگی باوەڕ هێنانیش بە حەزرەتی عیسا “سەلامی خودای لێ بێت” لەگەڵ حەزرەتی پیغەمبەر “دروودی خودای لەسەر بێت” کە ئەمان جیایان دەکەنەوە و رەتیان دەکەنەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو پێغەمبەرانەی یەهوودییەکان باوەڕیان پێیان هێناوە کارێکی گرنگە، هەروەها ڕای دەگەیەنێت کە داوایا لێکراوە ئەمانیش بە هەمان شێوە باوەڕیان پێ بهێنن: (ئەی پەیڕەوانی محەمەد “دروودی خودای لەسەر بێت” ئێوە بڵێن: ئێمە باوەڕمان بە خودا هێناوە و بەو قورئانەش کە دابەزیووە بۆمان و بەوەش کە دابەزیووە بۆ ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب و نەوەکانی یەعقوب، هەروها بەو پەیامەی کە بۆ موسا و عیسا هاتووە و بەو پەیامانەی کە بۆ پێغەمبەران بە گشتی ڕەوانە کراوە لەلایەن پەروەردگاریانەوە و ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان هیچ کام لەو پێغەمبەرانەدا، ئێمە هەموومان تەنها تەسلیمی فەرمانی پەروەردگارین)14. وەک لە کۆتایی ئایاتەکەدا ئاماژەی پێ فەرمووە، موسوڵمانان ئەمە بە نیشانەی تەسلیم بوون و وابەستەییان بە خوداوە هەژمار دەکەن. چونکە ئەوە تانها خودایە کە هەموو پێغەمبەرانی هەڵبژاردووە و کردونی بە نێردراوی تایبەتی خۆی.

یەهوودی و کریستییانەکان نەیانتوانی حەزرەتی ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەر بێت) بە پێغەمبەری هاوبەشیان هەژمار بکەن و هەریەکێکیان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پێغەمبەری تایبەتی ئەوانە. قورئانی پیرۆز بەم بەڵگانە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم بانگەشانەی ئەمان بێ مانان و دەفەرموێت: (ئەی خاوەن کتێبەکان، ئێوە بۆ لە ئیبراهیم دەدوێن ‘هەریەکێکتان وا دادەنێن کە لەسەر ئایینی ئەوە’ خۆ تەورات و ئینجیل دوای ئەو ڕەوانە کراون، ئەوە بۆ عەقڵ و ژیریتان ناخەنە کار و تاکەی ژیر نابن؟! ئەوە ئێوەن موجادەلە و باس وخواستان لەسەر ئەو شتانە دەکرد کە زانیاریتان دەربارەی هەبوو.. کەوابوو بۆچی دەم لەو شتانەشەوە دەدەن کە هیچ زانیاریتان دەربارەی نییە؟ دیارە هەر خودا ئەو شتانە دەزانێت، ئێوە نایزانن. ئاشکرایە کە ئیبراهیم نە جوولەکە بووە و نە گاور، بەڵکو ملکەچ و فەرمان بەردار و موسوڵمان بووە و لە دەستەی موشریک و هاوەڵگەران نەبووە)15.

یەکێک لە پیاوە خاوەن ڕەچەڵەکەکانی یەهوودییەکانی خەیبەر زینای لەگەڵ ئافرەتێکدا کردبوو، لەبەر ئەوەی نەیاندەویست بە پێی تەورات بڕیاری ڕەجمی بەسەردا جێبەجێ بکەن، داواکەیان بردە لای حەزرەتی پێغەمبەر “دروودی خودای لەسەر بێت” و وتیان؛ ئەگەر وتی ڕەجم بە قسەی مەکەن بەڵام ئەگەر سزایەکی تری دا ئەوا بە قسەی بکەن! کاتێک حەزرەتی پێغەمبەر بڕیاری ڕەجمی دا، ڕەخنەیان لێ گرت. سوور بوون لەسەر ئەوەی حوکمی زینا ئەوەیە کە؛ دەم و چاوی کەسی زینا کەر ڕەش بکرێت و بە گوێدرێژ بە شاردا بگەڕێنرێت. بێجگە لە “ئیبن سوریا” هەموویان بە سوێندەوە دڵنیایی خۆیانیان دووپات کردەوە. کاتێک پێغەمبەر سوێندی قورسی دان و بۆ دوا جار پرسیاری حوکمی تەوراتی لێکردن، زاناکانیان وەک “ئیبن سوریا” دانی بەوەدا نا کە بڕیاری تەوراتیش ڕەجمە. ئەم ئایەتە ئاماژە بەم رووداوە دەکات: (سەیرە! ئەوان چۆن دێن و تۆ دەکەن بە دادوەر، لە کاتێکدا خۆیان تەوراتیان لایە و فەرمانی خودای بە ڕوونی تێدایە، پاشان پشتی تێدەکەن دوای ئەوەی کە ‘حوکم و فەرمانی خودایان بۆ دەردەکەوێت’ دیارە ئەوانە هەر بڕوادار نین)16.

لەگەڵ ئەوەی سەبارەت بە یەهوودییەکان چەند نموونەیەکی تریش هەن بەڵام بەم نموونانەی پێشوو بابەتەکە ڕوون بۆتەوە و لێرەوە دەچینە سەر باسکردنی چەند نموونەیەک لە کریستیانەکان.

(بەڵام ئەوان ڕەهبانییەت و دوورە پەرێزیان لە دونیادا کردە پیشەیان، وەنەبێت ئێمە ئەو حاڵەتەمان لەسەر فەرز کردبن، بەڵکو تەنها بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خودامان لێ داوا کردبوون، کەچی ئەوان ڕەهبانییەتیان بە چاکی پەیڕەو نەکرد، ئێمەش پاداشتی ئەوانەمان دایەوە کە باوەڕی ڕاست و دروستیان هەبوو، هەرچەند زۆربەیان لار و وێر و خوا نەناس و یاخی دەرچوون)17. حەزرەتی پێغەمبەر ‘دروودی خودای لەسەر بێت’ دەفەرموێت: (ڕەهبانییەت لە ئیسلامدا نییە)18.  “ڕەهبانییەت” بریتییە لە وازهێنان لەحەز و ئارەزووە دونیاییەکان و بەسەر بردنی هەموو تەمەنە لە دێرێکدا بێ گوێدانە ژیانی خێزانی. لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە ئەوە ڕوون دەکاتە کە ڕەهبانییەت لە ئایینی حەزرەتی عیساشدا بە مەرج نەگیراوە. لەگەڵ بە قەدەغە دانەنانی ئەم بابەتەشدا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە بیروڕای نموونەیی جیهانی ئیسلام بریتییە لە بەرەو پێش بردنی سەرجەم ئەو توانا ماددی ماعنەویانەی کە خودای گەورە لە فیترەتی مرۆڤەکاندا دای ناوە. کاتێک کە ئایینی کریستیانی دەرکەوت لەبەر ئەوەی ویستی بەدەستهێنانی دونیا و شەهوەت و ڕەوشتی خراپ بەربڵاو بوون، ئایینی کریستیانی کاردانەوەیەکی تووندی نواند، بەتایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی سێهەمدا مانەوە بە ڕەبەنی، هەژاری و زوهدی کردە مۆدێکی ژیان. بە پێی ئەو بیروباوەڕەی کە بەربڵاوە؛ ژیانی ناو دێر کە لە سەدەی سێهەمدا لە میسرەوە دەست پێ دەکات لا کاتێکی کوورتدا لە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشدا بڵاو دەبێتەوە و بە پێی خۆ گونجاندنی لەگەڵ شەرتە نوێکانی ژیاندا تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەبووە. کاتێک کریستیانەکان لەو سەردەمەدا بە بڵاو کردنەوەی ئایینەکەیانەوە خەریک بوون، لەگەڵ ئەوەدا بوونە هۆی ئەوەی چەند بیرۆکەیەکی شیرک و بێ باوەڕی دزە بکاتەوە ناو ئایینەکەیانەوە. کاتێک پێوەرەکان بزر بوون و ڕێ پێدراوەکان بوونە قەدەغە و حەرام، ئیتر فیترەت تۆڵەی لێکردنەوە، نەوەیەک لە بنەچەی ئەوانەوە هاتن کە لە ماددە و شەهوەت و ساماندا نوقووم بوون.

(بێگومان ئەو زاتە بەدیهێنەری ئاسمانەکان و زەوییە لە جوانترین و ڕێک و پێکترین شێوەدا، چۆن ڕۆڵەی دەبێت؟ خۆ ئەو زاتە ڕۆڵەی نەگرتووە؟ بەڵکو هەموو شتێکی دروست کردووە، بەڕاستی ئەو زاتە بە هەموو شتێک زانایە)19 دوای ئەوەی قورئانی پیرۆز ئەوە ڕادەگەیەنێت کە وەک خاوەن پەرتووکەکان لە ڕاستیدا هەردوولا باوەڕیان بە هەمان خودا هەیە “عنکبوت، ٤٦”، لە یەکەم سورەتدا کە لە مەدینە دێتە خوارەوە باس لە لادانی ئەوان لە فیترەتی حەزرەتی عیسا دەکات: (ئەوان وتیان: خودا منداڵی هەیە)20. ئەو ڕاناوەی “ئەوان” لێرەدا دیار نییە کە بۆ کێ بەکار هاتووە. هاوشێوەی ئەو سورەتانەی پشتر لە مەککە هاتوونەتە خوارەوە، ڕەنگە ئەو دەستەواژەیەی کە “بڕیاری بوونی منداڵ دەدەن بۆ خودا” لەلایەن بێ باوەڕەکانی مەککەشەوە وترابێت. بەڵام لە وتەکەدا نزیکییەک زیاتر بەلای کریستیانەکاندا هەیە. لە ڕاستیدا لە ئایەتی پێشتردا باس لە کریستیانەکان دەکات.21 بە شێوازی ناو هێنان قسەیان پێ ناڵێت، بەڵکو وریایان دەکاتەوە لەوەی ئەم بیرۆکەیە لەڕی لادانە و پێویستە دوورە پەرێزی لێبکرێت.

(مەسیحی کوڕی مەریەم هیچ شتێک نییە “نە خودایە و نە کوڕی خودایە” جگە لەوەی پێغەمبەرێکی خودا نەبێت، بەڕاستی پێش ئەو چەندەها پێغەمبەری تریش ڕابردوون، دایکیشی ئافرەتێی زۆر ڕاست و ڕاستگۆیە، هەردووکیان خواردنیان دەخوارد “وەکو هەر مرۆڤێی تر” سەیر بکە و سەرنج بدە، چۆن هەموو فەرمان و بەڵگەیەکیان بۆ ڕوون دەکەینەوە، لەوەو دوا تەماشا کە چۆن ڕوویان لە حەق وەردەچەرخێنن و لە ڕاستی لادەدرێن!)22 برسی بوون و نان خواردنی ئەوان و دەردانی بەشی زیادە و ناپێویست لە لاشە کە لەم ئایەتەدا باسی کراوە، لە راستیدا ئەوە دەچەسپێنێت کە ئەوانیش لە ڕوانگەی فیترەتیانەوە مرۆڤن و لە کۆتایشدا ئەوان خودا نین. (سوێند بێت بێگومان ئەوانە بێ باوەڕ بوون کە وتیان: بەڕاستی خودا هەر مەسیحی کوڕی مەریەمە ‘دروودی خودای لەسەر بێت’، بڵێ: ئەگەر خودا بیەوێت مەسیحی مەریەم و دایکی و هەرچی لەسەر زەوی هەیە لە ناوی بەرێت، ئەوە کێیە لەبەرامبەر خوداوە دەسەڵاتێکی شتێکی هەیە؟ خودا زاتێکە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەوی و نێوانیاندا هەیە هەر ئەو خاوەنیانە، هەرچی بیەوێت دروستی دەکات، چونکە خودا دەسەڵاتی هەیە بەسەر هەموو شتێکدا)23.

(ئەی خاوەن کتێب؛ زیادەڕەوی مەکەن لە ئاینەکەتاندا، جگە لە حەق و ڕاستی هیچی تر بەدەم خوداوە مەڵێن، بەڕاستی مەسیح، عیسای کوڕی مەریەم جگە لەوەی کە فرستادەی خودایە “شتێکی تر نەبووە”، لەدایک بوونەکەی بە فەرمانی خودا بووە کە لە مەریەمدا ‘بەرجەستە بووە’، عیسا ڕۆح و گیانێکی تایبەتییە لەلایەن خوداوە بەخشراوە، دە ئیتر باوەڕی دامەزراو بە خودایەتی خودا و بە پێغەمبەر بهێنن، هەرگیز مەڵێن خودا سیانە، واز بهێنن چاکترە و قازانجتانە، چونکە بەڕاستی خودا تەنها یەک تاکە خودایە، پاک و بێگەرد و دوورە لەوەی منداڵی ببێت! هەرچی لە ئاسمانەکان و هەرچی لە زەویدا هەیە هەر هەمووی ئەو خاوەنیانە، بێگومان خودا بەسە کە بەدیهێنەر و سەرپەرشتیاری بەدیهێنراوانی بێت)24 .

قورئانی حەکیم سەبارەت بە خاوەن پەرتووکەکان دادپەروەرانە ڕەفتار دەکات و چاودێری ئەوانە دەکات کە باوەڕیان بە حەق هێناوە و جوان ڕەفتار دەکەن: (گاور و جوو هەموویان یەکسانن و چوونیەک نین، بەڵکو لە خاوەنانی کتێب دەستەیەک لە ئیماندارانیان هەن، ئایەتەکانی خودا لە کاتەکانی شەودا دەخوێننەوە و نویژ دەکەن و سوژدە دەبەن)25 ، (دەستەیەک لەوانەی کتێبمان پێبەخشیوون قورئان بە چاکی و بە وردی دەور دەکەنەوە، ئەوانە باوەریان پێی هەیە و باوەڕی پێ دەهێنن بەڵام ئەوەی بڕوای پێ نەبێت، ئا ئەو جۆرە کەسانە خەسارەت مەند و زەرەر مەندانن)26. (ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان هێناوە لە خودا بترسن و پارێزگاربن و باوەڕی پتە و بهێنن بە پێغەمبەرەکەی، تا دوو بەرامبەر پاداشت و ڕەحمەتان بەسەردا ببارێنێت، هەروەها نوور و ڕووناکیتان پێ ببەخشێت لەبەر ڕۆشناییەکەی دا چالاکی بنوێنن و ڕێبازی ژیان بگرنە بەر، تا لێتان خۆش ببێت، چونکە ئەو خودایە لێخۆش بوو میهرەبانە)27. لە ئەنجامیشدا قورئانی حەکیم بانگهێشتی خاوەن پەرتووکەکان بەم ئایاتە کۆتایی پێ دێنێت: (ئەی محەمەد “دروودی خودای لەسەر بێت” بڵێ: ئەی ئەوانەی کتێبتان بۆ ڕەوانە کراوە وەرن بەدەم بانگەواز و بەرنامەکەیەوە کە هاوبەش و هاوسەنگە لە نێوان ئیمەش و ئێوەشدا، ئەویش ئەمەیە: جگە لە اللە کەسی تر نەپەرستین، هیچ جۆرە هاوەڵێکی بۆ بڕیار نەدەین، هیچ لایەکمان لاکەی ترمان لە جیاتی ئەو نەپەرستین، خۆ ئەگەر سەرپێچیتان کرد و گوێیان پێنەدا ئەوا پێیان بڵێ: ئێوە بەشایەت بن کە ئێمە موسوڵمانین و ملکەچی فەرمانی پەروەردگارین)28.

 

سەرچاوەکان:-

  1. العنكبوت 46.
  2. العنكبوت 47.
  3. البقرة 139.
  4. البقرة 55-56.
  5. الاعراف 138-140.
  6. البقرة 118.
  7. المائدة 18.
  8. البقرة 80.
  9. البقرة 111.
  10. البقرة 94.
  11. البقرة ٨٥-٨٦.
  12. ئال عمران 183.
  13. تورات، حەکیملەر 6، 20-21.
  14. البقرة 136.
  15. ئال عمران 65-67.
  16. المائدة 43.
  17. الحديد 27.
  18. نەسائی، نیکاح 4.
  19. الانعام 101.
  20. البقرة 116.
  21. البقرة 109-113.
  22. المائدة 75.
  23. المائدة 17.
  24. النساء 171.
  25. ئال عمران 113.
  26. البقرة 121.
  27. الحديد 28.
  28. ئال عمران 64.
Show More
Back to top button