هەواڵ

سەرەڕای نەخۆشییە قورسەکەی لە گرتووخانەدا بەند کرا و دوو هەفتە دوای ئازاد کردنی کۆچی دوایی کرد

 

مامۆستا تاجەدین تۆپراک کە یەکێک بوو لەو چەوسێندراوانەی بە نایاسایی لە کارەکەی دوور خرایەوە و دواتر لە گرتووخانەدا بەند کرا، وە بە هۆی بەرەو پێشچوونی نەخۆشی شێرپەنجەکەی لە ناو زینداندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.

تاجەدین تۆپراک تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی میزەڵدان بووبوو، وە چەند جارێکی داواکاری پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی بە هۆی خراپی بارودۆخی تەندرووستی و نەخۆشییەکەیەوە ئازاد بکرێت، بەڵام تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکەی گەیشتە ئاستی کۆتایی و بارودۆخی تەندرووستی بە تەواوی تێکچوو داواکارییەکەی بەردەوام ڕەت دەکرایەوە. دوای ئەوەی نەخۆشی شێرپەنجەکەی بە هەموو لەشیدا بڵاوبووەوە، تاجەدین تۆپراک بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو بەڵام دوای دوو هەفتە مانەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

تاجەدین تۆپراکی تەمەن ٣٦ ساڵ لە پێش چاوی هاوسەرەکەی و منداڵە بچووکەکەیەوە بەرەو مەرگ ڕاپێچ کرا. عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر هەواڵی کۆچی دوایی تاجەدین تۆپراکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “تاجەدین تۆپراک یەکێک بوو لەو مامۆستا چەوساوانەی لە کارەکەی دوور خرابووەوە، زۆر ئازار و ناڕەحەتی چەشت، دواتر چووە نێو زیندانەوە، نەیتوانی سەردانی پزیشکەکان بکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی… لە کۆتاییدا نەخۆشی شێرپەنجەکەی زۆر بەرەو پیشچوو، نەیتوانی چیتر بەرگە بگرێت و لە دوای خۆی هاوسەرێک و منداڵێکی بچووک بە خەفەتەوە بەجێهێشت.”

شایانی باسە پێشتر لە بەرواری ٨ ی ئابدا گەرگەرلیئۆغڵو داوای لە دادگا کرد تاجەدین تۆپراک ئازاد بکرێت. دوای دوو ڕۆژ لە داواکارییەکەی گەرگەرلیئۆغڵو، تاجەدین تۆپراک ئازاد کرا بەڵام بە هۆی زۆر بەرەو پێشچوونی نەخۆشی شێرپەنجەکەیەوە نەتوانرا چارەسەر بکرێت و کۆچی دوایی کرد.

 

 

http://www.shaber3.com/agir-hasta-ogretmen-israrla-cezaevinde-tutuldu-tahliye-edildikten-iki-hafta-sonra-vefat-etti-haberi/1331735/

Show More
Back to top button