هەواڵ

سەرۆک شارەوانی ئوستورالیا: پشتگیری کۆلیجەکانی ئامیتی دەکەین


سەرۆک شارەوانی ئوستورالیا، لە میانەی بیستەمین ساڵیادی کردنەوەی خوێندنگەکانی ئامیتی و کردنەوەی بینایەکی نوێی زنجیرە خوێندنگەکانی ئامیتی لە قاڕەی ئوستورالیا، پشتیگیری خۆی بۆ خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتەکەی دووپات کردەوە.
کەمپی ئیلاوارا کە پێش ٧ مانگ بناغەکەی دامەزرێندرا، لە مەراسیمێکی قەشەنگدا، بە بەشداری سەرۆک شارەوانی و پەڕلەمانتار و کەسایەتیە دیارەکانی ئەو وڵاتە کرایەوە.
دکتۆر مەهمەت ئاسلان بەڕێوەبەری خوێندنگەی وۆلۆنگۆنگ ئامیتی، لە وتاری پێشەکی مەراسیمەکەدا، سوپاسی ئامادە بووانی مەراسیمەکەی کرد و، بە هەڵوێستێکی واتاداری ناوزەند کرد.
ئاسڵان ئاماژەی بەوەدا کە خوێندنگەکانی ئامیتی، بە خۆشحاڵیەوە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێدەکرێت و، ئەمساڵ لەسەرو توانای وەرگرتنی خوێندنگەکەیانەوە، هاوڵاتیان ناوی منداڵەکانیان تۆمار کردووە.
” منداڵی سەر بە ٤٠ نەتەوەی جیاوازی دونیا لە خوێندنگەکەدا بوونی هەیە”
دەنیز ئێردۆغان بەڕێوەبەری گشتی خوێندنگەکانی ئامیتی، لە وتارێکی ئاماژەی بەوەدا کە پێش ٢٠ ساڵ، بە هۆی فیداکاری کۆمەڵێک مرۆڤی دەستەبژێری خزمەتەوە، خوێندنگەکانی ئامیتیان لەو وڵاتە کردۆتەوە و، لە سەرەتادا تەنیا خوێندکارە تورکەکان ڕوویان تێکردووە.

بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا خوێندنگەکانیان بە ڕووی هەموو کەسێکدا ئاوەڵا بووە و، خوێندکارەکانیان سەر بە ٤٠ نەتەوەی جیاوازی دونیان.
دەنیز ئێردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە لە حاڵی ئێستادا لە قۆناغی سەرەتاییەوە هەتا قۆناغی ناوەندی خوێندکاریان هەیە و، پاشان مژدەی ئەوەی دا، لە ساڵی ٢٠٢١ خوێندکاری قۆناغەکانی پۆلەکانی ١١ و ١٢ دواناوەندیش وەردەگرن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە جگە لە پەروەردەکردنی خوێندکارەکان، خوێندنگەکانی ئامیتی لە ڕێگەی پرۆژە جیاوازیەکانیەوە هەماهەنگی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگای ئەو وڵاتە دروست کردووە و پاشان وتی” پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی حکومەتی ئوستورالیا،هاندەری ئێمەیە بۆ کاری زیاتر”.
“موسوڵمانەکان سوودی زۆریان بە جیهانی زانست گەیاندووە”
گۆردۆن برادبێری سەرۆک شارەوانی وۆلۆنگۆنگ لای خۆیەوە پیرۆزبایی کردنەوەی خوێندنگە نوێکەی ئامیتی کرد و پاشان وتی” موسوڵمانان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، سوودی زۆریان بە زانستەکانی بیرکاری، فەلەکناسی، پزیشکی گەیاندووە. ئەو داهێنان و توێژینەوانەی زانایانی موسوڵمان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێشکەشیان کردووە، دەوڵەمەندیەکی زۆر جددی خستۆتە سەر میراسی زانستی مرۆڤایەتی. دونیای زانست، زۆر شت قەرزاری زانا موسوڵمانەکانە”.
سەرۆکی شارەوانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ئەو چالاکیانەی خوێندنگەکانی ئامیتی لە بواری هەماهەنگی کۆمەڵایەتی پێشکەشی دەکەن، گرنگیەکی زۆری هەیە. هەروەها لە ڕوانگەی چالاکیەکانی لە بواری دیالۆگی نێوان کەلتور و ئاینیەکان، لە ڕیزی پێشەوەیە. ئەم خوێندنگانە لە پاڵ پێشکەش کردنی پەروەردە بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان، چالاکی کۆمەڵایەتی گرنگیش ئەنجام دەدا. بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا، هەموو لایەک لە چواردەوری سفرەکانی بەربانگ کۆ دەکاتەوە، هەر بۆیە بە ناوی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و خۆشمەوە سوپاسیان دەکەم و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەکین”.

Show More
Back to top button