هەواڵ

سەرۆکی پارتەکەی ئەربەکان: لە کودەتای ٢٨ شوباتیشدا لەچکیان بە خانمانی باڵاپۆش لانەبرد

تەمەل کەرەمۆلائۆغلو سەرۆکی پارتە کۆنەکەی نەجمەدین ئەربەکان کە ئێستا ناوی پارتی سەعادەتە، ڕەخنە لە دەستگیرکردنی خانمانی باڵاپۆشی شاری مەرسین دەگرێت.

کەرەمۆلائۆغلو سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەندێک خانمی باڵاپۆشی شاری مەرسین وتی” دەڵێن بە زۆر لەچکەکانیان لەسەری خانمەکان کردۆتەوە. تەنانەت لە کودەتای ٢٨ شوباتیشدا بە زۆر لەچکیان بە کەس لانەدەبرد. هەروەها ژوورەکانیان ٢٤ کاتژمێر لەلایەن پۆلیسی پیاوەوە بە کامێرا چاودێری دەکرێت”.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی میللی گازێتە، کەرەمۆلائۆغلو ڕەخنەی لە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) گرتووە کە مامەڵەی ناشیاو لەگەڵ خانمانی بزاڤی خزمەت دەکەن و سەبارەت بەو بابەتە وتوویەتی” ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن شوێنی نەجمەدین ئەربەکان کەوتوون، ناتوانن کەس بەم قسانەیان فریو بدەن”.

کەرەمۆلائۆغلو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” کەس هەوڵی ئەوە نەدات کەسانی تر فریو بدات. لێپرسینەوە لە کودەتای ٢٨ ی شوبات بەوە دەبێت یەخەی ئەو کەسانە بگریت، کە لە شەوێکدا ٥٠ ملیار دۆلاریان لە بانکەکانی تورکیا دەرکێشا. لێپرسینەوە لە ٢٨ ی شوبات بەوە نابێت ساڵانە ٧٠ ملیار سووی قەرزی دەرەکی بژمێریت. لێپرسینەوە لە ٢٨ ی شوبات بەوە نابێت لەگەڵ ئەمەریکادا لیژنەی هاوبەش دروست بکەیت، یاخود خۆت بکەیت بە خاوەنی D-8، یاخود بەوە نابێت کارگەکانی دروستکردنی شەکر بخەیتە مەزادەوە و هەراجیان بکەیت، لێپرسینەوە بەوە دەبێت هەر مامۆستایەک دانەمەزراوە دایبمەزرێنیت، بەوە نابێت کرێکار و خانەنشین و ئەوانەی بە بەڵێن لە دامودەزگای دەوڵەتدا دامەزراون مەحکوم بە برسێتی بکەیت، بەڵکو بەوە دەبێت کە مافی ئەم گەلە بدەیت”.

کەرەمۆلائۆغلو سەبارەت بە دەستگیرکردنی ٨٨ هاوڵاتی شاری مەرسین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیر کران وتی” دەنگۆی ئەوەمان بیستووە کە خانمەکان بە زۆر لەچکەکانیان پێ داکەندراوە و دوایی لێشیان سەندوون. لە ٢٨ ی شوباتیش لەچکیان بە خانمان لانەدەبرد. لە هەندێک زانکۆ لەچکیان بە خانمان داکەندبوو، بەڵام وەک ئێستا زێدەڕۆییان نەکردبوو. دەڵێن تەنیا لە کاتی نوێژدا لەچکەکانیان پێ دەدەنەوە. لەلایەن پۆلیسی ڕەگەزی نێرەوە خراونەتە ژێر چاودێری. دەنگۆی شتی تریش هەیە بەڵام من نامەوێت ئێستا باسی بکەم. ئایا تەنیا لە شاری مەرسین بە زۆر لەچک بە خانمان دادەکەنن،یاخود لە هەموو تورکیادا ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن؟ گەر بڵێن بە هۆی باری ئەمنیەوە پێمان داکەندوون، ئەوا لە وەڵامدا دەڵێین ئەی تەنورە، پانتۆڵ، کراسی بەریان هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش دروست ناکات؟  دەمەوێت ڕاستیەک بخەمە پێش چاوی هەموو لایەک، گەر ئەم زانیاریانەی بە دەستی ئێمە گەشتووە هەڵەیە، ئەوا پێویستە حکومەت بە زووترین کات لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات. هەتا کۆتایی بە دوای ئەم بابەتەدا دەچین”.

کەرەمۆلائۆغلو لە درێژەی قسەکانیدا وتی” حکومەت هەمیشە دەڵێت کەوا بەرەنگاری جەماعەتی فە… دەبنەوە. بەڵام حکومەت ئاگای لە خۆی نیە کە چی دەکات. هەزاران یاخود دەیان هەزار هاوڵاتی بوونەتە قوربانی لەم نێوەندەدا. ڕووداوەکەی شاری مەرسینیش یەکێکە لەو ڕووداوانە. ئەم شتانە هیچ سوودێک بە حکومەتی تورکیا ناگەیەنن و ئەمەش ئاشکرایە لای هەموو لایەک. دەبێت ئەوە ئاشکرا بکەن کە کێیە پیلان بۆ ئەم کارانە دادەڕێژێت و، هەتا ئەمە نەدۆزنەوە، ناتوانن بڵێن بەرەنگاری فە… ببنەوە”.

http://www.tr724.com/28-subatta-bile-yapilmadi-mersinde-gozaltindaki-hanimlarin-basortuleri-zorla-aliniyor/

 

Show More
Back to top button