بیروڕاهەواڵ

سەرنوسەرێکی ڕۆژنامەی زەمان باس لە ئەشکەنجەی زیندانەکانی تورکیا دەکات


ئیبراهیم کەرایەغەن یەکێک لە سەرنوسەرەکانی ڕۆژنامەی زەمان، کە لە چەند ساڵی ڕابردودا لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە، دەستی بەسەردا گیرا و پاشان داخرا، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی یوتیوبی ئێرکام توفان، باسی لەو ئەشکەنجانە کرد کە لە ماوەی ٢ ساڵی زیندانیکردنیدا بینیوێتی.
ناوبراو لە میانەی بەشداری کردنی لە مەراسیمی کردنەوەی مۆزەخانەی “تەنکیل” لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا، لێدوانێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنوس ئێرکام توفان ئەنجامدا.

کەرایەغەن بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی دوای ١٥ ی تەموز کرد” ١٨ ی تەموز چوومە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، لەوێ ئەوە بۆ دەرکەوت، کە کەسانێکی تر بەناوی منەوە، هەواڵی ونبوونی پاسپۆرتەکەمیان بە فڕۆکەخانە داوە. پاشان بە فەرمانی فزوڵی ئایدۆغدوی داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرکرا. پاشان لە بنکەی پۆلیسی ئیستەنبول، بە فەرمانی کایهان ئای بەڕێوەبەری هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بردیانم بۆ ژوورێک کەوا کامێرای لێنەبوو. لە دواوە کەلەپچەیان کردە دەستم و پێڵاوەکانیان لە پێ داکەندم و بەو شێوەیە لە ژوورێکی بێ کامێرەدا دەستیان بە لێپرسینەوە کرد. لێرەدا توشی مامەڵەیەک بووم، کەوا لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤدا گونجاو نەبوو”.

“توشی لێدان، سوکایەتی، جوێن و قسەی ناشرین بوومەوە”
لەو ژوورەدا توشی لێدان، سوکایەتی، جوێن و قسەی ناشرین بوومەوە. کاتێک توانای بە پێوە وەستانم نەما، بە دەمدا کەوتمە سەر زەوی. ئیدی نازانم چەندە لەسەر ئەو زەویە لەپەوڕوو کەوتم، لە هەمان کاتدا دەستەکانم لە دواوە کەلەپچە کرابوون.
پاشان بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیس بە دەستگیر کراوی مامەوە، هەرچەندە لای پزیشک باسی کێشە تەندروستیەکانمم کرد، بەڵام نەیانبردم بۆ نەخۆشخانە. کێشەی تەندروستی زۆر جددیم هەبوو، نەمدەتوانی دابنیشم و خۆم درێژ بکەم، پەراسوەکانم و سکم و زۆر شوێنی لاشەم ئازاری هەبوو”.

“سکاڵای پارێزەرەکەمیان سەبارەت بە ئەشکەنجەدانم قبوڵ نەکرد”
پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر چاوەڕێی پارێزەرەکەمم کرد، ئینجا بەشداری لە لێپرسینەوەکان کرد. نەیانهێشت پارێزەرەکەم باسی ئەشکەنجەدانەکەم بکات. ئەویش قبوڵی نەکرد واژۆ لەسەر دەقی لێپرسینەوە و وەڵامەکانم بکات.
٢١ ی مانگ چوومە بەردەم دادوەر و بە مەرجی کەفیل ئازادی کردم، بەڵام لە کاتی چوونە دەرەوەدا، هێزەکانی پۆلیس دیسان دەستگیریان کردمەوە و پێیان ڕاگەیاندم کەوا فەرمانێکی تری دەستگیرکردنم بۆ دەرکراوە. دیسان برامەوە بۆ بنکەی پۆلیس. پاشان هەواڵی ئەوەیان پێگەیاندم کە پارێزەری یەکەمم، وازی لە دۆسیەکەم هێناوە. پاشان پارێزەرێکی تر هات، سەرەڕای ئەوەی باسی هەموو وردەکاریەکانی ئەشکەنجەدانەکەم کرد، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە لە دۆسیەکەدا ئاماژەی پێنەدراوە.

” پێش گریمانەی ئەوەیان هەبوو کە سەر بە جەماعەتم، دادوەر باکی نەبوو”
پاش ٥ ڕۆژ بردیانمە بەردەم داواکاری گشتی. لەوێ شتێک سەرنجی ڕاکێشام، دەیانویست بە بێ هیچ بڕیارێکی دادگا، تۆمەتی کودەتا بەسەر بزاڤی خزمەتدا ساغ بکەنەوە.
٥ وتاری کۆتایی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنیان پشاندام و وتیان ئەوە خودی خۆیشی دانی پێدا ناوە. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندیەکی بە دانپێدانانەوە نەبوو. کاتێک گوێم لە وتارەکان گرت، بە ئاسانی لەوە تێگەشتم کە قسەکانیان ڕاست نیە. ئەوەی لەبەردەممدا بوو، تەنیا پێش گریمانەی پۆلیس، داواکاری گشتی، دادوەر بوو. هەرچەندە لەم بۆچوونەی پۆلیسەکان و داواکاری گشتی تێدەگەشتم، بەڵام هاوڕایی دادوەرم بەلاوە سەیر بوو. زۆر بێ باکانە مامەڵەیان دەکرد و ئەمەش زۆر خەمباری کردم.
ڕۆژەکانی سەرەتا پۆلیسەکان زۆر بێباکانە مامەڵەیان دەکرد و بەردەوام دەیانقیڕاند و هاواریان دەکرد. ٢٤ کاتژمێر بەسەر سەرمانەوە گڵۆپ و کامێرا ئیشی دەکرد. نەماندەتوانی هیچ کام لە پێداویستیە سەرەکیەکانمان دابین بکەین.
پاشان ٢٤ ی مانگ بردیانمە بەردەم داواکاری گشتی، سەبارەت بە ڕۆژنامەی زەمان و ئابۆنەکانی پرسیاریان لێکردم.
یەکێک لەو دیمەنانەی ئازاریان دام، خوێندکارێکی کۆلیژە سەربازیەکانم بینی، کە زۆر بە پیسی لێی درابوو، فڕێیان دایە ژوورەکەی ئێمەوە. بە داخەوە لە ڕۆژەکانی سەرەتادا، دیمەنی هاوشێوەمان زۆر دەبینی.

ناوبراو پاشان باسی لەوە کرد کە ٦ مانگ لە ژووری تاکە کەسیدا بووە، پاشان بردوویانەتە قاوشێکی ٣ کەسی. لە پاش ئازادکردنی لە زیندان، بە ناچاری بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆشتووە.

Show More
Back to top button