بیروڕا

سەربوردەی ئازار و ناڕەحەتییەکی مامۆستایەکی بێتاوان لە زینداندا

"پشکنینەکان لەناو زیندان شکۆ شکێن بوون، نەمدەویست منداڵەکانم بێن بۆ چاوپێکەوتنی کراوە"

 

بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە زۆرێک لە شارەکانی ناوچەی ئەنادۆڵ لە خوێندنگە و پەیمانگاکانی (دەرسخانەکان) بزاڤی خزمەت وەک مامۆستایەک خزمەتی کرد، بەڵام لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦وە تەواوی ژیانی ژێراوژوور بووەوە.

لەو ستەم و فشارانەی وەک کابوسێک داباریوە بەسەر مرۆڤە بێتاوانەکاندا ئەویش بەشی خۆی وەرگرت و سزای ٢٢ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. مامۆستا نورهەیات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بۆڵد مێدیا باسی لە کاتی دەستگیرکردنی و ڕۆژە سەختەکانی ناو گرتووخانە و ڕۆژانی دواتری کرد.

لە تورکیایەکدا کە تێیدا ١٧ هەزار ژن و زیاتر لە ٧٠٠ منداڵی ساوا دەستگیرکراون نایاسایی و نادادپەروەری گەیشتووەتە چ ئاستێک، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ، چۆن فشار و توندوتیژی دەسەڵات بووە بە کارێکی ڕۆتینی، بەردەوام دەبین لەسەر ئەوەی هەموو ئەوانەوە لە زاری ستەملێکراوان خۆیانەوە بگێڕینەوە.

ئەو مامۆستا هاوسۆزەی بزاڤی خزمەت لە پێناو سەلامەتی گیانی ئەندامانی خێزانەکەی کە لە تورکیا ماون ویستی ناوی پارێزراو بێت، لەبەر ئەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا بە “مامۆستا نورهەیات” ناو دەهێنرێت.

 

“ئەگەر دەستگیر نەکرامایە سێ ڕۆژ دواتر دەچوومە دەرەوەی وڵات”

مامۆستا نورهەیات دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٢٢ مانگ لە گرتووخانەدا، بە هۆی ئەو ڕووداو و نایاساییانەی بەسەریدا هاتووە و بینویەتی، ١٥ی تەموز وەک “لەدایکبوونەوە” دەبینێت. ڕۆژی ٨ی ئابی ٢٠١٦ لە شاری ئێلازی کە وەک مامۆستای زیندەوەرزانی لەو شارەدا کاری دەکرد لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

مامۆستا نورهەیات لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی: “بە هۆی ئەوەی ئێلازی شارێکی بچوکە سەرجەم ئەو مامۆستایانەی لە خوێندگە و پەیمانگاکانی سەر بە بزاڤی خزمەتدا کاریان دەکرد بە بێ هیچ هۆکارێک دەستگیر کران. پێشبینی ئەوەمان دەکرد بەیانییەک دێن و ئێمەش دەستگیر بکەن. هەموو ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی ڕوویان دەدا و کەشوهەوایەکی سامناک و تۆقێنەر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو. هاوسەرەکەم بەهۆی ئەوەی نایاسایی زۆری بینیبوو ڕۆشتە دەرەوەی وڵات. منیش ئامادەکاریم دەکرد بۆ ئەوەی کاروباری پاسپۆرتی خۆم و منداڵەکانم تەواو بکەم و ساتێک زووتر بچمە دەرەوەی وڵات بۆ لای هاوسەرەکەم. بلیتی فڕۆکەم بڕیبوو، وە بڕیار وابوو سێ ڕۆژ دوای دەستگیرکردنم لە ٨ی ئاب بچمە دەرەوەی وڵات، بەڵام نەبوو بە نسیب”.

مامۆستا نورهەیات دەربارەی کاتی دەستگیرکردنی وتی: “ئەو شەوە لەگەڵ باوکم بە مەبەستی گواستنەوەی ماڵەکەمان پێکەوە چووینەوە ئێلازی. بەیانی زوو نزیک کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی چەند کەسێک هاتنە بەردەم ماڵەکەمان. پێم وابوو کارمەندانی کۆمپانیای گواستنەوەن. بەڵام بە هەڵەدا چووبووم، ئەوانەی بەردەرگا پۆلیس بوون. وە هەروەها وەستایەکی کلیلسازیشیان لەگەڵدا بوو. ئەو کاتە منیان دەستگیرکرد. شتێکم لەبەرکرد و بردیانم بۆ بنکەی پۆلیس. باوکم نەخۆشی دڵی هەبوو. کاتێک بە ئوتومبێلەکەی پۆلیس دەبرام خەیاڵم هەر لای باوکم بوو. چونکە دەستگیرکردنی من ئەوی زۆر غەمبار کرد. ئەو پرسیارانەی کە مێشکمیان داگیرکردبوو، دوای یەک هەفتە کاتێک ڕەوانەی دادگا کرام، وەڵامی ئەو پرسیارانەم دەستکەوت. هەتا ئەو کاتە نەیانهێشت چاوم بە هیچ کەسێک بکەوێت.”

“ئەو حەوت ڕۆژەی لە بەشی ڕاگیراوان دەستبەسەربووم نەدەبڕایەوە و هاوتابوو لەگەڵ ئەو ٢٢ مانگەی لە گرتووخانەدا تێپەڕی. کات وەستابوو، خولەکەکان وەک کاتژمێرێکیان لێهاتبوو. لەبەر ئەوەی مانگی ئاب بوو، هەوا زۆر گەرم و بێزارکەر بوو. تەنها لە پەنجەرەیەکی بچوکەوە دەمتوانی ڕۆژی ڕووناک ببینم. لە نێو ئەو هەموو پرسیارە بێ وەڵامەدا دەستنەکەوتنی وەڵام بۆ پرسیاری ‘بڵێی ڕۆژێک لەگەڵ منداڵەکانم پێک شاد ببینەوە؟’ مرۆڤ بە تەواوی دەڕوخێنێت.

لێپرسینەوە لە ناو بنکەی پۆلیسدا بە زۆری لە درەنگانی شەودا بوو. کاتێک خەوت لێدەکەوت، خەبەریان دەکردیتەوە و یەکسەر دەیانبردیت بۆ لێپێچینەوە. بە سەرسامییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری نامۆ دەبووینەوە. لەسەر ئەو ٢٥٠ کەسەی کە بە هۆی ڕووداوەکانی ١٥ی تەموزەوە گیانیان لەدەستدا، لێپێچینەوەیان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد. تۆمەتی هێندە توندیان دەداینە پاڵ وەک ئەوەی ئێمە ئەو کەسانەمان کوشتبێت. بە هیچ جۆرێک ئازاری جەستەیی نەدراین بەڵام ئەو شێوازی قسەکردنە و ئەو تۆنی دەنگە و ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنا بە هیچ جۆرێک لەگەڵ مرۆڤایەتی نەدەگونجا.

ئومێدم دەکرد کە ئەو ڕۆژەی دەبرێمە بەردەم دادوەر دواتر بە منداڵەکانم شاد دەبمەوە، بەڵام کاتێک دادوەر بڕیاریدا سزای زیندانیم بەسەردا بسەپێنێت بە تەواوی ڕووخام تووشی نائومێدییەکی گەورە بووم، وە هەتا ماوەیەکی زۆر نەمتوانی لەو دۆخە دەرچم.

زۆر متمانەم بەوە هەبوو کە دادگا بڕیاری ئازادکردنم بۆ دەردەکات. تەنانەت ئەو دیارییانەشم دیاری کردبوو کە دوای ئازادکردنم بۆ منداڵەکانم دەمکڕی. بەڵام دادوەر بڕیاریدا هەمووان زیندانی بکرێن. ئەو بڕیارە زۆر سەخت بوو. بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە تاریکە بەردەوام ئایەتی پیرۆزی “انا لله و انا الیه ڕاجعون” م دووبارە دەکردەوە. “

مامۆستا نورهەیات بەم شێوەیە باس بەڕێکردنی بۆ گرتووخانە و یەکەمین ساتەکانی ناو گرتووخانە دەکات: “ئوتومبێلی جەندەرمە هات و ئێمەی بردە گرتووخانە. کاتێک گەیشتینە گرتووخانە ڕووبەڕووی پشکنینێک بووینەوە کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک نەمانبینیبوو. دوای کۆمەڵێک پرسیار براینە ئەو قاوشەی بڕیاربوو تێیدا بمێنینەوە. ئەو قاوشەی کە تێیدا دەماینەوە ٦ کەسی بوو. سەرەتا لەو قاوشەدا ١٠ کەس دەماینەوە، بەڵام دواتر ئەو ژمارەیە بۆ ٢٥ کەسی پێگەیشتوو و ٥ منداڵی ساوا بەرزبووەوە، واتە بە کۆی گشتی ٣٠ کەس لەو قاوشەدا دەماینەوە. بە شێوەیەکی گشتی هەردوو کەسێک و لەسەر جێگەی کەسێک دەنووستین. جگە لەوانە لە گرتووخانەدا گەرماو کێشەیەکە و تەوالێت کێشەیەکی دیکە. هەر کەسێک تەنها ٩ خولەکی بەردەکەوت بۆ ئەوەی خۆی بشوات. بۆ چوونە تەوالێت نۆرەگرتن هەبوو، لەبەر ئەوەی بە درێژایی شەو و ڕۆژ بەردەوام کەسێک لە تەوالێتدا بوو. بە هۆی ئەوەی ٢٥ کەس و ٥ منداڵ لە قاوشێکدا بووین بەردەوام کەسێکی دێدابوو هیچ کات چۆڵ نەدەبوو.”

مامۆستا نورهەیات لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “تەنانەت هەتا بەردەم دەرگای تەوالێتەکەوە و بەردەم دەستشۆری چێشتخانەکە پێخەف ڕادەخرا. بە ڕۆژ کێشە نەبوو، بەڵام بە شەو بۆ ئەوەی نوێژەکانمان بەجێ بگەیەنین ناچاربووین کەسێک خەبەر بکەینەوە و بەو شێوەیە نوێژەکانمان بەجێ بگەیەنین. وە کاتێک هەڵدەستاین بۆ پارشێوکردن ئەو پێخەفانە کۆدەکرایەوە و لە جێگەیەک دادەنرا و بەو شێوەیە پارشێومان دەکرد. تەنانەت یەک مەتر شوێنی چۆڵی تێدا نەبوو لەو قاوشەدا. هەرچەندە لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و ناڕەحەتدا بووین، بەڵام پشتیوانی یەکترمان دەکرد و بەردەوام قاوشەکەمان ڕێکخستبوو، وە بە شێوەیەکی گونجاو پەرستشەکانی خۆمان بەجێدەهێنا.”

 

“ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ لەو ڕۆژەدا کە دەچوو بۆ حەج دەستگیرکرابوو”

“لە نێو بەندییەکاندا گەنج و بەتەمەن و لە هەموو تەمەن و پیشەیەک بوونی هەبوو. ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ کە هاوسەرەکەی وەفاتی کردبوو لە نێو ئەو بەندییانەدا بوو. ساڵی ٢٠١٦ دەیەویست فەریزەی حەج بەجێبهێنێت. ئەو ساڵە ناوی لە تیروپشکی حەجدا دەرچووبوو. خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بچێت بۆ حەج. بە هۆی هەواڵ لێدانی یەکێک لە خزمەکانییەوە لەو شەوەدا کە جانتای پێچابووەوە و ئامادەبوو بۆ ئەوەی بەڕێبکەوێت پۆلیس چوونە ماڵەکەی و دەستگیریان کرد. بە هۆی ئەوەی ئەو ژنە بە تەمەنە هیچ دۆسییەیەک لە دژی نەبوو بە درێژایی ٣٠ ڕۆژ لە بەشی ڕاگیراوانی بنکەی پۆلیس دەستبەسەربوو، وە دواتر ڕەوانەی گرتووخانە کرابوو.”

“لە گرتووخانەدا دوو هەفتە جارێک مافی ئەوەمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەین. بە شێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی کراوە و چاوپێکەوتنی داخراو و نامە ناردن هەمووی بۆ ئێمە سنوردار بوو. ئێمە وەک بەندییەکانی دیکە خاوەنی هەموو مافەکانی خۆمان نەبووین. لە وەرزی یەکەمدا نامە ناردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو. لە کاتێکدا دەبوو مانگێک چاوپێکەوتنی کراوە هەبێت، بەڵام ئێمە لە دوو مانگدا تەنها یەک جار چاوپێکەوتنی کراوەمان هەبوو. پێم وایە هەر گرتووخانەیەک لەسەر شێوازی خۆی ئەوەی ڕێکدەخست. چاوپێکەوتنی داخراو دوو هەفتە جارێک هەبوو.

ئەوکات دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە لە جەژنی قورباندا سێ منداڵەکەم ببینم کە ئەوکات تەمەنیان ٦ ساڵ و ٨ ساڵ و ١١ ساڵ بوون. کچە گەورەکەم هەموو ئەرکەکانی منی خستبووە سەر شانی و وەک ئەوە وابوو دایکایەتی بۆ خوشک و براکەی بکات. لەو گرتووخانەیەکی ئێمە تێیدا دەماینەوە لە کاتی پشکنینی ئەو کەسانەدا کە دەهاتن بۆ سەردانی بەندییەکان بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەوە نەدەکرا کە ئاخۆ ئەو کەسە منداڵە یاخود کەسێکی پێگەیشتووە، وە هەمووان هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.  

ئەو پشکنینەی هێندەی ئەشکەنجەدان ناڕەحەتی بۆ سەردانکەران درووست دەکرد، تەنانەت لە بەرامبەر مندالێکی ساواشدا هەمان پشکنین جێبەجێ دەکرا. لە کاتی پشکنیندا تەنانەت ناو دایبی منداڵەکانیش دەپشکنرا. کچە گەورەکەم لە قۆناغێکدابوو کە تازە دەچووە قۆناغی هەرزەکارییەوە. ڕۆژێک کچە گەورەکەم بۆی گێڕامەوە کە لە کاتی پشکنیندا شکۆی شکێندراوە و زۆر ناڕەحەت بووە بەو کارە. وە کاتێک یەکێک لە گوارەکانی گوێی کچەکەی دیکەمیان لێکردبووەوە، گوێچکەیان بریندار کردبوو، کاتێک یەکترمان بینی لە حاڵێکی زۆر پەرێشاندابوو.

نەماندەتوانی زۆر قسە بکەین چونکە خۆی لە خۆیدا فرمێسک هەڵڕشتن بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بوو. دوای ئەوە من نەمدەویست منداڵەکانم سەردانم بکەن، بە شێوەیەک بیانووم دەدۆزییەوە و دەموت من باشم و هەوڵم دەدا قەناعەتیان پێبکەم. بارودۆخی ناو گرتووخانە و پشکنینەکان کاریگەری خراپیان لەسەر درووست کردبوو. منداڵەکان بەردەوام دەیانوت ‘دایکە تۆ لە شوێنێکی لەو شێوەیەدا دەمێنیتەوە؟’ بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕووبەڕووی هەمان ڕەفتاری کارمەندانی گرتووخانەکە نەبنەوە داوام لێکردن کە سەردانم نەکەن.

دواتر کاتێک گوازرامەوە بۆ گرتووخانەیەکی دیکە منداڵەکانم بانگ کرد بۆ چاوپێکەوتنی کراوە. پێش چاوپێکەوتنە کراوەکە لە ڕووی دەروونییەوە خۆت ئامادە دەکرد. پێویست وەک کەسێکی بەهێز دەربکەویت. سەرەڕای هەموو شتە خراپەکان دەموت ‘من لێرە زۆر باشم، هەموو شتێک زۆر باشە لێرە’.

دوای یەک ساڵ لەگەڵ منداڵەکانم لە چاوپێکەوتنی کراوەدا چاومان بە یەک کەوتەوە. چاوپێکەوتنی کراوە بۆ منداڵەکانیشم کارێکی زۆر سەخت بوو. دایکان و منداڵان چاویان بەیەک دەکەوت، بەڵام دیمەنی ساتی جیابوونەوە شتێک نییە کە بتوانرێت باس بکرێت. تەنانەت پاسەوانەکانی گرتووخانەکەش ڕوویان وەردەگێڕا و فرمێسکەکانیان دەسڕی. بە ڕاستی ئەو دیمەنە ئاسان نەبوو.

پێش چاوپێکەوتنی کراوە جۆش و خرۆشێکی خۆش بەدی دەکرێت لەناو قاوشەکەدا بە هۆی ئەو ئامادەکارییانەوە کە دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان. چەرەس و بسکیت و کێک و بابەتی دیکە ئامادە دەکرێت. جگە لەوە حسابی ئەوە دەکەین کە چۆن بتوانین ئەو دیارییانەی بە دەستی خۆمان درووستمان کردووە و چنیومانە پێشكەشی خۆشەویستانمانی بکەین بە بێ ئەوەی پاسەوانەکان بیبینن. چونکە بە ئاشکرا ڕێگەیان پێ نەدەداین دیارییان پێشکەش بکەین.

بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە نزیک کاتژمێر ٨ی بەیانی جۆش و خرۆش دەگەیشتە لوتکە. دواتر بڵندگۆکە دەکەوتە کار و ناوی ئەو کەسانە دەخوێنرایەوە کە سەردانیکەری هاتووە. هەر کەسە و جۆش و خرۆشێکی جیاوازی هەبوو. ئایا خانەوادەکەی من دێن؟ ئایا هیچ شتێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە؟ ئایا ئەگەری هەیە نەیەن؟ لە نێو ئەو بیرکردنەوانەدا چاوەڕوان دەکەیت. دواتر ساتی یەکتر بینین و فرمێسک و جۆش و خرۆش هەمووی لەگەڵ یەک تێکەڵ دەبن.

ئەو خولەکانەی پێش وادەی چاوپێکەوتنەکە بە هیچ شتێک ناڕوات، لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا وەکو ئاو دەڕوات. کاتێک قسە لەگەڵ خۆشەویستانت دەکەیت نازانیت کات چەند بە خێرایی تێپەڕ دەبێت. کاتی جیابوونەوە بە تایبەت ناتوانیت بۆ منداڵە بچوکەکانی باس بکەیت، ئەو دەیەوێت لەگەڵ دایکی بمێنێتەوە، وە باوەش بە دایکیدا بکات، بەڵام بە دەم گریانەوە باوکی یاخود ئەو کەسەی لەگەڵیدا هاتووە بە زۆر لەگەڵ خۆی دەیبات.

لە ماوەی ٢٢ مانگ مانەوەم لە گرتووخانە لەگەڵ نزیکەی ٧٠ کەس بوومە هاوڕێ و پێکەوە بووین. شاهێدی ئازادبوونی نزیکەی ٦٥ لەو بەندییانە بووم و بەڕێم دەکردن. ٢٢ مانگ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بوو بۆ من. لە هەموو دانیشتنێکی دادگادا دەموت ئەم جارە ئازاد دەکرێم، بەڵام جارێکی تر ڕەوانەی گرتووخانە دەکرامەوە. لەبەر ئەوە هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە یاد ناچێت کە ئازاد کرام. وەک ئەوەی دوێنێ بووبێت لە یادمە. شەشەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو. دوای ئەوەی نوێژی عەسرم بەجێگەیاند لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشتبووم. پەنجەرە بچوکەکەی سەر دەرگای قاوشەکە کرایەوە و پاسەوانەکە ناوی منی خوێندەوە و وتی ‘ئازادکرایت’. لەو کاتەدا قوڕگم وشکبوو، زمانم بەسترا. سەرم سوڕمابوو نەمدەزانی چی بکەم. ئایا ڕاست گوێم لێبوو؟ دڵنیا نەبووم، چونکە ٤ دانیشتنی دادگا تێپەڕیبوو بەڵام من ئازاد نەکرابووم. دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەو مانگانەی لە زیندانبووم لە بری سزاکەم بۆم هەژمار کراوە و بڕیاری ئازادکردنم دراوە.

هەمووان سەریان سوڕما، وە هاواری خۆشییان دەکرد. من لە هەمووان کۆنتر بووم لەو قاوشەدا. هەمووان چاوەڕێیان دەکرد، کاتێک لە دانیشتنی دادگا دەگەڕامەوە و ئازاد نەکرابووم لە من زیاتر خەفەتیان دەخوارد. لەو کاتەدا هەستم کرد هەمووان دڵخۆش بوون، هیچ کات ناتوانم وێنەی ئەو ساتە بکەم. لە ماوەی ٥ بۆ ١٠ خولەکدا ئامادە بووم، چەند زەرفێکی ڕەش هەبوو، ئەوە جانتای ئازادبوونی من بوو. یەکسەر سێ چوار کەلوپەلەکەمم کۆکردەوە و چوومە بەردەم دەرگاکە. پێنج خولەک پێشتر لە ناو قاوشەکەدا بووم، بەڵام پێنج خولەک دواتر لەو دیو دەرگای زیندانەوە بووم.”

مامۆستا نورهەیات لە دوای ئەو هەموو ناسۆر ناڕەحەتییانە لە کۆتاییدا بە منداڵەکانی شاد بووەوە. دوای ئازادبوونی سێ مانگ لە تورکیا مایەوە و دواتر منداڵەکانی لەگەڵ خۆی برد و لە ڕیگەی ڕووباری مێریچەوە گەیشتە یۆنان. “لەبەر ئەوەی چیتر هیچ پلانێکی جێگرەوەی نەمابوو”. دواتر مامۆستا نورهەیات لەگەڵ منداڵەکانی وەک پەنابەر ڕوویان لە ئەڵمانیا کرد. وە دواتر دادگا لە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دۆسییەکەی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

هەرچەندە مامۆستا نورهەیات بە ئازادی شاد ببوو، بەڵام غەمی ئەو شتانەی لە دەستیدا، ئەو خانەوادەیەی لە دوای خۆی بەجێیهێشت، وە ئازاری خوێندکارەکانی و هاوڕێکانی بەردەوام ئازاریان دەدا، بەڵام سەرەڕای ئەوە هەوڵی دەدا لەگەڵ منداڵەکانی ژیانێکی نوێ بنیاد بنێتەوە.

لە ئێستادا مامۆستا نورهەیات تەنها یەک ئاواتی هەیە. ئەویش بریتیە لەوەی ئەو ئازادییەی ئەم دوای ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆر پێی گەیشت، ساتێک زووتر ئەو دەیان هەزاران زیندانییە بێتاوانەی لە ئێستادا لە زیندانەکاندان بەو ئازادییە شاد ببن.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/cezaevinde-aramalar-onur-kiriciydi-cocuklarimin-acik-goruse-gelmesini-istemedim-haberi/1319799/

Show More
Back to top button