هەواڵ

سیناتۆرێک لەسەر ئەنەس کانتەر هاتە دەنگ

ڕۆن ویدێن سیناتۆری ویلایەتی ئۆریگۆن لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا نامەیەکی پشتیوانییکردنی لە ئەنەس کانتەر یاریزانی تۆپی سەبەتە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە و تیایدا داوا دەکات وڵاتەکەی پشتیوانیی کانتەر بکات کە یەکێکە لەو یاریزان و کەسایەتیە بەرهەڵستکارەکانی حکومەتی تورکیا.

ویدێن ڕۆژی هەینی ڕابردوو نامەکەی ئاراستەی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنەس یەکێکە لەو کەسانەی کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داواکراوە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی. ئەو سیناتۆرە نووسیویشیەتی:” ئێردۆغان وەک دیکتاتۆرێکی هەستیار واز لە کانتەر و خێزانەکەی ناهێنێت.”

سیناتۆرەکە ئەو بەڵگانەی خستووەتە ڕوو کە ئاماژە بەوە دەکەن کانتەر بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن داواکاری گشتی ئیستەنبوڵەوە بۆ دەرچووە و نووسیویەتی: “نابێت ئەمریکا بەرانبەر هێرشێکی لەم جۆرە ئاشکرا بۆسەر ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین بێدەنگ بێت. ئەمە وێستگەیەکی مەترسیدارە.”

هاوکات هەر لەو نامەیەدا ڕۆن ویدێن داوای لە پۆمپیۆ کردووە کە حکومەتی ئەمریکا داواکردنەوەی کانتەر لەلایەن تورکیاوە بە هەند وەرنەگرێت و وەڵامی نەداتەوە، چونکە تاکە تۆمەت کە دراوەتە پاڵ کانتەر پشتیوانیی کردنی بزاڤی خزمەت و م. فەتحوڵڵا گولەنە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە تاراوگە و لە ویلایەتی پێنسلڤانیای وڵاتی ئەمریکا دەژی. هاوکات ویدێن تۆمەتەکەی حکومەتی تورکیای لە دژی کانتەر بە تۆمەتی سیاسی لەقەڵەم داوە.

 

مەترسی لەسەر گیانی هەیە و ناشتوانێت بە ئازادی گەشت بکات

شایەنی باسە پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦دا تەقینەوەیەک لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا ئەنجام درا، کانتەر ڕەخنەکانی بۆسەر ئێردۆغان و حکومەتەکەی توندتر کردەوە و دواتریش ڕایگەیاند کە مەترسی لەسەر گیانی هەیە و ناشتوانێت بە ئازادی گەشت بکات. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە یاریزانێکی بەناوبانگی باسکەیە لە جیهاندا و لە NBA یاری دەکات.

شایەنی باسە کانتەر کە یاریزانی یانەی پۆرتلاند بلازەرە لە تشرینی یەکەمی ساڵی پاردا بەهۆی مەترسی کوشتنیەوە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە، کانتەر نەیتوانی بەشداری یاری یانەکەی بکات بەرانبەر واشنتۆن ویزاردس کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەنجام درا.

لەوبارەیەشەوە لە لێدوانێکیدا کانتەر وتی:” بەڵێ بە ئاسانی دەتوانن بمکوژن لەوێ، چونکە لەوێ چەندین بەکرێگیراو هەیە. بە ئاسانی دەتوانن بمکوژن. ئەوەش دەبێتە ڕووداوێکی زۆر قێزەون.”

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/senatorden-abd-disisleri-bakanina-mektup-enes-kantere-destek-verin/

Show More
Back to top button