وتار

سیفاتی دووهەمی میراتگرانی زەوی: عەشق

م. فەتحوڵڵا گولەن سەبارەت بە سیفاتی دووهەمی ئەو کەسانەی دەبنە میراتگری زەوی دەڵێت” عەشق بە ئیکسیرێکی گرنگی زیندووبونەوەی دووهەم ئەژمار دەکرێت. کەسێکە کە دڵی بە ئیمان و مەعریفەتی خودا نۆژەنکردۆتەوە و ڕازاندویەتیەوە، هەربۆیە بە گوێرەی پلەی خۆی بەرامبەر هەموو مرۆڤەکان، تەنانەت هەموو دروستکراوەکانی خودا، بە قوڵی هەست بە سۆز و خۆشەویستی دەکات و عەشقێکی فراوانی هەیە بۆ هەموویان. ئەم هەستە وای لێ دەکات تەواوی تەمەنی و هەموو بوونی خۆی لە نێوان عەشقێکدا بباتە سەر کە سەرتاپای داگرتوە و، بەو عەشقە لە هۆش خۆی چووە و ، بەردەوام لە نێوان جەزبە و چێژە ڕۆحانیەکاندا دێت و دەچێت. وەک لە هەموو سەردەمێکدا ڕویداوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا زیندووبوونەوەیەکی گەورە ڕووبدات، پێویستمان بە تێڕوانینێکی نوێ و خرۆشانی دڵەکان هەیە بە عەشق و شەوقەوە. خۆ گەر عەشق نەبێت ئەوا هیچ هەڵمەت و جوڵە و بزاوتێکی بەردەوام نایەتە بوون.”

سۆز و خۆشەویستی و عەشق، دەرکەوتەی ناوی ‘ودود’ی جەنابی حەقە.
گەر ناوی ‘ودود’ لە بێ گیانێکدا دەرکەوت ئەو کاتە شێوازێک لە جەزبە و ڕاکێشانی تێدا دروست دەبێت. لە زەڕەی هەموو ئەتۆمێکی ئەو لاشە بێ گیانەدا جەزبە و ڕاکێشانێک دروست دەکات. هەر ئەو عەشقەیە لە هەموو گەردوندا هێزی ڕاکێشانی دروست کردوە. گەر ناوی ‘ودود’ لە دروستکراوە زیندوەکاندا بەرجەستە بوو، ئەوا سۆز و خۆشەویستی و عەشق دروست دەبێت. لەبەر ئەوەی مرۆڤ وەک تۆو و ناوکی گەردون وەهایە، لە ناو دڵی مرۆڤدا هێندەی هەموو گەردون عەشق چێنراوە. خۆ هەر سەرەنجامی ئەو تۆوەیە بە هەموو پەلوپۆی درەختەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
بەڵێ لە هەر دڵێکدا کە ئەو سۆز و خۆشەویستی و عەشقە بە شێوازی ڕاستەقینەی خۆی دەرکەوتبێت وەک مامۆستا دەڵێت” عەشق بە ئیکسیرێکی گرنگی زیندووبونەوەی دووهەم ئەژمار ‏دەکرێت. کەسێکە کە دڵی بە ئیمان و مەعریفەتی خودا ‏نۆژەنکردۆتەوە و ڕازاندویەتیەوە، هەربۆیە بە گوێرەی پلەی ‏خۆی بەرامبەر هەموو مرۆڤەکان، تەنانەت هەموو ‏دروستکراوەکانی خودا بە قوڵی هەست بە سۆز و خۆشەویستی ‏دەکات و عەشقێکی فراوانی هەیە بۆ هەموویان. ئەم هەستە وای ‏لێ دەکات تەواوی تەمەنی و هەموو بوونی خۆی لە نێوان ‏عەشقێکدا بباتە سەر کە سەرتاپای داگرتوە و، بەو عەشقە لە ‏هۆش خۆی چووە و ، بەردەوام لە نێوان جەزبە و چێژە ‏ڕۆحانیەکاندا دێت و دەچێت.”‏
حەزرەتی ئوستاد نورسیش دەڵێت” ژیان بریتیە لە جوڵە و بزاوتن، شەوق بریتیە لە سواری ئەو جوڵە و بزاوتنە.”
مرۆڤ کاتێک دەچێتە کێبڕکیی ژیان ، گیرۆدەی چەند لەمپەر و کۆسپێک دەبێت کە عەشق و شەوق و تامەزرۆی خزمەتکردنی لێ دەشێوێنن. بۆ ئەوەی ئەم لەمپەر و کۆسپانە ببڕێت و عەشق و شەوقی خۆی تازە بکاتەوە، پێویستە لە ڕوی مەعنەویەوە خۆی پەروەردە بکات.
بەڵێ” پێویستە ئەوە قبوڵ بکەین کە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا ئامانجی دروستبونمانە و، ئەو عەشقە ئیلاهیەی لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەودا دەیخەینە ڕوو، لە هەمان کاتدا سەرچاوەی هێزێکی بێ سنور و ئەفسوناویە. میراتگرانی زەوی پێویستە لەسەریان ئەم سەرچاوەیە فەرامۆش نەکەن.”
بەڵێ میراتگری زەوی پیویستە قوڵپە قوڵپی بێت لەو عەشقە و، لای ئێمە عەشق بە واتای ڕەهەندە ڕەنگاڵەیەکانی ماددە نایەت، وەک چۆن لای ڕۆژئاوایەکان ئاوەها پێناسە کراوە.
بە پیچەوانەوە” ئێمە بە زەرەبینی ‘قورئان و سونەت’ ‏سەیری هەموو بونەوەر و سەرچاوەی بوون دەکەین و، لەبەر ئەو خۆشەویستی و عەشقەی ناو دڵمان کە بەرامبەر دروستکەر هەمانە، بە پەنابردنە هەردوو سەرچاوی ‘قورئان و حەدیس’ و ڕێساکانی هاوسەنگی و دەسەڵاتی فراوانی میتافیزیک، خۆشەویستی خۆمان بۆ هەموو بونەوەرەکان دەخەینە ڕوو. ئەم دوو سەرچاوەیە سپیە بۆ کوڕانی دڵ، دوو کانگای عەشق و شەوقن، هەردووکیان کانزای جەزبە و ڕاکێشانن. هەرکەسێک بە هەستێکی پاک و داواکاری پێداویستیەکانیەوە پەنایان بۆ ببات بەدەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە، ئەوەی پەنابەرێتە بەریان تا ئەبەد نامرێت. خۆ گەر دەستبدات دەبێت هەر وەک ئیمامی غەزالی و ئیمامی ڕەببانی پەنا بەرین، یاخود بە هەستی ڕاستگۆیانە و قوڵی بەدیعوزەمان و شاه وەلیەوە پەنایان بۆ بەرین، یان مەولانا و شێخ خالید، بە هەیەجانی مەهمەت عاکیفەوە لێی نزیک بینەوە، وەک خالید و عوقبە و سەڵاحەدین، بە ئیمان و بزاوتنی فاتیح و یاوزەوە ڕوویان تێبکەین…
بەڵێ، قوڵپە قوڵپی عەشقی ئەمانە کە هەموو کات و شوێنێکی گرتۆتەوە، لەگەڵ ڕێسا و ڕێچکە و شێوازی ئەم سەدەیە خەرمانە بکرێت و، لە ڕێگەی قورئانەوە کە هەموو کات و سەدەیەک تێدەپەڕێنێت و ڕۆحی هەرگیز کۆن نابێت، دەتوانین وزەیەکی میتافیزیکی گەردونی بەدەستبهێنین و ئەمە دەبێت هەنگاوی دووهەممان پێک بهێنێت.”
بەڵێ ئەم وزە میتافیزیکیە گەردونیە کە م.فەتحوڵڵا گولەن باسی دەکات، دەبێت بە گوێرەی نەبزی گەردون لێ بدات و ، لە کتێبی هەموو گەردون کە قورئانە خوێندرابێتەوە و تەرجومە کرابێت.
تێگەشتنێکی میتافیزیکی وەها کە لەگەڵ شێواز و ڕێچکەی پەیامەکانی نور، لەگەڵ تێگەشتنی کەسانی باوەڕدار بە حەقیقەتە ئاسمانیەکان دژیەک نەبێت و، بە پێچەوانەوە بە بەشێک لە باوەڕی خۆی بزانێت و پشتیوانی لێ بکات.
تێگەشتنێکی وەها لەسەر ٦ پایەکەی ئیمان هەڵچنرابێت و، لە چوارچیوە مەعقولەکانی قورئان دەرنەچێت و هەوڵی خوێندنەوەیەکی گونجاو بێت لەگەڵ ئەقڵ و مەنتیق و ڕاستیە گەردونیەکان.
بۆ نمونە کاتێک سەیری ٥ فەرزەی نوێژ دەکەین، بە ڕکوع و سوژدە و وەستان و دانیشتن لە تەحیاتدا، تەکبیر و تەحمید و تەسبیح کە لە هەموو شوێنێکی نوێژدا دووبارە دەبێتەوە، ئەنجامدانی ئەم نوێژەش بە گوێرەی هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر، لە ڕاستیدا هەمووی بە واتای ئاوێتە بوون لەگەڵ گەردوندا دێت.
فریشتەکان هەندێکیان تەنیا لە ڕکوعدان بۆ خودا و هەندێکی تریان بەردەوام بە پێوەن، هەندێکیشیان بەردەوام لە سوژدەدان، هەندێکیشیان بەردەوام لە دانیشتندان بۆ ئەنجامدانی بەندایەتی، هەندێکیان بەردەوام دەڵێین الله اکبر، هەندێکیان بەردەوام دەڵێن الحمد لله، هەندێکیشیان بە وتنەوەی سبحان الله زیکری خودا دەکەن.
درەختەکان وەک ئەوەی دایم بە پێوە بن و، ئاژەڵە چوار پێیەکان وەک ئەوەی بەردەوام لە ڕکوعدابن و، ئاژەڵە خشۆکەکان وەک ئەوەی بەردەوام لە سوژدەدا بن و، شاخەکانیش وەک ئەوەی بە دانیشتنەوە بەندایەتی بۆ خودا بکەن، ئاوەهان.
ئێمەی مرۆڤیش کە بە ئەحسەن تەقویم دروستکراوین، تەواوی ئەم جوڵە و وتانەی هەموو گەردون و فریشتەکان ئەنجامی دەدەن، هەموویان لە نوێژدا ئەنجام دەدەین. واتە هەروەک ئەوە وایە لەگەڵ هەموو گەردوندا ئاوێتە ببین.
حەزرەتی ئوستادیش لە تەفسیری ‘ئەتتەحییات’دا دەڵێت ئەمە ئەو وشانەیە کە سەردارمان لە کاتی میعراجدا خوێندویەتی و، اَلتَّحیاتُ المبُارَکاتُ الصَّلَواتُ الطـَّیباتُ ئاماژەن بۆ خاک و هەوا و ئاو و نور، واتە سەردارمان لە شەوی میعراجدا لە ڕێگەی زیکری ئەو چوار پێکهاتەیەوە، زیکری تەواوی پێکهاتەکانی گەردونی پێشکەش بە جەنابی حەق کردوە.
لەبەر ئەوەی نوێژیش میعراجی کەسی ئیماندارە، لەگەڵ هەموو نوێژێکدا زیکری هەموو گەردون پێشکەش بە خودا دەکەین و لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکدا لەگەڵ گەردون ئاوێتە دەبینەوە.
http://www.shaber3.com/yazar/abdullah-aymaz/yeryuzu-mirascilarinin-ikinci-vasfi-ask/1291080/

 

Show More
Back to top button