هەواڵ

سوپاسالاری ئەمەریکا: تورکیا و قەتەر سپۆنسەری نوێی تیرۆرن

هێربێرت ڕایمۆند ماکماستەر، سوپاسالاری ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا

هێربێرت ڕایمۆند ماکماستەر، سوپاسالاری ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، تورکیا و قەتەری بە سپۆنسەری نوێی ئایدۆلۆژی گروپە تیرۆرستیەکانی ناوچەکە ناوبرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی  ماڵپەڕی ” The National‎”، ماکماستەر بە توندی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی سیاسی تورکیا و قەتەر گرت و وتی” ئیسلامی سیاسی هەڕەشەن بۆ سەر مەدەنیەتی مرۆڤایەتی، دەبێت بۆ بەرگرتن بە ئایدۆلۆژیەتی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، پاڵپشتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئازادیخوازەکان بکەین”.

ماکماستەر‏ بە گرێدانی تورکیا و کاری توندوتیژی بە یەکەوە، دەرگای مشتومڕێکی نوێی نێوان تورکیا و ئەمەریکای کردەوە.

ناوبراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشداری لە کۆبوونەوەیەک کرد کە لەلایەن دەزگای ” Washington Policy Exchange” ڕێکخرابوو.

ماکماستەر ئاماژەی بەوە کرد کە ٣ هەڕەشەی سەرەکی لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بوونیان هەیە و دووانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

سوپاسالاری ئەمەریکا ئاماژەی بە ٣ سەرچاوەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا کرد و وتی” ئەو هێزانە بریتین لە هێزە ڕیڤیۆنیستەکان کە بریتین لە ڕوسیا و چین، دووهەم ئێران و کۆریای باکور کە بە دوای چەکی کۆمەڵ کوژ کەوتن و ئامانجیان کۆمەڵکوژیە، سێهەم مەترسیش ئەو گروپە تیرۆرستیە جیهادیانەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان هەیە”.

پاشان ماکماستەر‏ وتی “بە گشتی هێزە سیاسیە ئیسلامیەکان، مەترسین بۆ سەر هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، وڵاتی سعودیەش پێش چەند ساڵێکی سپۆنسەری چەند گروپێکی تیرۆرستی بووە.  بەڵام ئێستا سپۆنسەری سەرەکی گروپە تیرۆرستیەکان، قەتەر و تورکیایە و زۆرترین یارمەتی لەو دوو وڵاتەوە پێیان دەگات”.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئیخوان موسلیمینی وڵاتی میسر بە هیزێکی تیرۆرستی دەبینێت یاخود نا؟ ماکماستەر وتی” هەموو باڵەکانی ئیخوان وەکو یەکتری نین”.

ماکماستەر سەبارەت بە محمد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر کە لە ساڵی ٢٠١٣  بە هۆی کودەتاوە لە کارکارەکەی دوورخرایەوە وتی” بۆ ئەوەی لە مۆدێلێکی هاوشێوەی مورسی ڕزگارمان ببێت، دەبێت پاڵپشتی هێزە ئازادیخوازە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوچەکە بکەین”.

ناوبراو لە کۆتای قسەکانیشیدا سەبارەت بە پارتی داد و گەشەپێدان “ئاکەپە”،  وتی”بە هۆی سەرکوتکردنی تەواوی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ناوخۆی وڵاتەوە، تەواوی هێزەکان لە دەستی خۆیدا کۆ دەکاتەوە، ئەمەش بە شێوازێکی نیگەرانکەرانە ئەنجام دەدات. ئاکەپە هەوڵی ئەوە دەدات تورکیا لە ئەوروپا داببڕێت”.

 

 

 

Show More
Back to top button