بیروڕاهەواڵ

سورەتی یوسف…

عەبدوڵا ئایماز

 

 

لە ڕابردوودا ناوبانگی وێنەکێشێکم بیست کەوا لە ڕۆژە جیاوازەکانی هەفتە و لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا، بە شێوازی زۆر جیاواز ڕەنگی نارنجی بەکاردەهێنێت لە کارەکانیدا و دواتر هەموویان لە ژێر گۆشە جیاوازەکانی خۆردا نمایش دەکات و هەریەکەیان بە شێوازێکی جیاواز درەوشانەوەیان دەبێت…

ئایەتەکانی قورئانیش لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا درەوشانەوەی زیاتری واتاکانی دەردەکەوێت و ڕەتکردنەوەی ئەو واتایانەش کاری نەکردە دەبێت. چونکە کاتیش بۆ خۆی ڕاڤەکارێکە.

هەروەک حەزرەتی بەدیعوزەمانیش گوزارشتی لەم بابەتە کردووە کە دەڵێت” هەتا کات پیرتر بێت، قورئان گەنجتر دەبێتەوە، رەمز و ئاماژە و ئیشارەتەکانی زیاتر ڕوون دەبنەوە و بە شێوەیەکی ڕون و ڕەوان لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەردەست دەبن بۆ تێگەشتن”.

 

مادام هەندێک واتای قورئان لە ئاخیر زەماندا خۆی دەردەخات، کەواتە لە هەموو سەردەمێکدا بۆ مرۆڤی هەموو ئاستەکان جوانی تایبەتی خۆی دەردەخات. تێگەشتن لە قورئان لە دونیادا پێویستی بە “گوێیەکی جیهانی” هەیە.، واتە گوێیەک کە هێندەی هەموو جیهان فراوان بێت. بە شێوەیەک کە هەر گەردیلەیەکی هێندەی مرۆڤێک بێت و بەو مەرجەشی هەتا ڕۆژی قیامەت هەرچی مرۆڤ دێت لەناو ئەو گوێیەدا جێگای بێتەوە. چونکە ئەمە کتێبێکی پیرۆزی وەهایە کە بە سێ سەد هەزار و شەش سەد و بیست وشەی سنوردار واتاگەلی بێ کۆتای لە خۆیدا حەشارداوە و تەنیا مرۆڤە جیاوازەکانی هەموو سەردەمەکان دەتوانن لە واتاکانی تێبگەن.

گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت، تێگەشتن لە قورئانیش چەشنی گوێگرتن لەو قورئان خوێنانەیە کە هەریەکەیان بە ئاوازێک و دەنگێکی جیاواز ئەدای خوێندنەوەکەی دەکەن و، بە تایبەت سورەتی یوسف کە لەلایەن چەندین قورئان خوێنی وەک موستەفا ئیسماعیل خوێندراوەتەوە، لە هەموو گوێگرتنێکدا حەزێکی مەعنەوی و تامێکی ڕۆحانی و چێژێکی نورانیمان گوێ لێدەبێت… سەبارەت بەو قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕین و ئەو تۆمار و سەرەداوانەی لەو نێوەندەدا خراوەتە بەردەممان، پێم باشە جارێکی تر چاو بە چیرۆکی جوانی ناو ئەم سورەتە پیرۆزەدا بخشێنینەوە.

 

وەک ئاشکرایە هەموو ئایەتێک ئاستی جیاوازی واتای لە خۆ گرتووە وەک: زاهیری( ئاشکرا و بەرچاو)، باتنی( ئیشارەت و ئاماژە و ڕەمز)، حەد(سنوری خۆی) و چوارچێوەی تایبەتی خۆی هەیە لە واتادا. تەواوی ئەم ئاستانەی واتاش؛ لق و بەش و وردەکاری خۆیان هەیە.

 

وەک لە تێڕوانینێکی بەدیعوزەمانیشدا هاتووە:

ڕستەکانی قورئان بە شێوەیەک دانراوە، لە هەموو کەلام و تەنانەت وشە و پیت و تەنانەت خاڵ و بۆر و وەستانێکدا ڕووی جیاوازی خۆی هەیە. لە دەرگای جیاواز جیاوازەوە پشکی خۆی بە دوێنراوەکانی دەدات”.

لە تەفسیری (فی ضلال القران) سەبارەت بە سورەتی یوسف دەڵێت:

” لەم سورەتەدا لە پاڵ ئەوەی نمونەیەکی ناوازەی شێوازی ئیسلام دیاری دەکات لە بابەتە دەرونی، ئیمانی، پەروەردەیی و چۆنیەتی دارشتنی ستراتیژیەتدا، چیرۆکەکە لە ڕووی شێوازی هونەریشەوە نمونەیەکی بێ خەوشی هونەری ئیسلامیش پشان دەدات، گەرچی بابەتەکە و شێوازی خستنە ڕووی بابەتەکانیش لە قورئاندا بە هەمان شێوەیە و ئەمەش ڕاستیەکی ترە، بەڵام چیرۆکی حەزرەتی یوسف لە قورئاندا وەک ئەوەی بیەوێت شێواز و ئسلوبی خستنە ڕووی کاری هونەریمان پشان بدات، لەم سورەتەدا بە شێوەیەکی بەر فراوان نمایش کراوە”.

لە ئایەتی ١١١ ی سورەتی یوسفدا هاتووە:” لە چیرۆکی پێغەمبەراندا بۆ کەسانێکی ژیر و ئاقڵمەند، پەند و وانەی زۆر هەیە. ئەم قورئانە زنجیرەی قسەی پڕوپوچ نیە. بە پیچەوانەوە پاڵپشتی تەواوی کتێبە ئاسمانیەکانی پێش خۆی دەکات و، هەموو وردەکاریەکی پشانداوە و ڕێنیشاندەری ڕێگەی هیدایەتە بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی باوەڕیان هێناوە، کڵاوڕۆژنەی ڕێگای ڕاست و کتێبێکی ئیلاهی پڕ ڕەحمەتە”.

ئەم ئایەتە بەم شێوەیە ڕوونکراوەتەوە:

وەک لە سەرەتا و کۆتایی ئەم چیرۆکەدا هەماهەنگیەکی دیار بەرچاو دەکەوێت،  لە سەرەتا و کۆتایی ئەم سورەتەشدا هەماهەنگیەکی دیار بەرچاو دەکەوێت. وەک لە سەرەتا و کۆتایی چیرۆکەکەشدا دەبینرێت و ئەو ئایەتانەی لەو نێوەندەدا چیرۆکەکە هەڵدەسەنگێنێت بە تەواوی لە ڕووی بابەت و شێوازی دەربڕین و باسکردنەوە هەماهەنگی دروست کردووە، بەم شێوەیە تەواوی ئامانجەکانی ئیمان، یەکتاپەرستی، ئاخیرەت لە ڕێگەی ئەم هەماهەنگیەوە خراوەتە ڕوو.

هەروەها ڕاست و دروستی گێڕانەوەکە و پشتڕاستکردنەوەی لەگەڵ ڕاستیەکاندا( بێ ئەوەی وێناکردنێکی پوچی هەبێت و هزرە بێگەردەکان بشێوێنێت) کوالیتیەکی بەرزی لە ڕووی هونەریەوە هێناوەتە مەیدان.

“چیرۆکەکە لەم سورەتەدا دەست پێدەکات و هەر لەم سورەتەدا کۆتایی دێت. چونکە پێکهاتەی چیرۆرکەکە پێویستی شێوازێکی لەو شێوەیە دەسەپێنێت، چونکە خەوێکی بینراو، کە هێواش هێواش، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، قۆناغ بە قۆناغ دێتە دی، پێویستی بە گێڕانەوەیەکی لەو شێوەیە هەیە. هەربۆیە لە ڕووی هەماهەنگی بێخەوشی شێوازی هونەریەوە و، لە ڕووی ئەو پەند و ئامۆژگاریانەی لە زنجیرەی ڕووداوە یەک لە دوا یەکەکانی ناو چیرۆکەکەدا هەیە، ناکرێت بیر لە شێوازێکی تری گێڕانەوە بکرێت. گەر بەشێکی تری چیرۆکەکە لە سورەتێکی تردا باس بکرایە، ئەوا هەندێک لەو تایبەتمەندیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد نەدەپێکرا. چیرۆکی حەزرەتی سولەیمان و بەلقیس، چیرۆکی حەزرەتی مەریەم و لە دایک بوونی عیسا، چیرۆکی حەزرەتی نوح و تۆفانەکەی، لە ڕێگەی باسکردنی پارچەیەکی چیرۆکەکەوە، ئەوەی بە ئامانج گیراوە لە باسکردنیدا پێکراوە و کافیە. گەر سەیری ئەو چیرۆکانە بکەین، دەبینین تەنیا ئەوەی باسکراوە، بەسە بۆ دەربڕینی ئەو ئامانجەی لەو گێڕانەوەیەدا هەیە…

بەڵام چیرۆکی حەزرەتی یوسف بۆ کارێکی لەو شێوەیە دەست نادات. لە ڕووی پێکهاتەی چیرۆکەکەوە، پێویستە قۆناغ و زنجیرەی ڕووداوەکان بە دوای یەکتریدا بێن لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی. بێگومان خوداش ڕاستی فەرمووە :” ئێمە لە ڕێگەی وەحیەوە، جوانترین بەسەرهات و ڕووداوی گەلانی پێش خۆت بۆ دەگێڕینەوە. ئەمە لە کاتێکدایە تۆ لە پێشدا هیچ کام لەم چیرۆکانەت نەدەزانی”.

گەر ئەم سورەتە وەک دڵدانەوە و مژدە بۆ سەردارمان دابەزیبێت، ئەوا ئەوا لەم قۆناغەی ئێستادا وەک  دڵدانەوەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆیە و بە نیسبەت داهاتوەوە مژدەمان پێدەدات. تەنیا ئەوە بەسە بە باشی بیخوێنینەوە و هەڵیسەنگێنین.

 

 

 

 

Show More
Back to top button