هەواڵ

سزای ژووری تاکە کەسی بەسەر منداڵێکی ٢ ساڵدا دەسەپێنرێت

ئاینور گازیئۆغلو یەکێکە لەو سەدان دایکەی تورکیا کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە، لەگەڵ منداڵە ساواکەی لە زیندان ژیان بەسەر دەبات و، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای ژووری تاکەی کەسی بەسەر خۆیی و منداڵە ساواکەیدا سەپێندرا.

تەنیا هۆکاریش بۆ سەپاندنی ئەم سزایە ئەوەیە  توشی مشتومڕێک بووە لەگەڵ کاربەدەستێکی زیندانەکەیی و بڕیارە خانمەکە و منداڵە دوو ساڵەکەی ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ژووری تاکە کەسیدا بمێننەوە.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو چالاکوانی مەدەنی و پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم بابەتە وتی” عائیشەنور گازیئۆغلو و منداڵە دوو ساڵەکەی لە زیندانی تەکیرداغ    ژیان بەسەر دەبەن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای قوتویەک شیر دەکات بۆ منداڵەکەیی و دوای ئەوەی کاربەدەستی دیاریکراو بۆ ئەو بابەتە بە هەڵە قوتوە شیرەکەی بۆ دەهێنێت، خانمەکە داوا دەکات بۆی بگۆڕێت بە هۆی ئەوەی منداڵەکەی ناتوانێت ئەو جۆرە شیرە بخوات. بەڵام کاربەدەستەکە پێی دەڵێت : خوشکی من تۆ کەسێکی حوکمدراویت، هێندە لەسەر شت مەڕۆ. ئیدی دوای ئەمە دەبێتە دەمەقاڵێیان و لەسەر ئەمە سزای ١٠ ڕۆژ زیندانیکردن لە ژووری تاکە کەسیدا بەسەر دەسەپێنرێت”.

گەرگەرلیئۆغلو باس لەوە دەکات کە ژوورە تاکە کەسیەکانی بە چاوی خۆی بینیوە و تەسک و تەنگەبەری ئەو ژوورانە وا دەکات مرۆڤ توشی سەغڵەتی بکات.

گەرگەرلیئۆغلو ئاماژەی بەوەشدا کە پارێزەری خانمەکە سکاڵای لە دژی بڕیارەکە تۆمار کردووە و گەر سکاڵاکەی قبوڵ نەکرێت ئەوا خانمەکە و منداڵە بچوکەکە سزاکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

گەرگەرلیئۆغلو پاشان دەڵێت” هیوادارم ئەم سزایە جێبەجێ نەکرێت. گەر سزاکە جێبەجێ بکرێت ئەوا سزاکە بەسەر منداڵەکەشدا جێبەجێ دەبێت. تورکیا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا لەسەر ئاستی جیهان ڕیکۆردی شکاندووە و  زیندانیکردنی منداڵێکی ٢ ساڵ لە ژووری تاکە کەسیدا دەبێتە ڕیکۆردێکی نوێ”.

Show More
Back to top button