هەواڵ

زەراب: ٥٠ ملیۆن دۆلار بەرتیلم دا بە زەفەر چاغلەیان، ئەگەمەن باغش یارمەتی دام بۆ کردنەوەی حسابی بانکی

 

رەزا زەراب لە یەکەم دانیشتنی دادگادا کە وەک شایەت تێیدا ئامادە بوو، تەواوی کارە نایاسایەکانی خۆی لەگەڵ کاربەدەستانی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) ئاشکرا کرد.

زەراب کاتژمێر ١٠:٣٠ وەک شایەتی شەشهەمی داواکاری گشتی لە دادگای نیویۆرک ئامادە بوو. زەراب لە وەڵامی پرسیاری داواکاری گشتیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە زینداندا نامێنێتەوە و لە ژێر چاودێری پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکادایە.

 

زەراب لە بەردەم دادوەردا دانی بەوەدا نا کە دان بە هەموو تاوانەکانیدا دەنێت و ئەو ٧ تۆمەتەی ئاڕاستەی کراوە، هەموویانی قبوڵ کردوە.

یەکێک لە تاوانەکانی زەراب ئەوەیە بەرتیلی داوە بە پاسەوانێکی زیندانەکەی تا لە دەرەوەی زیندان ماددەی کحولی بۆ بهێنێت. هەروەها داوای لە پاسەوانی زیندان کردوە تەلەفۆنەکەی پێ بدات تا قسەی پێ بکات لەگەڵ دەرەوەی زیندان.

 

داواکاری گشتی لە سەرەتای دادگاییکردنەکەدا تابلۆیەکی پشانی زەراب دەدات و داوای لێ دەکات کە تابلۆکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە.

زەراب لە تابلۆکەدا میکانیزمی چۆنیەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانی ڕوون کردەوە.

لە کاتی ڕوونکردنەوەی تابلۆکەدا، داواکاری گشتی دۆسیەکە پرسی” کەس لەم ساڵۆنەدا بوونی هەیە لەو تابلۆیەدا؟”

زەرابیش لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئیشارەتی بۆ هاکان ئەتیلا کرد و لەگەڵ ناوهێنانیدا، بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر باسی ڕەنگی جلەکانی ناوبراوی کرد.

داواکاری گشتی، زەراب بە “شایەتی ئەستێرە” ناو دەبات و داوای لێکرد کە پەیوەندی خۆی و بانکی ئاکتیڤی تورکی ڕوون بکاتەوە.

 

زەراب باسی لەوە کرد کە بە هۆی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانەوە، سەرەتا نەیتوانیوە حسابی بانکی لە بانکی ئاکتیڤ بکاتەوە، بەڵام دواتر بە یارمەتی ئەگەمەن باغش وەزیری پێشووی کاروباری ئەوروپا، توانیوێتی حسابێکی بانکی بکاتەوە.

داواکاری گشتی لەو کاتەدا وێنەی ئەگەمەن باغشی هێنایە سەر شاشەیەکی ئەلەکترۆنی ناو هۆڵی دادگا و پرسی “ئەگەمەن باغش ئەمەیە؟”، زەراب بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.

زەراب دواتر باسی لەوە کرد کە بۆ داخڵکردنی پارەی ئێران بە سیستەمی بانکی، چەندین ڕێگەی جیاوازی تاقیکردۆتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش نامەیەکی ئاڕاستەی مەحمود ئەحمەدی نەجاتی سەرۆکی پێشووی ئێران کردوە.

داواکاری گشتی لەو کاتەدا وێنەیەکی ئەحمەدی نەجات و نامەکانی زەرابی هێنایە سەر شاشە ئەلەکترۆنیەکە، زەرابیش دووپاتی کردەوە کە نامەکانی سەر شاشەکە خۆی نوسیوێتی.

داواکاری گشتی پرسیاری ڕۆڵی هاکان ئەتیلای لە زەراب کرد و ئەویش لە وەڵامدا وتی” ئەتیلا ئەندازیاری سیستەمەکەیە، ئەو زۆر بە باشی سیستەمی بانکی ئەمەریکی دەزانێت و، ئێمەشی فێری ئەوە کرد کە چۆن بیشکێنین”.

زەراب دواتر ئاماژەی بەوە کرد کە بانکی ئاکتیڤ پاش ماوەیەک وازیان لە کارکردن هێناوە لەگەڵی و، خۆیان ڕاستەوخۆ کاریان لەگەڵ ئێران کردووە.

زەراب باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی ٢٠١٠ بازرگانی نێوان ئێران و تورکیا ڕووی لە زیاد بوون کردوە و، هەوڵی ئەوەی داوە ئەڵتەرنەتیڤێک لە جیاتی بانکی ئاکتیڤ بدۆزێتەوە.

زەراب پاشان هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی بانکی هەڵکەوە درێژە بە کارەکانی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش چاوی بە سولەیمان ئاسڵان بەڕێوەبەری بانکی هەڵک دەکەوێت.

سولەیمان ئاسڵان لە یەکەم چاوپێکەوتندا بە نەرێنی وەڵامی داواکاریەکانی زەراب دەداتەوە، بە پاساوی ئەوەی کە لە تورکیادا کەسێکی ناسراوە.

زەراب بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی و بۆ ئەو مەبەستە چاوی بە زەفەر چاغلەیان وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا دەکەوێت.

زەفەر چاغلەیان دوای گوێگرتن بۆ پڕۆژەکەی زەراب، ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێت کە دواتر وەڵامی دەداتەوە.

پاش ماوەیەک وەزیری ئابوری بە ئەرێنی وەڵامی دەداتەوە، بە مەرجی ئەوەی لە %٥٠ قازانجی کارەکەی پێ بدات.

دواتر زەراب چاوی بە سولەیمان ئاسڵان دەکەوێتەوە و پێکەوە دەست دەکەن بە کارکردن.

 

داواکاری گشتی لەم کاتەدا تابلۆیەکی بەرنامەی ئێکسلی هێنایە سەر شاشە و، زەرابیش دانی بەوەدا نا کە لە تابلۆکەدا بڕی ئەو پارانە ڕوونکراوەتەوە، کە بە زەفەر چاغلەیانی  وەزیری ئابوری تورکیای داوە.

لە تابلۆکەدا ئەوە ڕوونکرابوویەوە کە زەراب چەندین جار پارەی بەرتیلی بۆ چاغلەیان ناردوە، کە بڕەکانیان ٣٧ ملیۆن یورۆ، ٤ ملیۆن و ٦٩٦ هەزار دۆلار، ٢ ملیۆن و ٤٦٥ هەزار لیرە بووە، کە کۆی گشتی هەموویان دەیکردە ٥٠ ملیۆن دۆلار.

داواکاری گشتی پرسیاری ئەوەی لە زەراب کرد کە بۆ ئەو تابلۆی ئێکسلەی ئامادە کردوە؟

زەراب لە وەڵامدا وتی” جارێکیان کێشەیەک ڕویدا لەوەی کە چەندە پارەمان بۆ زەفەر چاغلەیان ناردبوو، ئیدی دوای ئەوە هەموو بڕەکانمان دەنووسی”.

لە دانیشتنی دوا نیوەڕۆشدا، داواکاری گشتی تابلۆیەکی پشانی رەزا زەراب دەدات و داوای لێکرد کە چۆنیەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران شی بکاتەوە.

زەراب باسی لەوە کرد کە بۆ شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران بەرتیلێکی زۆری بە زەفەر چاغلەیان و خانەوادەکەی داوە.

زەراب باسی لەوەش کرد کە بەرپرسانی بانکی هەڵک زانیاریان پێداون کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سیستەمی بانکی بکەن و، بە چ شێوەیەک ئابڵوقەی سەر بانکە ئێرانیەکان بشکێنن.

داواکاری گشتی لەم کاتەدا پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی نێوان زەراب و سولەیمان ئاسڵانی بەڕێوەبەری پێشووی بانکی هەڵکی هێنایە سەر شاشە، کە باسی چۆنیەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران دەکەن.

زەراب باسی لەوە کرد کە لە ڕێگەی کۆمپانیای وەهمیەوە وەهایان پشان داوە کە ئاڵتون هەناردەی ئێران دەکەن و، لە ڕاستیشدا هیچ ئاڵتونێکیان بۆ ئێران نەناردوە.

هەروەها باس لەوە کرا کە ئاڵتونیان بۆ شاری دوبەی بردوە و لەوێشەوە ئاڵتونەکانیان کردوە بە پارە.

زەراب لە بەردەم دادگادا دانی بەوەدا نا کە هیچ کاتێک ئاڵتونیان بۆ ئێران نەناردوە و، لە تۆمارە فەرمیەکاندا وەهایان پشانداوە کە ئاڵتونەکان لە شاری دوبەیەوە دەنێرن بۆ ئێران؛ بەڵام هەموو کات لە دوبەی ماوەتەوە.

داواکاری گشتی چەند پەیوەندیەکی تەلەفۆنی زەراب و بەرپرسانی بانکی هەڵکی هێنایە سەر شاشە کە باسی کەسێک دەکەن بە ناوی “چەکینۆڤا”، زەراب لە وەڵامدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ناوی کەسەکە جۆرێک لە شفرە بووە و بە مەبەستی شاردنەوەی هەندێک لە ڕێکارە ساختەکانیان بەکاریان هێناوە.

زەراب دواتر ئاماژەی بەوە کرد کە دواتر ڕێکارە یاسایەکانی سیستەمی بانکی ئەمەریکی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەریەک لە سولەیمان ئاسڵان و هاکان ئەتیلا ئاگاداریان کردوونەتەوە لەوەی کە دەبێت لەوەو دوا چۆنیەتی کارەکانیان بگۆڕن.

زەراب ئەمڕۆش لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت

ڕۆژی دوێنێ کاتێک زەراب بە بەردەم ئەتیلادا ڕۆشت هیچ سەیری نەکرد، بەڵام ئەتیلا وەک پشاندانی ناڕەزایی سەری ڕاوەشاند.

دادوەری دادگا لە درێژەی دادگایەکەدا ئەوەی بە زەراب ڕاگەیاند کە دەتوانێت جلی زیندان بگۆڕێت و بە پانتۆڵێک و بۆینباخێکەوە لە بەردەم دادگا ئامادە بێت.

ئەتیلا لە کاتی چوونە دەرەوەی لە هۆڵی دادگا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا کە پرسیاری قبوڵکردنی تۆمەتەکانیان لێکردبوو وتی” خەمتان نەبێت من زۆر باشم”.

http://www.tr724.com/zarrab-rusvet-carkini-tek-tek-acikliyor-caglayana-50-milyon-euro-rusvet-verdim-egemen-bagis-devreye-girdi-hesabim-acildi/

 

Show More
Back to top button