هەواڵ

زیندان یاخود پرسەی هاوسەرەکەم؟

دوای دەستپێکردنی ڕەشبگیری رژێمی ئاکەپە لە تورکیا، چەندین چیرۆکی تراژیدی  بەسەر ئەندامانی بزاڤی خزمەتدا هاتووە.

ڕەنگە لە هەموو خێزانێک چیرۆکێکی تراژیدیای تێدا ڕودابێت. یەکێک لەو چیرۆکانە، لەلایەن سەنتەری ستۆکهۆڵم بۆ ئازادی کە بنکەکەی لە سویدە، بڵاوکراوەتەوە. ڕوداوەکە هەفتەی ڕابردوو لە کابوڵی پایتەختی ئەنفغانستان ڕویداوە. ئیسماعیل ئەیوبئۆغڵو(٤٢ ساڵ) کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە دەرەوەی تورکیا ژیان بەسەردەبات، ٣ی شوبات هاوسەرەکەی کۆچی دوای کرد. دوای ئەوەی لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەمەبەستی بەخاکسپاردنی هاوژیانی ١٨ ساڵی سەردانی تورکیا دەکات، لە فرۆکەخانە لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەستگیر دەکرێت. لەکاتێکدا باڵیۆزی تورکیا دەستی بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گرتبوو و تەنها ڕێگەی  گەشتی یەک جارەی پێدابوو. کۆتا کات بڕیاریاندا کە  گەشت نەکەن  بۆ تورکیا. منداڵەکان بە باوکیان وت “باوکە گەر بێت و تۆش دەستگیر بکەن و بتخەنە زیندانەوە، ئێمە بێ دایک و باوک دەمێنینەوە، با نەڕۆین و پێکەوە لێرە بمێنینەوە”.  پاشان جەنازەی دایکیان خستە نێو فرۆکەکە و بۆ دواجار خواحافیزیان لێکرد.

 

هیجرەت بۆ تەتەرستان

ئیسماعیل ئەیوبئۆغڵوی خەڵکی شاری ئۆردو، بڕیار دەدات ساڵی ١٩٩٣ بەمەبەستی خوێندنی زانکۆ ڕوو لە تەتەرستان بکات. لە زانکۆیەکی حکومی بەشی زمانی ئینگلیزی تەواو دەکات. هەروەها سەرپەرشتیاری بەشە ناوخۆیی سەر بە بزاڤی خزمەت دەکات. ساڵی ١٩٩٩ دوای تەواوکردنی خوێندن، دەگەرێتەوە تورکیا، بەڵام خوێندنی باڵای تورکیا دان بە بڕوانامەکەیدا نانێت. هەر لە هەمان ساڵ لەگەڵ حەبیەبە خانم ژیانی هاوسەرگیری پێکدێنێت.

لەسەر بڕیاری خوێندنی باڵای تورکیا دەگەڕێتەوە تەتەرستان و ڕێستۆرانتێک دەکاتەوە. تا ساڵی ٢٠١٠ ئیشێکی باشی کرد و پارەیەکی باشی دەستکەوت. ساڵی ٢٠٠١ سەلمانی کوڕی و ٢٠٠٥ زەهرای کچی چاویان بە دنیا هەڵهێنا. لەو ماوەیەدا، پەیوەندی بە بزاڤی خزمەتەوە هەبووە و کاری خێرخوازی ئەنجام دەدا. بەڵام دوای دژایەتیکردنی بزاڤەکە لە ساڵی ٢٠١٠ لە تەتەرستان، کاریگەری لە ئەمیش کرد.  ڕێستۆرانتەکەی داخرا و داوای لێکرا کە تەتەرستان بەجێ بهێڵێت. دوای ئەوەی منداڵەکانی و هاوسەرەکەی ڕەوانەی تورکیا کردەوە، خۆی ڕوی لە دوبەی کرد. لەوێ ڕێستۆرانتێکی کردەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ شەریکەکەی ڕێک نەکەوتن، دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە تورکیا. لەنێوان ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لە کۆمپانیایەکی تایبەتی لە تورکیا کاری دەکرد. پاشان دوبارە چویەوە بۆ دوبەی و دەستی کرد بە کاری کۆ لە بواری  سیرامیک و بابەتی دیاری.  تا ساڵی ٢٠١٥ لە کارەکەی بەردەوام بوو. دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارای لە دوبەی، نەیتوانی لە کارەکەی بەردەوام بێت. پاشان دەستی کرد بە کار لە کۆمپانیایەکەی  تایبەت. بەڵام لەو ساڵەدا دژی بزاڤی خزمەت لە تورکیا رەشبگیری دەستی پێکردبوو. پاشان بۆی دەرکەوت کە لەلایەن کەسێک بەناوی ‘هەمزە’ لە باڵیۆزی تورکیا هەواڵی لێدراوە  و تۆمەتی ‘ئەندام لە حکومەتی هاوتەریب’ی خراوەتە پاڵی و ناتوانێت سەردانی تورکیا بکاتەوە. لەبەر ئەوە بڕیاریدا نەگەڕێتەوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، لەسەر داوای ئەو کۆمپانیایەی کاری لێدەکرد، بوو بە نوێنەری ئەو کۆمپانیایە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان. ٢ هەفتە پێش ئێستا بە خێزانی چوون بۆ کابوڵ. لەکاتی خەوتندا رۆژی شەممە بەیانی زوو نزیکەی کاتژمێر ٣:٣٠ لەبەر زەختێکی زۆر لەسەر سنگی و ئازار حەبیبە خانمی هاوسەری (٤١ ساڵ) داوای کرد کە ئامبوڵانسێک بانگ بکات. لەبەر ئەوەی تازە هاتوون بۆ ئەفغانستان و شارەزای شوێنەکە نەبوون، ئیسماعیل نەیتوانی دەستی بە هیچ لایەنێک بگات. پاشان نزیک ماڵیان نەخۆشخانەی ئەڵمانی هەبوو، ئیسماعیل لە هاوسەرەکەی پرسی ‘ئایا تا ئەوێ دەتوانێت بڕۆیت؟’ ئەویش وتی بەڵێ.

بەڵام نەخۆشخانەکە داخرابوو. دوای پرسینی پێیان وت کە لەم نزیکانە نەخۆشخانەیەکی تر هەیە بچن بۆ ئەوێ. بەپێی کامێرەی چاودێری نەخۆشخانەکە کاتژمێر ٤:٠٦ لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکە حەبیبە خانم وتی ‘ئیسماعیل’ و بە زەویدا کەوت. سەری دای بە دەرگاکەدا. چاوەڕێی زۆریان کرد تا یەکێک بێت و بیان باتە ژورەوە، بەڵام ئیسماعیل خۆی ژنەکەی بردە ژورەوە بۆ نەخۆشخانە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، حەبیبە خانم کۆچی دوای کرد.

کوڕەکەی سەلمانی ١٦ ساڵ و زەهرای ١٢ ساڵ لە ماڵەوە خەوتبوون. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو کاتێک هاتەوە بۆ ماڵەوە، نەیدەزانی چی بکات، هیچی بە منداڵەکانی نەوت.

هەڵسوکەوتی بالیۆزخانەی تورکیا

دواتر تەلەفۆنی بۆ خانەوادەی خێزانەکەی کرد لە تورکیا و هەواڵەکەی پێڕاگەیاندن. خانەوداەی خێزانەکەی داوایان کرد کە تەرمی کچەکەیان ڕەوانەی شاری ئۆردو لە تورکیا بکەنەوە. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو سەردانی باڵیۆزی تورکیای کرد و بابەتەکەی بۆ باسکردن. بۆ ناردنەوەی تەرمەکەی، پێویست بوو چەند بەڵگەیەک ئامادە بکرێت. کاتێک ئیسماعیل ئەیبۆغڵو باسی ڕوداوەکەی بۆ کردین، وتی ” دەمزانی باڵیۆزخانەی تورکیا کارەکانی ئەندامانی سەر بە  بزاڤی خزمەت ئەنجام نادەن. بەڵام ئەمە تەرمێکە. هەروەها من لە کابوڵ تازە بووم، وتم ڕەنگە من نەناسن.  بیستبووم کە لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە  وڵاتانی دیکە دەست دەگیرێت بەسەر پاسپۆرتی ئەندامانی خزمەت. لەبەر ئەوە کاتێک پاسپۆرتی ئەسڵی خێزانەکەم تەسلیمکرد، بەڵام فۆتۆکۆپی پاسپۆرتی خۆمیانم پێدا.”

لەکاتێکدا ئیسماعیل ئەیبۆغڵو زۆر دوودڵە. لەبەر ئەو هەواڵەی لەسەری دراوە لە ساڵی ٢٠١٥ وە سەردانی تورکیای نەکردۆتەوە. بەڵام ئێستا لەبەر تەرمی خێزانەکەی مەجبورە بڕواتەوە، بەڵام زۆر دوودڵە و بڕیار دەدات بڕوات. بەڵام بەرپرسانی باڵیۆزخانە دەڵێن ” لەبەر باری نائاسایی لە تورکیا ، پاسپۆرتەکەتان هەڵوەشاوەتەوە. دەبێت پاسپۆرتەکەتان تەسلیمی ئێمە بکەن. بەڵگەی گەشتی یەک جاریتان دەدەینێ. بەم بەڵگەیە دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا. پاشان لە تورکیا سەردانی قایمەقامیەت یان پۆلیس دەکەن و دەبێت بزانن کە ئایا هیچ شتێکتان لەسەرە یاخود نا. ئەگەر هیچ کێشەیەکتان لەسەر نەبێت، ئەوا پاسپۆرتەکەتان لێرەوە بە پۆستە بۆ ڕەوانە دەکەین”.

لەکاتێکدا نەخۆشخانەکە مەیتخانەی نەبوو، لەناچاریدا مەیتخانەیەک دەدۆزێتەوە و تەرمەکە بۆ ئەوێ دەبات. ڕۆژی شەمممە و یەک شەممە و دوو شەممە باڵیۆزخانەکە  بەڵگەی ناردنەوەی تەرمەکە ئامادە ناکەن.

نەیتوانی بە منداڵەکانی بڵێت

ئیسماعیل ئەیبۆغڵو تا ماوەیەک بە منداڵەکانی نەوتبوو کە دایکیان مردووە. وابیری دەکردەوە کە ئەو ڕۆژەی بەڕیێ دەکەوینەوە بۆ تورکیا لە فرۆکەخانە پێیان دەڵێین. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو وتی ” ناتوانم پێیان بڵێم. زۆر زەحمەتە. لەم کاتەدا ناتوانم ئەو بەرپرسیاریەتیە لە ئەستۆ بگرم”.

بەڵام رۆژی دووشەممە زانیاری بەدەست دەگات کە لە کاتی گەڕانەوەیدا لە فرۆکەخانە دەستبەسەر دەکرێت. لەبەر ئەوە بڕیار دەدات کە نەگەڕێتەوە. لەم کاتەدا بڕیار دەدات بە منداڵەکانی بڵێ.  لە کابوڵ داوای یارمەتی لە چەند ئەندامێکی بزاڤی خزمەت دەکات. پێکەوە دەچن بۆ ماڵیان. منداڵەکان لەوە تێناگەن کە ئایا بۆ ئەم هەموو کەسە کۆبۆتەوە. پرسیار دەکەن کە “ئایا بۆچی ئەم هەموو کەسە لە ماڵمان کۆبونەتەوە؟ بۆچی هەمووان بێتاقەتن؟”. باوکیان کاتێک هەواڵەکەیان پێدەڵێت، ئەوانیش دەست دەکەن بە گریان و هاوار. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو دەڵیت نەمزانی لەکاتەدا باوەش بەکامیاندا بکەم، هەردوکیانم لە باوەش گرتوو زۆر گریام.

دوای ئەوە، کاتی ئەوە هاتووە بڕیارێک لەوە بدەن بگەڕێنەوە یاخود نا. باوکەکە دەڵێت “هەموومان پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ تورکیا و دایکتان بەخاک بسپێرین. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لە فرۆکەخانە من دەستگیر بکەن و زیندانیم بکەن”. لەم کاتەدا کوڕ و كچەکە پێکەوە دەڵین “باوکە با نەچینەوە بۆ تورکیا، دوای دایکمان تۆشمان لەدەست بچێت چی بکەین”.

دواتر چوون تا تەرمی دایکیان ببینن و باوەشی پێدابکەن. بەڵگەکان ڕۆژی سێشەممە ئامادە کران. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو وتی “ئەو بەڵگانەی لە حکومەتی ئەفغانستان پێویستم بوو، هەموویم بە یەک کاتژمێر ئامادەکرد. بەڵام ئەو کەسەی کە یارمەتیدەرم بوو لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان، دەرکەوت کە هەر ئەو کەسەیە هەواڵی لەسەر داوم کە من سەر بە بزاڤی خزمەتم. هەست دەکەم کە کاریگەری ئەمە بووە کە باڵیۆزخانەی تورکیا ٤ ڕۆژی پێچوو تاکو بەڵگەکانم ئامادە بکەن”.

لە کۆتایدا تەرمی حەبیبە ئەیبۆغڵو ڕۆژی سێشەممە ڕەوانەی تورکیا کرایەوە و باوکێکی خەفەتبار و دوو منداڵی بێناز مانەوە.

تاوانی کوشتنی ژنەکەی دەدرێتە پاڵ

دوای سەرهەڵدانی ئەم کێشانەی تورکیا، کەسوکاری هاوسەرەکەم دژی بزاڤی خزمەت بوون و لایەنگری زوڵم و ستەمی حکومەتیان دەکرد. یەکەم جار  کاتێک هاوسەرەکەم لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکە کەوت و سەری خوێنی لێهات، تا ئەوکاتەی برایەوە بۆ تورکیاش سەری هەر خوێنی لێدەچۆڕا. کاتێک تەرمەکە گەڕایەوە شاری ئۆردو، تابوتەکەیان کردەوە بینیان کە کفنەکەی خوێناوی بووە، خوشکی هاوسەرم تەلەفۆنی بۆ کردم و بە دەنگێکی بەرز وتی “قاتیل، خوشکەکەم تۆ کوشتت”. لەوکاتەدا کوڕەکەی تەلەفۆنەکە لە باوکی دەستێنێت و دەڵێت” پورێ هەڵە دەکەیت، من دەزانم چۆن بووە، چۆن جارێکی دیکە ڕووت دێت  سەیری باوکم بکەیت”. بەڵام لەبەر بزاڤی خزمەت، پوری سەلمان لە ئیسماعیل ئەیبۆغڵو زۆر توڕەیەو بە خوشکەزاکەی دەڵیت “شتێکیان داوەتە دەست تۆ و دەیخوێنیتەوە، دەی ئێوەش بڕۆن بۆلای گاڵتەجارەکەی پەنسیلڤانیا” .

تەرمەکە ڕۆژی چوارشەممە ٧ ی شوبات بەخاک سپێردرا. ئیسماعیل ئەیبۆغڵو لە کابوڵ لەمەودوا ناچەر دەبێت خۆی لە قسەی کەسوکاری خێزانەکەی بپارێزیت، لەبەر ئەوە ڤیدیۆی کامێرای چاودێریەکەی نەخۆشخانەکەیان بۆ دەنێرێت. دواتر دەبینن کە حەبیبە خانم کەوتووە و سەری کێشاوێتی بە دەرگاکەدا.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی سامانیۆڵو

Show More
Back to top button