بیروڕا

زیندانیش دوو بڕگەیە و دایکیش… بەشی دووەم

بەخامەی: فاتیمە بەتول مێریچ

 

لە پێناو کەمێک ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی لە زیندانەکاندا دەگوزەرێن، بەردەوام دەبین لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی خاتوو نور لە زاری خۆیەوە.

بۆمان دەرکەوت کە ڕاستەوخۆ لە پاڵ قاوشەکەی ئێمەدا چەند قاوشێکی دیکە هەن. چووینە ساڵۆنی قاوشەکە و یەکترمان ناسی. سەرەتا کچێکی گەنج کە خەڵکی ئافیۆن بوو و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا دەبوو خۆی ناساند. وتی سڵاو، من ناوم کادەرە، نزیکەی چل ڕۆژە من لە شارەکەی خۆمەوە هێنراومەتە ئێرە. دواتر دەستیکرد بە زانیاری پێدان دەربارەی گرتووخانە.

ئەو هەر باسی ئەوەی دەکرد کە زۆربەی ڕۆژ برنج لە خواردنەکاندا هەیە، بەڵام من مێشکم هەر لای ئەوە بوو کە ئەو ٤٠ ڕۆژە لەوێ دەمینێتەوە. ئەوەم لە یادە کە ناخەوە وتم ئەی هاوار خودایە. من چۆن دەتوانم چل ڕۆژ لەم زیندانەدا دوور لە منداڵەکانم بژیم؟

کاتی یەکترناسین کۆتاییهات و دەرگای ساڵۆنەکە داخرایەوە. لەو قاوشەی ئێمەدا نە کتێب نە ڕادیۆ نە تەلەڤیزیۆن نە بەفرگر و هیچ شتێکی تێدا نەبوو. ئەو قورئانەش کە لە کاتی مانەوەم لە بەشی ڕاگیراوان پێم بوو دەستی بەسەردا گیرابوو، تەنانەت ئەوەشیان پێ نەدام. کاتێک قەدەغەی کتێب لەسەر قاوشەکەمان هەڵگیرا، ئەو قورئانە یەکەم کتێب بوو کە هاتە قاوشەکەمانەوە.

ڕۆژەکانمان بە هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی ناو زیندان تێدەپەڕی. لە ناکاو دەرگای قاوشەکە کرایەوە و بە دەنگێکی زۆر توند وتی ‘ئێوە چیتر مافی ناردنی نامەتان نییە!’ ئێمە سەرمان سوڕما. واتە پێشتر لێرە مافی نامە ناردن هەبووە، بەڵام ئەوەش بۆ ئێمە نەبوو. دواتر دووبارە دەرگاکە دەکرایەوە و پاسەوانەکەی زیندان بە دەنگێکی بەرز دەیوت ‘ئێوە چیتر مافی تەلەفۆنتان نییە!’ دیسان ئەوکات دەمانزانی کە لە بنەڕەتدا مافێکی لەو شێوەیەمان هەبووە. ئێمە لەو قاوشەدا ١٤ کەس بووین کە هەوڵمان دەدا واتەیەک بەو بارودۆخە ببەخشین کە تیی کەوتبووین و بە حەسرەتی ئەو کەسانەی لە دەرەوە جێمان هێشتبوون دەسوتاین و دڵمان بە تەنها بۆ خاوەنی هەموو شتەکان دەکردەوە.

لە قاوشێکدا کە ڕووبەڕەکەی ٣٥ مەتر دووجا دەبوو، تەنانەت کاتژمێرێکی تیدا نەبوو بۆ ئەوەی کاتەکانی نوێژی پێ دیاری بکەین؛ ١٥ ڕۆژی سەرەتامان بەوە تێپەڕ بوو کە ئەو شوێنانەمان دەپێوا کە تیشکەکانی ڕووناکی بەری دەکەوت.

نە دەنگێک و نە سەدایەک نەدەبیسترا. قەدەرمان یەک شت بوو لەگەڵ کەسێک کە لە دەستی دوژمندا مابێتەوە یاخود کەسێک لە ناو بیرێکی قووڵدا بە بێ پەیژە مابێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا قووڵترین پاڕانەوە و لاڵانەوەم لەوێدا بینی. دەتوانم زۆر بە ئاسانی بڵێم کە ڕاستگۆیانەترین نوێژەکانی خۆمم لەوێ بەجێگەیاندووە.

ئەو شتانەی بەسەر ئێمەدا هات هیچ ئاسان نەبوو. تاقیکردنەوەی هەموو کەسێک بۆ خۆی قورسە. بەڵام مانەوەی دایکێک لە زیندان لەگەڵ منداڵەکەیدا لە کارە قورسەکان قورستر بوو.

دوای چەند ڕۆژێک ئایشە مەلەکی کۆرپە بچوکەکەم هێنرایە قاوشەکەی ئێمە. کۆرپە ١٤ مانگییەکەم لەو ڕۆژە بە دواوە دەبووە هاوقەدەری دایکی و لە شوێنێکی بێ درەخت و بێ گوڵ و بێ خاک و بێ تەماشاکردنی بۆشایی ئاسمان دەژیا. جگە لە شیر دەستی کرد بە خواردنی خۆراکەکانی ناو زیندان و لەسەر زەوییە چیمەنتۆکەی ناو زیندان فێری ڕۆشتن بە پێ  دەبوو.

لە یەکێک لەو شەوانەی من و کۆرپەکەم پێکەوە لەسەر یەک جێگە نووستبووین، دەنگێک بیسترا. خاوەنی دەنگەکە شتێکی وت وەک ئەوەی بڵێت کەوت. هەموو قاوشەکە بەئاگاهاتن. هەموومان گوێمان هەڵخستبوو بۆ ئەو دەنگەی کە دەهات. بەڵام گوێمان لە شتێکی وەها نەبوو. دەمێک بوو نیوەشەو تێپەڕبوبوو. وامان دەزانی شتێکی خراپ بووە و کەسێک لەسەر پلیکانەکان کەوتووەتە خوارەوە، لەبەر ئەوە دەستمان کرد بە نزا کردن بۆ ئەو کەسە. بەڵام ڕۆژی دواتر کاتێک چووینە ساڵۆنەکە بۆمان دەرکەوت کە هیچ شتێکی خراپ ڕووی نەداوە، بەڵکو هاوڕێیەک کە هاوسەرەکەشی وەک خۆی لە زینداندا بوو ئازاد کراوە. بەڵام نەمانزانی لەو درەنگانی شەوەدا کە هەموو کەسێک نووستووە، کەسێک کە لەم شارەدا هیچ کەسێکی نییە چی کردووە و ڕووی لە کوێ کردووە. دوای ئەوەش هیچ هەواڵێکمان لەوەوە پێ نەگەیشتەوە. بەڵام ناتوانم ئەوەم لە یاد بچێت کە لە دوای ئەوە شەوەوە، من بۆ ماوەی چەندین شەو بە ئومێدی ئەوەی ئازاد دەبم شەوم بە ڕۆژ دەگەیاند و خەوم لێ نەدەکەوت.

وەک دایکێک کە خاوەنی سێ منداڵ بووم بەردەوام بیر و هۆشم لای ئەو منداڵانەم کە ناچاربووم لە دەرەوە بەجێیان بهێڵم. منداڵە ناوەنجییەکەم بێ من دەستی بە خوێندن کردبوو. هێواش هێواش فێری گرتنی پێنووس و خوێندنەوە و نووسین دەبوو. کچە گەورەکەم ببووە کەسێکی داخراو و زۆر کەم قسەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکرد. کاتێک بیرم لەوە دەکردەوە ئاگرێک لە ناخمدا هەڵدەگیرسا.

شتێکم هەرگیز لەیاد ناچێت: جارێکیان هاوسەرەکەم هات بۆ بینینی من، منیش پێم وت: منداڵەکان حەزیان لە خواردنی سورکراوە هەیە، داوا لە نەنکیان بکە بە ناوی منەوە خواردنی سورکراوە بۆ منداڵەکان ئامادە بکات دەبێت؟ هاوسەرەکەم لە ناو ئەو هەموو سەرقاڵییەی خۆیدا لەبیری چووبوو ئەو شتە بە دایکی بڵێت. ڕۆژی دواتر کاتێک لە چێشخانەکەوە بۆنی خواردنی سورکراوە بەسەریدا هاتبوو ئینجا بیری کەوتبووەوە. بەو بارودۆخە سەری سوڕمابوو. ئەو ڕۆژەی ئەوان لە ماڵەوە خواردنی سورکراوەیان خواردبوو، ئێمەش لە ڕیزبەندی خواردنەکانی ناو زینداندا خواردنی سورکراوەمان بۆ هات. ئەو ڕۆژە زۆر دڵمان خۆش بوو. خودای گەورە بەردەوام بەخشندەیی خۆی لەوێدا بەسەردا دەباراندین. لە ناخۆشترین کاتەکاندا، کاتێک وا بیرمان دەکردەوە کە ‘ئێمەیان لێرەدا لەبیرچووەتەوە’، خودای گەورە ئێمەی بێکەس نەدەهێشتەوە. بەردەوام دەیپاراستین. بەردەوام هەستمان بەوە دەکرد کە لە ژێر چاودێری و پارێزگاری پەروەردگارداین. کاتێک بە کوڵ دەپاڕاینەوە و نزامان دەکرد ئارامی بۆ سەر دڵەکانمان دادەبەزی.

ئەو کاتەی لە زیندان بووین، سێ دایک بە نۆرە کەوچکێکی شیرینیمان بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی خواردن بدەین بە منداڵەکانمان. ناچار بووین چونکە تەنها یەک کەوچکی لەو شێوەیەمان لە لابوو، و ئەو کەوچکانەی بەڕێوەبەرانی گرتووخانەکە دەیاندا بە ئێمە تەنانەت هەندێک جار دەمی ئێمەشیان بریندار دەکرد لەبەر ئەوە نەماندەوێرا بەو کەوچکانە خواردن بدەین بە منداڵەکانمان.

هەندێک جار دایبیمان دەست نەدەکەوت بۆ منداڵەکانمان و ناچار دەبووین دەیان خولەک چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی جلوبەرگی منداڵەکانمان بشۆین. بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر ڕێگە دەدرا هەندێک کتێب و چیرۆک و وێنەی منداڵان بهێنرێتە ناو زیندان، ئێمەش ئەو چیرۆکانەمان بۆ دەخوێندنەوە و بە دوور و درێژی باسی باڵندە و گوڵ و خانوو و ئوتومبێل و شتانی دیکەمان بۆ منداڵەکانمان دەکرد.

لە کاتی سەرژمێری ناو زینداندا، منداڵەکان تەنانەت ئەگەر نووستبێتیشن ناچار بەئاگا دەهێنرێنەوە و بەشدار دەکرێن لە سەرژمێری ناو زیندان. لەگەڵ ناوی ئێمە ناویان دەخوێندرێتەوە و یەک یەک هەژمار دەکرێن.

ئەگەر من باسی ئەوە نەکەم کێ ئەو ڕاستییانە دەزانێت کە هەزاران ژن و سەدان منداڵی ساوا بەو شێوەیە لە ناو زیندانەکاندا دەژین؟ ئەگەر من بێدەنگ بم مێژوو چۆن ئەو ستەمکارییە دەنوسێتەوە؟ منداڵە ساواکانمان لە کوێوە بزانن لە زینداندا چییان بەسەر هاتووە؟

لە دوای ئەو ڕۆژگارەی کە بەو شێوەیە تێپەڕی و ڕۆژمێرەکان بە ٩ مانگ دیارییان کرد بەڵام لە لای من بە ٩ ساڵ یاخود ٩ سەدە تێپەڕی، و لەو ماوەیەدا هیچ دانیشتنێکی دادگا بەڕێوەنەچوو، بەڵام لە کۆتایی ئەو ٩ مانگەدا ئەو ڕۆژە هات کە چاوەڕێمان دەکرد، بە ئومێدی ئەوەی بێتاوانیمان دەربکەوێت و ئازاد بکرێین لەگەڵ ٥ هاوڕێم و سێ منداڵی ساوا بەرەو دادگا بەڕێکەوتین. کاتێک دەچووینە ناو ئوتومبێلە سەربازییەکەوە بۆ ئەوەی بەرەو دادگا بەڕێبکەوین، ئەفسەرەکە منداڵەکەی بە باوەشی منەوە بینی و فەرمانی بە سەربازەکە کرد کەلەپچەکانی دەستم بکاتەوە. کاتێک گەیشتینە دادگا و بینیم کە دادوەرەکەش ژنە، کەمێک جۆش و خرۆش و ئومێدم بۆ درووستبوو، و وا بیرم کردەوە کە مادەم دادوەرەکەش ژنە لێمان تێدەگات و باوەڕ بەوە دەکات کە ئێمە بێتاوانین.

من هیچ تاوانێکم نەبوو جگە لەوەی لە خولێکی فێربوونی قورئانی پیرۆز مامۆستا بووم و ١٥٠٠ لیرەی تورکیم لە هەژماری خۆم لە بانکێکدا هەبووە. ئەوەی کە سەرچاوەی نیگەرانی بوو ئەوەبوو کە هیچ یەکێک لەوانە ئەگەری ئەوەی نەبوو وەک تاوان تەماشا بکرێت. یاخود من وا بیرم دەکردەوە.

دانیشتنەکەی دادگا درێژەی خایاند و ئایشە مەلەکی کچم لەگەڵ باپیری لە دەرەوە بوون. کاتێک بۆ یەکەمجار لە باخچەی دادگا ئەو گوڵ و درەختانەی بینی کە لە کتێبەکانەوە ناوەکانیان فێرببوو لە خۆشیدا هاواری کردبوو. دەیویست بە خێرایی ڕابکات بۆ لای درەختەکان. بە دڵی خۆی پێ لەسەر خاک دابنێت. کاتێک ئەو هەموو خەڵکەی لەوێ بینیبوو هەم ڕاچڵەکی بوو، و هەم تووشی سەرسوڕمان ببوو.

دادوەر بڕیاریدا پشوویەک وەربگیرێت بۆ ئەوەی دواتر بڕیار لەسەر دۆسییەکەمان بدرێت. دواتر کاتێک چووینەوە بەردەم دادوەر گوێم لە سەرۆکی دادگا بوو کە وتی ‘ئەم دۆسییەیە جیابکەنەوە’. ئەو کات کزە لە ناخمەوە هات. تێگەیشتم. دواتر بڕیاری کۆتایی درا و بڕیارەکە بە ڕووماندا خوێندرایەوە. هەر یەکێک لە ئێمە سەرمان سوڕمابوو. من نەمدەتوانی فرمێسکەکانم ڕابگرم. هاوسەرە بەدبەختەکەشم لە هۆڵی دانیشتنی دادگا چووە دەرەوە بە کوڵ دەگریا. ئەو کەسانەی لە دەرەوە ئەویان بینیبوو یەکسەر لە خەیاڵی خۆیاندا بیریان لەوە کردبووە کە ڕەنگە لە ژوورەوە شتێک بەسەر هاوسەری ئەم پیاوەدا هاتبێت. من دواتر ئەوەم زانی.

ئەو بڕیارەی کە من هیچ دڵم پێی خۆش نەبوو، وە تەنانەت بە گریانیشەوە پێشوازیم لێکرد، بریتییبوو لە ئازادکردنی من بەڵام بەندکردنی هاوڕێکانم کە دەتوانم بڵێم خوشکەکانم و گەڕاندنەوەیان بۆ گرتووخانە. چۆن دەمتوانی دڵم خۆش بێت؟ چۆن دەمتوانی ئەوان بەو شێوەیە بەجێبهێڵم و بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە و منداڵەکانم لە ئامێز بگرم؟

لە ڕێگەی گەڕانەوەمان بەرەو گرتووخانە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلەکانمان، سەرەڕای ئەوەی من ئازادکرابووم، فەرماندەی ئوتومبێلەکە بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵ کردین و من و منداڵەکەم لە پێشی ئوتومبێلەکەدا دانیشاند سەرەڕای ئەوەی قەدەغە بوو. لە کاتێکدا دوای ماوەیەکی درێژ دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا تەماشای دەرەوە بکەم، بەڵام شەرمم دەکرد لەوەی هاوڕێکانم بەجێ دەهێڵم و لە ڕووم نەدەهات تەماشای دەرەوە بکەم.

دواتر بڕیاری ئازادکردنی من لە ناو گرتووخانە وەک جەژن خۆشی بۆ دەردەبڕدرا. هەر کەلوپەلێکمم پێشکەش بە هاوڕێیەکم کرد و تەنها لەگەڵ قورئانە پیرۆزەکەم هاتمە دەرەوە کە شاهێدی ئەو ڕۆژانەم بوو. لە ئێستادا ئەو قورئانە پیرۆزەم لە پاڵ ئەو بەرماڵە دانراوە کە لەو کاتەی من لە زینداندا بووم هاوسەرەکەم نوێژی لەسەر دەکرد و بە کوڵ لەسەری دەگریا و دەپاڕایەوە و نزای بۆ ئێمە دەکرد.

پوختەی قسە: “دونیایەک تێیدا دێین و دەڕۆین، لە کۆتاییدا هەموومان دەمرین”. با کەسانێک هەبن کە زۆر ئەویان بوێت، بەڵام من تەنها ئەو بەرماڵەم کە ناوچاوانی لەسەر دادەنێم و ئەو قورئانەم کە لە ڕۆژە سەختەکاندا لەگەڵمدا بوو، بەسە بۆ من، وە سەلام…

 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم نوسینە:

 

زیندانیش دوو بڕگەیە و دایکیش…

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/zindan-da-iki-hece-anne-de-2/

Show More
Back to top button