هەواڵ

زوڵم لەو منداڵانەش دەکرێت کە هێشتا لە دایک نەبوون

ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکی، لە دوا ژمارەیدا ڕاپۆرتێکی شیکاری لەسەر ئەو ژنە دوو گیانانەی بزاڤی خزمەت بڵاو کردەوە کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە خراونەتە زیندانەوە.

جانان جۆشکون پەیامنێری ڕۆژنامەکە بۆ ئەم مەبەستە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٤ خانمی دووگیانی ناو زیندانەکان ئەنجامدا و تێیدا پارێزەر و کەسوکاری خانمەکان باس لەو زوڵمە دەکەن کە بەرامبەر خانمان و ئەو منداڵەیان ئەنجام دەدرێت کە هێشتا نەهاتوونەتە دونیاوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:

هەندێک لە خانمەکان چەند هەفتەیەکیان ماوە بۆ منداڵ بوون و هەندێکیان لە پاڵ منداڵەکەی ناو سکیاندا، لە زیندانیشدا منداڵێکیان لەگەڵدایە. نابرێن بۆ نەخۆشخانە و هەندێک جار توشی ڤایرۆسێک دەبن بەڵام چاویان بە پزیشک ناکەوێت و کەس ئاگای لێیان نیە. توانیمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ٤ خانمی دەستبەسەر کرا و حوکمدراوی ناو زیندانەکان ئەنجام بدەین، چونکە ئەوان لەو خانمانە بوون کە  توانیبوویان پارێزەر بۆ خۆیان بدۆزنەوە. عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو چالاکوانی مەدەنی و پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) سەبارەت بە زیندانیکردنی ژنانی دووگیان دەڵێت” مەرجەکانی دەوڵەتی یاسا لە ژێر پێدایە، هەربۆیە مەرجەکانی مافی مرۆڤیش لە ژێر پێدایە. بە گوێرەی یاساکانی سزادان، ژنانی دووگیان تەنانەت لە کاتی بڕانەوەی حوکمی سزادانیشدا، حوکمەکە هەتا ٦ مانگ دوای بەرواری منداڵبوونیان جێبەجێ ناکرێت”.

 

مەرڤە ئاکدەنیز چۆکیڵماز:

چۆکیڵماز ژنێکی دووگیانە و سکەکەی لە هەفتەی ٣٤ هەمدایە، لە چوارچیوەی ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە بەرواری ٤ ی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەبرا، دەستبەسەر کراوە. بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک دەستبەسەرکراوە، ئێستا لە زیندانی بەکیرکۆی ژیان بەسەر دەبات. چۆکیڵماز کە لە هەمانکاتدا پزیشکە، پارێزەرێکی بە ناوی مونەوەر ئۆز هەیە، پارێزەرەکەی باس لەوە دەکات کە سەرەڕای دووگیان بوونی بریگرتەکەی، بەڵام تەنیا یەکجار لە کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵدا چاوی بە پزیشک کەوتووە. پزیشکەکە ئەوەی پێڕاگەیاندووە کەوا منداڵەکە زیاد لە ڕادەی سروشتی خۆی کێشی زۆری هەیە و ئەگەر هەیە بە شێوەیەکی پێچەوانە بێتە دەرەوە. هەروەها باس لەوە دەکات کە قاوشی بریگرتەکەی زۆر قەرەباڵغە و لە ماوەی ڕابردوودا توشی ڤایرۆسێک بووە و مەترسی لەسەر لەبارچوونی منداڵەکەیبەسەردا تێپەڕیوە.

دۆسیەکەی چۆکیڵماز لەلایەن دادگای ٣٠ هەمینی سزا قورسەکانی ئیستەنبولەوە قبوڵکراوە و بڕیارە لە بەرواری ١٠ تشرینی ئەمساڵدا یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ناوبراو بەڕێوە بچێت.

واتە بە هۆی ئەم بڕیارەوە لە دایکبوونی منداڵەکەی چۆکیڵماز لە زیندان بووە شتێکی حەتمی. هەروەها هاوژینی ناوبراویش لە زیندانی شاری ئیدیرنە دەستبەسەرە.

“جێگای شەرمەزاریە”

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو پەڕلەمانتاری هەدەپە لە ڕێگەی ئەو نامەیانەی بە دەستی گەشتووە، سەبارەت بە مەغدور کردنی هاوڵاتیان دەڵێت:

لە زیندانی تارسوسدا لە ژوورێکی ١٠ کەسیدا ٢٢ کەس دەمێنێتەوە. دوو شوێنی خەوتن دەنێن بە پاڵ یەکەوە و بە سێ کەس لەسەری دەنون. یەکێک لەو منداڵانەی لەگەڵ دایکیدا لە زیندانە، لە ڕەنزەکەوە کەوتۆتە خوارەوە و چەناگەی شکاوە. هەتا ٧-٨ جار نوسراوی فەرمی بەرزنەکەنەوە بۆ بەڕێوەبەری زیندانەکە، نابرێن بۆ نەخۆشخانە. هەروەها لە زیندانی شاری تۆکات ٧ -٨ خانی دوو گیان لەگەڵ منداڵە ساواکانیان لە زیندانن. هەتا ڕێگەیان پێدەدەن قوتویەکی شیر بێننە ژوورەوە، بەرواری بەکارهێنانەکەی بەسەر دەچێت. لە زینداندا شتی یاری منداڵان و شوێنی یاریش بوونی نیە. ڕێگەش نادەن جلی منداڵان بهێننە ژوورەوە بە هۆی ئەو شتانەی لەسەری نوسراوە و تەنیا جلی سادە قبوڵ دەکەن.

گەرگەرلیئۆغلو باس لەوەش دەکات کە یاساکان لەلایەن دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیاوە پێشێل دەکرێت و پاشان دەڵێت” لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وڵاتدا ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی فەتحوڵا گولەندا دادگایی دەکران، پارێزەریان دەستنەدەکەوت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پارێزەرەکان داوای نرخی زۆر بەرزیان دەکرد و ژنانی دووگیان پارێزەریان دەستنەدەکەوت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان. ئەوانەشی پارێزەریان دەست دەکەوت، پارێزەرەکەیان زۆر بە جددی بە دوای کارەکەی خۆیدا نەدەڕۆشت و، لە جیاتی پارێزەرەکەی لە کەسوکارەکەیەوە هەواڵی هاوڵاتیەکانمان دەبیست. لەبەر ئەوەی ئەو پارێزەرانەی لەلایەن سەندیکاوە بۆیان تەرخان دەکرا بە باشی پارێزگاریان لێدەکردن، دادگاکان سزای قورسیان بەسەر هاوڵاتیاندا دەسەپاند. هیچ شتێک لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. هەموو شتێک لە ڕووی لایەنگریکردنی دەسەڵاتەوە سەیر دەکرێت. هەموو شتێک لە ڕووی ئەوەی کۆمەڵێک کەس بە شەیتان دەکرێن یاخود بە شایەنی ئەوە لە قەڵەم دەدرێن کە کاری نایاسایی بەرامبەریان ڕەوا بێت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەم بابەتانە دوای چەندین ساڵ وەک بابەتێکی جێگای شەرمەزاری دەخرێتەوە بەردەم کۆمەڵگا”.

“ژنانی دووگیان لە کاتی سەپاندنی سزای زیندانیشدا حوکمەکەیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت”

ماددەی ١٦ هەمینی جێبەجێکردنی سزا قورسەکان دەڵێت” جێبەجێکردنی سزای یاسایی بەسەر ژنانی دووگیان یاخود ئەو ژنانەی ٦ مانگ بەسەر بەررواری لە دایکبوونی منداڵەکەیاندا تێنەپەڕیوە جێبەجێ ناکرێت. سەبارەت بەو کەسانەی لە ڕێگەی کردار و مامەڵەیانەوە توانای دروستکردنی مەترسیان هەیە، ئەم بڕگەیە جێبەجێ ناکرێت. ئەم جۆرە کەسانە لەو شوێنانەی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە بە گوێرەی یاساکانی سزادان دیاریکراوە”.

“بە هۆی گەرمای زۆرەوە برین لەسەر لاشەی دروست بووە”

خانمێکی دووگیانی تر بە ناوی موعەلا کوبرا ئالڤار کە سکەکەی لە مانگی حەوتەمدایە، بە هۆی دانپێدانانی کەسێکی ترەوە کە سوودی لە یاسای “پەشیمانی  کاریگەر” بینیبوو، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی فەتحوڵا گولەندا لە بەرواری ١ ی ئازاری ٢٠١٨ دەستبەسەر کراوە. خانمەکە لە زیندانی شاری تارسوسە و دادگای سزا قورسەکانی کاستەمۆنو، بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک سزای ١٠.٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە. خانمەکە بە هۆی گەرمای ناو زیندان و دووگیان بوونیەوە، لەسەر جەستەی چەندین بریندار پەیابووە.

مەولودە ئاهوکوش خوشکی خانمەکە باس لەوە دەکات کە چەندین جار داواین لە کاربەدەستانی تورکیا کردووە خانمەکە ئازاد بکەن و گیان لە دەستدانی خانمێکی تری دووگیان بە ناوی حەلیمە گوڵسو، کە لە هەمان ژووری ئەو خانمەدا بووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی خانمەکە دروست کردووە.

 

“باوکی کوڕەکەیان بەخێو دەکات”

ئەلیف ئایدن خانمێکی تری دووگیان کە سکەکەی لە مانگی پێنجهەمدایە، ٣ مانگە لە زیندانی داخراوی گەبزەیە. خانمەکە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ زیندان و منداڵێکی تری تەمەن ٧ ساڵیان هەیە کە لای باوکی دەمێنێتەوە. ئایدن بە هۆی ئەو تۆمەتەی خرابوویە پاڵی، سزای ٦ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئێلڤان باغ جانباز پارێزەری خانمەکە سەبارەت بە بڕیاری دادگا دەڵێت” دادوەرەکان لە کاتی دانیشتنی کۆتایدا وتیان: گەر بیر لە منداڵەکەت دەکەیتەوە هەرچی دەزانیت دانی پێدابنێ و بە منداڵەکەت شاد ببەوە”.

چەتین ئایدن مێردی خانمەکەش دەڵێت کەوا جگە لە خۆی کەسی تر نیە ئاگای لە منداڵەکەی ببێت و بەو هۆیەوە لە کاتی چوونیدا بۆ کار، منداڵەکەی لەلای هەندێک هاوڕێی جێدەهێڵێت.

“ئەگەری لەبارچوونی منداڵەکەی هەیە”

ئەمینە ئای یەکێکی تر لە خانمە دووگیانەکان و سکەکەی لە مانگی چوارهەمدایە، پێشتر لە خویندنگەیەکی تایبەت ڕاوێژکاری پەروەردەیی بووە،  بە هۆی دانپێدانانی کەسێکی ترەوە کە سوودی لە یاسای “پەشیمانی کاریگەر” بینیوە، بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک، لە بەرواری ٤ ی تەموزی ئەمساڵەوە لەگەڵ مێردەکەی دەستبەسەرکراون. مێردەکەی لە دوای بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەیەوە خراوەتە زیندانی شاری ئادییەمان. ئەمینە ئای کە لە غازیئەنتەبەوە گواسترایەوە بۆ بیتلیس، ٨ ڕۆژ لە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەو شارە دەستگیر دەکرێت. ئەو پزیشکەی لەو بەشە پشکنینی بۆ ئەنجام دەدات ئەوەیان پێڕادەگەیەنێت کەوا ئەگەری لەبارچوونی منداڵەکەی بەرزە. خانمەکە لە بەرواری ١١ ی تەموز بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە و ٢ منداڵی تری تەمەن ٧،٣ ساڵی هەیە. خانمەکە کچە ٣ ساڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بردۆتە زیندان و منداڵە  ٧ ساڵەکەی لە ماڵی خەزوری دەمێنێتەوە. کوڕەکە ٧ ساڵانەکەی بەم هۆیەوە توشی گرفتی دەرونی بووە. سەردار یەزار پارێزەری خانمەکە باس لەوە دەکات کە کاتێک داوای لە داواکاری گشتی کردووە ئەو خانمە ئازاد بکات بە هۆی دووگیان بوونیەوە، داواکاری گشتی لە وەڵامدا پێی وتووە:” هیچ نابێت خەمت نەبێت، گەر هاوسەرەکەی خۆشم بەردەوام لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بێ خەمم نابێت”.

خانمەکە هەتا ئێستا هیچ تۆمەتێکی لەلایەن داواکاری گشتیەوە ئاڕاستە نەکراوە و براکەی بە ناوی ڤەیسەل قەرەنی یڵدرم باس لەوە دەکات کە زۆر بە زەحمەت توانیویانە پارێزەرێک بۆ خانمەکە بدۆزنەوە.

http://www.tr724.com/dogmamis-canlar-hukuksuzlukla-tanisti-cezaevlerinde-insanlik-ayaklar-altindi/

 

Show More
Back to top button