هەواڵ

زوڵمی ئێردۆغان کۆتایی نیە


ڕژێمی ئاکەپە بەردەوامە لەسەر جیاکردنەوەی دایکان لە کۆرپەکانیان.

نوران یەپەلاک سەرەڕای ئەوەی منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەی هەیە، بەڵام دادگا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد و ڕەوانەی زیندانی سیلیفکە کرا. بەم شێوەیە منداڵێکی شیرەخۆرەی تری تورکیا لە دایکی جودا بوویەوە.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو پەڕلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەڕلەمانی تورکیا، لە پەیجی تویتەری خۆی ناڕەزایی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی خانمەکە دەربڕی.

گەرگەرلیئۆغلو لە پەیجی تایبەتی خۆی وێنەی دایک و منداڵەکەی بڵاوکردەوە و لە ژێریدا نوسیوێتی:
” وەک دەبینن ئەمە منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە. دایکی ئەم منداڵە ئەمڕۆ دەستبەسەر کراوە. لە ژوورێکی تاکە کەسی لە زیندانی سیلیفکە دانراوە. منداڵەکە لە ماڵەوە دەگری و دایکی لە زیندانە. زوڵم لە دادگا و زیندانەکانی تورکیادا لە ترۆپکی خۆیدایە!”

هەروەها عومەر کاویلی پارێزەری خانمەکە وەک پاڵپشتی لە تویتەکەی گەرگەرلیئۆغلو دەڵێت” ئەی ئەم منداڵە هیچ مافی نیە. ئایا ناتوانن دایکی بە بێ بڕیاری دەستبەسەرکردن دادگایی بکەن؟ گەر شیری دایکەکە وشک بکات، ئەم منداڵە چی بخوات؟!”.

Show More
Back to top button