هەواڵ

زانیاری نوێ دەربارەی چوار کەس لە ڕفێندراوەکانی تورکیا هەیە

 

هەریەک لە سالم زەیبەک و ئێرکان ئیرماک و یاسین ئوگان و ئۆزگور کایا کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە لایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوەوە ڕفێندران و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نەبیسترا، لە ئێستادا زانیاری نوێ دەربارەیان هەیە و کەسە نزیکەکانیان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکەن کە ڕفێندراوەکانیان لە بەشی ڕاگیراوانی بنکەی پۆلیسن. بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەی موستەفا یڵماز و گۆکهان تورکمەن نازانرێت کە ئەوانیش چەند مانگێک پێش ئێستا ڕفێندران.

فاتمە بەتول زەیبەک هاوسەری سالم زەیبەک لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “کەمێک پێش ئێستا لە بەشی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە بنکەی پۆلیسی ئەنقەرەوە پەیوەندییان پێوە کردم. پێیان وتم کە هاوسەرەکەم لە بنکەی پۆلیسی ئەنقەرەیە و تەندرووستیشی باشە. جۆش و خرۆشێکی زۆر لە ناو خێزانەکەماندا درووست بوو، و من ئێستا بە هۆی ئەو جۆش و خرۆشەوە ناتوانم هیچ بنووسم. دوایین پێشهاتەکانتان پێ ڕادەگەیەنم”.

 

 

میکایل ئوگان برای یاسین ئوگان لە هەژماری تایبەتی خۆی پەیامێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “کەمێک پێش ئێستا کارمەندێکی بەشی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە بنکەی پۆلیس پەیوەندی پێوە کردم و پێی وتم براکەم کە لە ١٣ ی شوباتەوە بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێک لە بارەیەوە نازاندرێت لە لای ئەوانە. سوپاسی پەروەردگار دەکەم”. جگە لەوە هاوسەرەکەی یاسین ئوگانیش لەو بارەیەوە ڕایگەیاند “زۆر سوپاس بۆ تۆ خودایە. خودا لە هەموو ئەو کەسانە ڕازی بێت کە هەوڵیاندا بۆ دۆزینەوەی هاوسەرەکەم و نزایان دەکرد. تەنها ئەوەندەیان پێ وتین کە لە بنکەی پۆلیسە و وتیان سبەی وەرن بۆ بنکەی پۆلیس. ئیشەڵا خێر دەبێت.”

هاوسەرەکەی ئۆزگور کایاش دەربارەی دۆزینەوەی هاوسەرەکەی ڕایگەیاند: “هەواڵیان پێداین کە ئۆزگور کایای هاوسەرم ١٠ خولەک پێش ئێستا دەستگیر کراوە”.

جگە لەوە هاوسەری ئێرکان ئیرماک سەبارەت بە دۆزینەوەی هاوسەرەکەی ڕایگەیاند: “سوپاس بۆ خودا هەواڵیان پێداین کە هاوسەرەکەم لە بنکەی پۆلیسە. هەواڵتان پێدەدەم دەربارەی دوایین پێشهاتەکان”.

 

دوو ڕفێندراوەکەی دیکە لە کوێن؟

دوای هاتنی  هەواڵی دڵخۆشکەر سەبارەت بە سالم زەیبەک و ئێرکان ئیرماک و یاسین ئوگان و ئۆزگور کایا، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەکرێت ڕوونکردنەوەی نوێ هەبێت سەبارەت بە دوو ڕفێندراوەکەی دیکە کە بریتین لە موستەفا یڵماز و گۆکهان تورکمەن.

هاوسەرەکەی موستەفا یڵماز نیگەرانی خۆی سەبارەت بە نەبوونی هیچ هەواڵ و زانیارییەک دەربارەی هاوسەرەکەی خستەڕوو، و ڕایگەیاند “چەند پرسیارێک لە مێشکمدا دێن و دەچن… هاوسەرەکەشم کە ناوی لە هەمان دۆسییەدایە و لە کاتی هاوشێوە و بە هەمان شێواز ڕفێندراوە بۆچی ئازاد ناکرێت؟ یاخود ئەگەر شتێکی خراپتان بەسەر هاوسەرەکەمدا هێنابێت؟ چی دەبێت تکایە ئیتر هەواڵێک پێبدەن سەبارەت بە باشی هاوسەرەکەم!!!”

لە لایەکی دیکەوە لە هاشتاگی موستەفا یڵماز لە کوێیە، و گۆکهان تورکمان لە کوێیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کراوەتەوە.

 

 

پەرلەمانتاران چاودێڕی بارودۆخەکە دەکەن

جیهانگیر ئیسلام ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی سەعادەت، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی پێشتریش چەند جارێکی قسەی لەسەر ئەو بابەتە کردبوو، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بۆ ئەو خۆشەویستانەی نیگەران بوون سەبارەت بە بێسەروشوێن بوونی ئەو شەش کەسەی ڕفێندرابوون. ئامانجی من تەنها ئەوەیە کە بێ چەواشەکاری  و تێکدانی ڕاستییەکان ئەو ڕووداوە ڕوون ببێتەوە کێشەکان چارەسەر ببن.  چوار کەس لەو شەش کەسە بێسەروشوێنە دۆزراونەتەوە. بەڵام هێشتا دوو کەسی دیکە بێسەروشوێنن. با چاوەڕێی ڕوونکردنەوەی سبەی پارێزەرەکان بکەین.”

شایانی باسە ئێرکان ئرماک لە ١٦ی شوبات، سالم زەیبەک لە ٢١ ی شوبات، ئۆزگور کایا لە ١٣ی شوبات، و یاسین ئوگان لە ١٣ی شوبات ڕفێندران و لەو کاتەوە بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نەدەزانرا.

جگە لەوە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە، و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی ٢٥ ی تەموز لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی بێسەروشوێن بوونی ئەو شەش کەسە ئەنجامدا و داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە.

 

http://www.tr724.com/kacirilan-salim-zeybek-yasin-ugan-ve-ozgur-kayadan-haber-var/

Show More
Back to top button