هەواڵ

زانا موسوڵمانەکەی پەنسیلڤانیا بۆچی گرنگە بۆ جیهان؟

 

 

جۆن پاڵ پرۆفیسۆر لە بواری مێژووی ئایینەکان بەرهەمێکی بە ناونیشانی (فەتحوڵا گولەن – ژیانێک لە خزمەت / زانا موسوڵمانەکەی پەنسیلڤانیا بۆچی گرنگە بۆ جیهان) ئامادە کردووە و تێیدا باس لە ژیانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەکات لە ڕۆژانی منداڵییەوە هەتا ئێستا و یەکەم کتێبی بایۆگرافییە بە زمانی ئینگلیزی کە باس لە ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا دەکات. جۆن پاڵ یەکەم جار لە ئێوارەخوانێکی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ بزاڤی خزمەت ئاشنابوو، پاشان لە ساڵانی دواتردا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان خوێندنگە و دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەتی بینی و لەگەڵ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئاشنابوو و بەشداری لە کار و چالاکییەکانیاندا دەکرد. جۆن پاڵ زۆر بە وردی بەدواداچوونی بۆ تەواوی ژیانی مامۆستا فەتحوڵا کردووە هەر لە گوندی کۆروجوکەوە کە تێیدا لەدایکبووە هەتا ئەمڕۆ کە لە پەنسیلڤانیا دەمێنێتەوە و لە بەرهەمەکەیدا باس لەوە دەکات کە پەیامی مامۆستا فەتحوڵا گولەن چی دەگەیەنێت بۆ دونیای ئەم ڕۆژگارەمان. جۆن پاڵی نووسەر پێش ئەم بەرهەمەی ٧ کتێبی دیکەی بڵاوبووەتەوە.

لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆماندا کە تەنها بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت سەدان هەزار کەسی بێتاوان خراونەتە ژێر فشارەوە، جۆن پاڵی نووسەر شار بە شار گەڕاوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە لە ئێستادا یان لە زیندانەکاندان یان لە غەریبیدا دەژین یان بەرەو دوامەنزڵی خۆیان گەڕاونەتەوە، لە پێناو ئامادەکردنی ئەو کتێبەیدا.

 

 

جۆن پاڵ لە کتێبەکەیدا باس لە چەند بابەتێکی گرنگ دەکات لەوانە: ئامانجی سەرەکی ئایینی ئیسلام و بزاڤی خزمەت بریتییە لە بەرقەرارکردنی ئاشتی، کرۆکی هەردووکیان بریتییە لە بەها باڵاکان و خزمەتی مرۆڤایەتی، مامۆستا فەتحوڵا گولەن پێش هەموو شتێک کەسایەتییەکی ئایینییە و لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی کار دەکات و پێگەی ئەو لە سەروو سیاسەتەوەیە، ئەو کاریگەری لەسەر مەعنەویات و کەلتور و دابونەریتەکانی جیهان هەیە، گرنگی بە شێوە و ڕواڵەت نادات و لە بنەڕەتدا گرنگی بە ڕۆحی ئایین دەدات، و هاوشێوەی هەموو ئەو کەسانەی بە درێژایی مێژوو کاریان لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی کردووە ئەمیش ڕووبەڕووی ستەملێکردن بووەتەوە.

کتێبەکە بە زمانێکی سادە نووسراوە و هەموو ئەو کەسانەی زمانی ئینگلیزی دەزانن و تامەزرۆن بۆ ئەوەی زانیارییان دەربارەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و کار و چالاکییەکانی دەست بکەوێت، دەتوانن بە ئاسانی بیخوێننەوە. ئێستا ئەم بەرهەمە لە کتێبخانەکان و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و ماڵپەری amazon.com دەست دەکەوێت.

Show More
Back to top button