هەواڵ

زاناکانی داهاتوو لە ئۆڵۆمپیاتی جیهانی رۆمانیا پێشبڕكێدەکەن

 

ئۆڵۆمپیاتی پرۆژەی ئینفۆماتریکس (INFOMATRIX) بۆ ئەو قوتابییانەی کە حەزیان لە تەکنەلۆجیایە دەستیپێکرد. تێیدا قوتابیان پرۆژەکان و دۆزینەوەکانیان پێشکەش دەکەن. ئەمساڵ حەڤدەهەم جارە ئەم ئۆڵۆمپیاتە ڕێکدەخرێت بە بەشداری ٤٩٨ قوتابی لە ٢٩ وڵاتەوە. قوتابییە سەرکەوتووەکان لە رۆژی سێشەممەدا دیارییەکانیان وەردەگرن.

لە بوخارستی پایتەختی رۆمانیا، کۆلێژی بوخارستی نێودەوڵەتی میوانداری پێشبڕکێکە دەکات. ئەم پیشبڕكێیە بە فیناڵەکانی پێشبڕکێ هەرێمییەکان دادەنرێت.  ئەو پرۆژانەی کە لە پێشبڕکێ هەرێمییەکاندا سەرکەوتوو بوون لێرە پێشکەشدەکرێن.

قوتابییەکان لە ستاندەکانی خۆیاندا چاوەڕێ دەکەن و پرۆژەکانیان پێشکەشدەکەن. هەوڵدەدەن میوانەکان و ئەندامانی لیژنەی دادوەری سەرسام بکەن. لە نێو پرۆژەکاندا چەندین داهێنانی سەرنجڕاکێش کراون کە کار و باری رۆژانە زۆر ئاسان دەکەن وەک پرینتەری سێ رەهەندی پێشکەوتوو، ئاپلیکەیشن بۆ شۆفێری سەلامەتی کە شۆفێر بە ئاگادەهێنێتەوە، هەستەوەرێک بۆ ڕێکخستنی بە کارهێنانی ئاو، نەخشە بۆ بەکارهێنەرانی پایسکیل و ئامێری کوژاندنەوەی ئاگر و پرۆگرامی پاراستنی ئاساییشی ئیمەیڵ و دەیان پرۆژەی تر.

 

 

بەشداربووان لە داهاتوودا خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن

پێشبڕکێکە بە بەشداری کردنی وەفدی دیبلۆماسی ٦ وڵات و کاربەدەستانی رۆمانیا دەستیپێکرد. بەشداربووان لە کاتی هاتنە ژوورەوەدا بە ئاڵای وڵاتی خۆیان بە چەپڵەڕێزان پێشوانییان لێکرا. باڵیۆزەکان لەگەڵ قوتابییەکانی وڵاتی خۆیاندا وێنەیان گرت. خۆسێ گوێیێرمۆ ئۆردۆریکا رۆبلێسی باڵیۆزی مەکسیک لە رۆمانیا لە وتاری دەستپێکردندا ئاماژەی بەوەدا کە بەشداربووان لە داهاتوودا خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن. رۆبلێس وتی “فراوانی هێزی خەیاڵی منداڵەکانم بینی. بە چوارچاوەوە چاوەڕوانی تێکەڵبوونی ئەم منداڵانە دەکەم لەگەڵ نوێترین پێشهاتەکانی زانست و تەکنەلۆژیادا.” کۆمگریت ڤاراکامینی باڵیۆزی تایلاندیش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەکنەلۆژیا زۆر گرنگدەبێت بۆ ئاسایش و ئاشتی جیهان لە داهاتوودا.

 

 

لیژنەی دادوەری هەڵسەنگاندن دەکات

لە ماوەی دوو رۆژدا بەشداربووان پرۆژەکانیان پیشانی لیژنەی هەڵسەنگاندن دەدەن و ئەوان بە رەچاوگرتنی پێوەرەکانی تازەیی بیرۆکە و رەسەنی پرۆژە و بەکارهێنانی لە ژیانی رۆژانەدا نمرە دەدەن بە پرۆژەکان. لە پاش نمرەدادانی لە لایەن لیژەنەکەوە، رۆژی سێشەممە بەشداربووانی براوە لە بەشەکانی کۆنترۆڵی کەرەستە، پرۆگرامسازی، هونەری کۆمپیوتەر و کورتە فلیمدا خەڵاتەکانیان وەردەگرن.

پێشبڕکێی پرۆژەی ئینفۆماتریکس (INFOMATRIX) ساڵانە بە جالاکی جیاواز لە نێوان قوتابییانی ئاستی ناوەدنی و دواناوەندی لەسەر ئاستی جیهاندا بەڕێوەدەچێت. شایەنی باسە لە پێشبڕکێکەدا قوتابییانی کورد بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان کردووە و چاوییان لە بردنەوەی پێشبڕکێکەیە. پێشبڕکێکە ئەمڕۆ بە ڕێوەدەچێت و بە مەراسیمی خەڵاتلێنان کۆتایی پێدێت.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/gelecegin-bilisimcileri-romanyadaki-dunya-finallerinde-yarisiyor/

Show More
Back to top button