هەواڵ

رەزا زەراب بازرگانە، ئەوەی کڕیوێتی دەیفرۆشێت!

لە ڕۆژی حەوتەمی دادگای کردنی رەزا زەرابدا، لە کاتێکدا لە هۆڵی دادگا چاوەڕێی دەستپێکردنی دادگاییکردنەکەم دەکرد، لەو شوێنەی بۆ هاوڵاتیان جیا کرابوویەوە، هاوڵاتیەک هات بۆ لام و سڵاوی لێکردم.

ماوەی ٢٠ ساڵ بوو لە ئەمەریکا دەژیا، خاوەنی ڕیستۆرانتێک بوو، مەراقی ئەوە دایگرتبوو کە دادگایەکە بە کوێ دەگات.

منیش لێم پرسی کەوا ڕای ئەو چیە؟

بە ڕستەیەکی کورت و پوخت وەڵامێکی زۆر جوانی دایەوە” ئەم پیاوە بازرگانە، هەرچی پێشتر کڕیبووی ئێستا دەیفرۆشێت”.

لەبەر ئەوەی دادگاییکردنەکە دەستی پێکرد کاتی ئەوەم نەبوو ناوی ئەو هاوڵاتیە بپرسم، بەڵام لە ڕستەیەکدا تەواوی ڕووداوەکەی کورت کردەوە.

رەزا زەراب کە لەگەڵ داواکاری گشتی ڕێکەوتوە دان بە تاوانەکانیدا بنێت، ساڵەهای ساڵە بە بەرتیل پێدان هەرچی سیاسی و بیرۆکراتە کە کڕیبوونی، لە دوای تەواو بوونی کارەکەی ئیستا دەیانفرۆشێت.

بە ڕاستی لە ڕۆژی یەکەمەوە گوێم لە هەر قسەیەکی زەراب گرتوە، بەم ڕستەیەی هاوڵاتیەکە پێناسە دەکرێت.

زەراب باسی لە تەواوی ئەو کەسانە کرد کە بەرتیلی پێداون لە سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەری بانک و ئەو وەزیرانەی لە بەردەم

 

خۆیدا پاڵی خستبوون.

لە هەمان کاتدا بە ئیشتیهایەکی زۆریشەوە ئەم شتانە دەگێڕێتەوە.

زەراب ناوی ئەو کەسەیە کە لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا، وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئێردۆغانی لەبەردەم خۆیدا پاڵ خستووە.

زەراب جارێکیان بە یاریدەدەرەکەی وتووە هەموو کەسێک نرخێکی هەیە، لەمەوە فێری ئەوە کردووە کە بەرتیل بدات بە هەرکەسێک کە بە کەڵکی دێت.

لە تۆمارە دەنگیەکانی دوێنێشدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە لە هەناردە کردنی شتومەکدا لە دەرەوەی وڵاتیش بەرتیلیان داوە، زەراب بە کارمەندێکی خۆی لە وڵاتی چین دەڵێت” من لێرە هەموو کەسێکم بەستۆتەوە، تۆ بۆ ئەمەت پێناکرێت؟ هەموو کەس نرخێکی هەیە، بەرتیلیان پێ بدە و چارەسەریان بکە”.

چی لە زەرابەوە فێربووین؟

ڕۆژی دوێنێ لێپرسینەوەی داواکاری گشتی لەگەڵ رەزا زەراب کۆتای هات.

ئەمە لە ڕوویەکەوە زۆر گرنگە: چوارچێوەی پڕۆسە دادگایەکە دیاریکرا، داواکاری گشتی لە چوارچێوەی هاکان ئەتیلا و بانکی هەڵک دەیهێڵێتەوە.

گەرچی لەم نێوەندەدا هەریەک لە زەفەر چاغلەیان و سولەیمان ئاسڵان و لەڤەنت باڵکانیش دەرچەیەکی دەرباز بوونیان نیە. هەروەها بانکی هەڵک و چەند بانکێکی تریش لە بەردەمی تۆپخانەدان.

ئەوەی لێرەدا مەبەستی منە “ماسیە گەورەکانە”.

پێویست ناکات باسی ئەوەتان بۆ بکەم کە ماسیە گەورەکە کێیە. چونکە لە قسەکانی زەراب و تۆمارە دەنگیەکانیشەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئێران لە ڕێگەی کۆمپانیا وەهمیەکانی ناو بانکی هەڵکەوە، بە فەرمانی ئێردۆغان ئەنجام دراوە.

هەروەها تەواوی ئەم کارانە بە ئاگاداری وەزیری دارایی ئەو کاتە عەلی باباجان ئەنجام دراوە. داواکاری گشتی لێرەدا وەک یاریزانێک وەهایە کە لەبەردەمی گۆڵدا کاتی شوت لێدانی هاتبێت، بەڵام پاس بدات بە یاریزانەکانی چواردەوری و هێرشەکەی خاو بکاتەوە.

بۆ نمونە کاتێک دۆسیەی ئێکسلی ئەو پارانەیان پشاندا کە بە زەفەر چاغڵەیانی وەزیری ئابوری تورکیان دابوو، لە دۆسیەکەدا کۆڵۆمێکی تر هەبوو بە ناوی ” ئەو پارانەی بۆ سەرەوە نێردراوە”، هەموومان چاوەڕێی ئەوە بووین کە باسی ئەو کۆڵۆمەش بکرێت، بەڵام باسی نەکرد.

داواکاری گشتی لە زەرابی نەپرسی ئەم کۆڵۆمەی بە ناوی ” ئەو پارانەی بۆ سەرەوە نێردراوە” مەبەستی لە کێ بووە.

گەرچی بە ڕەنگێکی تایبەتی ئەو کۆڵۆمە ئیشارەتی پێدرابوو.

نمونەیەکی تر لە تۆمارە دەنگیەکاندا، زەراب باسی لەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، فەرمانی ئەوەی پێداون بەردەوامی بدەن بە شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئێران لە ڕێگەی  بانکی هەڵک و زیراعەتەوە. بەڵام داواکاری گشتی هەر هێندەی پرسی کە سەرۆک وەزیران کێبووە؟ زەرابیش لە وەڵامدا وتی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان.

هەمان شت لە بابەتی موعەمەر گولەر و ئەگەمەن باغشیشدا ڕویدا، داواکاری گشتی پێچی بە چواردەوری ئەو بابەتەدا لێدا.

لە کاتێکدا زەراب بە ئیشتیهایەکی زۆرەوە باسی لە بەرتیل پێدانی دەکرد بە سیاسەتمەدارەکانی تورکیا، بەڵام داواکاری گشتی نەیپرسی کە بەرتیلی بە چەند سیاسەتمەدار داوە.

 

هەروەها هەمان شتمان لە بابەتی هەناردەکردنی شتومەک بە شێوازێکی خەیاڵی بینی، داواکاری گشتی ماوەی نیو کاتژمێر پرسیارەکانی لەسەر دوو بانکی ئێرانی چڕ کردەوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە بۆ هێندە ئەم دوو بانکەی بەلاوە گرنگە.

هەموو کەس چاوەڕێی ئەوە بوو لەم دوو بانکەدا شتێک دەرچێت سەبارەت بە بابەتی چەکی ئەتۆمی ئێران، بەڵام لەمەشدا ئاماژە بە هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نەکرا.

دیالۆگێکی سەرسوڕهێنەری تر لە کاتی کۆتایی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیدا بینیمان، سیدهاردها کاماڕوجو داواکاری گشتی دۆسیەکە، لە ڕۆژی کۆتای لێکۆڵینەوەکانیدا تۆمارێکی گەورەی کاغەزی پشانی زەراب داو لێی پرسی ئەمە چیە؟

زەرابیش لە وەڵامدا وتی” ئەمە ئەو قسانەمە لەگەڵ پارێزەرێکم ئەنجاممدا، کە لە ڕوی سیاسیەوە زۆر بەهێز بوو”.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە داواکاری گشتیەوە دەستمان کەوتوە، تۆمارەکان دەگەڕانەوە بۆ ١٧ کانونی ٢٠١٣ کە رەزا زەراب لە زیندان هاتە دەرەوە.

هەموو مان بەم قسانە جۆش و خرۆشێکمان تێکەوت.

ئەم دیالۆگە لە کاتێکدا بوو کە زەراب ئەوەشی ڕاگەیاند لە ١٧ ی کانونی ٢٠١٣ دوای ئەوە زیندانی کرا، بە بەرتیل دان ڕزگاری بووە. بەڵام وەک لە بابەتەکانی پێشووتریشدا بینیمان، داواکاری گشتی بە چواردەوری ئەم بابەتەشیاندا سوڕایەوە.

وەک پێشتریش شرۆڤەی ئەم بابەتەم کرد، گەر لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە تاکتیکی خۆیاندا نەکەن، ئەوا وا دیارە داواکاری گشتی دەیەوێت بابەتەکە لە بانکی هەڵک و هاکان ئەتیلادا سنووردار بکات.

 

سەرەداوی بانگەشەنامەی نوێ لە پرسیارە پێچەوانەکاندا دەرکەوت

ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد بە واتای ئەوە نایەت کە بانگەشەنامەی نوێ نانوسرێت و گومانلێکراوی تر ناخرێتە ناو دۆسیەکەوە.

باشە لە کوێوە ئەمە دەزانین؟

وەڵامی ئەمە لە هۆڵی دادگاوە دەهێنم، بە ئاشکرا لەبەرچاوی هەموو کەس ئاماژە بەمە کرا.

لە نێوان زەراب و داواکاری گشتی ” ڕێکەوتنی سەرتاسەری” هەیە، ئەمەمان لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە بۆ دەرکەوت.

بەم شێوەیە:

کاسی فلەمین کە پارێزەری هاکان ئەتیلایە، لە کاتی ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێکدا بۆ رەزا زەراب، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەر هەیە ناوبراو بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

پارێزەرەکەی ئەتیلا لە یەکێک لە پرسیارەکانیدا وتی” ئایا ڕێکەوتنت لەگەڵ داواکاری گشتی، زانیاری پێدان و شایەتی دانت تەنیا بۆ ئەم دۆسیەیە؟ یاخود لە دۆسیەی تریشدا وەک شایەت ئامادە دەبیت؟”

لە ڕاستیدا پارەی پارێزەرەکە لەلایەن بانکی هەڵکەوە دەدرێت، ڕاستتر وایە بڵێین پارێزەری حکومەتی تورکیایە.

کردنی ئەم پرسیارە لە سەرەتای قسەکانیدا بە ” جوڵەیەکی تاکتیکی” ئەژمار دەکرێت.

هەروەها لە میانەی پرسیارەکانی فلەمیندا ئەوەشمان بۆ دەرکەوت کە زەراب دوای ڕێکەوتنی لەگەڵ پۆلیسی فیدڕاڵی، زانیاری لەسەر شێوازی گەشتکردنی کەسانێکی دیاریکراو پێداون.

پارێزەر فلەمین پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا هەوڵی خستنە تەڵەی کەسێکی دابێت بە ناوی ڕەجایی.

فلەمین پرسی” ئایا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکادا پلانتان بۆ ئەوە دانا کە هاوڵاتیەک بە ناوی رەجایی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستگیر بکەن؟”

زەراب لە وەڵامدا وتی” سەبارەت بە چۆنیەتی گەشتکردنی کەسانی تر، زانیاریم بە پۆلیسی فیدڕاڵی داوە”.

ئەم وەڵامە ئەوەی هێنا بە مێشکماندا کە هاکان ئەتیلاش لەلایەن زەرابەوە بە گیران درابێت.

لە ماوەی ٧ ڕۆژی ڕابردودا ئەوەم بۆ ئاشکرا بوو، کە داواکاری گشتی کارێکی زۆری لەگەڵ زەرابدا ماوە.

 

زەراب ئامێرێکی ڕاستەقینەی ئەنجامدانی تاوانە

لە لیستی تاوانەکانیدا هەموو شتێک هەیە، بەرتیل وەک کارێکی ڕۆتینی زەرابە، تەنیا لە تورکیادا بەرتیلی نەداوە، لە زۆر شوێنی دونیا تەنانەت لە زیندانی ئەمەریکاش بەرتیلی بە پاسەوانەکان بەخشیوە، لە پرسیارەکانی دوێنێدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە زەراب بڕی ٤٥ هەزار دۆلاری وەک بەرتیل داوە بە پاسەوانی گروخانەکەی لە بەرامبەر ئەوەی ” مەشروب و ئافرەت و تەلەفۆن” ی بۆ پەیدا بکات. پارەی بەرتیلەکە، لەلایەن پارێزەرە تورکەکەیەوە بۆی هێنراوە. زەراب هێندە دەستی بە بەرتیل پێدان ڕاهاتووە، پارەی بەرتیلی بە زیندانیەکانی گرتوخانەکەی خۆشی داوە و مۆڵەتی قسەکردن بە تەلەفۆنی ئەوانیشی بەکارهێناوە.

ستراتیژیەتی پارێزەرەکانی ئەتیلا:

دەیانەوێت وەها پشان بدەن کە زەراب کەسێکی درۆزنە و ناکرێت باوەڕ بە قسەکانی بکرێت. پارێزەر فلەمین، ڕۆژی دوێنێ زۆر پرسیاری هاوشێوەی لە زەراب کرد کە دەری بخات ناوبراو درۆزنە.

بۆ نمونە پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا لە تۆمارە فەرمیەکاندا قازانجی ماددی خۆی بە کەمتر پشانداوە، بە مەبەستی ئەوەی باجی کەمتر بدات بە دەوڵەت یاخود نا؟ زەراب لە وەڵامدا وتی ” بێگومان کاری وەهام کردووە”.

لە پرسیارێکی تردا” ئایا لە ساڵی ٢٠١٣ ئافرەتت بۆ کەسانی تر دابین کردوە تاکو کاری فاحیشەیان لەگەڵ بکەن؟”

زەرابیش بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.

پارێزەرەکەی زەراب دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەوە ئەوە دەربخات بۆ هەموو لایەک، کە زەراب تەواوی ژیانی لەو جۆرە تاوانانەدا بەسەر بردووە و کەسێکی متمانە پێکراو نیە.

وەڵامی زەراب لەسەر ئەوەی ئافرەتی بۆ کەسانی تر دابین کردوە لە ساڵی ٢٠١٣، ئەو تۆمارە دەنگیانەی پشت ڕاست کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو کرایەوە.

گیرۆدە بوونی ئەتیلا:

زەراب لە یەکەم ڕۆژی دادگاوە دەیەوێت ئیماژێکی وەها بۆ خۆی دروست بکات کەوا پشان بدات ” بە تەواوی لەگەڵ داواکاری گشتیدا هەماهەنگی ئەنجام دەدات” و هەروەها زۆر بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ دادگا دەکات.

هەموو کاتێک لە کاتی قسەکردندا سەیری چاوی دادوەر ڕیچارد برێمان دەکات و زۆر بەڕێزەوە قسەی لەگەڵ دەکات.

هەروەها هەمان ڕیزیش بەرامبەر پارێزەرەکانی ئەتیلاش پشان دەدات.

کاتێک دێتە هۆڵی دادگا، قۆپچەی چاکەتەکەی دادەخات و سەیری بەردەمی خۆی دەکات، بۆ نمونە لە کاتی هاتنە ناو هۆڵی دادگادا، بە بەردەم هاکان ئەتیلادا دەڕوات، بەڵام سەیری دەموچاوی ئەو ناکات.

ئەتیلاش بە هەمان شێوە لە ڕۆژی یەکەمەوە بە قات و پانتۆڵەوە بەشداری دەکات و هەمیشە وەها دەردەکەوێت کە جەوی زۆر باش بێت. بەڵام پارێزەرەکانی ئەتیلا کێشەیەکی سەرەکیان هەیە: لایەنی بەرامبەر بە تەواوی هەماهەنگە لەگەڵ داواکاری گشتی و باسی هەموو شتێک دەکات بە وردەکاریەکانیەوە و زۆر قسەزانە.

لە پرسیارەکانی پارێزەرەکەی ئەتیلا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە دەیەوێت بڵێت” زەراب کەسێکی درۆزنە و ناکرێت متمانە بە قسەکانی بکرێت” بەڵام فلەمینی پارێزەر هەتا ئیستا لە بەردەم زەرابدا ئاستێکی بەرزی پشان نەداوە.

ئەمەش هۆکارێکی هەیە: هەرچەندە پارێزەرەکە بە فەرمی بەرگری لە ئەتیلا دەکات، لە هەمان کاتدا بە ناڕاستەوخۆ بەرگری لە تورکیاش دەکات، هەربۆیە نازانن زەراب لە وەڵامدا چی دەڵێت و، ترسیان هەیە لە وەڵامەکانیدا شتێک بڵێت کەوا تورکیا بخاتە مەترسیەوە. 

هەربۆیە ڕۆژی یەکەمی بەرگری پارێزەرەکانی ئەتیلا، بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، لە ئاستێکی نزمدا بەڕێوە چوو.

زەراب کاتێک پرسیارەکانی پارێزەری بەو شێوەیە ئاست نزمە بینی، ئیدی زیاتر متمانەی بە خۆی پەیاکرد و تەنانەت لە هەندێک شوێندا هەڵەی قسەکانی پارێزەری ڕاستکردەوە.

بۆ نمونە لە وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانی پارێزەر کە سەبارەت بە هاکان ئەتیلا و بانکی هەڵک کردی، زەراب لە وەڵامدا وتی” من چووزانم، خۆ من پاترۆنی هاکان ئەتیلا نەبووم”.

 

زەراب هەر لە زوەوە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە

لە پرسیارەکانی دوێنێدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە زەراب لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوەوە لەگەڵ داواکاری گشتی کەوتۆتە مامەڵە کردن لەسەر دانپێدانانەکانی.

زەراب زوو زوو پارێزەرەکانی ناردوە بۆ لای داواکاری گشتی و مامەڵەیان لەگەڵ کردووە.

ئیدی لە دوای ئەو بەروارەوە زەراب چاوی بە داواکاری گشتی نەکەوتوە. کاتێک سەیری ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەین ئەوە دەبینین کە ئەم هەواڵە بە بەرپرسانی ئاکەپە گەشتوە، هەر بەو هۆیەشەوە کەوتنە مامەڵە کردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا.

زەراب ماوەی یەک ساڵ چاوی بە داواکاری گشتی نەکەوتوە.

لەو کاتەدا ڕودی جولیانی سەرۆک شارەوانی پێشووی نیویۆرک دەبێتە پارێزەری زەراب و بە مەبەستی قسە کردن لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئێردۆغان، چەند جارێک سەردانی تورکیا دەکات.

ئەم چاوپێکەوتنەی جولیانی گرنگیەکی گەورەی هەبوو، چونکە لە هەمان کاتدا پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپیش هەیە.

دوای ئەو بەروارە ئێردۆغان لە هەموو کۆبونەوەیەکی لەگەڵ موختارەکانی تورکیادا،  بابەتی زەراب دەهێنایە ڕۆژەڤی کۆبونەوەکەوە و، لە هەموو کۆبونەوەیەکی کاربەدەستانی تورکیا و ئەمەریکاشدا باس لەو بابەتە دەکرد.

تەنانەت ئەمینە ئێردۆغانی هاوسەری ئێردۆغان، لە کاتی چاوپێکەوتنی بە هاوسەری جۆو بایدنی یاریدەدەری سەرۆک ئۆباماشدا باسی زەراب دەکرێت و داوا دەکات ئازادی بکەن.

تەواوی ئەم هەوڵانەی ئاکەپە هاوکاتیشە لەگەڵ سەرەتاکانی ڕێکەوتنی نێوان زەراب و داواکاری گشتی.

تەنانەت رەزا زەراب لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆ لەگەڵ داواکاری گشتیدا پێشتر ڕێنەکەوتوە؟ ناوبراو وتی” هیوایەکم هەبوو کە ئاڵوگۆڕم پێ بکرێت لەگەڵ هەندێک زیندانی تردا”.

بە کورتی زەراب لە مانگی ئابی ٢٠١٦ پارێزەرەکەی دەنێرێت بۆ لای داواکاری گشتی و دەمی داواکاری گشتی تاقی دەکاتەوە سەبارەت بە ڕێکەوتن، ئاکەپەش کە ئەمە دەبیستێت، بە تەواوی هێزیان هەوڵی ڕزگارکردنی زەراب دەدەن، دواتر هەوڵ دەدەن ئاڵوگۆڕی پێ بکەن لەگەڵ زیندانیە ئەمەریکیەکانی تورکیادا، کاتێک ئەوەش سەری نەگرت، ئیدی رەزا زەراب لەگەڵ داواکاری گشتیدا ڕێکەوتنی ئەنجامدا.

لەو بەشەی دادگایەکدا ئەم پرسیارانە کرا:

پارێزەر: ماوەی یەک ساڵ چاوەڕێی ئەوە بوون کە لێرە ئازاد بکرێن؟

زەراب: بەڵێ بەڕێزم، هێندەی ئیمکان هەبوو چاوەڕێم کرد.

پارێزەر: ئایا توڕەیت هەیە بەرامبەر هیچ کەسێک کەوا نەیانتوانی لێرە ڕزگارت بکەن؟

 زەراب: من تووڕەیم بەرامبەر کەس نیە بەڕێزم.

 

لە پرسیار و وەڵامەکانی دوێنێدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە زەراب لە دوای ڕێکەوتنی لەگەڵ داواکاری گشتی، ئیدی ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێری خۆی لەگەڵ ئەوان بەسەر دەبات و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە.

زەراب لەو ماوەیەدا تەواوی بەڵگەو زانیاریەکانی خۆی پێداون و لە ٢٦ ی مانگی ١٠ ی ئەمسادا، واژۆ لەسەر دان پێدانانەکانی خۆی دەکات.

لە ڕێکەوتننامەکەدا چەند ماددەیەک هەیە کە ڕێگری دەکەن لەوەی زەراب ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە، هەروەها بە هۆی ئەو تاوانانەی لە تورکیادا ئەنجامی داوە دادگایی ناکرێت و ڕێگەی ئەوەش بە کراوە هێڵدراوەتەوە کە دوای تەواوبوونی کارەکانی لەگەڵ داواکاری گشتی، بتوانێت لە ڕێگەی کەفالەتەوە ئازاد بکرێت.

 

سەروەتەکەی زەراب هەموویانی سەرسام کرد

پاریزەرەکەی ئەتیلا پرسیاری ئەوەی لێکرد کە چەندە پارەی بە هۆی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئێرانەوە بەدەست هێناوە؟ زەراب لە وەڵامدا وتی ” ١٠٠ تا ١٥٠ ملیۆن دۆلار”.

رەزا زەراب لە ماوەی ٧ ڕۆژی ڕابردودا ناوی زۆرێک لەوانەی برد کە بەرتیلی پێداون و تەنانەت هەندێک جار لێشی تێکچووە بە هەڵە پارەی بەرتیلی بۆ کەسانی تر ناردوە، بەڵام لە وەڵامی ئەوەی کە “١٠٠ تا ١٥٠” ملیۆن دۆلاری دەستکەوتوە، تەواوی هۆڵی دادگا کەوتنە پێکەنین؛ ئەوەش بە هۆی جیاوازی زۆری نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دۆلار.

لە بەشێکی تری وەڵامەکانیدا جارێکی تر ئەوەی دووپات کردەوە کە هیچ شتومەکێکی بۆ ئێران هەناردە نەکردوە و هەموو جارێک لەسەر کاغەز بازرگانی ئەنجام داوە.

زەراب دانی بەوەدا نا کە لەسەر کاغەز گەنمی لە دوبەیەوە هەناردوە کردوە بۆ ئێران هەرچەندە لە دوبەی گەنم ناڕوێت!، هەروەها ڕانی مریشک لە ئۆکرانیاوە، سنگی مریشک لە بەرازیلەوە، گوێزی هندی لە مالیزیاوە تەواوی ئەم شتانەشی لەسەر کاغەز ئەنجام داوە.

لێپرسینەوەی پارێزەرەکانی ئەتیلا رۆژی ئەمڕۆ چوارشەممەش بەردەوام دەبێت و ئەگەر زۆرە زانیاری زۆر سەرسوڕهێنەر تر لە دەمی زەرابەوە ببیستین. لە بیرتان نەچێت ئێرە ئەمەریکایە و ئەمەریکاش بە وڵاتی پڕ ماجەرا ناو دەبرێت.

http://www.tr724.com/tuccar-zarrab-aldiklarini-satiyor-haber-izlenim/

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button