هەواڵ

رەبەکا هارمس سەردانی خوێندنگەکانی مەریدیەن دەکات لە ئۆکرانیا

رەبەکا هارمس پەڕلەمانتاری پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا و سیاسەتمەداری ئەڵمانی، سەردانی خوێندنگەکانی مەریدیەنی کرد لە کیەڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

هارمس لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی ئۆکرانیا، چاوی بە هەریەک لە بەڕێوەبەرانی خوێندنگەکانی مەریدیەن و، سەرپەرشتیارانی ناوەندی کەلتوری ئۆکرانیا – تورکیا کەوت و پشتگیری خۆی بۆ خوێندنگەکان و ناوەندە کەلتوریەکە دووپات کردەوە.

ئەم سەردانەی هارمس لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا دوو هاوڵاتی تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن کاربەدەستانی ئۆکرانیاوە ڕادەستی تورکیا کرانەوە.

 

بە گوێرەی هەواڵێکی Ukraynahaber.com هارمس لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سەرپەرشتیارانی خوێندنگە وتوویەتی” من پێشتریش سەردانی ئەم خوێندنگانەم کردووە، لە نزیکەوە ئاگاداری چالاکیەکانیان بووم. بە بۆنەی سەردانەکەمەوە بۆ کیەڤ ویستم سەردانی ئێوەش بکەم و لە کێشەکانتان ئاگادار ببمەوە. وەک یەکێتی ئەوروپا بابەتەکانی ئێوە لە ڕۆژەڤی ئێمەدایە. سەبارەت بەم بابەتەش نامەمان بۆ حکومەتی ئۆکرانیا ناردووە. ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ یارمەتی دانی ئێوە و لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکانی ئێوە دەکەین”.

جێی وەبیرهێنانەوەیە هارمس پێشتریش سەردانی خوێندنگەکانی وڵاتی ئۆکرانیای کرد بوو، سەبارەت بە سەرکەوتنەکانی خوێندنگەکە خۆشحاڵی خۆیی دەربڕیوە و بەڵێنی چاودێری خوێندنگەکانی بە سەرپەرشتیارەکان دابوو.

هارمس لە میانەی سەردانەکەیدا داوا لە کاربەدەستانی ئۆکرانیا دەکات کەوا هەر داواکاریەکی ڕادەستکردنەوەی هاوڵاتیان دەبێت بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەکان و ڕێکارە یاسایەکان و بە شێوەیەکی شەفافانە ئەنجام بدرێت کەوا لەگەڵ ستاندارتەکانی یەکێتی ئەوروپا بگونجێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕادەستکردنەوەی دوو هاوڵاتی تورکیا بە کاربەدەستانی تورکیا لە ڕۆژەڤی مێدیای ئەو وڵاتە جێگەیەکی گەرمی   بۆ خۆی داگیر کرد.

سەرەتا هەندێک لە کاربەدەستانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوەدا کە ئاگایان لە ڕووداوەکە نەبووە و دواتر دانیان بەوەدا نا کە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی یوسف ئینانیان داوە.

بەڵام دواتر داواکاری گشتی ئۆکرانیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە گوێرەی ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان ئۆکرانیا – تورکیا هاوڵاتیەکان ڕادەستکراونەتەوە.

 

Show More
Back to top button