گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

دەوڵەمەندیی ڕاستەقینە!

عاکیف دەڵێت:

 

موسوڵمانێتی له‌ كوێ؟!بگره‌ مرۆڤایەتیش ئێمەی جێهێشتووە

گەر مەبەست فریودانی خەڵکە، کەس فریوی نەخواردووە؛ بێهودە

زۆر موسوڵمانی ڕاستەقینەم بینی، هەموویان لە گۆڕدابوون

موسوڵمانێتیش نازانم لە کوێیە، وابزانم لە ئاسمانەکانە!

 

 

ئەم شیعرە گوزارشتە لە بانگەوازکردن بۆ ڕێگەی ڕاست، دەربڕینی ئەوەیە کە پێویستە بە خۆماندا بچینەوە، دەربڕینی ئەوەیە کە پێویستە ڕووبەڕووی خۆمان بوەستین و جارێکی تر بە خۆماندا بچینەوە…

پێویستە بپرسین کەوا ئایا زیندووین یاخود مردوو؟ لەسەر شاڕێگە ڕاستەکە دەڕۆین یاخود لە هەوراز و نشێوەکاندا خەریکی هەستان و داکەوتنین و هەوڵێ ڕۆشتن دەدەین؟! ئەمە دیار نیە، بە نیسبەت هەندێک کەسەوە، بە نیسبەت هەندێک جوگرافیاوە، دەتوانین ئەمە بە “چەپەڵ بوونی جوگرافیەکان” ناو ببەین، کاتێک ئەو زەمینەی نەشونمای لەسەر دەکرێت چەپەڵ دەبێت، چڵە گەنمەکانی سەر ئەو زەمینەش بە هەمان شێوە چەپەڵ دەردەچن، یەک دانە تۆو یاخود ژەهر، سەرچڵ دەردەکات، کاتێک ژەهر سەرچڵی دەرکرد، ئیدی دەبێت بە بەڵا بەسەر سەری میلەتەوە.

شاعیرێکی گەورەی وەک مەهمەت عاکیفیش کاتێک لەم شتانەی ڕوانیوە وتوویەتی:

موسوڵمانێتی لە کوێ؟ بگره‌ مرۆڤایەتیش ئێمەی جێهێشتووە

 

بە خۆداچوونەوە بە نیسبەت کەسی باوەڕدارەوە شتێکی زۆر گرنگە، گەر مرۆڤ بە دوای هەڵە و تاوانەکانی خۆیدا نەگەڕێت، پێموایە ناتوانێت بە گوێرەی دەردی خۆی ڕەچەتەیەک بدۆزێتەوە. ئەوەی دەبێتە ڕەچەتەی دەردی مرۆڤ تەنیا ئەو ڕەچەتەیەیە کە بەدەستی خۆی دەینوسێت. چونکە ئەوەی نەخۆشیەکە دیاری دەکات، تەنیا لەلایەن خۆیەوە ئەنجام  دەدرێت.

وەک یەکێکیش وتوویەتی:

کۆبوون لە دەورم ئەفلاتون و ئەرستۆ و لوقمان

نەبزیان گرتم یەکە یەکەی پزیشکان

وتیان دەرمانێ نیە هەتا چارەی بکا

 

مرۆڤ پێویستە نەبزی خۆی بپێویێت و گوێ بۆ ترپەی دڵی ڕادێرێت. ئاخۆ لە هەموو لێدانێکیدا دڵ دەڵێت  “هو” یاخود نا؟! خۆ گەر وا نەڵێت ئەوا باشترە چەقۆیەکی پێدا بکات و وەک پارچە گۆشتێک فڕێی بداتە بەردەم سەگەکان!

پێموایە مرۆڤ نابێت ئەو دڵەی چەپەڵ بکات، چونکە لە پشتی ئەو دڵەوە لەتیفەی ڕەببانی هەیە، یەکەم پلیکانەی ڕۆحی لێیە، مرۆڤ لە ڕێگەی دڵەوە بەرەو هەرێمی ڕۆح بەرز دەبێتەوە، لە جیهانی ڕۆحیشەوە بەرەو جیهانی نهێنیەکان بەرز دەبێتەوە، ئیدی وای لێدێت تەماشای زەمینی دەرکەوتەی سیفاتە بێ خەوشەکانی خودا بکات، ئیدی هەمیشە مەست و سەرخۆش لەوێدا دەکەوێت و لە هۆش خۆی دەچێت!

ئەو مرۆڤانەی لە شوێنی خۆیان ناجوڵێن و خەریکی بژاردنی ژمارەن، هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و خۆیشیان بە شتێک دەزانن!

ئێوە – بە نیسبەت زۆرێک لە ئێوەوە – وەک لوتف و چاکەیەکی خودا بەرامبەر ئێوە، سەرکەوتوو بوون لەوەی پلیکانەیەک ببڕن بە پشتیوانی الله…

پێش هەموو شتێک با ئەوەتان عەرز بکەم، هەر هێندەی ئەوەی لەگەڵ زاڵماندا لەسەر هەمان ڕێچکە نین، پێویستە هەزاران سوپاس و ستایشی جەنابی حەق بکەن لەوپەڕی هەستی قوڵی منەتپێزانینتانەوە.

دەبێت بڵێن: هەزاران سوپاس و ستایش بۆ خودا، لەگەڵ ئەو زاڵمانە نەبووین کە مرۆڤەکان قۆڵبەست دەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە و لە هەمان ڕیزی ئەواندا نەبووین. لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەبووین کە بێ ئەوەی گوێ بدەنه‌ حەق و ناحەق، ناحەقی بەرامبەر هەموو کەس دەکەن. لەگەڵ ئەو فیرعەونانە نەبووین کە دایک لە ڕۆڵەکەی جیا دەکەنەوە، لەگەڵ ئیبنی سەلولەکاندا نەبووین!

هەزاران سوپاس و ستایش بۆ الله…

گەرچی -لەوە دەچێت- لەو خاڵەشدا نەبووبین کە پێویست بوو تێیدا بین! بەڵام خودا نەیهێشت لەو خاڵەشدا بین کە مرۆڤ بەرەو هەوراز و نشێوی دەبات، هەزاران سوپاس و ستایش بۆ ئەو بێت، الله هیدایەتی زاڵمان بدات، الله ئەو مونافیقانە لە نەخۆشی دووڕوویی ڕزگار بکات کە ئازاری موسوڵمانان دەدەن!

بەرزیان بکاتەوە بەرەو یەکتاپەرستی ڕاستەقینە.

لە دونیادا هیچ شتێک هێندەی دووڕوویی ناشرین نیە، تەنانەت لە کوفر و هاوەڵدانان بۆ خودا ناشرینترە، هەربۆیە کاتێک قورئانی کەریم باسی ئەوان دەکات دەفەرموێت:

إِنَّ الْمُنَافِقِينَ فِي الدَّرْكِ اْلأَسْفَلِ مِنَ النَّارِ وَلَنْ تَجِدَ لَهُمْ نَصِيرًا

دووڕووەکان لە بنی بنەوەی دۆزەخ و چاڵەکانیدان، هەرگیزا و هەرگیز یاریدەدەرێکیشیان نیە لەو شوێنە، ناشتوانن یاریدەدەرێکیان بۆ بدۆزنەوە، دووڕووی لە کافرێتی و هاوەڵدانان بۆ خودا مەترسیدارترە،  دووڕووی مەترسیدارە، بەڵام لەویش مەترسیدارتر ئەوەیە لە پێناو مونافیقێتی خۆیاندا بەڵگە و ئارگومێنتە دینیەکان بەکاردەهێنن.

بێ ئەوەی دەستنوێژ بگرێت نوێژ دەکات! خۆ پشاندان لەناو ئەو کەسانەی نوێژ دەکەن، یاخود ئارگومێنت و بەڵگەکانی ئیسلام بەکارببرێت، باسی قورئان و سونەت بکرێت، گەر لێی پرسی سورەتی پیرۆزی بقرة باسی چی دەکات؟!

سوێندتان بۆ دەخۆم لەوە دەچێت لە وەڵامدا بڵێن: “لەوەدەچێت باسی بقرة بکات”!

گەر لێی بپرسرێت کەوا سورەتی کەهف باسی چی دەکات؟

نایزانن، سوێندتان بۆ دەخۆم کەوا نایزانن، هەروەها تەنانەت گەر لێیبپرسی سورەتی پیرۆزی “الم تر” پەنجە دەخاتە سەر چەند حەقیقەت و ڕاستی؟ گوزارشتی لە چی کردووە؟

نایزانن، چونکە ئەوانە تەنیا بەشداری کۆرسێکی قورئان خوێندنەوە یاخود لە خوێندنگەیەکی زانستە شەرعیەکان خوێندوویانە و عەرەبیەکی نیوەناچڵ فێربوون، بەڵام هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە خۆیان بگەیەنن بە پلانی پشتەوەی بابەتەکە.

وتوویانە “هێندە بەسە” و کارێکی خراپیان بە خۆیان کردووە، ئەوانەی ئەمڕۆ خراپە بەرامبەر ئێوە ئەنجام دەدەن، بریتین لەو کەسانەی لە ڕابردوودا وتوویانە “هێندە بەسە” و کارێکی خراپیان بە خۆیان کرد.

ئەوانەی وەها پشان دەدەن کە شتێک دەزانن، بەڵام لە ژێر نەزانی خۆیاندا بە جاهیلانە دەپلیشێنەوە!

 

نایزانن…

گەر بڵێی المعوذتین – واتە سورەتی الفلق و الناس- باسی چی دەکات، نایزانن، بە هۆی چیەوە دابەزین؟ پەیوەندی سەردارمان بەو دوو سورەتە موبارەکەوە چۆنی بوو؟ لە کەیدا پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سورەتی “الاخلاص و المعوذتین” دا بەست؟

لە ڕێگەی ئەوانەی دەستی بەرز کردەوە و ڕووی لە دەرگای پەروەردگاری هەموو جیهانیان کرد؟ سەری خستە سەر تای ڕەحمەتی ئەو؟ داوای ڕزگاری کرد؟… باوەڕبکەن نایزانن، ئەمانە نازانن، چونکە ئەمانە لە توێکڵی بابەتەکە زیاتر نەڕۆشتوون، هەرگیز نەگەشتوونەتە کاکڵەکەی، ڕووی ناوەکی بابەتەکە نازانن، تەنیا لە پێناو دەسەڵاتێکی دونیایی، ئەو بەڵگە و ئارگومێنتە موبارەکانە بەکار دەهێنن.

وەک حەزرەتی پیریش فەرمویەتی:

کارە چاکەکان توشی زۆر ڕێگری خراپەکار دەبێت، شەیتانەکان زۆر خۆیان بە خزمەتکارانی ئەم خزمەتەوە خەریک دەکەن، هەربۆیە ئەوانەی ئەم ئارگومێنتە دینیانە بەکاردەهێنن يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا …

ئەمە ئایەتی قورئانە کە دەفەرموێت ئینس و جینەکان، هزرە شەیتانیەکانیان لەسەر شێوازی سیگناڵ و ئاماژە بۆ یەکتری دەنێرن، شەیتانەکانی ناویشیان، وەک فەرمانبەری شرۆڤەکاری سیگناڵ و ئاماژەکان، هەموویان بۆ شی دەکەنەوە، بۆ دڵ و دەمارەخانەی مێشکی مرۆڤەکانی دەنێرن، ئیدی مرۆڤ توشی چەپەڵی دڵ و دەمارەخانەکانی مێشکی دەبێت.

دواتر وەک ئەوەی هیپنۆز کرابێت، دوایان دەکەوێت و لە پشتیانەوە دەڕوات.

بە شێوەیەکی جادولێکراوانە بە ڕاپێچکراوی لە دوای ئەوان دەڕۆن، وەک چۆن مەڕەکان بە دوای گورکەکان دەکەون هەتا بیانخۆن!  کارەکانیان بۆ ئاسانتر دەکەن و لە دوایانەوە بە ڕاپێچکراوی دەڕۆن.

کاتێک سەیری ژیانی گەورەکان دەکەین، لە حەزرەتی ئادەمەوە هەتا حەزرەتی نوح، ئەمانە بژێوی ژیانی خۆیان بە دەستی خۆیان دابین کردووە، گەر نانی ئەمڕۆیان دەست بکەوێت هەرگیز بیریان لە سبەینێ نەکردۆتەوە. وتوویانە:” ڕۆژانە گەر دوو ژەم نان بخۆین دەبێت بە ئیسراف و زێدەڕۆیی، الله لە ڕاستیدا ئێمەی بۆ نان خواردن دروست نەکردووە”، چونکە نیعمەتەکانی دونیا وەک هەنگوینی ژەهراوی وەهان، هێندەی ئەو چێژەی هەیەتی ئازاریشی هەیە!

” مۆڵەتی تامکردن دراوە و مۆڵەتی تێرخواردن نەدراوە”، ئەو دوو دێڕەی کۆتایی قسەی وتەبێژی سەدەیە، نیعمەتەکانی دونیا وەک هەنگوینی ژەهراوی وەهان، هێندەی ئەو چێژەی هەیەتی ئازاریشی هەیە!

كَمْ حَسَّنَتْ لَذَّةً لِلْمَرْءِ قَاتِلَةً * مِنْ حَيْثُ لَمْ يَدْرِ أَنَّ السَّمَّ فِي الدَّسَمِ

 

 

بوسەیری ئەمەی لە هۆنراوەکەیدا وتووە. زۆرجار ژەهری کوشندە بۆ کوشتنی مرۆڤەکان بەکارهاتووە، داماوە نازانێت کەوا ژەهریان بۆ کردۆتەوە ناو هەنگوین! کاتێک دەیبەیت بۆ زمانت تامی ئەو هەنگوینە دەکەیت،  بەڵام کاتێک دەچێتە گەدەتەوە، ژەهرەکە کاری خۆی ئەنجام دەدات و لەگەڵ خۆی دەتبات!

بەڵێ چێژە دونیایەکانیش هەمان چەشنن، بەم تێبینی و هزر و فەلسەفەی ژیانەوە هەنگاویان هەڵگرتووە و لەو کاتەی دەسەڵاتیان لە ترۆپکی خۆیشیدا بووە، هەرگیز سازشیان لەسەر ئەم وردەکاریانە نەکردووە.

حەزرەتی داود لە ڕێگەی ئەوەی قەڵغانی بە دەستەکانی خۆی دروست دەکرد، بژێوی ژیانی پەیدا دەکرد، زۆر جار دوورەپەرێز لە مرۆڤەکان دەژیا و جگە لەو کاتانەی کارەکانی دەوڵەتی بەڕێوەدەبرد، هەمیشە لە خەڵوەتدا ژیانی بەسەر دەبرد، لە حەدیسی قودسیدا هاتووە کەوا جەنابی حەق پێی فەرمووە: ئەی داود لەبەرچی چوویتە خەڵوەتەوە؟

گەر بڵێم بۆ ئەوەی لەگەڵ جەنابی حەقدا بە تەنیا بمێنێتەوە – ئیدی نازانم ئەم دەربڕینە گونجاوە– بۆ ئەوەی لەگەڵ خودا (معیة) بژی، بۆ ئەوەی هاودەمی “حضیرة القدس” بێت، ئێ خۆ ئێمەش هەمان شت ناخوازین؟ اَللَّهُمَّ تَوَجُّهَكَ، وَنَفَحَاتِكَ، وَأُنْسَكَ، وَقُرْبَكَ، وَمَعِيَّتَكَ، ئەمە ناڵێین؟

لوتکەیەکی وەها بەرز بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و لەوێ دەژی، جەنابی حەق وەک ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان، فەرمانی پێدەکات کەوا بگەڕێتەوە ناو مرۆڤەکان.

وابزنم پێشتر ده‌رباره‌ی پرسیارێك ئاماژه‌م پێكردبوو؛ پرسیبووتان: کەوا ئایا خۆ جیاکردنەوە لە مرۆڤەکان و ژیان لە خەڵوەتگەدا باشە یاخود لەناو مرۆڤەکاندا بمێننەوە و بەرگەی ئەزیەت و ئازارەکانیان بگرین؟

بەڕای من گەر مرۆڤ بە مانەوەی لەناو مرۆڤەکاندا بتوانێت سوودیان پێبگەیەنێت، گەر ببێتە هۆکاری ئەوەی گۆڕانکاری لە ئاسۆیاندا بکات، گەر تێڕوانینی مرۆڤەکان ئاڕاستەی خۆر بکات، گەر ببێتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤەکان سێبەری خۆیان بخەنە پشتیانەوە، پێویستە لەناو مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە، بەرگەی ئەو شتانەش بگرێت کە لە مرۆڤەکانەوە دێت.

ئەمە ئەرک و پیشەی ئێوەیە و چوارچێوەی پیشەی ئێوە دەکێشێت و، پێتان دەڵێت کەوا دەبێت لەم ڕێگەیەوە بڕۆن.

دیسان با وتەیەکی تری وتەبێژی سەدە بهێنینەوە:

پێویستە دونیا لە دڵەوە تەرک بکەین نەک لە ڕووی بەدەستهێنانەوە.

دەشێت دونیا بەدەستبهێنن و بێت بۆلاتان، حەزرەتی عوسمان یەکێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر، لە دەوڵەمەندترینی سەردەمەکەی خۆی بوو، حەزرەتی عەبدوڕەحمانی کوڕی حەوف، لە دەوڵەمەندترینی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام گەر ئەو دەوڵەمەندیە کەمێک لە دڵەکاندا جێگای خۆی بکاتەوە کەوا هەستی پێبکرێت، پەنا بە خودا، مرۆڤ توشی سنگە خشکێ دەکات، هەربۆیە سەردارمان سەبارەت بەو هاوەڵانەی کە هێندەی چاوی خۆشی دەویستن، ئەوانەی مژدەی بەهەشتی پێدابوون دەڵێت:

من هاوەڵانی خۆمم بینی کەوا دەچوونە بەهەشت، بەڵام عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف بە سنگەخشکێ دەچووە بەهەشتەوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوو، ئەویش کاتێک ئەمەی بیست – گیانم بە قوربانی بێت – تەواوی سەروەتەکەی لە ڕێگەی خودادا بەخشی، وتی گەر ئەم سەروەتە لەو دونیا توشی سنگە خشکێم بکەن، ئەوا بیبەخشم باشترە…

هەربۆیە دەشێت کەسێکی زۆر دەوڵەمەند بیت، بەڵام لەو بابەتەدا هێندە پەیوەندی دڵتان لاوازە بە سەروەت و سامانەکەوە، هەتا مرۆڤەکان زیاتر ڕووتان لێبکەن زیاتر بێزتان دێتەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەتا سەروەتەکەت زیاتر دەبێت، بێزکردنەوەشتان بەو ڕادەیە زیاد دەبێت.

وات لێدێت دەڵێیت: چیبکەم هەتا خۆم لەم سەروەت و سامانە ڕزگار بکەم، غەزالی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم بابەتە کردووە و لە لوتکەو ترۆپکدا بابەتەکەی هەڵسەنگاندووە، دەڵێت گەر مرۆڤ نان و ڕۆزی ڕۆژێکی هەبێت، هەوڵدانی بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژی دواتر، هەڵپە و تەماعە!

بە نیسبەت هەندێکیشەوە ئەوانەی لە پلەی دووهەمدان، پەیداکردنی مانگی داهاتوو هەڵپەیە، بە نیسبەت هەندێکی تریشەوە پەیداکردنی نانی ساڵی دواتر بە هەڵپە و تەماع ئەژمار دەکرێت، ئەمەش ئاستی خواری خوارەوەیە!

بەڵام ئەمە وابەستەی پەیوەندی دڵە، کەسانێک دەڵێن ” با هەمان بێت، کەس نازانێت چی دەبێت و چی نابێت”، ئاخر کاتێک الله هەیە، ئیدی شتێک بە ناوی “نابێت” بوونی نیە، دەبێت هەموو شتێک لە ڕێچکەی ” بووندا” هەڵبسەنگێنیت کاتێک الله هەیە، کاتێک الله هەبێت ئیدی ناتوانیت بڵێیت ” چی دەبێت و چی نابێت”.

حەزرەتی غەزالی لە ڕووی ناسکی و وردی خۆیەوە بەم شێوەیە لە بابەتەکەی ڕوانیوە، بەڵام گەر مرۆڤ لەو بابەتەدا بە بێ ئەوەی هەڵپەی بۆ بکات، رزق و ڕۆزی بەسەردا ببارێت، دەڵێت: “با بۆ خۆی هەربێت”، بەڵام لەوە دەچێت ڕۆژێک لەلایەن دزانەوە دەستی بەسەردا بگیرێت! وەک چۆن چەتەکانی ڕۆژگار بە چەشنی چەتەکانی عەلی بابا هاتن و دەستیان بەسەر ماڵی میلەتدا گرت و بەسەریەوە نیشتنەوە.

 

 

 

 

دۆستێکی خۆشەویستمان، بە هۆی ئەوەی لەلای یەکێک کاری کردبوو، هەندێک شتی دەستکەوتبوو، دواتر بەو سەروەتەی مزگەوتی دروست کرد، کۆرسی فێربوونی قورئانی کردەوە، یارمەتی چەندین مرۆڤی دەدا، شتی وەهای ئەنجامدا، کە تەنانەت هەزار باوەڕداری جوامێریش ئەنجامیان نەدابوو، بەڵام چەتەکان لە پڕێکدا هاتن و بەسەر هەموویانەوە نیشتنەوە، بەڵام لە خوانێکی ئێوارەدا، بۆ ئەوەی دڵی من خۆش بکات، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: مامۆستا جا چیە، الله پێیدام و الله خۆی بردیەوە!

الله پێیدام و الله خۆی بردیەوە.

ئەم کەسە سەروەتەکە لە سینەی دانەنیشتووە، ئەو فەرمانڕەوا بووە بەسەر ئەوانەوە و سەروەتەکەی نەیتوانیوە ببێتە فەرمانڕەوای ئەو…

ئەو سەروەتەکەی وەک دیل و کۆیلە بەکارهێناوە، بەڵام وەک دیل و کۆیلە نەچۆتە ژێر فەرمانی ئەوانەوە، لە سایەی ئەوەی وەک مرۆڤێک بەندایەتی بۆ الله کردووە، توانیوێتی پارێزگاری لە ئازادی خۆی بکات، یەکێک لە گەورەترین نیعمەت و ئەو پایانەی کە خودا بە منی بەخشیوە ئەوەیە بە ئازادی هێناویەتمە بوون. ئازادی منیش لە ڕێگەی بەندایەتیکردن بۆ خوداوە تێدەپەڕێت، ئەوەی بە ڕاستی نەبێت بە به‌نده‌ی خودا، دەبێت بە بەندەی هەزار شتی جۆراو جۆر!

بە چەشنی ئەوانەی له‌ ئێستادا لە دوای “نازانم کێوە” بە سنگەخشکێ دەڕۆن، گیرۆدەی جادولێکراوی بوون، ئەو داماوانە بوونەتە بەندەی هەزار شتی هەمەچەشنە و لە شیرک و هاوەڵدانان بۆ خودادان، لەناو شیرکدا خەریکی مەلە کردنن و ناوی الله ش ببەن هەر موشریکن و ناوی پێغەمبەریش ببەن هەر موشریک، باسی قورئانیش بکەن هەر موشریک، باسی کیتابیش بکەن هەر موشریکن، بە ڕاشکاوانە ئەمە دەڵێم.

هاوەڵگەرن و هاوەڵیان بۆ خودا داناوە، پێغەمبەری خوداش بەو کەسەی خەریکی ڕیا و ڕووپاماییە دەڵێت ”موشریک.” دەفەرموێت:

إِنَّ أَخْوَفَ مَا أَخَافُ عَلَيْكُمْ الشِّرْكُ الْأَصْغَرُ، ئەم بابەتە لە “تنبیه الغافلین” لە بابی ئیخلاسدا باسی لێوە کراوە، إِنَّ أَخْوَفَ مَا أَخَافُ عَلَيْكُمْ الشِّرْكُ الْأَصْغَرُ

 

ئەوانیش وتیان : وَمَا الشِّرْكُ اْلأَصْغَرُ ؟

ئەویش فەرموی: اَلرِّيَاءُ…

وتیان شیرکی بچوک چیە؟ ئەویش فەرمووی ڕیا.

خۆنیشاندان، خوابە گەورەپشاندان، لەخۆڕازیبوون، شانازی بە خۆوەکردن، پۆزلێدان بەسەر خەڵکدا، خۆ بە گەورەزانین، لوتبەرزی، شانازی کردن بەسەر خەڵکدا، ڕۆشتن بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشاوی(درع)، خۆ دەرخستن لەناو خەڵکدا، ڕۆشتن بە هەزاران پاسەوانەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر،  ئه‌وانه‌ی ئەمانە دەکەن کۆیلەکانی ڕووپامایی کردنن،  ئەوانەی لە ژێر پاڵنەرەکانی شەیتاندا بوونەتە بەندە.

بەڵێ، سەروەتێکی لەو شێوەیە بەڵای خودایە، هەروەها ئەو شتەشی کە پێغەمبەری خودا پەنای ە خودا لێگرتووە هەر ئەمە بووە.

ئەمە ئەو سەروەتەیە کە بوسەیری لە هۆنراوەکەیدا بەو هەنگوینە ناوی دەبات کە ژەهری تیدایە.

هەربۆیە مرۆڤ دەبێت لە ڕووی دڵیەوە هەژارانە بژی و، گەر سەروەت لە خۆیەوە ڕووی تێکرد با بێت، دواتر ئەو سەروەتەی بۆی دێت بە لەپی دەستی توڕی دەدات و دەڵێت بڕۆن لەبەر خاتری خودا، مەبن بە بەڵا بەسەرمەوە، بەڵام گەر هەر خۆیان مانەوە، ئەوا لە ڕێگەی بەخشینەوە بە کەسانی تر سەرفی دەکات، وەک دایکە عائیشەمان دەگێڕێتەوە، کەوا سەردارمان هەرچیەکی دەست بکەوتایە دەیبەخشی، بەڵام ئەو دایکە موبارەکەمان دەفەرموێت کەوا جاری وەها هەبووە، ماوەی ٣ مانگ تێپەڕیوە و ئاوێکیان گەرم نەکردووە و  چێشتێکیان لێنەناوە…

عوروەش لێی دەپرسێت، کە کوڕی خوشکە گەورەکەیەتی، دەڵێت ئەی پوڕە بەچی دەژیان؟

ئەویش دەڵێت بە دوو شتە ڕەشەکە…

ئەمە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەڵێن باسکردنی شتێک بە شێوەی “تغلیب” واتە پێشخستنی شتێک بەسەر ئەوی تردا کە لێوەی نزیکە، کاتێک خورما و ئاو کۆیان دەکەیتەوە، ئەو کاتە بە “الاسودین” ناویان دەبەیت.

دەفەرموێت بە ئاو و خورما دەژیاین.

هەربۆیە دەشێت کەسێک لە لە ترساندا  بڵێت: ئامان ماڵی دونیا نەیەت بەلامدا و نەکات واملێبکات دونیا خۆشەویست ببێت لەلام، گەر واملێبکات لە خودا دوور بکەومەوە، پەنا بە خودا، ” با هەر نەبێت” ، لە زمانی ئێمەدا بەم شێوەیە بابەتەکە دەردەبڕین ” دوا بڕاو بێت” یاخود ” دوای بە بڕین بچێت”.

شتێکی هەیە کە نەبوونی نابێت و قبوڵکراو نیە، ئەویش ڕەزامەندی جەنابی حەقە، ئەوە گەر نەبێت نابێت!

بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەمیان ” دوای بە بڕین بچێت”.

“دوا بڕاو بێت”.

هەربۆیە دەفەرموێت:

هەژارەکانی ئومەتی من ٥٠٠ ساڵ لە پێش دەوڵەمەندەکانیەوە دەچنە بەهەشت.

کەواتە ئەوانەی تر یان لە مەیدانی مەحشەر چاوەڕێ دەکەن، یاخود لە ئەعرافدا دەیانوەستێنن.

ئەویش شوێنێکە لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا. بەڵێ لە قورئانی کەریمدا ڕاڤەی جیاواز هەیە سەبارەت بە ئەعراف…

 

 

جەمیل مەریچی ڕەحمەتیش بە مەبەستی گوزارشت کردن لە حاڵی زۆرێک لەو باوەڕدارانەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کە لەو نێوەندەدا گیریان خواردووە، بە  ئەوانەی لە “ئەعرافدان” ناوی دەبردن، ئەوانەی لە ئەعرافدان.

نە ئەوەتا بە تەواوی لەملا بێت و نە ئەوەتا بە تەواوی لەولا بێت.

يَدْخُلُ فُقَرَاءُ أُمَّتِي الْجَنَّةَ قَبْلَ أَغْنِيَائِهِمْ بِنِصْفِ يَوْمٍ مِنْ خَمْسِ مِائَةٍ عَامٍ

لە شوێنێکی تریشدا کە جیاوازە لەم گێڕانەوەیە، سەردارمان دەفەرموێت:

اللَّهُمَّ أَحْيِنِي مِسْكِينًا، وَأَمِتْنِي مِسْكِينًا، وَاحْشُرْنِي فِي زُمْرَةِ الْمَسَاكِينِ

خودایە بە نەداری بمژیەنە – ئەمە لە کەسێکی هەژاریش زیاتر هەژارە – واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان کەسێک دەگرێتەوە کە لەسەر پێخەفێکی حەسیر یاخود لەسەر گڵ دەخەوێت، کەسێکە بە بێ دۆشەک و سەرین بخەوێت، هەربۆیە کاتێک باسی سەرداری مرۆڤایەتی دەکەن، دەڵێن هیچ کاتێک لەسەر دۆشەکێکی نەرم نەخەوتووە، بەسەرهاتەکەی حەزرەتی عومەر زۆر بەناوبانگە، دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیدا گرفتێک ڕوو دەدات و حەزرەتی عومەریش بەمە دەزانێت، حەزرەتی ئەبوبەکریش بە دوایدا دەڕوات و یەخەی کچەکەی خۆی دەگرێت، یەخەی دایکە عائیشەمان، ئەو دایکە موبارەکەمان، حەزرەتی عومەریش یەخەی دایکە حه‌فصه دەگرێت چونکە ئەویش کچی خۆی بوو، دەڵێت: تۆ چۆن سەرداری من دەڕەنجێنیت؟!

دواتر لەو شوێنە بچوکەی خۆی کە هێندەی کوخێکە، حەزرەتی عومەر دەچێتە ژوورەوە و دەبینێت کەوا سەردارمان پاڵکەوتووە لەوێدا، کاتێک هەستایە سەر پێ، شوێنجێگەی حەسیرەکە لەسەر لاشەی جێمابوو، حەزرەتی عومەریش ناتوانێت بەر بە فرمێسکی چاوەکانی بگرێت و دەست دەکات بە گریان.

سەرداریشمان دەفەرموێت: لەبەرچی دەگریت ئەی عومەر؟

لە وەڵامدا دەڵێت: کیسرا و کەیخوسرەو  و ئیمبراتۆرەکانی فارس و ڕۆم، لەناو فڵان و فیسار باق و بریقدا دەژین، گەر بە واتاکەی ئەمڕۆ باسی بکەین – وەک چۆن لە هەموو فیرعەونەکاندا ئەم شتانە هەروەک یەکە – وەک ئەوە وەهایە بڵێی ئەوان بە  سەیارەی درعەوە دەگەڕێن، لەسەر پشتی ئەسپگەلێک دەڕۆن کە کۆپانەکانیان لە زێڕە، سەڵتەنەتی ئەو سەردەمە بەو شێوەیە بوو، بە سەد دانه‌ یاوەر و ماوەر و پاسەوانەوە دەڕۆشتن، بەڵام تۆ پێغەمبەری خودا و خۆشەویستی خودای، پێغەمبەرێکی خاوەن شکۆی…

ئەویش بێ ئەوەی هیچ لە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت وتی:

أَمَا تَرْضَى أَنْ تَكُونَ لَهُمُ الدُّنْيَا وَلَنَا الْآخِرَةُ

ئەی عومەر بەوە ڕازی نابیت ژیانی دونیا بۆ ئەوان بێت و ژیانی ئاخیرەتیش بۆ ئێمە!

 

اللَّهُمَّ أَحْيِنِي مِسْكِينًا، خودایە وەک نەدارێک بمژیەنە، وَأَمِتْنِي مِسْكِينًا، وەک نەدارێکیش بممرێنە…

 

ئیدی نازانم لە کاتی وەفاتیدا چۆن کفنێکیان بۆ دۆزیەوە، لەو کاتەی بەرەو لوتکەی ڕۆحی هەڵفڕی نازانم لە چۆن کفنێکەوە پێچایان…

وەک لە بەسەرهاتەکەی حەزرەتی موصعەبدا، هاوەڵان بە گریانەوە دەیگێڕنەوە،  کاتێک لە جەنگی ئوحوددا لەبەردەم پێغەمبەرماندا وەک قەڵغانێک دەوەستێت، سەردەمێکیش وتەبێژی پێغەمبەر بوو، لە ماوەی یەک ساڵدا، لە مرۆڤە سەرکەشەکانی مەدینە، لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر و لاو، ٧٠ مرۆڤ لەسەر دەستی موسوڵمان بوون و لەگەڵ خۆیدا هێنانی بۆ عەقەبە،  گەنجێک بوو تێرت لە سەیری دەموچاوی نەدەخوارد، هەروەک یوسفی دووهەم بوو، بەڵام شتێکی بە ناوی چێژ و لەزەتی دونیاییەوە نەدەزانی، تەمەنی هەمووی لەبەردەم پێغەمبەری خودادا بردە سەر، بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دایکیدا  بردیە سەر، لە مەدینەش لە ڕێگەی باوەشکردنی بە مەرگدا تەمەنی تەواو کرد، سەرەڕای ئەوەی شمشێرەکان قەوسیان لەسەر سەری دەنەخشاند، بێ ئەوەی گوێ بەمە بدات، ئەوەی پێویست بوو بیڵێت گەیاندی، لە جەنگی ئوحودیشدا لە بەردەم سەردارماندا دوا قارەمانی و فیداکاری خۆی نواند، دەست و قۆڵیان قرتاند و قاچ و سەریان قرتاند و هیچی نەمابوو،     وتیان با لە کفنێکی بئاڵێنین و بینێژین، بەڵام هەرچەندە گەڕان نەیانتوانی کفنێکی بۆ بدۆزنەوە، هاوەڵان دەگێڕنەوە کە کاتێک سەریان بە کفنەکەی داپۆشیوە قاچەکانی دەرکەوتووە و کاتێک قاچەکانیان داپۆشیوە سەری دەرکەوتووە.

ئەوان بەم شێوەیە ژیان، سەبارەت بە ژیانی ڕاستەقینە نمونەیەکی ڕاستەقینەیان خستە ڕوو، وتیان ژیانی ڕاستەقینە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا بێت!

وا دەزانم پێغەمبەری خوداشیان لە کفنێکی هاوشێوەدا ناشت، لەوە دەچێت گەڕابێتن و کفنێکیان بۆ دۆزیبێتەوە، قوربانی بم،  ئێمە لە ڕووی بیرکردنەوەی خۆمانەوە دەڵێین: خۆزگە لە کفنێکیان بئاڵاندایە کە بە  زومرود و زەبەرجەد و ئاڵتون و زیوی نەخشابووایە، بەو شێوەیە ئێوەمان لە باوەشی نەمریدا دابنایە، بەو شێوەیە بەرەو لوتکەی ڕۆحت بفڕیتایە، بەڵام پێموایە ئەو بەو جۆرە شتانە ڕازی نەدەبوو، گەر لە خۆیت بپرسیایە لە وەڵامدا دەیوت: نەخێر من لەم حاڵەم ڕازیم!

 

 

 

 

 

 

 

 

پێی دەوتین : گەر منتان بە کراسەکەی بەرمەوە بناشتایە، ئەو کاتە خۆشحاڵ دەبووم، چونکە  خۆی وا دەفەرموێت : وەک نەدارێک بمژیەنە و وەک نەدارێک بممرێنە،  وَاحْشُرْنِي فِي زُمْرَةِ الْمَسَاكِينِ

لە کۆمەڵەی نەداراندا حەشر و نەشرم بکە، ئەمە نزای خۆیەتی، ئەم بابەتە گوزارشتە لەوەی هەژاریت لە دڵەوە بوێت و دونیاش بە لەپی دەستت توڕ بدەیت، ئەوەیە بە داخراوی بە ڕووی دونیا و ئەوەی تێیدایە بژیت، وەک وتوویانە:

عارف کەسێک نیە کە دەزانێت دونیا و ئەوەی تێیدایە چیە

عارف ئەوەیە کە نەزانێت دونیا و ئەوەی تێدایە چیە

بەم شێوەیە دەبیت بە عارف، کەسێکە لەسەرو زاهیدەوە، دەشتوانن بڵێن:

عاشق نیە ئەوەی بزانێت دونیا و ئەوەی تێیدایە چیە

عاشق ئەوەیە نەزانێت دونیا و ئەوەی تێیدایە چیە!

خاوەنی تامەزرۆیی خودا ئەوەیە نەزانێت دونیا و ئەوەی تێیدایە چیە!

کەسێکە بەو شێوەیە ژیاوە و وەک قومریەک بەرەو ئاسۆی ڕۆحی هەڵفڕیوە.

جەنابی حەق ئەمەش بە ئێمە ببەخشێت، بەو ڕۆحەوە سەرفرازمان بکات.

ئەمە گوزارشتە لەوەی لە ڕووی دڵمانەوە پاڵ بنێین بە تەواوی ئەو شتانەی کە پێویستە پاڵیان پێوە بنێین، بەڵام بە نیسبەت هەندێک کەسیشەوە وتراوە:

كَادَ الْفَقْرُ أَنْ يَكُونَ كُفْرًا

واتە هەژاری زۆر نزیکە لەوەی کوفر بێت،”کاد” لە زمانی عەرەبیدا بە نیسبەت ئەوانەی زمان دەزانن ئاشکرایە کە بە واتای “خەریکە یاخود زۆر نزیکە” دێت، بە “افعال المقربة” ناو دەبرێت، واتای “خەریکە” دەگەیەنێت، یاخود “زۆر نزیکە”، واتە هەژاری شتێکە کە وەک یاخود خەریکە بە کوفر ئەژمار بکرێت، پەنا بە خودا، گەر مرۆڤێک قەناعەت بەوە نەکات کە خودا پێی بەخشیوە، گەر تەنانەت ڕۆژانە یەک ژەم خواردنی هەبێت، گەر ئەمە بە نیعمەتێکی خودا نەزانێت، تەنانەت گەر لە دوو ڕۆژدا یەک ژەم خواردنی هەبێت، گەر بە لوتفێکی خودا لەگەڵ خۆیدا نەیبینێت، پەنا بە خودا، واتە کەسێک بێت کە قەناعەت بە هیچ نەکات،   مرۆڤێک کەوا هیچ نیعمەتێکی خودا بەسەر خۆیەوە نابینێت، بە واتای ئەوە دێت کە ڕوو سەرەولێژ بەرەو کوفر وەستاوە و لە کەناریدا وەستاوە، بە واتای ئەوە دێت کە خەریکە دەکەوێتە ئەو چاڵەوە!

سەیرکەن ئەم دوو بابەتە زۆر جیاوازن لە یەکتری، یەکێکیان بەو شتانەی قەناعەت دەهێنێت بەو شتانەی کە پێویستە و جگە لە ڕەزامەندی خودا هەموو شتێک بە لەپی دەستی توڕ دەدات، بە پێچەوانەوەی ئەمەوە کەسێکی تری چاوبرسی هەیە، قەناعەتی بەو شتانە نیە کە خودا پێیبەخشیوە، هەمیشە دەڵێت ” لەمە زیاتر نیە؟”،  یەکەمیان بە ناوی خۆشەویستی و ناسینی خوداوە دەڵێت “لەمە زیاتر نیە؟!”، ناسینی خودا لەمە زیاتر نیە؟، عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە خودا لەمە زیاتر نیە؟،  ئەوی تریشیان چەشنی قارونە کە تێر خواردنی بۆ نیە، سەرداریشمان سەبارەت بەو جۆرە کەسانە دەفەرموێت:

گەر دوو شاخ ئاڵتون بدەیت بە مرۆڤ، داوای سێهەمیشت لێدەکات!

پەنا بە خودا کەسانێکی لەم چەشنە هەیە کە قەناعەتیان نیە بەوەی خودا پێیبەخشیون و هەمیشە دەڵێن ” لەمە زیاتر نیە؟!”.

سەرەڕای ئەوەی گەشتووە بە تەواوی ئەو شتانە، دانەیەک بە بەس نازانێت و دانەیەکی تریشی پێ بەس نیە و دوای ئەویشی پێ بەس نیە…

تەنانەت گەر یەکێک لەو شتانەی پێیبەخشراوە لە دەستی بچێت، لەوە دەچێت بەرامبەر جەنابی حەق بکەوێتە کوفریشەوە و کەسانێکی بێ نمەکی لەو شێوەیەش هەیە!

هەربۆیە سەردارمان سەبارەت بەم جۆرە کەسانە دەڵێت:

كَادَ الْفَقْرُ أَنْ يَكُونَ كُفْرًا

 

هەربۆیە پێویستە دونیا لە دڵەوە نەک لە ڕووی بەدەستهێنانەوە تەرک بکەین…

کاتێک دونیا هاتە بەردەستت لە شوێنێکدا کۆی بکەوە، بەڵام ئەمە دەبێت بە مەبەستی ئەوەی بە کەسانێکی تری ببەخشیت و برسیەکانی پێ تێر بکەیت و ڕابکەیت بە دەم یارمەتی هەژارانەوە و بە چەشنی حەزرەتی عوسمان و حەزرەتی عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف…

چەشنی حەزرەتی ئەبوبەکر.

لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام کاتێک کردیانە خەلیفە، لە ناوچەیەکی دەرەوەی مەدینە دەژیا بە ناوی سونح، چونکە پارەی نەبوو لەناو مەدینەدا خانوویەک بکڕێت یان بە کرێ تێیدا دانیشێت، هەربۆیە لە دووری ٥ کیلۆمەتر لە دەرەوەی مەدینە دەژیا، تەنانەت کاتێک کراش بە خەلیفە، هێشتا لە سونح لە ڕێگەی دۆشینی مەڕەکانەوە بژێوی ژیانی پەیدا دەکرد، خەلیفە بوو بەڵام مەڕوماڵاتی خەڵکی دەدۆشت، دەیوت من ناتوانم دەست بۆ ماڵی خەڵک ببەم، خۆ گەر ئەو شتانەی بۆیان دەهێنا قبوڵی بکردایە، ئەویش دەستێکی لە هەنگوین و دەستێکی لە قەیماغدا دەبوو.

بەڵام ئەو چاوی لەسەر شتێکی تر بوو، کاتێک بەرەو لوتکەی ئاسۆی ڕۆحی گەڕایەوە، وتی لە ماڵەکەمدا گۆزەیەک هەیە بیبەن بۆ ئەو کەسەی لە دوای من دەبێت بە خەلیفە، واتە ببرێت بۆ حەزرەتی عومەر کە وەک خەلیفە لە دوای ئەو هەڵیان بژارد، کاتێک گۆزەکەی تەسلیم دەکەن، دەیشکێنێت و لە ناوی نامەیەک دەبینێت، لە ناوی نوسراوە…

 لە نامەکەدا نوسراوە: ئێوە موچەیەکتان بۆ من بڕیەوە بە گوێرەی ئاستی چینی مامناوەندی خەڵک یاخود چینی خوارەوە، بەڵام من خۆم بەدواداچونم بۆ کرد، تێبینی ئەوەم کرد کە موچەکەی من زیاترە لە چینی خوارەوەی خەڵک، لەبەر ئەوەی منیش نابێت لە خەڵکی ئاسایی موچەم زیاتر بێت، ئەو موچە زیادەی بۆ منتان بڕیوەتەوە، لەم گۆزەیەدا دامناوە و ئەمە بخەنەوە گەنجینەی دەوڵەت و لە دوای وەفاتی خۆم بیدەن بەو کەسەی دەبێت بە خەلیفە…

هەروەها حەزرەتی عەلیش بە هەمان شێوە دەبینن، لە کتێبی “العدالة الاجتماعیة فی الاسلام” دەبینن کەوا حەزرەتی عەلی  لە وەرزی هاویندا هەندێک جار جلی زستانەی لەبەر دەکرد، لە وەرزی زستانیشدا جلی هاوینەی لەبەر دەکرد، هەرچیەک بەردەست بووایە ئەوەی لەبەر دەکرد. ئەمە لە کاتێکدایە فەرمانڕەوای ناوچەگەلێکی دەکرد کە ٣٠ وڵاتی گەورەی چەشنی تورکیای تێدا جێ دەبوویەوە.

دەڵێن ئەی ئەمیری باوەڕداران – ئەو بە ڕاستی ئەمیری باوەڕداران بوو- ئەمە چیە لە وەرزی هاویندا جلی زستانەت لەبەر کردووە؟

ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئێ من لە کوێ پارە پەیدا بکەم هەتا جلێکی تری هاوینەی پێبکڕم؟ هەندێک جار لە وەرزی زستانیشدا جلی هاوینەی لەبەر دەکرد، تەنیا ئەوەی لەبەردەستدا بووە، لێی دەپرسن ئێ باشە جلێکی زستانەت نەبوو وەها بەم جلە هاوینەوە دەسوڕێیتەوە؟

  • ئێ من هێندە پارەم لە کوێ بوو هەتا جلێکی زستانەی تری پێبکڕم، ئەمەیە دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئسیلامدا.

 

 

سەردارمان سەبارەت بە چوونە بەهەشتی کەسانی دەوڵەمەندیش لە گێڕانەوەیەکدا باسی ئەو ساتە دەکات کە دەچنە بەردەم دەرگای بەهەشت…

وەک چۆن هەندێک لە براکانی ئێوە ماڵ و سەروەت و سامانی خۆیان دەبەخشی لە ڕێگەی خودا، بەڵام چەتەکان ئێستا دەستیان بەسەر ئەو سەروەتەدا گرتووە، خوێندنگەیان دەکردەوە و زانکۆیان دەکردەوە، بەشی ناوخۆییان دەکردەوە هەتا خوێندکارە هەژارەکان لەوێ بمێننەوە، تێیدا بحەوێنەوە و بەردەوام بن لە خوێندنیان، بۆ ئەوەی کەسانی هەڵبژاردەی ناو باوەڕدارانیش پێبگەن، بەم مەبەستە سەروەتەکەیان خەرج دەکرد.

بەڵێ کەسانێک بەو شێوەیە دەوڵەمەندی خۆیان هەڵدەسەنگاند، ئەوانەی لەو شوێنەش پێدەگەشتن هەر بەو شێوەیە پێدەگەشتن کە ئەوان ئاواتیان پێدەخواست و لە ڕێگەی هزر و هەست و فراوانی ئیمانیانەوە کەسانی تریشیان بۆ سەر ئەو ڕێگایە بانگ دەکرد. یان ڕاستتر وەهایە بڵێین بانگهێشتیان دەکردن بۆ داڵان و گوزەرگای پیغەمبەر، سەرداریشمان باسی ئەو کاتە دەکات کە دەوڵەمەندان و کەسانی زانای پێگەشتوو لەبەردەم دەرگای بەهەشت بە یەک دەگەن، دەوڵەمەندەکان بە زانایان دەڵێن فەرموو ئێوە بڕۆنە ژوورەوە چونکە ئێوە زانا بوون.

زاناکانیش دەڵێن نەخێر مافی ئێوەیە لە پێشدا بچنە ژوورەوە، چونکە ئێوە خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی و  ماڵتان بۆ ئێمە دروست کرد و ئێمەتان پێگەیاند، ئەوە مافی ئێوەیە لە پێشدا بچنە بەهەشتەوە و پێویستە ئیوە پێش بکەون.

ئەمەش گوزارشتە لە ڕۆحی ئیساری هەردوولا، لەو کاتەدا هەردوولا بە ڕۆحی ئیسارەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن و  هەردوولا هەوڵ دەدەن لایەنی باشی بەرامبەر دەربخەن هەتا پێش خۆیانیان بخەن.

ئەوان دەڵێن ئێمە بە هۆی ئەوەی ئێوە خەریکی زانست بوون ئەو کارانەمان ئەنجامدا، ئەوانیش دەڵێن ئاخر ئێوەش لەو بابەتەدا پاڵپشتی ئێمە بوون و هەلتان بۆ ڕەخساندین و ئێمەش بەو هۆیەوە خوێندمان و وەک کەسانێکی ڕۆشنبیر پێگەشتین.

لەوێدا هەردوولا بە ڕۆحی ئیسارەوە مامەڵە دەکەن و دواجار دەوڵەمەندەکان قەناعەت بە زانایان دەکەن و دەڵێن : مادام ئێوە واریسەکانی پێغەمبەرن فەرموو ئێوە لە پێشدا بچنە ژوورەوە.

ئەمە شوێنێکی زۆر گرنگە،  وەک ئەوە نیە لە دونیادا بچیت بۆ پەنسیلڤانیا، سیدنی و نیویۆرک و نیوجێرسی، یاخود بچیتە سەر لوتکەی ئێڤرەست، بەو شێوەیە نیە.

تەنانەت لە بەردەم بەهەشت کە هەزار ساڵ خۆشی ژیانی دونیا هێندەی ساتێکی نیە، کەسانی باوەڕدار بە ڕۆحی ئیسارەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن و، ڕۆحی ئەوەیان تێدایە کەسانی تر بەسەر خۆیاندا پێش بخەن و لەوێشدا هەمان هەڵوێست پشان دەدەنەوە.

 

بابەتێکی تریش هەیە کە بەسەرهاتە، وەک دەزانن لە گێڕانەوەی بەسەرهاتدا سەیری ڕاستی ڕووداوەکە ناکەیت و لە وردەکاریەکانی ڕادەمێنیت، بەڵام ئەگەریش هەیە هەر بە ڕاستی شتێکی وەها ڕوویدابێت، دەڵێن هارونە ڕەشید لەگەڵ زانایەکدا بە ناوی فازڵ سەردانی مەدینە دەکەن، لەوێ چاویان بە فوزەیلی کوڕی عەیاز دەکەوێت، رەحمەتی خودای لەسەر بێت، بە شێوەیەک کە هارونە ڕەشید دەخاتە قوڵپەی هەنسکی گریان، بەو شێوەیە ئامۆژگاری دەکات، پێی دەڵێت: خودا ئەم هەموو سەروەتەی بە تۆ بەخشیوە، ئایا خودا بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بەکاری بهێنیت پێیداویت؟   تۆ دەبوو وەک کەسانی هەژار ژیانت بەسەر ببردایە، دەبوو ئاگات لە حاڵی هەژاران بووایە، دەبوو هەموو هەوڵت بۆ ئەوە بووایە کە ئیسلام بە هەر چواردەوری دونیا بڵاو بکەیتەوە و ڕۆحی ڕەوانی محمدی لە هەموو لایەک شاباڵی بگرتایە، دەبوو هێندەی ئەوەی گیانت دەرچێت تێکۆشانت بۆ ئەم ئامانجە پشان بدایە…

هارونە ڕەشیدیش لەبەردەمی بە خوڕ دەگری، پێی ناڵێت بەسە، فازڵ دەڵێت بەسە، دەڵیت پاشات زۆر گریاند ئیتر بەسە!

هارون ڕەشید بەم شێوەیە بوو. زۆر جار کەسانێکی قۆشمەچیان –گه‌ر چی حاشا! ده‌سته‌واژه‌ی قۆشمه‌چی بۆ باڵۆڵی دانا دروست نییه‌ – یاخود کەسانێکی چەشنی قۆشمەچیان لە چواردەوری خۆیان دادەنا هەتا هەڵەکانیان بە ڕوودا بدەنەوە، لە کۆندا بەو شێوەیە بووە، لە بەسەرهاتەکاندا ئەم جۆرە شتانە دەگێڕنەوە.

ئەم جۆرە کەسانە چەند تەقلەیەک لێدەدەن لەبەردەم گەورەکەیان و قسەیەکی خۆش دەکەن و نوکتەیەک دەگێڕنەوە، دوای ئەوە نوقسانیەکی پاشا دەدەنەوە لە ڕووی پاشا. هارونە رەشیدیش کە خەلیفەیەکی گەورەیە  لە بەغدادی پایتەختی ئیسلام  و خەلیفەی سەردەمی خۆیەتی،  لایەکی حوکمڕانیەکەی هەتا مەدینە کشاوە و لایەکی لە شامە و لایەکی تری هەتا ناوەڕاستی ئەفەریقا ڕۆشتووە،  هەروەها هەتا ئەنەدۆڵوش کشاوە، ڕۆژێک دەڵێت من هێندە سەروەت و سامانم هەیە.

باڵۆڵی داناش دەڵێت تۆ کورەیەکی ئاگر گەرم بکە من شتێکت پشان دەدەم، کورەی ئاگرەکە گەرم دەکەن، ئیدی نازانم کورەکە لەناو بیناکەدایە یاخود لە دەرەوە، دوای ئەوەی ئاگرەکەی خامۆش دەکەن، بەهلول بە هارونە ڕەشید دەڵێت ئێستا بچۆرە ناو ئەو کورە خامۆش کراوەوە و ئەو شتانە حساب بکە کە جەنابی حەق پێی بەخشیویت. هارونە ڕەشیدیش دەچێت ناو کورەکە و  دەست دەکات بە بژاردنی ئەوەی لە بەسرە و بەغداد و نازانم کوێ هەیەتی، پێش ئەوەی بگاتە بژاردنی شوێنەکانی تر خۆی فڕێ دەداتە دەرەوە و هەموو گیانی بووە بە ئاو و ئارەق.

ناتوانێت حسابی هەموو شتەکانی بکات.

دەڵێت دەی باشە باڵۆڵ تۆش بڕۆ ناویو ئەوەی خودا پێیبەخشیویت بیبژێرە.

ئەویش دەچێتە ناو کورە گەرمەکەوە و دەڵێت “نان و پەنیر و کراس و دەرپێیەک” ته‌واو ده‌بێت و دێته‌ ده‌ره‌وه، “نان، پەنیر، کراس، دەرپێ”، خودا ئەوەی بەو بەخشیبوو، ئەمەشی بەو بەخشیبوو، تەنانەت گەر لە بازنەی شەرعیشدا بەدەستیان هێنابێت، لەم جۆرە بەسەرهاتانەدا بیر لە ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە ناکەیتەوە بەڵکو سەیری پەند و ئامۆژگاریەکانی ناوی دەکەیت کەوا دەیەوێت گوزارشت لە چی بکات.

جەنابی حەق هەڵوێستی ئێمەش سەبارەت بە هەژاری و دەوڵەمەندی وەک هەڵوێستی هاوەڵان و شوێنکەوتووان لێبکات.

پشتیوان بە خودای گەورە.

من نەمتوانی وەک ئەوان بم، ناشتوانم پێشنیاری شتێکی وەها بۆ ئێوە بکەم، گەرچی لە دونیادا بستێک زەویم نیە هی خۆم بێت، هیچ شتێکیشم بە ناوی چێژی دونیاوە نەزانیوە، ئەو کاتەشی ئیمامەتیم دەکرد – گەرچی لەوە دەچێت باسکردنی ئەمە گونجاویش نەبێت – لە مزگەوتی ئوچ شەرەفەلی لە بنی پەنجەرەیەکدا ژیانم بەسەر دەبرد. جارێکیان بۆ ماوەی ٣ یان ٤ ڕۆژ نانم دەست نەکەوت بیخۆم، ڕۆژی بەیانی جەژن بوو، کاتێک چووم بۆ وتاردان کەوچکێکم لە هەنگوینێک دا، لەوێدا بوورامەوە، توشی بورانەوە بووم، چونکە ئەو موچەیەی وەرمدەگرت دیاریکراو بوو، بەو موچەیەم ڕۆژنامەی “بیوک دۆغو” و ” حور ئادەم” م دەکڕی، دابەشم دەکرد بەسەر خەڵکدا، گەر ٥ ڕۆژنامە بهاتایە من دەموت با ١٥ دانە بێت ”من بۆ خۆم ١٠ دانه‌یان ده‌كڕم دابه‌شی ده‌كه‌م”، لەو ڕۆژەدا بەو جۆرە خزمەت دەکرا، هەرچیەک دەهات دەموت من دەیکڕم، بەڵام دەشێت بستێک زەویت نەبێت و لە بنی پەنجەرەیەکدا ژیان ببەیتە سەر، ماوەی ٦ ساڵیش لە کوخێکی داریندا بخەویت کە دۆشەکی تێدا نەبێت، بەڵام ئەمانە هیچی ناگات بە ژیانی سەردارمان و حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەر، من بێ نمەکیم کرد و نەمتوانی لەسەر ڕێگای ئەوان بڕۆم، نەمتوانی گیانم بەختی ڕێگەی ئەوان بکەم، هەموو کەسێکیش لایە خۆیەوە با  پێگەی ژیانی خۆی بەوان بەراورد بکات!

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button