هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

دەرد ڕەزامەندی و تکا!

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 24.09.2018

دەرد وا لە مرۆڤەکان دەکات بە شێوازی  زۆر جیاواز ڕووداوەکان بخوێننەوە. گرنگ لەم بابەتەدا ئەوەیە دەرد بە دەرمان بزانین!

زاتێكی گەورەش دەڵێت:

چ دەوایەک لە دەرد گەورەتر هەیە

چ هۆکارێکی لێخۆشبوون لەو گەورەتر هەیە؟

دەرد دەبێتە هۆکاری ئەوەی لێخۆشبوونی خودا بەدەستبهێنین.  لە ڕێگەی دەردەوە مرۆڤ پاڵفتە دەبێت لە گوناحەکان.

وەک لە زمانی ئێمەدا بە پیر و پاک ناوی دەبەین.

لە کاتێکدا ڕۆشتنێکی لەم شێوەیە هەیە بۆ ئەو دونیا، تەنانەت لەم ڕێگەیەشەوە، پێموایە دەبێت ئەو شتانەی ڕوو دەدەن هیچ حسابێکیان بۆ نەکەین.

مادام ئەو دەوای دەردی هیجرانە، مادام دەوای دەردی بێ چارەیە، کەواتە دڵ دەرمانی خۆی دۆزیوەتەوە.

دەبێت خەم نەخۆین و،کاریگەر نەبین بەوەی توشی دەردێک بووین.

  کاتێک نیگەرانیەک دێتە ناو ناخت، دەبێت ناخت بۆ ئەو هەڵبڕێژیت.

وەک ئەو زاتە گەورەیەش دەڵێت:

کەرەم بکە سوڵتانم، مەیبڕە لەگەڵ بێ نەوایان لە کەرەم

مەگەر بڕینی کەرەم لە گەدایان شیاوە لە بۆ خاوەن کەرەم؟

لەو بابەتەدا بە خۆتدا بچۆرەوە، کاتێک لە دەسکی دەرگای ئەو دەدەیت بەم تێبینیانەوە لە دەرگای ئەو بدە.

سکاڵا لە حاڵی خۆت مەکە، حەقی پێگە و مەکانەتی خۆت بدە، پشتیوان بە خودا ئێوە ناچنە ناو ئەو جۆرە تێبینیانەوە.

گەر لە جەلالیەوە بێ جەفا

یاخود لە جەمالیەوە وەفا

هەردووکیان بۆ گیانمانە سەفا

لوتفیشت خۆشە و قەهریشت خۆش

هەموو شتێک بە حاڵەتێکی خۆشنودی ڕۆحەوە پێشوازی لێدەکەیت.

وا گومانیش دەبەم کە نهێنی راضیة مرضیة( ڕازیبوون بە خودا و خوداش لێت ڕازی بێت) هەر لێرەدا خۆی بەدەر دەخات.

ڕزگاربوون لە نەفسی لوامة، خۆ داماڵین لە نەفسی ئاژەڵیانە،  گەشتن بە نەفسی اطمئنانة( نەفسی دڵنیا لە ڕەحمەتی خودا)، ئەوەش لە ڕێگەی ئەوەوە دەبێت کە زۆر یاد و زیکر و فکری خودا بکەیت، قورئان وا دەفەرموێت.

أَلاَ بِذِكْرِ اللهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ

 پێشینان دەیانوت:

هەمیشە ئاگا و بێداربە هەتا دڵەکان بە یادی خودا دادەسەکنێن، دەگەن بە پلەی اطمئنان( دڵنیایی).

ئەو دڵەی گەشتبێت بە دڵنیایی دوو باڵی هەیە. یەکێک لە باڵەکان “ڕاضیة” یە، ئەو خۆشنودە بەرامبەر الله.

گەر بیبەستینەوە بە تێبینیەکەی پێشووترەوە، کە بریتیە لە جەلال و جەمال.

مرضیة ش ئەوەیە ببیتە جێدەرکەوتی ڕەزامەندی خودا.

کاتێک قورئانی کەریم لە زۆر شوێنی جیاوازدا باسی ئەمە دەکات:

رَضِيَ اللهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ

پێش هەموو شتێک دەبێت خودا لێت ڕازی ببێت.

      گەر ئەو لێت ڕازی بێت بە زانستی بێ سنوری سنوردارنەکراوی بێ خەوشی خۆی، دەزانێت کەوا چ کارێک ئەنجام دەدەیت، هەر بۆیە لێت ڕازی دەبێت.

وەک دۆستێکی حەق لە نزای “قلوب الضارعة” ئاماژە بەمە دەکات:

تۆ لێم ڕازی ببە هەتا منیش ڕازی ببم، ڕازی بوونی تۆ لە الله لە دڵەوە، واتە ئەوەی هەموو شتێک کە توشت دەبێت بە خۆشنودیەوە پێشوازی لێبکەیت، ئەمەش بە هۆی ئەو مەرهەم و شنەبای ڕەحمەت و بەزەییەیە کە لای ئەوەوە هەڵیکردووە.

ئەگەر هەیە هەندێک جار ڕەشەبای پێچەوانە بە ڕووتدا هەڵبکات، لەوەش دەچێت وا بێتە پێشچاوت کە هەندێک شتی لەگەڵ خۆیدا توڕداوە و ڕایماڵیوە، لە پشتی ئەم گەردەلولانەشەوە پێدەچێت هەندێک مرۆڤی وەک ئەوەی بێ بەزەیی و نانەرمونیان بن بێتە پێش چاوت.  بەڵام تۆ چۆنی باوەڕت بە خودا هەیە، چۆن خاوەنی دڵێکی ساغ و دڵنیاییت بەرامبەر خودا، دەبێت بە هەمان شێوە مامەڵە بکەیت.

 

مادام لەسەر ڕێگای پیغەمبەرە گەورەکان دەڕۆیت کەواتە دەبێت وەک ئەوان ڕەفتار بکەیت.

حەزرەتی نوح کە یەکێک لە پێغەمبەرە گەورەکانیش – زیاتر بە هۆی هەوڵ و کۆششی زۆری لەو بابەتەدا- بە شێوازێک لە شێوازەکان بە توندی مامەڵەی دەکرد.

پێغەمبەری خوداش ئاماژەی بەم بابەتە کردووە، دەفەرموێت حەزرەتی موسا و حەزرەتی نوح بەو شێوەیە بوون.

وَقَالَ نُوحٌ رَبِّ لاَ تَذَرْ عَلَى الأَرْضِ مِنَ الْكَافِرِينَ دَيَّارًا

ئەی پەروەردگارا هەرکەسێک نکوڵی تۆ دەکات و ناتناسێت، ئەوانەی لە بەردەم تەواوی ڕیساکانی بوون و گەردوندا چاویان دەنوقێنن،ئەوانەی گوێ بە ئایەت و بەڵگە شەرعیەکان نادەن، ڕێگەیان مەدە قومێک ئاو بخۆنەوە.

پاشان دوای ئەوەی نزای خێر و ڕەحمەت بەسەر دایک و باوکیدا دەخوێنێتەوە،       دەفەرموێت ئەی الله لەناوچوونی کەسانی زاڵم خیڕاتر بکە.

 بەڵام لە شوێنێکدا دەنگ و هەناسەشی لێدەبڕێت و دەفەرموێت:

فَدَعَا رَبَّهُ أَنِّي مَغْلُوبٌ فَانْتَصِرْ

کاتێک هەموو هۆکارەکان بە تەواوی کول و کوێر دەبن، کاتێک هەر دەرگایەک ڕووی تێدەکات بە ڕوویدا دادەخرێت، بە گوێرەی قورئانی کەریم ساڵانێکی زۆر دوور و درێژ ژیاوە کە دەکاتە سەدان ساڵ، ٩٥٠ ساڵ ژیان شتێک نیە کە زۆر سەرسوڕهێنەر بێت، چونکە ئەمە شتێکە لە دەستی خودادایە.

قورئانی کەریم دەفەرموێت:

فَلَبِثَ فِيهِمْ أَلْفَ سَنَةٍ إِلاَّ خَمْسِينَ عَامًا

دواتر دەفەرموێت:

فَأَخَذَهُمُ الطُّوفَانُ

ساڵانێکی دوور و درێژ دەرگا بە دەرگا دەگەڕێت و لەدەسکی دەرگاکان دەدات، پێیان دەڵێت چی؟

دەفەرموێت: ئەوەی ئێوەی هێناوەتە بوون، ئەوەی ڕێساکانی بوونی هێناوەتە بوون،   ئەوەی لە نێوان ئێوە و ئەو یاسایانەدا هەماهەنگی گشتی دروست کردووە، الله جل جلاله دەیەوێت باوەڕی پێبهێنن.

سەردارمان سەردەمانێک دەیفەرموو:

قُولُوا لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، تُفْلِحُوا

دەیفەرموو وا بڵێن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

بگەنە فەلاح واتە ڕزگاری…

ئەمە قسەی هەموو کەسێک نیە، ئەمە قسەی کەسێکە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، کەسێک ڕاسپێردراو کە دەتوانێت لەو دیو حەوت چینی ئاسمانەوە هەواڵ بهێنێت، تەنیا کەسێکی لەو شێوەیە قسەیەکی وەها دەکات.

هەربۆیە بە شێوازێک لە دەربڕین دەڵێی :

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ

یاخود بە شێوەیەک لە ئاماژە و ئیشارەت کردنیش دەڵێی:

مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

هەموو پێغەمبەرە گەورەکان بەم شێوەیە بوون.

حەزرەتی نوح بەو شێوەیەی فەرموو بوو.

حەزرەتی موساش لە یەک دوو شوێندا سەبارەت بە قەومە سەرکەشەکەی، عاکیف فیرعەون بە ئامنۆفیس ناو دەبات، لەوە دەچێت ناوێکی تریشی هەبێت، لە سەردەستی ئەوان ئازارێک نەما کە نەیچێژێت.

دەفەرموێت:

لِيُضِلُّوا عَنْ سَبِيلِكَ

دەفەرموێت خودایە تۆ ماڵ و موڵکت پێداون هەتا لە ڕێگەی تۆ لابدەن، مۆڵەتت پێداون کەوا لە دونیادا ڕابوێرن؟

اطْمِسْ عَلَى أَمْوَالِهِمْ

 

وَاشْدُدْ عَلَى قُلُوبِهِمْ

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەفەرموێت، لەناو پێغەمبەرە گەورەکاندا، نافەرموێت لە حەزرەتی نوح و موسا دەچم، لەوە دەچێت هەندێک جاریش وەک ئەوان بوو بێت، گەرچی لە تایبەتمەندی و فەزیڵەتدا لەوە دەچێت ڕێک وەک ئەوان نەبێت، بەڵام دەفەرموێت: من لە ڕووی ئاکارەوە لە حەزرەتی ئیبراهیم و عیسا دەچم.

وا دەفەرموێت، ئەمەش قسەیەک نیە هەروا کردبێتی، حەزرەتی ئیبراهیم کاتێک باوکی جێدەهێڵێت، سەرەڕای ئەو هەموو سەرکەشیە بەرامبەر ئەنجامیدا، بەڵام نزای خێری بۆ دەکات:

وَاغْفِرْ لأَبِي إِنَّهُ كَانَ مِنَ الضَّالِّينَ

 سەرەڕای ئەوەی پێی دەڵێت: بڕۆ لەبەرچاوم ونبە، بەڵام دەفەرموێت خودا لە باوکم خۆش ببە…

گەر ئازەر باوکی بێت، هەندێک لە موفەسیران دەڵێن مامی بووە چونکە بە مامیش دەوترێت باوک.

حەزرەتی عیساش دەفەرموێت : چاکە ئەوە نیە چاک بیت لەگەڵ کەسێک کە لەگەڵ تۆدا چاکە، چاکە ئەوەیە لەگەڵ کەسێکدا باش بیت کە خراپە لەگەڵت.

ئەمەش ڕەفتار و ئاکاری سیدنا مەسیح بووە.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش ئەو ئەخلاقەی ئەوی هەڵگرتووە.

قورئانی کەریمیش دەفەرموێت:

وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ اِدْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ

دەفەرموێت کاری چاکە خراپە وەک یەک نین، ئەوانە شتی جیاوازن لە یەکتری، یەکێکیان وەک تیرێک ڕێگەی دۆزەخت پشان دەدات ئەوەی تریشیان وەک دەرزی و تیری ناو قیبلەنمایەکە کە ڕووگەی بەهەشتت پشان دەدات!

ئەمانە لە سەردەمێکدا کە گۆشەی نێوانیان بە تەواوی کراوەتەوە، بەو ڕادەیە لە یەک دوور دەکەونەوە و جیاوازی دەکەوێتە نێوانیان.

  چونکە گۆشەی نێوانیان هێندە زۆرە ناتوانن لە یەکتری بچن، واتە لە نێوان چاکە و خراپەدا، وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ اِدْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ

تۆ بە جوانی بەرپەرچی بابەتەکە بدەرەوە، فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ

لەم ڕێگەیە لە پڕێکدا بۆت دەردەکەوێت ئەوەی بەردەوام لە دڵیدا دوژمنایەتی بەرامبەرت پەنگ دەخواتەوە و قوڵپ دەدات، وای لێدێت ئامێزی بۆ کردوویتەوە و دەیەوێت لە باوەشت بگرێت.

ئێستا ئێوە لەمڕۆدا بە تاقیکردنەوەیەکی لەو شێویەدا تێدەپەڕن، مەردایەتی ئەوەیە لە بەرامبەر ئەو خراپەکاریانەی کە هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە،  وەک ئەوەی لە چیرۆکی دوو کوڕی یەکەم باوکدا بیستومانە، وەک ئەوەی کەسە باشەکەیان بە خراپەکەی وت؛

واتە ئەوەی هابیل بە قابیلی وت:

لَئِنْ بَسَطْتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَا بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لأَقْتُلَكَ إِنِّي أَخَافُ اللهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ

گەر بۆ کوشتنم دەستت بەرز بکەیتەوە، گەر هۆکارەکانی کوشتنیشم بگریتە بەر، واتە بە تەورێک بدەیت بە سەرمدا، بە لیس بماڵیت بە تەوقی سەرمدا، نیەتی ئەوەم نیە دەستت لێبکەمەوە، من لە خودا دەترسم.

بەڵام کۆتایی کاری لەو شێوەیەش ئەوەیە دەچیتە ئاگری دۆزەخەوە،   کە من بەو شێوەیە دەکەم و تۆش وەها ڕەفتارم لەگەڵ دەکەیت،     دەزانم کە بەو هۆیەوە دەچیتە دۆزەخەوە و ناشمەوێت لە ئاگری دۆزەخدا بسوتێیت.

ئەو حەز بە شتێکی وەها ناکات چونکە کوڕی حەزرەتی ئادەمە، تەنانەت قیتمیریش بە ئێوە دەڵێت لە بەرامبەر ئەوانەی خراپەیان لەگەڵدا کردن بڵێن:

اَللَّهُمَّ لاَ تُعَذِّبْهُمْ بِعَذَابِكَ فِي اْلآخِرَةِ؛ أَجِرْهُمْ، خَلِّصْهُمْ، نَجِّهِمْ مِنْ عَذَابِ النَّارِ؛ إِنْ كُنْتَ سَتُعَذِّبَهُمْ فَعَذِّبْهُمْ فِي الدُّنْيَا عَذَابًا خَفِيفًا

خۆی لەو دونیاش کاتێک  دەموچاوەکان داویانە بە یەکدا، هەندێک لە مرۆڤەکان سەریان شۆڕ کردووە، دێنە بەردەمت بەوپەڕی خەجاڵەتیەوە، لە ڕێگەی تێڕوانینیانەوە بۆت بە چەشنی سواڵکەرێک سواڵی بەزەیی دەکەن، ئەو خراپەکارانەی ئەمڕۆ ئەوانەی هیچ ماف و حەقێکت پێ بە ڕەوا نابینن، ئەوانەی دەیانەوێت کەم نرخ و کەم ئەرزشتان بکەن، لەو دونیا سەریان لە بەردەم خۆیانەوە شۆڕ کردۆتەوە و دێنە لات و،       بۆ ئەوەی لەو دونیا توشی خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی لەو شێوەیە نەبن، خودایە گەر هەر سزایان دەدەیت، لێرە و لەم ژیانەدا بە ناوی بێ خەوشی خۆتەوە، کۆتایی بە مۆڵەتی خۆت بهێنە و هەرچیەکیان لێدەکەیت بیکە تکات لێدەکەین.

لەو دونیا سزایان مەدە و لە ڕێگەی سزای ئەوانەوە منیش توشی سزای بینینی سزای ئەوان مەکە!

چونکە من بەرگەی بینینی ئەوە ناگرم، بەرگەی ئەوە ناگرم ببینم کەسانی تر لە ئاگری دۆزەخدا هەڵدەقرچێن و دەسوتێن.

ئەمە یەک، تەنانەت گەر قیتمیری ناو مرۆڤە گەورەکان بەو شێوەیە بیر بکاتەوە،  لَئِنْ بَسَطْتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَا بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لأَقْتُلَكَ إِنِّي أَخَافُ اللهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ

ئەوا ئاساییە کوڕی حەزرەتی ئادەمیش وەهای وتبێت.

لەم ڕوانگەیەشەوە دەبێت ئەمە ئاکار و کەسایەتی ئێمە بێت، دەبێت ئەوە بزانن کە چاکە چاکەی لێ دەبێت و لە ڕێگەی ئەو تۆوە باشانەی چاندوتانە، لە پڕێکدا وەک نێو نەمام سەرچڵ دەردەکەن و سەوز دەبن.

کاتێک ئاوڕ لە دواوە دەدەنەوە ئەوە دەبینن کە لە کارە چاکەکانتانەوە چاکەی زۆر و زەبەند پەیدا بووە.

دەبینن کەوا لە نێونەمامی چاکەکانتانەوە چەندین چنار و سنەوبەر دروست بووە، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

دواتر دەڵێن کەواتە لەم کارانەوە ئەم جۆرە شتانە لە دایک دەبن و پەیدا دەبن، دەڵێن کەواتە ئێمە براوەین.

ئێستا بڵێن ئەم ڕێگەیە چاکە یان بە چەشنی کردارەکانی خۆیان وەڵامدانەوەیان باشە؟

هەندێکمان بە بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، بە هۆی شۆکی ڕووداوەکانەوە، لە ڕێگەی ئەوی کارەکانی ئەوان دەکەن جێگەی باسوخواس، دەکەوینە ئەو حاڵەی دەمارە خانەکانی مێشکمان لەکەدار بکەین.

لەوە دەچێت قیتمیر ئەم قسەیەی لە ڕوانگەی خۆیەوە بکات، لەوە دەچێت بە سوچێکی خانەی مێشکی ئێوەدا نەیەت ئەم بابەتانە، بەڵام پێدەچێت بە سوچێکی ئەقڵی مندا تێدەپەڕێت، یان بە  بەشی لانکی مێشکمدا تێدەپەڕێت

یاخود خۆی دەکێشێت بە ڕژێنی هیپۆفیزمدا، یاخود ئەو گەردەلول و تسونامیانە چین کە دەدەن بە دەمارەخانەکانی مێشکمدا نازانم،  بەڵام ئەوەی گرنگە وەک سەرداریشمان ئاماژەی پێداوە، الصَّبْرُ عِنْدَ الصَّدْمَةِ الْأُولَى

ئارامگری لەو کاتەدا گرنگە کە شۆکی ڕووداوەکە لە سەرەتاوە توشت دەکات.

بۆ نمونە قیتمیر کودەتای ساڵی ١٩٧٠ بینیوە، ئێستا کاتێک باسی ئەو ڕووداوانەتان بۆ دەکەم وەک نوکتەی خۆش دێتە بەرچاوتان، لە ساڵی ١٩٧٠ خراویتە زیندان و سوکایەتیت پێکراوە، بۆ نمونە کەسێک دەهاتە ژوورەوە، ئەمەی دەیگێڕمەوە ڕوویداوە هەروەک چۆن بەسەر براکانیشتاندا هاتووە لە حاڵی ئێستادا، ژەهرخوارد کراویت و ئاگات لە خۆت نەماوە، رۆژی دواتر کەسێکی ڕاسپێردراو دێتە لات، بمبورن کە هەمان قسەکانی ئەو دووبارە دەکەمەوە،  ئەمە قسەی ئەوە هی من نیە، دەیوت ” هەتیو مامۆستا دوێنێ خەریک بوو دەتۆپیت”.

 کە ئێستا کە من ئەمانە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، بە زەردەخەنەوە بۆتان دەگێڕمەوە.  ئێوەش بە زەردەخەنەوە گوێی لێدەگرن.

فەقیر لەو کاتەدا سزای ٣ ساڵ زیندانی و نەفیکردن بۆ سینۆپی بەسەردا سەپێندرا بوو.

لە کودەتای ١٩٨٠ لێیان دەپرسین کەوا بۆ دیندارین؟ لەبەرچی ئەو کتێبانە دەخوێنیتەوە یان ئەو بابەتانەی مرۆڤەکان لە خولگە و تەوەری ئاڕاستەکردن بەرەو خودا دەهێڵنەوە، دەخوێنیتەوە؟!

لە بەرامبەر ئەمەدا بە چ ماددەیەکی یاسایی دادگاییان دەکردین؟

بڕگەی یەکەمی ماددەی ١٦٣، دروستکردنی گروپی ئابوری و سیاسی و کەلتوری بۆ ئەوەی بناغەکانی دەوڵەت لەسەر بنەما ئاینیەکان دابمەزرێنن.

ماوەی ٦ ساڵ من ڕامکرد و ئەوان بە دوامەوە بوون.

لەسەر هەموو بیلبۆرد و لەوحەکان وێنە و ناویان هەڵواسیم کەوا بە دوامدا دەگەڕێن.

دوای ٦ ساڵ، شوێنی بەهەشتە پشتیوان بە خودا، خودا ئەو ویژدان و ئینساف و تێگەشتن و عەقڵ و دووربینیەی بەوی بەخشیبوو، خزمەت کردن لە پێناوی حەقدا، بە نسیبی ئەمانەی ئێستاش بکات، هەمیشە پێی لەسەر زەمینێکی پتەو دادەنا، لە بەشی پلاندانان سەرکاری کارەکانی دەوڵەت بوو، دواتر بووە وەزیر و سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار، سەیری قەدەری خودا بکەن کاتێک ئەو بەم شێوە ڕێکە هەنگاوی هەڵدەگرت، منیشیان لەو کاتەدا لە شاری بوردور دەستگیر کرد، ئەمەش نوکتەیەکە کە زەردەخەنە دەخاتە سەر زاری ئێوە، بەوپەڕی زۆرداری و ڕق و کینە و توڕەییەوە دەستگیرت دەکەن، هێشتا ئەو هەستەم بیرماوە کە لولەی تفەنگەکەیان لە سکم چەقاندووە، یەکێکیان پێیوتم” هەتیو بجوڵێی دەتتۆپێنم”، بەڵام ئەو شەوە، ئەو کەسەی لەو کاتەدا سەرکاری  کارەکانی دەوڵەت بوو، قورسایی خۆی پشاندا و ڕۆژی دواتر هەموویان کەوتنە ئەوەی تکایان دەکرد، ئەو کەسەی بەردەوام بەڵگەی لە دژم دەهێنا و قسەی خراپی لە دژم دەکرد و لەبەردەم ئەو کەسەی دانپێدانانی لێوەردەگرتم هەڵیدەڕشت،  ناوی هەروەک ناوی باوکی ڕەحمەتیم بوو، مرۆڤێکی زۆر جوان بوو! کاتێک ئەو قورسایی خۆی دانا، ئازادیان کردین، دواتر بردینیان بۆ ئیزمیر ئەوانیش قبوڵیان نەکرد زیندانیمان بکەن و وتیان کەوا بە دوای ئێمەدا ناگەڕێن.

بۆ هەر شوێنێکیان بردین لە وەڵامدا وتیان کەوا بە دواماندا ناگەڕێن.

ئەو کەسەی کارە خراپەکانی لەگەڵ دەکردین هاتە لام و وتی مامۆستا ڕێگەم بدە ئەو دەستە موبارەکانەت ماچ بکەم.

سەیرکەن ئەم ڕووداوە زەردەخەنەی خستە سەر لێوی ئێوە یاخود نا؟

ئیدی چوزانن کێ ناڵێت ئەو شتانەی ئەمڕۆ بەسەرتان دێت لە داهاتوودا وەک ئێستا زەردەخەنە ناخاتە سەر لێوتان؟!

هەر بۆیە شاعیر دەڵێت:

هونەر ئەوەیە بتوانیت چێژ لە میحنەتیش ببەیت

غەم و شادی فەلەک وا هاتووە و هەرواش دەڕوات

ئەمەش شیعری  ئێندەرون واسفە.

ئێوە لە ڕێگەی ئەم شیعرەوە زیاتر دەیناسن:

ئەی دولبەرا لەبەر زوڵفت مەخۆ خەفەت بەوانەی زمانیان لەسەرتە

ئاگری عەشقت لامەبە لەسەر ئەوانەی جەرگت دەسوتێنن

بەڵام لەبەر ئەوەی باوەڕی بە قەدەر هەبوو ئەم جۆرە شیعرانەشی هەبووە.

هونەر ئەوەیە بتوانیت چێژ لە میحنەتیش ببەیت

غەم و شادی فەلەک وا هاتووە و هەرواش دەڕوات

هەرچیەک بێت حوکمی قەدەر ئەوە دێتە دی

کارەکانت بدە دەست حەق، نە ئازار بچێژە نە خەم

ڕەزامەندی بەرامبەر قەدەر پایەیەکی گەورەی وەهایە، وەک ئەوە دەردەکەویت کە هیچ شتێکت ئەنجام نەدابێت،  کاتێک دەشچیتە ئەو دونیا، ئەمانە دەخەنە تای تەرازووەکەت، لەوبەریش لادانەکانت دادەنێن، ناڵێم هەڵە چونکە قەڵەم لەسەر هەڵەکان هەڵگیراوە و نانوسرێت…   

لەبیرچوون و کەموکوڕیەکانت دەخەنە تایەکی تەرازوەکە، لە پڕێکدا تای تەرازوو دەکەوێتە سەر زەوی، دواتر شتێکی وەک دەستەوانە دێنن و دەیخەنە سەر تایەکەی تر، ئیدی ئەو تایە دەکەوێتە سەر زەوی و بەرامبەرەکەی هەڵدەستێت، دەپرسی پەروەردگارا ئەمە چی بوو؟ لە وەڵامدا دەڵێت ئەمە کەلیمەی یەکتاپەرستیە.

واتە حەقیقەتی لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ

بێجگە الله هیچ پەرستراوێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی شایستە بۆ بەدەستهێنان بوونی نیە، من ڕازیم بە پەروەردگاریەتی ئەو، رَضِينَا بِاللهِ رَبًّا، وَبِاْلإِسْلاَمِ دِينًا، وَبِمُحَمَّدٍ (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رَسُولاً نَبِيًّا

رازی بوون بە خودا و ڕازی بوونی ئەویش لە ئێوە، پایەی بەرزی وەهاتان بە نسیب دەکات دەڵێی وای خودایە چۆن بەم هەموو شتە نەرێنیەوە مرۆڤ وای لێدێت ببێتە هاودەمی جوبرەئیل

وای لێدەکات سەر بنێت بە سەریەوە و ئەژنۆی بە ئەژنۆیەوە بێت، شان بە شانی ئەو ڕێ تەی دەکات؟!

تەنانەت وای لێدێت جوبرەئیل نیو هەنگاو دەگەڕێتە دواوە، وەک چۆن لە میعراجدا هەنگاوێک کەوتە دوای سەردارمانەوە و کشایەوە، وای خودایە مرۆڤ کە خاوەنی لاشەیە و غەریزەی ئاژەڵی تێدایە، چەندین هەستی نەرێنی هەیە، چۆنی مرۆڤێک توانی هەموو ئەمانە تێپەڕێنێت و بگاتە ئەو شوێنە.

مرۆڤ لەو حاڵەتەدا سەری سوڕ دەمێنێت، ئاخر مرۆڤ خاوەنی پێکهاتەیەکی جیاوازە.

فریشتەکان لە نور دروستکراون و جگە لە ڕەزامەندی خودا بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەنەوە.

بەڵام چۆنیەتی پێکهاتەی تۆ چۆنە؟ بە شێوەیەکی کە تیرەکانی شەیتان دەیکاتە ئامانجی خۆی، هەروەها شوێنی وەهای تێدایە کە دەبێتە جیگەی تێڕوانینی فریشتەکان.

 هەروەها جگە لە فریشتەکان، حاشا ناڵێم واز لەوان بهێنن، بەڵام دەڵێم لە مرۆڤدا ماڵێکی خودا هەیە کە دەبێتە جێگە تێڕوانینی ئەو.

دڵ ماڵی خودایە پاکی بکەوە لە بێجگە ئەو

هەتا ڕەحمان بێتە ناو کۆشکت لە شەواندا

حەزرەتی ئیبراهیم حەقی وا دەفەرموێت.

ڕەزامەندی خودا هەندێک جار بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەرزت دەکاتەوە، ، ، دواتر لەو خاڵە بەرزەوە ئاوڕ لە دوای خۆت دەدەیتەوە و زەردەخە دەبارێنیت بەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوودا، دەڵێی وای خودا چەند کۆمیدی بوون ئەم شتانە، هەندێک پێیان دەوتین ئێمە تیرۆرستین، هەندێک مرۆڤی کۆمیدی بە ئێمەیان دەوت تیرۆرست، ئەمە لە کاتێدا بوو ئێمە دڵمان بە خودا دابوو.

گەر دڵت بە ئەو دابێت لە ڕاستیدا، ئیدی بیر لەو شتە نەرێنیانە ناکاتەوە، وەک چۆن ئیمامی ئاڵڤاریش ئاماژەی بەمە داوە، سەبارەت بە سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی،

هەموو جانان حەیرانی تۆن لەبەرچی؟

جوانیت وەک گوڵ درەخشانە لەبەرچی؟

برۆتە قاب قوسین او ادنی؟

یان دەموچاوتە صورەتی ڕەحمان لەبەرچی؟

لە دوای کەسێکی لەو شێوەیەوە ڕێگە تەی دەکەن، بەرەو خاڵێکی وەها ملی ڕێگەتان کردووە، هەزاران ساڵ خۆشی دونیا هێندەی ساتێکی تێپەڕ و ڕاگوزەری ئەوێ نیە!

گەر دەستکەوتەکەت ئەمە بێت، ئەوا ئەوەی لەم دونیا بەسەرت دێت، ئەو هۆکار و ڕێگایانەن کە دەتگەیەنن بەو خاڵە.

بڵێ رضینا( رازین لە تۆ خودایە) بڵێ حَسْبِيَ اللهُ لاَ إِلَهَ إِلاَّ هُوَ،  هەروەها بڵێ : عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ

هەناسەیەک بدە، ئەمانە وەک ئۆکسیجین دەبن لە بۆ تۆ، حَسْبِيَ اللهُ لاَ إِلَهَ إِلاَّ هُوَ، عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ

 الله لە بۆ من کافیە و بە وەفایە لەگەڵ من، وای چەندە پشتیوانێکی جوانە، منیش هەر پشتم بەو پشتیوانە بەستووە، وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ

ئەو پەروەردگاری عەرشی مەزنە.

منیش دڵدار و دڵوابەستەی ئەو پەروەردگاری عەرشی مەزنەم.

لە بەرامبەر ئەم هەموو دەستکەوتەدا، پێم وایە ئەو شتانەی لەلایەن ئەو مرۆڤانەوە بەسەرتان هات کە لە تافی بردنەوەدا توشی دۆڕان بوون، لە چاوی خۆتاندا گەورە مەکەن و دەمارە خانەکانی مێشکتان لەکەدار مەکەن.

گەر لە دەستتان دێت نزای هیدایەتیان بۆ بکەن لەلایەن خوداوە، بڵێن اهدنا و اهدیهم( هیدایەتی ئێمە و ئەوانیش بدە)، لە قورئانی کەریمدا دەفەرموێت:

اِهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ، واتە بە سیغەی یەکەمی کۆ قسە دەکەیت، دەشێت ئەوانیش لەو ئەو سیغەیەدا جێگەیان ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بۆ پێداگری لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ئەوەی ئەگەری هێشتنەوەی ئەوان لە دەرەوەی بازنەی نەهێڵنەوە و جوامێری خۆتان پشان بدەن لەوەی بڵێن:

 اِهْدِنَا وَاهْدِهِمْ اَلصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ، صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلاَ الضَّالِّينَ، آمِين لە ڕووی تێشووتانەوە ئەوەی ئێوەی کردووە بە خاوەنی تێشوو هەر ئەوە، لە ڕووی ئەو کارانەی لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەن، الله جل جلاله بە رەحمانیەت و ڕەحیمیەتی خۆی مامەڵەتان لەگەڵدا بکات و لە ئێوەش خۆش ببێت.

 

 

ئەمە شتێکی پارێزراو و دەستلێنەدراوە، با لە دەرەوەی کەوانە ئەم بابەتە بەجێبهێڵین.

بەڵام بناغە و ڕێسای سەرەکی ئەوەیە لە دوای ئیمان کاری چاکە دێت، ئیمانی بێ کردار وەک دارێک وەهایە مەحکوم بێت بە وشک بوون،  هەربۆیە گەر ٥٠ هەزار جار باران بەسەریدا ببارێت،  خاکیش بە تەواوی هێزی ناو ناخیەوە خۆی بە فریای ئەو دارە بخات، ئیدی نازانم کەوا فڵان و فیسار کاربۆندیۆکساید بەسەر سەریدا ببارێت، پێی بوترێت دەی بەمانە زیندوو ببەوە،  دیسان زیندوو نابێتەوە و زیندوو نابێتەوە و نابێتەوە…

ئیمانی بێ کردار مەحکومە بەوەی خامۆش بێت.

 لە هەمان کاتدا کرداری بێ مەعریفەتیش جگە لە ماندوو کردنی مرۆڤ هیچی تری دەستناخات، کردار پێویستی بە مەعریفەتە، دواتر مەعریفەت لەو مەشتەلەدا خۆشەویستی خودا پێدەگەیەنێت، لە ناختاندا خۆشەویستیەکی وەها بۆ الله دروست دەبێت، واتە لە ئیمانەوە دەڕۆیت بۆ کردار، إِلاَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ، لە کرداری چاکەشەوە بەرەو مەعریفەت(ناسینی خودا)، لە مەعریفەتیشەوە بۆ خۆشەویستی خودا، گەر هێزتان بەرگە بگرێت لەوێشدا دەڵێن هل من مزید؟

لەمە زیاتر نیە؟ لەمە زیاتر نیە؟

بەرە تامەزرۆیی دیداری خودا هەنگاو هەڵدەگریت، هەمیشە بەردەوام دەبن لەوەی هەنگاو هەڵبگرن، ئەمانە شتانێکن یەکتری تەواو دەکەن، ئەوەی لە سەرەتاوە باسمان کرد واتە کردار، یەکەم پلیکانەی ئەم بابەتەیە، یەکەم هەنگاوی شتێکیش زۆر گرنگە بە نیسبەت دوا هەنگاوی ئەو بابەتەوە، خراپەش بە هەمان شێوەیە…

هەنگاوێک کە بە ناوی خراپەوە هەڵنراوە، خراپەی تری بە دوا دێت و دەرگای بۆ ئاوەڵا دەکات، ئەوەی یەک جار درۆ بکات، دەشێت هەموو کاتێک درۆ بکات، بە واتای ئەوە دێت کە دەرگای بۆ درۆکردن خستۆتە سەر پشت. ئەوەی یەک جار بوختان بکات، دەشێت هەموو کاتێک بوختان بکات.

ئەوەی بەیانی قسەیەک و ئێوارەش قسەیەکی تر بکات، لەوە دەچێت هەموو تەمەنی بەیانیان و ئێواران بە وێنەی جیاوازەوە بێتە بەردەمتان.

کەسێک جارێک لادەدات و خۆی لەکەدار دەکات، كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ

کاتێک یەک جار ئەو مۆرەیان لێدایت، ئیدی ئەو پیسبوونە بانگهێشتە لە بۆ پیس بوونی تر.

كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ

دڵ کە بەو مۆر و لەکەیە یەکجار لەکەدار کرا، بانگهێشتی شتی تریش دەکات لە دوای ئەوانەوە.

کار ئاسانی بۆ دەکات، بەڵام گەر هەر دەمودەست بەرەو گەرماوی خۆ پاکردنەوە ڕابکات، بە داوای لێخۆشبوونەوە هیوای دادگاییکردنی بخوازێت، بە تۆبەوە بڵێی خودایە بۆ لای تۆ گەڕامەوە،  گەڕانەوەکەشتان لە ڕێگەی “انابة” زیاتر دووپات بکەنەوە، لە ڕێگەی “اوبة” وە بە تەواوی لە گەڕانەوەکەتاندا بەرەو خودا خۆتان فانی بکەن، ئیدی شتێک بە ناوی منەوە نامێنێت.

کە سەیری ڕواڵەت دەکەیت من و تۆ هەین

گەر لە حەقیقەتیش بڕوانیت نە من هەم و نە تۆش

لە “اوبة”دا گەڕانەوەیەکی بەم شێوەیە جێگەی باسە.

ئیدی لەوێدا نە تۆ هەیت نە من، تەنیا ئەو بوونی هەیە.

لەوێدا دڵی مرۆڤ تەنیا بە وتنەوەی “هو” هەناسە دەدات.

هەمیشە و هەردەم دەڵێت “هو”.

وەک حەزرەتی غەزالیش لە کتێبی “احیاء علوم الدین”  دا  ئاماژەی پێکردووە، هەروەها حەزرەتی پیریی موغان شەمعی تابانیش ئاماژەی پێکردووە، بۆ نمونە مرۆڤێک – بمبورن کە وا دەڵێم – هەرچی بە خەیاڵتدا نایەت لە فەڵتە و گۆبەن ئەنجامی دەدات،دواتر دەڵێت الله غفور رحیمە و بەو هۆیەوە دڵنەوایی خۆی دەکات، سەیرکەن ئەمەش هێرشی شەیتانە لەلای ڕاستەوە، باشە ناکرێت گوناحیش نەکات و بڵێت الله غفور و ڕەحیمە، ئێ هەڵە هەیە و لەبیرچوونەوە هەیە، لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوەی پێغەمبەرمان هەیە کە دەفەرموێت قەڵەم لەسەر هەڵە و لەبیرچوونەوە هەڵگیراوە.

ئەمانە نانوسرێن، چونکە بە هەڵە و لێتێکچوون ئەنجامتداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا عەیبێکە بەرامبەر پەروەردگارمان ئەنجاممان داوە، لە داوای لێخۆشبوونەکەی قیتمیردا هەمیشە دەڵێین:

أَلْفُ أَلْفِ أَسْتَغْفِرُ اللهَ مِنْ كُلِّ ذَنْبٍ، وَمِنْ كُلِّ خَطَإٍ، وَمِنْ كُلِّ مَعْصِيَةٍ، وَمِنْ كُلِّ مَا لاَ يُحِبُّ رَبُّنَا وَلاَ يَرْضَى، وَمَا لاَ يَنْبَغِي لَنَا، وَلاَ يَلِيقُ بِنَا…

هەر شتێک کە لە ئێمە ناوەشێتەوە، کاتێک سەیری هەندێک هەڵە و گوناح دەکەم، دەبینم کەوا ژمارە و قەد و باڵای بۆ من ناشێت، ئەوەی منی بە شایستەی “احسن تقویم” دروستکردووە، ئەو الله یەی ئیمکان و توانای ئەوەی پێداوم کە پێشی فریشتەکانیش بدەمەوە، پەنا بە خودا دەگرم لە  شتانێک کە بەرامبەر ئەو کاری ناشرینە و گونجاو نیە ئەنجامی بدەم، تەنانەت گەر بەردەوام کاری چاکەش بکەیت، گەر ئەم نزایەت کردبێتە ویردی سەر زوبانت، براوەیت بە بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت، چونکە سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی دەفەرموێت:

وای چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی لە دەفتەری کارەکانیدا زۆر داوای لێخۆشبوونی تێدا تۆمار کراوە.

هەربۆیە خۆیشی وەک دایکە عائیشەمان ئاماژەی پێداوە، لە کاتی دانیشتنی لە مەجلیسێکدا ٧٠ جار وتوویەتی استغفرالله…

 بۆ کەسێک کە تەواوی تەمەنی لە دۆڵی گوناحدا بەسەر بردووە،  باسکردن لە شنەبای بەهەشت بە بێ تۆبە و گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار ، ڕەجا و تکایەکی درۆزنانەیە و لە هەمان کاتدا بێ ڕێزی نواندنە بەرامبەر زاتی ڕەحمان و ڕەحیمیەتی پەروەردگار.

واز بێنە لەوەی کە کاری چاکەی لە دەست ناوەشێتەوە، هەمیشە و هەردەم لە ناو دۆڵی گوناحدایە و بە دەست و زمانی گوناح ئەنجام دەدات. بە چاوی گوناح ئەنجام دەدات. بە گوێچکەی گوناح ئەنجام دەدات. غەیبەت دەکات و بوختانیش دەکات، کاری خراپە بەرامبەر مرۆڤەکان ئەنجام دەدات، دایک لە منداڵی دەکات و منداڵیش لە دایکی، لەبەر ئەوەی کەسێک پەیوەندی بە کەسێکەوە هەبووە، دەڵێت مادام تۆش لەگەڵ ئەوان بوویت کەواتە تاوانباریت و دەیخاتە زیندانەوە، لە شەرعی ئیسلام و تەنانەت لە یاسا مۆدێرنەکانیشدا، تاوان تایبەتمەندی شەخسی هەیە، تایبەتمەندی هەر تاوانێک وا دەکات کە سزاکەش تەنیا پەیوەندی بەو کەسەوە هەبێت کە ئەنجامی داوە، دەڵێت فڵان کات لەگەڵ فیسار کەسدا قسەت کردووە بە تەلەفۆن، یاخود دەڵێت فڵان کەسی تاوانبار تاک دۆلارێکی لە گیرفاندا بووە، مادام تۆش تاک دۆلاری لە گیرفانتدایە کەواتە تۆش تاوانباریت. لەسەری فڵاندا کڵاوێکی فڵان ڕەنگ هەیە، مادام تۆش هەمان کڵاوی ئەوان لەسەر دەکەیت کەواتە تۆش تاوانباریت.

      مادام ئەوان گروپی تیرۆرستین کەواتە تۆش تیرۆرستی و سەر بەوانیت!

ئەمە شتێکە لە سیستەمی یاسایی فیرعەونەکانیشدا نەبینراوە.

پەنا بە خودا.

 

مرۆڤێک کە هەمیشە لە دۆڵەکانی دۆزەخدا خەریکی هەستان و دانیشتنە، گەر بە خۆی بڵێت کەوا موسوڵمانە،

سەیرکەن سوێندتان بۆ دەخۆم، وەڵڵاهی وەها نیە، بیللاهی وەها نیە، تەڵڵاهی وەها نیە…

مرۆڤێک کە هەموو ڕۆژێک جینایەتێک ئەنجام دەدات، جیاوازی لەگەڵ فیرعەوندا نیە، لەگەڵ هیتلەر و لینین و سەدام و قەزافی جیاوازی نیە بەڵام هەمیشە دەم لە بەهەشت دەکوتێت.

بەڵێ ئەمەش پەلاماری شەیتانە لەلای ڕاستەوە، سەیرکەن ئەو کەسەش بە هەستی ڕەجا و تکاوە فریو دەدات، پێی دەڵێت تۆ ئەم گوناحانە ئەنجام دەدەیت بەڵام الله لێبوردە و بە بەزەییە گوێی مەدەرێ.

هەرچیەک دەکەیت بیکە، لە ڕاستیدا ئەوانەی هەمیشە کاری چاکەیان کردووە وایان وتووە:

گەر گوناحم هێندەی شاخی کاف بێت چ خەم ئەی جەلیل

بە گوێرەی ڕەحمەتی تۆ انه شیء قلیل

ئیمامی حەزرەتی شافعیش دەڵێت:

وَلَمَّا قَسَا قَلْبِي وَضَاقَتْ مَذَاهِبِي * جَعَلْتُ الرَّجَا لِعَفْوِكَ سُـلَّمَا

 

 

کاتێک ڕێگەکانم لەبەردەمدا تەنگ بوویەوە و ویژدانیشم تەنگ بوویەوە، ئیدی ڕووکردنەوە ئەولا دەستی پێکرد، بەڵام هەستی تکا و ڕەجام کرد بە پلیکانە و پەیژەیەک و بە لێبوردەیی تۆدا هەڵمواسی.

ئیمامی شافعی وا دەفەرموێت…

مرۆڤێکە کە ٥٠ ساڵی تەمەنی هێندەی ٥٠٠ ساڵ بە خێر و پاداشت ڕازاندۆتەوە،  ئەوانەی لە دوای ئەو هاتوون هەر شاکارێکی ناوازەیان نوسیبێت، ئەویان کردووە بە ڕابەری خۆیان لەو بابەتانەدا.

ئەمە مرۆڤێکە تەنانەت گوناح بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە،

وَلَمَّا قَسَا قَلْبِي وَضَاقَتْ مَذَاهِبِي * جَعَلْتُ الرَّجَا لِعَفْوِكَ سُـلَّمَا

 

تَعَاظَمَنِي ذَنْبِـي فَلَمَّا قَرَنْـتُـهُ * بِعَفْوِكَ رَبِّي كَانَ عَفْوُكَ أَعْظَمَا

پەنا بە لێبوردەیی تۆ دەبەم چونکە دەزانم لێبوردەیی تۆ لە گوناحەکانی من گەورەترە، ئەمە هەستی تکا و ڕەجای مرۆڤێکی باوەڕدارە.

بەڵام کەسێک کە هەمیشە لە نیوان سەرکەشی و تاوان هەڵدەستێت و دادەنیشێت، هەمیشە لە زۆنگاوی قوڕ و لیتەدا خەریکی بڵاوکردنەوەی قوڕ و چڵکاوە، هەموو ڕۆژێک بە بوختانێکی جیاوازەوە، بوختانێک دەکات بە دەم ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێت دینی ڕەوانی ئیسلام لە هەر چواردەوری دونیا وەک ئاڵا بشەکێننەوە، لە پێناو بڵاوکردنەوەی درۆ و  بوختاندا چەندین دەستەی سیخوڕیکردن یەکیان گرتووە، کە لە مرۆڤی ڕۆح ڕەش پێکهاتوون، کە هزریان هەموو شتی ڕەشە، گەر ئەمانە بشڵێن الله لێبوردە و بە بەزەییە و بەمانە دڵی خۆیان خۆش بکەن، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە شەیتان لەلای ڕاستەوە لێیداون.

خۆیان لەسەر وێنای حەق پشان دەدەن و    لەم ڕێگەیەوە خۆیان بەرەو ڕێگەیەکی مایەپوچ فڕێ دەدەن.

 ئەوەی یەکەمجار ئاماژەمان پێدا هەستێکی ڕەجای ڕاستەقینەیە، ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەرەڕای هەموو کارە چاکەکانی خۆی بە تاوانبار و گوناحکار دەزانێت.

گەر بەم گوناحانەوە کێشانەم بکات حەزرەتی دەییان

لە ساحەی مەحشەردا لەت دەبێت تای میزان

هەروەها دەڵێن سەری دانایی بریتیە لە ترسی خودا.

ئەمە دەربڕینی پێغەمبەرمانە، گەر قیتمیر بە دەستەواژەیەکی تر ئەمە دەرببڕێت ئەوا دەڵێت : راس الحکمة محابة الله…

کاتێک باسی ئەم بابەتە دەکەین بۆ منداڵەکانمان، پێموایە دەبێت بەم شێوەیە بۆیان باس بکەین.

نەک لە ڕێگەی ترسەوە بیانتۆقێنین، پێویستە باسی گەورەیی و مەزنی الله یان بۆ بکەین و بڵێین سەرەڕای ئەو گەورەیی و مەزنیەی خۆی، بە سۆز و بەزەیی و لێبوردەییەوە سەیری ئێوەش دەکات.

دواتر لەم ڕێگەیە خودایان لەلای خۆشەویست بکەین.

خۆشەویستکردنی جەنابی حەق لە دڵیاندا.

بەڵام دەبێت بزانین کەوا راس الحکمة مخافة الله…

سەرچاوەی حیکمەت و دانایی ترسانە لە خودا.

نە عیرفانە ئەوەی بەرزی دەدات بە رەوشت نە ویژدانت

هەستی فەزیلەت لە مرۆڤەکاندا تەنیا ترسی خودایە

گریمان لە دڵاندا سڕیمانەوە ترسان لە خودا

نە عیرفانت کاریگەری دەمێنێت نە ویژدانت

ژیان ئیدی ئاژەڵیانەیە، نەخێر لەویش خوارتر

وازبێنن لەوانەی لە ڕێگەی سوکێتیدا ڕێگە تەی دەکەن کەوا هەمیشە هەر لەو ڕێگەیەیان بەردەوام بن. ئێوە هەر بیر لە شتی باش بکەنەوە بەرامبەر ئەوان، نەکا بیر لەوە بکەنەوە کە خراپە بە خراپە وەڵام بدەنەوە، بە چەشنی سەرداری هەموو مرۆڤایەتی و حەزرەتی مەسیح، هەمیشە بە چاکە وەڵامیان بدەنەوە، مرۆڤایەتی و پیاوماقوڵی و کەسایەتی خۆتان پشان بدەن.

كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَى شَاكِلَتِهِ

 

هەموو کەس بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات، هەندێک کەسایەتی خۆیان پشان دەدەن، بە زوڵمەوە هەڵدەستن و دادەنیشن، زوڵم دەڵێنەوە و بیر لە زوڵم دەکەنەوە، لە تێڕوانینەکانیانەوە زوڵم دەبارێت، بەڵام کەسایەتی ئێوە بۆ کارێکی لەو شێوەیە گونجاو نیە.

لە تێڕوانینی ئێوە لە جیاتی زوڵم دەبێت دادپەروەری ببارێت، لە گوێکانتاندا دەبێت هەمیشە دادپەروەری بزرنگێتەوە، دەمتان هەردەم دادپەروەری لێوە بێتە دەر، دڵیشتان هەمیشە بۆ دادپەروەری لێبدات، الله بمانگێڕێت لەو مرۆڤانەی لەو ئاستەدان، لە منیش خۆش بێت بە هۆی ئەو شتانەی وتم، داوای لێبوردنیش لە ئێوە دەکەم…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button