بیروڕا

دیداری بەدیعوزەمان

بەخامەی: سەفوەت سەنیح

 

“لەوێ لە خانوویەکدا دەماینەوە کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) کۆتا جار تێیدا مابووەوە. وە جارێکیش خواجە ئەفەندی خۆی سەردانی کردین. بەیانییەکیان هاوڕێمان ئیبراهیم کۆجابییک بە گریانەوە تێبینی دەیەمی بریسکەی حەڤدەهەمی لە پەیامی بریسکەکان خوێندەوە، وە چاوی ئێمەشی پڕکرد لە فرمێسک…”

خواجە ئەفەندی لە گۆڤاری چاڵایاندا زنجیرەیەک نووسینی پڕ لە پەند و ئامۆژگاری دەربارەی “ڕووبەڕوو بوونەوە” دەنوسێت و وانەمان پێ دەڵێتەوە. منیش دەمەوێت یادەوەرییەکی خۆم بگێڕمەوە و ڕووبەڕوو بوونەوەیەک لەگەڵ مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) باس بکەم…

لە پشووی هاوینی ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ چوار هاوڕێ لە ئیزمیرەوە نێردراینە ئێدیرنە. لەوێ لە خانوویەکدا دەماینەوە کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) کۆتا جار تێیدا مابووەوە. وە جارێکیش خواجە ئەفەندی خۆی سەردانی کردین. بەیانییەکیان هاوڕێمان ئیبراهیم کۆجابییک بە گریانەوە تێبینی دەیەمی بریسکەی حەڤدەهەمی لە پەیامی بریسکەکان خوێندەوە، وە چاوی ئێمەشی پڕکرد لە فرمێسک… ئەو وتانەی کە دەیانخستینە گریان ئەمانە بوون: “ئەی پەروەردگاری بەخشەر و ئەی بەدیهێنەری بەخشندە! من بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ئیرادەی خۆمەوە تەمەنم و گەنجێتیم بەفیڕۆ ڕۆشت. وە ئەوەی لە بەرهەمی ئەو تەمەن و گەجێتییەوە کە لەدەستمدا ماوەتەوە بریتییە لەو گوناهانەی کە بوونە هۆی ئازاربەخشین و وەسوەسانەی کە بوونەتە هۆی بێئاگایی… بەم بارە گرانەوە و دڵە نەخۆشە و ئەو ڕووە خەجاڵەتەوە لە گۆڕ نزیک دەبمەوە. وەک ئەوەی هەمووان وەک ئەوەی بە چاوی خۆیان بیبینن دەزانن کە بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ ئەملاولا، بە شێوەیەک کە هیچ ئیرادەی خۆتی تێدا نییە، هاوشێوەی ئەو خزم و دۆست و ناسیاوانەی پێش ئێمە مردوون، لە دەرگای گۆڕ نزیک دەبمەوە. ئەو گۆڕە، یەکەمین دەرگا و یەکەم شوێن و دەروازەیەکە کە لە دونیای فانییەوە پێیدا تێپەڕ دەبین بەرەو ژیانی هەمیشەیی و نەبڕاوە. ئەم دونیا تەسکەی کە پێوەی وابەستەبوون و مەفتونی بووم بە عیلمی یەقین تێگەیشتم کە بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت، دەڕوات، فانییە و دەمرێت. وەک دەیبینین هەموو بوونەوەکانی ناو ئەم گەردوونە یەک لە دوای دەڕۆن و دیار نامێنن… بە تایبەت بۆ کەسانێکی وەکو من کە هەڵگری نەفسی فەرمانکەر بە خراپەیە، ئەم دونیایە زۆر غەدار و فێڵباز و فریودەرە: ئەگەر چێژێکت پێ ببەخشێت، ئەوا هەزار ئازارت دەهێنێت ڕێ. ئەگەر دەنکێ ترێت دەرخوارد بدات، سەد زلەت دەرخوارد دەدات.

ئەی پەروەردگاری بەخشەر و ئەی بەدیهێنەری بەخشندە! بە نهێنی ئەوەی کە “هەر شتێک کە دێت نزیکە” هەر لە ئێستاوە دەبینم کە: لە داهاتوویەکی نزیکدا من بەرگی کفن دەپۆشم، دەخرێمە ناو تابوتەوە و ماڵئاوایی لە خۆشەویستانم دەکەم. کاتێک دەخرێمە ناو گۆڕەوە، لە حزور و دەرگای ڕەحمەتی تۆدا، بە زمانی حاڵی جەنازەکەم، هاوار دەکەم و دەڵێم: ئەل ئەمان! یا حەنان! یا مەنان! من لە شەرمەزاری گوناهەکانم ڕزگار بکە!

لەو کاتەدا گەیشتمە لێواری گۆڕەکەم، بەرگی کفنم پۆشیوە و لەسەر لاشەکە کە لەسەر لێواری گۆڕەکەم دانراوە وەستاوم. سەرم بەرەو ڕووی دەرگای ڕەحمەت بەرز دەکەمەوە و بە هەموو هێزم هاوار دەکەم و دەپاڕێمەوە: ئەل ئەمان ئەل ئەمان! یا حەنان! یا مەنان! من لە باری گرانی گوناهەکانم ڕزگار بکە!

دواتر چوومە ناو گۆڕەوە، باوەشم کرد بە کفنەکەمدا. ئەوانەی یاوەرییان کردم هەتا گەیشتن بە ناو گۆڕ منیان جێهێشت و ڕۆشتن. چاوەڕوانی ڕەحمەت و لێخۆشبوونی تۆم. بە عیلمی یەقین بۆم دەرکەوت کە جگە لە تۆ هیچ پشت و پەنایەک و هیچ ڕزگارکەرێکی دیکە نییە. بە هۆی ڕووی ناشرینی گوناهەکانم و شێوەی دڕندانەی سەرپێچییەکانم و تەسکی شوێنەکەمەوە، بە هەموو هێزی خۆم هاوار دەکەم و دەڵێم: ئەل ئەمان ئەل ئەمان! یا حەنان! یا مەنان! یا دەییان! من لە هاوڕێیەتی گوناهە ناشرینەکانم ڕزگار بکە و شوێنەکەم فراوان بکە. ئیلاهی! ڕەحمەتی تۆ پەناگەمە و خۆشەویستەکەت کە ڕەحمەتەن لیل عالەمینە (صلی الله علیه و سلم) شەفاعەتکارمە بۆ ئەوەی بگەم بە تۆ. سکاڵای حاڵ و نەفسی خۆم بۆ تۆ دەکەم.

ئەی بەدیهێنەری بەخشندە و ئەی پەروەردگاری میهرەبانم! بەدیهێنراو و هونەر و بەندەیەکی تۆ کە ناوی سەعیدە، هەم سەرپێچیکار، هەم لاواز، هەم غافڵ، هەم نەخۆش، هەم زەلیل، هەم خراپ، هەم پیر، هەم بەندەیەکە کە لە گەورەکەی هەڵهاتووە، لە دوای چل پەشیمان بووەتەوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دەرگای بەخشندەیی تۆ. ڕووی کردووەتە ڕەحمەتی تۆ و پەنات پێ دەگرێت. دان بە هەڵە و تاوانە بێ ژمارەکانیدا دەنێت. بە وەهم و چەندین دەرد و باڵای جیاجیاوە گیرۆدە بووە. ناخی خۆی بۆ تۆ هەڵدەڕێژێت. ئەگەر بە کەمالی ڕەحمەتی خۆت ئەو قبوڵ بکەیت، ڕەحمی پێ بکەیت و لێی خۆش ببیت؛ ئەوە خۆی شان و شکۆی خۆتە. چونکە تۆ ئەرحەمو ڕاحیمینیت. ئەگەر قبوڵی نەکەیت، ئەوا جگە لە دەرگای تۆ ڕوو لە کام دەرگایەی دیکە بکەم؟ کام دەرگایەی دیکە هەیە؟ خۆ جگە لە تۆ هیچ پەروەردگارێکی تر نییە، هەتا بەرەو دەرگاکەی ڕێ بکرێت. خۆ جگە لە تۆ هیچ پەرستراوێکی دیکە نییە، هەتا ڕووی تێ بکرێت! هیچ خودایەک نییە جگە لە تۆ… تۆ یەکیت. تۆ هیچ هاوبەشێکت نییە. یەکەم وتە لە کۆتایی دونیا و سەرەتای ناو گۆڕ و ئاخیرەت: شایەتی دەدەم کە هیچ خودایەک نییە جگە لە الله، وە شایەتی دەدەم کە موحەمەد (صلی الله علیە و سلم) نێردراوی ئەوە.”

تێبینییەکی لەم شێوەیە لە سەرەتای ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە و سووتانە لەگەڵ مامۆستا سەعیدی نورسی هەیە: “ئەی ئەو دۆستانەم کە گوێتان لەم تێبینییانە گرتووە! باش بزانن کە، من بە پێچەوانەی عادەتەوە پێویستە بشاردرێتە، هۆکاری ئەوەی کە هەندێک جار ئەو موناجات و لاڵانەوەیەی دڵم لە بەرامبەر پەروەردگار دەنووسم بریتییە لە: لە کاتێکدا کە مردن زمانم ببەستێت، کتێبەکانم لە بری زمانم لە دەرگای ڕەحمەتی پەروەردگاردا بۆم دەپاڕیتەوە. بەڵێ لە تەمەنێکی کەمدا، دەبێتە کەفارەتی گوناهە بێ ژمارەکانم، زمانە کاتییەکەم بەس نییە بۆ دەربڕینی تۆبە و پەشیمانییەکانم. زمانی کتێبەکانم جێگیر و هەمیشەیین و باشتر بۆ ئەو کارە سوودی دەبێت. کاتێک ١٣ سال پێش ئێستا (١٩٢٠)، لە ئەنجامی گەردەلولێکی ڕۆحییدا، لە کاتێکدا کە خەریکبوو پیکەنینەکانی سەعیدی کۆن دەگۆڕا بۆ گریانەکانی سەعیدی نوێ؛ لە ساتێکدا بە بەرەبەیانی پیری بەئاگاهاتمەوە لە خەوی غەفڵەتی گەنجێتی، ئەم موناجات و پاڕانەوەیە بە عەرەبی نوسراوە. تاوای هەندێکیان بە زمانی تورکی ئەوەیە کە:” دوای ئەوەی ئەوەی وت ئەو بەشانە هاتن کە برامان ئیبراهیم کۆجابییک و ئێمەش چاومان پڕ بوو لە فرمێسک پێی…

ئینشاالله بەو هەستە جوانەوە دەیخوێنینەوە و پشکی خۆمانی لێ وەردەگرین.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/bediuzzamanin-yuzlesmesi-haberi/1319266/

Show More
Back to top button