هەواڵ

دۆسییەی مامۆستا گۆکهان ئاچککۆڵو سێ ساڵە چاوەڕێی کرانەوە دەکات

 

ئەمڕۆ پێنجی ئابی ٢٠١٩ یە. سێیەم ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا گۆکهان ئاچککۆڵووە کە نەیتوانی بەرگەی ئەشکەنجە سەختەکەی ناو بنکەی پۆلیس بکات و گیانی لەدەستدا. ئەو تۆماری کامێرای چاودێرییانەی سەبارەت بە ساتی مردنی بڵاوکراونەتەوە دەیسەلمێنێت کە مامۆستا گۆکهان بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرەو مردن ڕەوانە کراوە. ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە شتێکی دیکە بە ئێمە دەڵێن: بە تایبەت لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزەوە کە ئێردۆغان وەک “لوتفی خودا” ناوی دەبات، ئەو بەڵگە و تۆمارانەی کە سەبارەت بە ئەشکەنجە و ستەمکاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، سبەی لەگەڵ گۆڕانی دەسەڵاتدا ئاشكرا دەبن و ئەوکات ڕاستییەکان ئاشکرا دەبێت. وە هەروەها دڵنیابن لەوەی کە هەم کاربەدەستانی ئاکەپە و هەم ئەو کەسانەش کە بە پشتبەستن بە دەسەڵاتدارانی ئاکەپە ستەم لە کەسانی بێتاوان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن ڕزگارییان دەبێت. ئەو کەسانەی ستەمیان لە کەسە بێتاوانەکان کردووە و ئەشکەنجەیان داون درەنگ بێت یان زوو لە بەردەم یاسادا باجی کارەکانیان دەدەن!

ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی باسمان کرد دەیسەلمێنێت کە مامۆستا گۆکهان بە ئەنقەست بەرەو مەرگ ڕاپێچ کراوە. ئەو پۆلیسانەی بۆ ماوەی ٥ خولەک هیچ جووڵەیەکیان نەکرد، چۆن هاتن کاتێک تووشی سەکتەی دڵ بوو؟ ئەوە شتێکی سەلمێندراوە کە مامۆستا گۆکهان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە، بەڵام نە لێکۆڵینەوەی پزیشکی و نە ئیداری لەو بارەیەوە نەکراوەتەوە. عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ڕێک سەرنج دەخاتە سەر ئەو خاڵە و دەڵێت: “ماوەی سێ ساڵە هاوار دەکەین بۆ دۆسییەکەی گۆکهان ئاچککوڵو، بەڵام بە کەلەڕەقییەوە بەرگی دۆسییەکەی ناکرێتەوە. بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ئەشکەنجە دراوە، سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شەکرەی هەبووە دەرمانی ئینسۆلینی پێ نەدراوە، و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە شوێنێکی زۆر خراپدا لێی گەڕان بۆ ئەوەی تووشی سەکتەی دڵ ببێت..! قسە لەسەر ئەو تۆمارە ڤیدیۆییان دەکرێت کە سەبارەت بە ساتی گیان لەدەستدانی گۆکهان ئاچککوڵون. باشە ئێمە سێ ساڵە بەردەوام ڕاپۆرتی پزیشکیمان پێشکەش کردووە کە باسیان لە خوێنبەربوونی ناوەوەی مێشک و شکانی ئێسکیان دەکرد، زۆر کەس هەبوون کە وەک نابیست مامەڵەیان دەکرد، ئێستا چی دەبێت؟ ڕاستییەکان جۆرە خوویەکیان هەیە کە درەنگ بێت یان زوو هەر ئاشکرا دەبن…”

مامۆستا گۆکهان زمانحاڵی ئەو ستەم و ئەشکەنجەیە بوو کە ڕژێمەکەی ئاکەپە لە بەرامبەر بێتاوانان ئەنجامی دەدەن. یەکەم کەس بوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست بدات… ئەو تەنها مامۆستایەک بوو. بە پێی وتەی ئەو کەسانەی دەیانناسی، ئەو کەسێک بوو کە نیشتیمان و میلەتی خۆی خۆش دەویست و تا ئەو ڕۆژەی گیانی سپارد دڵی کەسی نەشکاندبوو. بەردەوام لێو بە خەندە بوو. لەگەڵ منداڵاندا نێوانی زۆر خۆش بوو.

لە دوای ١٥ی تەموز لە کارەکەی دوور خرایەوە. لە ٢٣ی تەموزدا دەیان پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کرد. لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەستەمبوڵ بە درێژایی ١٣ ڕۆژ ئەشکەنجە درا. تەنانەت لە دۆسییەکەیدا ئاماژە بۆ کراوە کە بە شێوەیەکی بێ ڕەوشتانە بە دار ئەشکەنجە دراوە. ئەو نەخۆشی شەکرەی هەبوو بەڵام دەرمانەکانی پێ نەدەدرا. وە دڵی چیتر بەرگەی ئەو ستەمەی نەدەگرت، و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ی ئابی ٢٠١٦ دا لە دوای ئەشکەنجەدان تووشی سەکتەی دڵ بوو و گیانی لەدەستدا.

بەڵام ستەمەکە لەوێدا کۆتایی پێ نەهات؛ تەنانەت پێش ئەوەی دادگایش بکرێت دەیانویست لە گۆڕستانی خائینەکان بە خاک بسپێردرێت. نە شارەوانی ئامادە بوو ئوتومبێل تەرخان بکات بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی و نە وەزارەتی ئەوقافیش ئامادەبوو مامۆستایەک بنێرێت بۆ ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەری! مامۆستا گۆکهان بە لای ئەوانەوە خائین بوو بە نیشتیمانەکەی! لەو کاتەی ئەوان ئەو شتەیان دەوت دۆسییەی مامۆستا گۆکهان هێشتا دەستی پێ نەکردبوو. سەرەڕای ئەوە دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ و نیو بەسەر مردنەکەیدا، لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ بێتاوانی سەلمێندرا و فەرمانی بۆ دەرچوو کە بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی.

ئاژانسی هەواڵی بۆڵد مێدیا تۆمارێکی ڤیدیۆیی زۆر گرنگی بڵاوکردەوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا. ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە لە کامێرایەکی چاودێرییەوە تۆمار کراوە و سات بە ساتی مردنی مامۆستا گۆکهان نیشان دەدات. بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکە لە ژوورێکی ٦ مەتر دوجادا بە مامۆستا گۆکهانەوە پێنج کەس مابوونەوە! یەکەمین ئاماژەکانی سەکتەی دڵەکەی لە کاتژمێر ٤:١٩ ی بەیانی دیاری دەدات. دەکەوێتە سەر لای چەپ و دەیەوێت بنوێت بەڵام ناتوانێت بنوێت. دوای سێ خولەک هەڵدەستێت و دادەنیشێت. دوای چەند چرکەیەک دیسان پاڵ دەکەوێتەوە. لە جێگەکەیدا هەر ئەمدیو و ئەودیو دەکات.

کاتێک بە تەواوی ناڕەحەت دەبێت هەڵدەسێت دەچێتە بەردەم شیشەکانی زیندان. کاتژمێرەکە ٤:٢٦ خولەک پیشان دەدات. بۆ ماوەی ٥ خولەکی ڕێک هەوڵ دەدات دەنگی بە پۆلیسەکان ڕابگەیەنێت، بەڵام هیچ کەسێک گوێی پێ نادات. مەرگ هەنگاو بە هەنگاو لێی نزیک دەبێتەوە… کاتێک چیتر توانای ئەوەی نامێنێت بە پێوە ڕابوەستێت پاڵ بە دیوارەکە دەداتەوە و خۆی بە شیشی زیندانەکەوە دەگرێتەوە. دواتر بە بێ چارەیی دەگەڕێتەوە بۆ جێگەکەی. کاتێک کاتژمێر دەبێت بە ٤:٣٥ گرژبوونی جەستەی دەستپێدەکات. یەکەم پۆلیس کاتژمێر ٤:٣٧ دەرگای ژوورەکە دەکاتەوە و دەچێتە ژوورەوە بەڵام ئیتر کات درەنگە! مامۆستا گۆکهان گیان لەدەست دەدات.

ئەو ڕۆژەی گیانی لەدەستدا ئەشکەنجە درابوو

هاوڕێیەکی مامۆستا گۆکهان کە ڕێک لە ژوورەکەی تەنیشت ئەواندا بەند کرابوو، بەم شێوەیە باس لەو ڕووداوانە دەکات کە ئەو شەوە ڕوویاندا: “کەمێک دوای نیوەشەو لە قاوشەکەی تەنیشتماندا جموجوڵێک هەبوو. پۆلیسەکان یەکسەر هاوڕێیەکی پزیشک کە لە قاوشەکەی ئێمەدا بوو بردیانە قاوشەکەی ئەودیو. دوای کەمێک پزیشکەکە هاتەوە. دەستەکانی دەلەرزین و وتی ‘هاوڕێکەمان لەدەستدا’. گۆکهانی هاوڕێمان مردبوو. بە پێی وتەی هاوڕێ پزیشکەکەمان شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر ڕووخسار و لاشەی مامۆستا گۆکهان هەبووە. ئەو وتی ‘ڕەنگە دڵی بەرگەی ئەشکەنجەی نەگرتبێت و بە هۆی سەکتەی دڵەوە گیانی لەدەستدابێت’. مامۆستا گۆکهان ئەو شەوە زۆر بە سەختی ئەشکەنجە درابوو و شەوەکەی دوو پۆلیس بە ڕاکێشان هێنابوویانەوە بۆ ناو قاوشەکە”

ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە تەنها تاوانەکانی ڕژێمەکەی ئێردۆغان پیشان نادات بەڵکو لە هەمان کاتدا شتێکی تریش پیشان دەدات؛ دەیان تۆماری ئەشکەنجەدان و ستەم و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کە لە دوای ١٥ی تەموزەوە ئەنجام دراوە هەمووی هەڵگیراوە. بە هیچ شێوەیەک دەربازیان نابێت. ئەو کەسانەی ئەشکەنجەی خەڵکی دەدەن یەک بە یەک ناوەکانیان دەزانرێت. ڕێکخراوی (human Rights defender) کە لە بواری داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤدا کار دەکات، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ناو و شوێنی ٢٤٨ ناوەندی ئەشکەنجەدانی ئاشکرا کرد. ڕەنگە دوای سێ مانگی تر، ڕەنگە ١ یان ٢ ساڵی تر؛ کاتێک ڕژێمەکەی ئاکەپە دەسەڵات لەدەست دەدات سەدان و هەزاران تۆمار و بەڵگە سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و ستەم کردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بڵاو دەبێتەوە و ئەوکات ئەو بەرپرسانەی ئاکەپە کە فەرمانەکانیان دەرکردبوو و ئەو کەسانەش کە فەرمانەکانیان جێبەجێ دەکرد و ئەشکەنجەی خەڵکییان دەدا بە دوای کونێکدا دەگەڕێن خۆیانی تێدا بشارنەوە، بەڵام نایدۆزنەوە!

 

https://www.tr724.com/gokhan-acikkollu-dosyasi-3-yildir-acilmayi-bekliyor/

Show More
Back to top button