بیروڕا

دوا ڕۆژەکانی ژیانی مامۆستا سەعیدی نوورسی، بەشی یەکەم

 

مامۆستا بەدیعوزەمان سەعیدی نورسی لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا دەیویست وەک وەفایەک سەردانی ئەو شار و ناوچانە بکات کە بە ئاوارەیی تەمەنێکی تیایندا بەسەر بردبوو.

لە ئیستەنبوڵەوە بەڕێکەوت بەرەو ئەمریداغ و دواتریش چووە ئێسکی شێهیر. دواتر و پاش مانەوە لە میوانخانەی یڵدز لە ئێسکی شێهیر، مامۆستا بەرەو ئیسپارتا چوو. هەفتەیەک لە ئیسپارتا مایەوە و دواتر بە یاوەری خوێندکارەکانی چوو بەرەو بارلا، کە پێشتر مەدرەسەی نووری لێ ببوو. بارلا کە شاری یادەوەرییەکان بوو، لە چاوی مامۆستا سەعیددا زۆر بەهادار بوو، چونکە نووسین و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی نوور لەوێوە دەستیان پێکردبوو. وتەکان و مەکتوبات و بریسکەکان کە تیشکدانەوە و نووری قورئانی کەریمن لەوێوە بڵاو بوونەوە. بۆیە بارلا یەکەم دەرسخانەی پەیامەکانی نوور بوو.

مامۆستا بەر لە ١٩ ساڵ بارلای جێهێشتبوو، بەهۆی دوورخستنەوە و زیندان و دادگاییەکانیشەوە لەو ماوەیەدا نەیتوانیبوو سەردانی بکاتەوە. ڕۆژێکی خۆشی بەهار چووە بارلا، بەشێکی زۆر لە خوێندکارەکانی نوور پێشوازییان لە ئوستاد کرد. دانیشتوانی بارلا، لە ٧ ساڵانەوە تا حەفتا ساڵان وەک بەشداری جەژنێک بکەن، بەرەو ڕووی مامۆستا چوون. دەیانوت” خواجە ئەفەندی هاتووە- مامۆستا هاتووە”، و بۆ بینینی کۆدەبوونەوە. لەکاتێکدا بەرەو باکووری بارلا دەچوو کە یەکەم دەرسخانەی لێ بنیات نابوو، ٩ ساڵ خزمەتی لێ کردبوو، بە بینینی دەرگای قوفڵدراوی مامڵی موستەفا مارانگۆزی خوێندکار و یاوەری کە ئەو کاتە لە خزمەتیدا ببوو لە ساڵی ١٩٣٩دا کۆچی دوایی کردبوو، مامۆستا خۆی پێ نەگیرا و هۆن هۆن فرمێسک لە چاوانی هاتە خوارەوە.

 

 

بەسەر شانی زوبەیر گوندوزئالپ و تاهیر موتڵووەوە چووە دەرسخانەکەوە و داوای لێکردن کە بە تەنها جێی بهێڵن. باوەشی کرد بەو دار چنارەدا کە ماوەی ٩ ساڵ لەسەر پەرستشی ئەنجام دابوو، بیری کردبووەوە، لە ئامێزی چنارەکەدا بە کوڵ دەگریا.

ئەو چنارە شوێنی پەرستش و بیرکردنەوەی ئەو بوو. چەندین شەو لە چیاکان ڕۆژی کردبوویەوە، یادی خودای کردبوو پەیامەکانی نووسیبوو. زۆر بە تاسەوە باوەشی بەو درەختەدا کردبوو، کە یاوەری غوربەتی ئەو بوو، هاوڕێ و هاوڕازی ئەو ساڵانەی بوو، ئەو مرۆڤە بەوەفایە، بە هەنسکەوە دەگریا. پاشان چووە ئەو ژوورەوە کە مەنزڵی دڵتەنگییەکانی بوو، ماوەی ٢ کاتژمێر لەوێ مایەوە. گریان و فوغانی ئەو دەگەیشتە ئەو کەسانەی کە لە دەرەو بوون، دەروونی ئەوانیشی گەرم کردبوو.

لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، ئوستاد زۆر دڵشاد و سوپاسگوزار بوو کە پەیامەکان بە ئاسانی و بەربڵاوی چاپ دەکران. چاپکراوەکان دەهاتنەوە بەردەستی و خودی خۆی پیایاندا دەچووەوە. بەدیعوزەمان لەو بارەیەوە وتی:” ئێستا جەژنی پەیامەکانی نوورە. ئەرکی من ئیتر تەواو بوو. من چاوەڕێی ئەم رۆژانە بووم. ئیتر دەڕۆم.”

 

مەندەریس لە ئێمە تێنەدەگەیشت

پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی عەدنان مەندەریس لە ١٤ی مایسی ١٩٥٠دا بە بەدەستهێنانی ٣٩٦ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا توانی بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت. جەلال بەیار بووە سەرۆککۆمار و عەدنان مەندەریسیش بووە سەرۆکوەزیران، ئیتر قۆناغێکی نوی لە وڵاتدا دەستی پێکرد.

مامۆستا سەعیدی نورسی چوو بۆ دەنگدان و پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموکرات دەربڕی، مامۆستا وتی” دەنگی من گرنگە.”، بەڵام لەوکاتەدا کە وڵات دەیویست لە نەهامەتیی و قۆناغێکی ناخۆش ڕزگاری ببێت. پێشنیاری زۆری جۆراوجۆریشی بۆ جەلال بەیاری سەرۆککۆمار و عەدنان مەندەریسی سەرۆکوەزیرانیش دەکرد. وەک یەکێک لەو سیاسییانەی کە دیموکراسییان بۆ کۆمەڵگا دابینکردبوو،سەبارەت بە عەدنان مەندەریس وتی” قارەمانەکەی ئیسلام”، بەڵام دواتر ئەویش لێی نائومێد بوو.

لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ١٩٥٧دا، پارتی دیموکرات ٪٤٨ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. پارتی دیموکرات پارتێکی ئیسلامی نەبوو، بەڵام موسوڵمانەکان پشتیوانییان لێ دەکرد، چونکە تاکە پارت بوو کە پاش ساڵانێکی زۆر لە دەسەڵاتداریی تاکپارتیی لە تورکیادا کەشێکی ئازادی لەو وڵاتەدا دابین کردبوو. مامۆستا سەعیدی نورسی کە بەهیچ جۆرێک خەیاڵی لای دروستکردنی پارتی سیاسی و چالاکی سیاسیی نەبوو، لەو سەردەمەدا بە ئامانجی درێژەدان بەو هەوای ئازادیەی لەو سەردەمدا دروستببوو، بڕیاری دابوو دەنگی خۆی بە پارتی دیموکرات بدات. خودی خۆی چووە بۆ دەنگدان و دەنگی خۆی لە بەرژەوەندی پارتی دیموکرات خستە سندوقەکەوە.

 

 

ئوستاد سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی پارتی دیموکراتیشدا زۆر ستەمی لێ کرا، هێشتا نزای بۆ مەندەریس دەکرد، ئەوەش زۆر بە ئاشکرا، کە هەموو خوێندکارەکانیشی دەیانزانی. بەیانییەک لە ئیسپارتا، لە کاتی وانە وتنەوەدا وتبووی” براکانم، من ئەمشەو نزام بۆ مەندەریس کرد.” هەر ئەو شەوەش فڕۆکەکەی مەندەریس لە بەریتانیا توشی ڕووداو ببو، بەڵام مەندەریس ڕزگاری بوو.

مەندەریس ئەو نامانەی بە هەند وەرنەدەگرت کە لەلاین مامۆستا و خوێندکارەکانیەوە بە ناونیشانی ” پێشنیار بۆ برایانی دیموکرات” بۆی دەنێردرا. دەسەڵات و پلەوپایە چاو و بیانیی مەندەریسیان بەستبوو، ڕووداوەکانی دەوروبەری خۆی بۆ نەدەخوێندرایەوە.

تەنانەت گەشتێکی کۆتایی تەمەنی مامۆستا سەعید بۆ ماڵئاواییکردن لە خوێندکارەکانی سیاسییەکانی نیگەران کردبوو. دەسەڵات و پارتە بەرهەڵستکارەکان و ڕۆژنامەکانیش ئەو گەشتەی مامۆستا سەعید کە پاش ٢٨ ساڵ دەربەدەری و زیندان و دادگایی کردن و ناڕەحەتی ئەنجامی دابوو، کردیان بە بابەتێکی زۆر گەورە. هەر بۆیە لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠دا حکومەتی تورکیا لە ڕادیۆوە بانگەوازێکی تایبەتی کرد، داوای کرد کە سەعید نورسی نەچێتە ئەنکەرە و لە ئەمیرداغ ( شارۆچکەیەکە ١٩٥کم لە ئەنکەرەوە دوورە) بمینێتەوە. حکومەت هەواڵی پێگەیشتبوو کە مامۆستا بەنیازە سەردانی ئەنکەرە بکات، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ویستبووی کە مامۆستا نەچێتە ئەنکەرەوە.

لە گۆلباش پۆلیس دەوری ئوتومبێلەکەی مامۆستایان گرت و پێیان ڕاگەیاند کە وەزیری ناوخۆ فەرمانی بەوە کردووە. پۆلیسەکان بە شەرمەزاری وتبوویان” ئێمە مەحکومی فەرمانین، فەرمان جێبەجی دەکەین.” ئوستادیش پێی وتبوون” من تاوانبار نیم، داواکراو نیم. کەواتە بەپێی یاساکانی ئێوە مافی چوون بۆ هەمووشوێنێکم هەیە. ئەوەی ئێوە ئەنجامی دەدەن کارێکی بێپاساوە.من گوێ بە یاساکانی ئێوە نادەم. بەڵام من دەستورێکم هەیە کە ٦٠ ساڵ پەیڕەی لێ دەکەم؛ تێکنەدانی ئاسایش.” ئیتر پاش ئەوە مامۆستا گەڕایەوە. پۆلیسەکانیش تا پۆلاتلی یاوەرییان کرد.

پاش ماوەیەک بەدیعوزەمان سەبارەت بە مەندەریس وتی:” مەندەریس لە ئێمە تێنگەیشت، من بەم نزیکانە دەڕۆم، ئەوانیش سەرەوژێر دەبنەوە (دەستەکانیشی هەڵگێڕایەوە)”

ئوستاد لە ٢٠ی کانوونی دوومی هەمان ساڵدا، درەنگانێکی شەو کە ئەمیرداگەوە چوو بۆ ئیسپارتا. گەڕایەوە بۆ شوێنی مانەوەی لە گەڕەکی بێی. پاش ماوەیەک لەوێوە چوو بۆ ئافیۆن. پاش شەوێک مانەوەش لەوێ، دووبارە گەڕایەوە ئەمیرداغ. پاش ئەوەش گەڕایەوە بۆ ئیسپارتا و بە گشتی تا گیانلەدەستدانیشی لە ئیسپارتا مایەوە.

 

 

دوا ڕێکردنی بەدیعوزەمان و کۆچی دوایی

کاک بایرام یوکسیل دەگێڕێتەوە؛

“حەزرەتی ئوستاد لە ١٩ ئازاری ١٩٦٠دا ڕۆژی شەممە پاش نوێژی عەسر هاتە ئیسپارتا، پێش نوێژیش پۆیسێک هاتبوو، پۆلیسەکە وتی؛” مامۆستا لە ئەمیرداغەوە بەڕێکەوتووە”، ئێمەش وتمان” نەهاتووە”

ڕاستییەکەی ئەوەش بوو کە پاش کاتژمێرێک گەیشت، پێش هاتنە ماڵەوە هۆڕنی لێ دەدا، هۆڕنی ئوتومێلەکەیمان دەناسییەوە. هۆڕن لێدرا و لەگەڵ کاک تاهیریدا یەکسەر چووینە خوارەوە. دەرگامان کردەوە و ئوتومێلەکە هاتە ژوورەوە.

ئوستادمان لە پشتەوەی ئوتومبێلەکەدا پاڵکەوتبوو، بەزۆر لە باوەشمان گرت و لە ئوتومبێلەکە دەرمان هێنا. ویستمان بیخەینە سەر شانمان و بە پلیکانەکاندا سەریبخەین، بەڵام ئەو سەرنەکەوت. چووینە ژێر شانی. لەگەڵ کاک تاهیریدا بردمانە سەر جێگاکەی خۆی و پاڵمانخست. تایەکی بەهێزی هەبوو، هیچ لێی جیانەبووینەوە. نوێژەکانیشمان بە سەرە دەکرد.لەو کاتەدا لەخزمەت ئوستادەکەماندا، کاک تاهیری و کاک زوبێر و کاکە حوسنو، من ئامادە بووین. شەوی ١٩ی ئازاری ١٩٦٠، کاتژمێر ٢ یاخود ٢:٣٠ نیوەشەو بوو. لەتەک کاک زوبەیردا پێکەوە بەسەر سەری ئوستادەوە ئێشکگربووین. کاک زوبەیر دەستەکانی دەشێلا و منیش پێیەکانیم دەشێلا. ئوستادەکەمان تەماشای منی کرد و وتی:

-دەڕۆین.
وتم:” بۆکوێ دەڕۆین ئوستادم؟”

وتی:” بۆ ئورفا و دیاربەکرد”

دیسان وتی “دەڕۆین”

وتم:” بۆکوێ ئوستادم؟”

وتی” دەچین بۆ ئورفا”

کاک زوبێر وتی:” تایەکەی زۆر بەرزە، بۆیە وا دەڵێت.”

لای کاتژمێر ٢:٣٠ ئیتر هەر دووبارەی دەکردەوە؛ ” ڕۆژ بێتەوە دەچین بۆ ئورفا” یەکجار دیاربەکریشی وت، بەڵام هەر ئورفای دووبارە دەکردەوە.

کاک حوسنو و کاک تاهیری هاتن بۆ ئێشکگرتن، من و کاک زبێریش چووین بۆ پارشێو کردن. ئوستاد دیسان بە کاک حوسنوی وتی” دەچین بۆ ئورفا، خۆتان ئامادە بکەن.”

کاک حوسنوش وتی:” ئاخر تایەکانی ئوتومبێلەکە خراپن.”

ئوستاد وتی:” دەچین بۆ ئورفا، دەکرێت بە ئوتومبێلێکی تر بجچین، دووسەد لیرەش بێت دەیدەین، تەنانەت دەکرێت جبەکەشم بفرۆشم.”

حوسنو هات و یەکسەر دەستمان کرد بە ئامادەکردنی ئوتومبێلەکە، هەر بە ڕاستیش تایەکان هێندەیان نەمابوو بتەقن. لەو کاتەدا پەیداکردنی تایەی تازە ئەستەم بوو. لەو کاتەشدا ئوستاد چەند جارێک کاک تاهیری ناردبوو کە یارمەتیمان بدات، دەیوت” براکانم، با منیش یارمەتیدان بدەم، ئوستاد پەلەیەتی. دەستوبردکەن.”

ئوتومبێلەکەمان ئامادەکرد، ئوستادەکەشمان ئامادە بوو، کاک زوبێریش لە ئێوارەوە دەیوت” خۆزگە بایرامیشمان لەگەڵ بووایە، یارمەتی دەداین، بە تەنها زۆر لەسەرمان قورس دەبێت.”

چونکە ئوستادەکەمان لە چوونەکانیدا بۆ ئەنکەرە یاخود ئیستەنبوڵ کەسی لەتەک خۆیدا نەدەبرد، تەنها کاک زوبەیر و کاکە حوسنو یاوەرییان دەکرد. کاک زوبێریش دەیوت کە ئوستاد بۆیە زۆر کەس لەتەک خۆیدا نابات، تا سەرنجی نەیەتە سەر. ئوستادیشمان ئامادە بوو، کە لەدەرگا چووە دەرەو، کاک زوبێر لە کاک تاهیری پرسی” کاک بایرامیش دەڕوات؟” ئوستادیش وەڵامی دایەوە” دەڕوات”

منیش هەر خۆم ئامادە بووم، نوێنمان بۆ ئوستادەکەمان لە پشتی ئوتومبێلەکەدا ڕاخست و پاڵمانخست. منو وکاک زبوێر لە شوێنی شۆفێر دانیشتین.

٢٠ی ئازاری ١٩٦٠، ڕێک کاتژمێر ٩ بوو. لە شەقامی بەردەم ماڵی ئوستادەکەمان ٢ پۆلیس وەستابوون. لەو کاتەدا حکومەت لە ڕادیۆوە بانگەوازی کردبوو کە؛ ” پێشنیار دەکەین سەعید نورسی، لە ئەمیرداغ یاخود ئیسپارتا نیشتەجێ ببێت.” بۆیە پۆلیسەکان زۆر دەترسان مامۆستا بچێتە ئەنکەرە یاخود ئیستەنبوڵ، بۆیە بەتایبەت ئەو ڕۆژانە پۆلیسەکان دوو دوو نۆبەتیان دەگرت. پێش ئەوەی ئوتومبێلەکە بەڕێکەوێت، فیتنەت خانم، خاوەن ماڵەکە هاتە لای ئوتومێلەکە، ئوستادەکەمن وتی:

” پەرستارەکەم، بەخوامان سپاردیت، نزامان بۆ بکە، زۆر ناڕەحەتم.” ئوستاد زۆر بە دڵتەنگی ڕۆیشت. فیتنەت خانمیش چوەکانی پڕ ببوون، پاش ڕۆیشتنی ئێمەش فیتنەت خانم بە کاک تاهیری وتبوو:” من ئەمجارە زۆر لە ئوستاد بەگومانم، بەخودا دەچێت تا بەدوای شوێنی خۆیدا بگەڕێت…””

 

ئەم نووسینە بەشی تری ماوە…

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/bediuzzaman-said-nursinin-son-gunleri-haberi/1320514/

Show More
Back to top button