هەواڵ

داواکارییەک لە دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانەوە بۆ حکومەتی تورکیا

یاسا جیهانییەکان پەیڕەو بکەن، دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان ئازاد بکەن

 

دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران (Journalist and Writers Foundation) ڕاپۆرتێکی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و تورکی لە ژێر ناونیشانی “بەکارهێنانی یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بە شێوەیەکی خراپ لە لایەن حکومەتی تورکیاوە” بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کرد کۆتایی بەو ڕەشبگیر و ئەشکەنجە دوور لە مرۆڤایەتییەوە و خراپ بەکارهێنانی یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بهێنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە سەردەمی هەموو ڕژێمە زۆردار و ستەمکارەکاندا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە کراوەتە ئامانج، وە هەروەها سەرنج بۆ ئەو دەستگیر کردن و ڕەشبگیرە نایاساییە ڕادەکیشێت کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ وە دەستی پێکردووە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لانی کەم ٦١٢ هەزار و ٣٤٧ کەس بە پێی مادەی ٣١٤ لە یاسای سزادانی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستییدا دەستگیر کراون. وە هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت ئەو دەیان هەزار کەسەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراون و ئازادییەکانیان زەوت کراوە ئازاد بکرێن.

لە ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەراندا سەرنج بۆ لای ئەم خاڵانە ڕاکێشراوە:

  • ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن دەکرێت شتێکی نوێ نییە. ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە دەبینین ڕاستەخۆ دوای کودەتا سەربازییەکەی ٢٨ی شوباتی ١٩٩٧ بە تۆمەتی “درووست کردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە لە یەک کەس پێکهاتووە” دۆسییە لە دژی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن کرایەوە و داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکرا. مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بە هۆی ئەو تۆمەتانەی لە لایەن ئەندامانی دادوەری و سەربازییەوە دەدرایە پاڵی بۆ پلاندانان بۆ ڕووخاندنی حکومەت، وە بڕیاری دەستگیر کردنی و هەوڵی پاکتاوکردنی لایەنگرەکانی بولێنت ئەجەڤیت سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، ناچار بوو تورکیا جێبهێلێت و بەرەو ئەمریکا بەڕێ بکەوێت. سەرەنجام هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن کرابوو بێ بنەما دەرچوون و لە ساڵی ٢٠٠٨ دۆسییەکە بە تەواوی ڕەت کرایەوە.
  • بزاڤی خزمەت و هەموو ئەو کەسانەی نزیک بوون لەو بزاڤەوە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا لە بەرواری ٢٥ی ئابی ٢٠٠٥ کرانە ئامانج. هەریەک لە ئەحمەد نەجدەت سێزار سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، هیلمی ئۆزکۆک سوپاسالاری ئەوکات تورکیا و عەبدوڵا گول وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا و دواتر ئاشکرا بوو کە لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکییان ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی چەند کار و چالاکییەک لە دژی بزاڤی خزمەت کە ئەوکات لە کۆبوونەوەکەدا بە “گروپی فەتحوڵڵا گولەن” ناوی هاتبوو.
  • لە بەرواری ١٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ هیزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ماڵی چەند بەرپرسێکی تورکیا ئەنجامدا و توانیان دەست بگرن بەسەر 17.5 ملیۆن دۆلاردا کە بۆ مەبەستی بەرتیل بەکارهێنرابوو، وە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە گرنگترین ئۆپەراسیۆن لە دژی گەندەڵی لە مێژووی تورکیادا دادەنرێت و ئابڕووچوونێکی گەورەی دەسەلاتدارانی تورکیای لێکەوتەوە. لە ئۆپەراسیۆنەکانی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ دا ٥٢ کەس بە تۆمەتی بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل و تێوەگلان لە گەندەڵییەوە دەستگیرکران، وە تەواوی ئەو ٥٢ کەسە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئاکەپە پارتی دەسەڵاتداری تورکیادا هەبووە.
  • لە دوای ئابڕووچوونی گەندەڵییەکەی ٢٠١٣، بە هۆی توڕەیی خەڵکەوە چوار وەزیر لە کابینەی ئەوکاتی تورکیا ناچاربوون دەستلەکار بکێشنەوە، وە لە هەمان کاتدا ئێردۆغان ئەو لێپێچینەوە کە دۆسییەی گەندەڵییەی بە کردنە ئامانجی کابینەی حکومەتەکەی خۆی لە قەڵەمدا. دواتر بە هۆی ئەو دۆسییەی لێپێچینەوە لە گەدەڵییەوە هەزاران پۆلیس و داواکاری گشتی و دادوەر لە کارەکانیان دوورخرانەوە. فشارێکی زۆر لەسەر حکومەت و میدیا و ئەنجومەنی دادوەری درووست کرا. ئەو دادوەر و داواکاری گشتی و بەرپرسانەی دیکە کە سەرپەرشتی دۆسییەی لێپێچینەوە لە گەندەڵییان دەکرد (کە لە ئێستادا یان لە زینداندان یاخود لە ئاوارەییدا دەژین) ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بزاڤی خزمەتەوە نەبووە. وە هەروەها بزاڤی خزمەتیش لای خۆیەوە ئاشکرای کرد کە هیچ ئاگاداری یاخود زانیارییەکی دەربارەی ئەو دۆسییەی لێپێچینەوانە نەبووە.
  • بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە حکومەتی تورکیا مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن و بزاڤی خزمەتی بە خیانەت کردن تۆمەتبار کرد، وە لە ناو ڕای گشتی و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیاندا بزاڤی خزمەتیان بە “تیرۆریست، درووست کردنی دەوڵەتی هاوتەریب و چەندین تۆمەت و سوکایەتی دیکە” ناودەبرد. دەزگای ئازادی ستۆکۆڵم (SCF) توێژینەوەیەکی دەربارەی ئەو دەستەواژانە ئەنجامداوە کە لە دژی بزاڤی خزمەت بەکارهێنراوە و تێیدا بە بەڵگە ئەوە دەسەلمێنێت کە زیاتر لە ٢٤٠ دەستەواژەی کینەبەرایەتی بۆ سوکایەتی کردن بە بزاڤی خزمەت بەکارهێنراوە. حکومەتی تورکیا لێپێچینەوەیەکی لە دۆسییەی گەندەڵی بە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەت لێکدایەوە.
  • ئامێرە زەبەلاحەکەی حکومەتی تورکیا بۆ پڕوپاگەندە و ناشرینکردنی نەیارەکانی کەوتە کار بۆ ناساندنی بزاڤی خزمەت وەک “گروپی تیرۆریستی”، وە ئەوەش پشتی بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ورد نەبەستووە کە پەسەند بکرێت. سەرەڕای ئەوەی پێشتر حکومەتی تورکیا بزاڤی خزمەتی وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی ناساندبوو کە لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندرووستی و ئابووری و چەند بوارێکی دیکەیا کاریان دەکرد، وە بە چەندین ناسناوی وەک “جەماعەت، جەماعەتی گولەن، بزاڤی خزمەت” ناوی دەهێنرا، بەڵام لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا پێچەوانە بووەوە و بزاڤی خزمەتی وەک گروپی تیرۆریستی لە قەڵەمدا. بەرپرسانی حکومەتی تورکیا پشتیوانییان لە هەموو ئەو کار و چالاکییانە کرد کە دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەت لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕێکیان دەخست و بە شێوەیەکی ئاسایی بەشدارییان لە هەموو چالاکییەکاندا دەکرد. هانی بزاڤی خزمەتیان دەدا بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی زیاتر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، وە چەپڵەیان بۆ لێدەدا و پشتیوانیان لێدەکرد.
  • بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٤ وە کاری لە پێشینەی حکومەتی تورکیا بووە بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی بزاڤی خزمەت، وە دوای ناساندنی بزاڤی خزمەت وەک گروپێکی تیرۆریستی هەموو ئەو کەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندییەکیان بە بزاڤی خزمەتەوە هەبووە یاخود پشتیوانیان لێکردووە دەستگیر دەکرێن و دەخرینە زیندانەکانەوە.
  • لە تورکیادا لە دوای مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ وە هەموو هەفتەیەک بە بیانووی ئەندامبوون لە بزاڤی خزمەت یاخود دەربڕینی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت سەدان کەس دەستگیر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەکانەوە. بە گوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لانی کەم ٦١٢ هەزار و ٣٤٧ کەس (١٥٥ هەزار و ١٤ کەس لە ساڵی ٢٠١٦، وە ٤٥٧ هەزار و ٤٢٣ کەس لە ساڵی ٢٠١٧) دا بە پێی مادەی ٣١٤ لە یاسای سزادانی تورکیا بە تۆمەتی “دامەزرێنەر یاخود سەرکردایەتی، یاخود ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستیدا” دەستگیر کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزاڤی خزمەت دەستگیر کراون، وە هەندێک کەسی دیکەش بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وە دەستگیر کراون. بە پێی دوایی ئامارەکانی دەزگای ئازادی ستۆکۆڵم (SCF)، هەتا ئێستا زیاتر لە ٨٨ هەزار لەو کەسانەی لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزەوە هەتا ئێستا بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بزاڤی خزمەتدا دەستگیر کرابوون، لە گرتووخانەکاندا دەمێننەوە.
  • لە دوای ١١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ وە هەتا ئێستا بزاڤی خزمەت لە لایەن حکومەتی تورکیاوە چەندین ناوی جیاوازی وەک گروپی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی (FETO) و یاخود دەوڵەتی هاوتەریبی بەسەردا سەپێنراوە وەک گروپێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دوای ئەوەی باری نائاسایی ڕاگەیاندرا، بە بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر و هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا هەبێت، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند “گروپی تیرۆریستی فەتحوڵڵا لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦وە بووە”. مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە باس لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا دەکەن و داوای کرد لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز پێکبهێنرێت.
  • پوختەی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە لە دژی بزاڤی خزمەت و ناساندنی وەک گروپێکی تیرۆریستی بریتییە لە هەبوونی بیانوویەک بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ هێرش بکرێتە سەر ئەندامان و هاوسۆزان و دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەت و لە ڕەگ و ڕیشەوە ئەو بزاڤە پاکتاو بکرێت.
  • یەکێکە لە بەشە هەرە سەرەکییەکانی چەمکی “تیرۆریزم” بریتییە لە ئامادەبوونی “گروپێکی چەکدار” بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لە هەموو کاتێکدا. ئەو دامەزراوانەی لە بنەماکانی بزاڤی خزمەتەوە سەرچاوەیان گرتبوو، وە بە درێژایی چەندین ساڵ لە سەدان وڵاتی جیاواز بەردەوامییان بە کار و چالاکییەکانیان داوە، وە هەر ئەندام یاخود هاوسۆزێکی بزاڤی خزمەت بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە بە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک تۆمەتبار نەکراون؛ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە درێژایی ٢٥ ساڵ لە لایەن سەدان حکومەت و دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵەرەوە و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە لێکۆڵینەوەی لێکرا، وە هیچ کاتێک بەشداری لە هیچ چالاکییەکی نایاساییدا نەکردووە. تەنانەت ئەو کەسانەش کە کەمترین زانیارییان هەیە دەربارەی بزاڤی خزمەت دەزانن کە بزاڤی خزمەت زۆرترین جەختی لەسەر ئاشتی و دیالۆگ کردووتەوە، وە ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگیرێت بۆی دەردەکەوێت کە هەموو ئەو تۆمەتانەی ئێردۆغان دەیخاتە پاڵ بزاڤی خزمەت و دەڵێت “گروپێکی تیرۆریستییە” بە تەواوی “نالۆژیکییە” و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ڕاست بێت. بزاڤی خزمەت بەشداری لە هیچ چالاکییەکی تیرۆریستییدا ناکات، نە توندوتیژی سیاسیی، وە نە هەر هەوڵێکی توندوتیژی بەکار ناهێنێت و تەنانەت بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە هیچ هەوڵی کودەتایەک ناکات.

 

  • بزاڤی خزمەت ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە. حکومەتی تورکیا یاخود هەر حکومەتێکی دیکە تەنانەت یەک بەڵگەیان لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت بزاڤی خزمەت یاخود هەر ئەندامێکی بزاڤی خزمەت چەکدار بووە یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان لە کاتێکدا پەنای بۆ توندوتیژی بردبێت. لە تورکیادا یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بە خراپترین شێوە مامەڵەی پێوە دەکرێت و بۆ ئامانجی خراپ بەکار دەهێنرێت، وە بە پێی ئەو یاسایە سەدان هەزار کەس کە بەردەوام ڕێزیان لە یاسا دەگرت بە شیوەیەکی ڕەشبگیرانە دەستگیرکران و بە تۆمەتی “تیرۆریزم” خرانە کونجی زیندانەوە. یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە تورکیادا لەگەڵ ستاندارتەکانی بواری مافی مرۆڤ ناگونجێت و پێشێل کردنی بنەما یاساییەکانە.
    ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵ کردن نییە. لەبەر ئەوە ئێمە وەک دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بواری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین هۆشیاری بدەنە تورکیا دەربارەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

 

  • چاوخشاندنەوە بە هەموو ئەو حوکمانەی بە پێی یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر دراون و لەگەڵ ستاندارتە نێودەوڵەتییەکان و بنەما یاساییەکاندا ناگونجێن، وە پێویستە دەستبەجێ ئەو یاسایە هەڵبگیرێت.
  • پێیوستە یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر، تەنها لە سنووری ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆردا بمێنێتەوە و لەگەڵ بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بگونجێت و لەگەڵ هەموو بنەما یاساییەکانی دیکەدا بگونجێت.
  • پێویستە لە کاتی ئامادەکردنی یاساکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر یاخود گۆڕینی ئەو یاسایانە ئێستا کاری پێدەکرێت، پابەندبوون بە بنەما یاساییەکان لەبەرچاو بگیرێت.
  • پێویستە ئەو دەیان هەزار کەسەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە بزاڤی خزمەتەوە خراونەتە زیندانەوە و لە ئازادییەکانیان بێبەش کراون دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
  • پێویستە ئەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە و ئازادییەکانیان زەوت کراوە مافە یاساییەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و بە هۆی ئەوەی لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ناڕەحەتی بوونەتەوە قەرەبوو بکرێنەوە، وە هەموو قەرەبوونەکانی دیکەیان بۆ دابین بکرێت.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/gyvden-hukumete-cagri-evrensel-hukuka-riayet-edin-onbinlerce-masumu-serbest-birakin/

Show More
Back to top button