هەواڵ

داهێنەرێکی خاوەنی خەڵاتی ناسا لە تورکیا دەردەکرێت و لە ئەڵمانیا پڕۆژەیەکی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخرێتە بەردەم!

 

 

یونس کەرەجا یاریدەدەرێکی پڕۆفیسۆر کە لە وڵاتانی ئەمەریکا و ئۆزبەکستان و تورکیا وەک کەسێکی ئەکادیمی کاری کردووە و خاوەنی خەڵاتی دەزگای توێژینەوەی ئەمەریکی ناسایە، دوای ئەوەی لە تورکیا دەردەکرێت، لە ئەڵمانیا پڕۆژەیەکی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخرێتە بەردەم.

یونس کەرەجا لە دەزگای ناسای ئەمەریکیەوە هەتا دەگاتە وەقفی سەبری ئولکەر لە تورکیا، چەندین خەڵاتی بە بۆنەی داهێنانەکانیەوە پێدراوە.

ناوبراو لە تورکیادا خاوەنی پرۆژەی “کایناشتر” ە کە بە فەرمانی وەزارەتی ژینگەی تورکیا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە بە ناچاری تورکیای جێهێشتووە.

 

چیرۆکی ژیانی پڕ سەرکەوتنی کەرەجا لە دوای ١٥ ی تەموزەوە بەرەو دژواری دەچێت و لە کۆتایدا بە چیرۆکی  “کۆچی مێشکەکان” کۆتایی دێت.

 

پڕۆژەی “کایناشتر” کە بریتیە لە پرۆژەیەکی ژینگەپارێز و ڕێگە لە تێکەڵبوونی خۆڵ و خاشاکی ماڵان دەگرێت لەوەی تێکەڵ بە سەرچاوەکانی ئاو ببن، لە تورکیادا بە نیوەناچڵی دەستی لێهەڵدەگرێت و ئێستا سەرمایەدارانی ئەڵمانیا و ئینگلتەرا هەوڵی کڕینی پرۆژەکە دەدەن.

یونس ئێستا لە ئەڵمانیایە و بەردەمی پرۆژەکەی کراوەتەوە، بەڵام لە تورکیادا بە تۆمەتی تیرۆرست بوون فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.

 

چیرۆکی ژیانی یونس کەرەجا لە تورکیا، لە دەرسخانەکانی “فەم” ی بزاڤی خزمەتەوە دەست پێدەکات هەتا دەگاتە وەرگرتنی خەڵات لە دەزگای ناسا و پاشان بە تێپەڕین بە ناوی ئاوی دەریاچەی مەریچدا کۆتایی دێت.

یونس کەرەجا وەک نمونەیەکی زیندووی ئەو وتە بەناوبانگەی تورکیایە کە دەڵێت” لە تورکیادا هیچ سەرکەوتنێک بە بێ سزا نامێنێتەوە!”.

یونس کەرەجا و خوێندکارەکانی لە ڕابردوودا، لە هەموو پێشبڕکێ زانستیەکاندا لە ڕیزی پێشەوە ئەوانە بوون کە خەڵاتیان وەردەگرت.

 

“هەموو شتێک بە وتنەوەی وانە لە دەرسخانەی فەم دەستی پێکرد”

دوای ئەوەی لە زانکۆی غازی دەرچووم، لە ڕێگەی بزاڤی خزمەتەوە چوومە ئۆزبەکستان.

کەرەجا باس لەوە دەکات کە پێش ئەوەی بڕواتە دەرەوەی وڵات، لە ڕێگەی کۆرسێکی دەرسخانەی فەمەوە بە ناوی “پڕۆژە چۆنی دروست دەکرێت؟” خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا دروست دەبێت.

 

ناوبراو دەڵێت” کاتێک چوومە ئۆزبەکستان بیرم لە هیچ شتێک نەکردەوە، لە فڕۆکەخانە بووم کاتێک زەمالەیەکیان خستە بەردەمم. منیش پرسیم کەوا چۆنییە و بیرم لە هیچ پارەیەک نەکردەوە. لە ئۆزبەکستان هەردوو منداڵەکەم هاتنە دونیاوە و هەر لەوێش دکتۆرام تەواو کرد. لە دوای ئەوەوە گەڕامەوە تورکیا و لە زانکۆی فاتیح دەست بەکاربووم. ماوەی دوو ساڵ وانەی ئینگلیزی و بایۆلۆجیم وتەوە. دواتر چوومە کۆلیژی کچانی ماڵتەپە و لەوێدا دەستم کرد بە پێشخستنی پرۆژەکانم. پڕۆژەی زۆر سەرکەوتووم ئەنجامدا، بۆ نمونە لەگەڵ خوێندکارەکاندا،  ئۆتۆمبیلێک کە بە تیشکی خۆر کاری دەکرد، بۆ یەکەم جار لەلایەن ئێمەوە دروست کرا. تەنانەت زانکۆی تەکنکی ئەنەدۆڵو، لە دوای ئێمەوە دەستیان کرد بە ئەنجامدانی هەمان پڕۆژە. کاتێک پڕۆژەکان سەرکەوتوو بوون، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، لە ٧٠ خوێندگەی دەوڵەت، وانەی چۆنیەتی ئامادەکردنی پڕۆژەم بە خوێندکارەکان وتەوە. بۆ ئەوەی تەنیا خوێندنگە تایبەتەکان فێری پرۆژە نەبن، لەگەڵ چەند مامۆستایەکدا دەچووینە خوێندنگەکانی دەوڵەت و ئەوانیشمان فێری چۆنیەتی ئامادەکردنی پڕۆژە دەکرد”.

 

وێنە: ئەو خەڵاتەی یونس کەرەجا و خوێندکارەکانی لەلایەن ناساوە وەریان گرتووە، ئێستا لە ماڵپەڕی ناسا بوونی هەیە

 

“خوێندکارەکانی کەرەجا لەسەر ئاستی ئەندازیارەکانی ناسا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا”

 

کەرەجا لە دوای پڕۆژە سەرکەوتوەکانی لە ئەمەریکا ئۆفەری وانە وتنەوەی بۆ دێت و ماوەی ٣ ساڵ لە خوێندنگەیەکی لۆس ئەنجلۆس وانە دەڵێتەوە.

کەرەجا سەبارەت بە بەشداری لەو پێشبڕکێیەی لەلایەن دەزگای ناسای ئەمەریکیەوە ڕێکخراوە دەڵێت” لە ساڵی ٢٠٠٨ چوومە ئەمەریکا، لەگەڵ ئەو خوێندنگەیەی کە تێیدا وانەم دەوتەوە بەشداری پێشبڕکێیەکمان کرد. خوێندکارەکانی ئەوێم ئامادە کرد و لەسەر ئاستی ئەندازیارەکان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. چونکە خوێندکارەکانی ئێمە چوونە قۆناغی کۆتایی و لەگەڵ ئەندازیارەکان پێشبڕکێیان دەکرد. پێشبڕکێی هەڵدانی موشەک بوو بە خێراترین کات. خوێندکارەکانی من بە ٣ میلی سانیە پێشی ئەندازیارەکانیان دایەوە. دەزگای ناسا خاڵێکی دیاریکردبوو کەوا بە موشەکەکە بیبڕین، ئامێرکمان دروست کرد ئەو خاڵەشی بڕی کە وەک دوا خاڵی ڕۆشتن لەلایەن دەزگای ناساوە بۆمان دیاری کرابوو . وێنەکانمان هەتا ئێستاش لە ماڵپەڕی فەرمی ناسا بوونیان هەیە”.

 

وێنە : سەردانی بیناڵی یڵدرم لەو کاتەی وەزیری گەیاندنی تورکیایە بۆ پڕۆژەیەکی خوێندکارەکانی کەرەجا کە ئۆتۆمبیلێکی کارکردوو بە وزەی خۆرە…

 

گەڕانەوە بۆ تورکیا و کارەکانی لە بواری ژینگەدا

 

لە دوای ٣ ساڵ وانە وتنەوە لە ئەمەریکا، کەرەجا دەگەڕێتەوە تورکیا و لە زانکۆی دۆلومپناری شاری کوتاهیا دەست بە وانە وتنەوە دەکات. لە زانکۆی کوتاهیا پارکێکی تەکنەلۆجی دروست دەکات و داهێنانەکانی لە ژێر چەتری کۆمپانیایەکی سەر بە  زانکۆی جمهوریەت دەخاتە بەردەم سەرمایەداران.

کەرەجا سەبارەت بە پڕۆژە بەناوبانگەکەی دەڵێت” لە دوای گەڕانەوەم بۆ تورکیا، لە زانکۆی کوتاهیا پڕۆژەی جیاکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ناو یەکەکانی نیشتەجێبوونم بە ناوی ” کایناشتر” داهێنا. ئەمە پڕۆژەیەک بوو کە ٥ ملیار داهاتی بۆ تورکیا دەهێنا و سەرەتا لە ڕێگەی لۆریەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی  ٣ شوقەوە، دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

 

وێنە: پرۆژەی کایناشتر لە یەکێک لە شوقەکانی تورکیادا…

 

دواتر بەشداریم لە پێشبڕکێیەکی وەقفی سەبری ئولکەر کرد و لە نێو ٢٥٠ پڕۆژەدا پلەی یەکەممان بەدەستهێنا. لە کۆشکی چراغان خەڵاتی ١٠٠ هەزار لیرەیان پێدام. لە ڕۆژنامەی ئایدنلکەوە هەتا دەگاتە هەبەرتورک، هەموویان سەرکەوتویی پڕۆژەکەیان بڵاو کردەوە. کاتێک وەزارەتی ژینگەش بە پڕۆژەکەیان  زانی، بانگهێشتی وەزارەتیان کردم. پێیان وتم کەوا پڕۆژەکەم دەکەنە یاسا و دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، منیشیان وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دیاری کرد، پڕۆژەکەم لە چەند یەکەی نیشتەجێبوونی وەک تۆکی و ئێملاک کۆنوت خرایە بواری جێبەجێکردنەوە”.

 

وێنە: پرۆژەی “کایناشتر”ی یونس کەرەجا لەلایەن وەقفی سەبری ئولکەرەوە خەڵات دەکرێت

 

“لە دوای ١٥ ی تەموزەوە وەک کۆمیدیا سەیری ڕووداوەکانم دەکرد”

کەرەجا دواتر بە مەبەستی پێشخستنی داهێنانی ئەم جۆرە پرۆژانە لە سەرتاسەری وڵاتدا، لە زانکۆی کوتاهیا دەست دەکات بە وانە وتنەوە بە مامۆستایانی خوێندنگە سەرەتایەکان؛ هەتا ئەوانیش بتوانن چۆنیەتی داهێنانی پرۆژە فێری خوێندکارەکانیان بکەن.

“ئەو ناوەندە تەکنەلۆژیەی لە زانکۆی کوتاهیا کردبوومانەوە خەریک بوو پاتێنتی وەردەگرت. – پاتێنت بریتیە لەوەی بە فەرمی خاوەندارێتی بەرهەمێک یان داهێنانێک وەبگریت هەتا کەسانی تر مافی کۆپیکردنیان نەبێت – دەمویست وڵاتەکەم پێش بخەم و پرۆژەی زۆرم هەبوو. لە زانکۆیەکی قەراغ شاری وەک کوتاهیا، خەریک بووو بۆ یەکەم جار پاتێنت وەربگیردرێت.”

 

هەتا ساڵی ٢٠١٦ کارم کرد و دواتر کودەتای ١٥ ی تەموز ڕوویدا، لە ناوەندە تەکنەلۆژیەکەمان تەنیا بابەتی تیوری نەدەوترایەوە و لە بەشی پیشەسازی ناوچەی خۆشمانەوە وەستایەکی شارەزامان هێنابوو هەتا لایەنی پراتیکی خوێندکارەکان پێش بخات. سەرەتا ئەو وەستایەیان لە کارەکەی دەرکرد، دواتر سەرۆکی زانکۆکە گۆڕدرا و پاشان ناوەندەکەیان داخستین.

 

لە دوای ١٥ ی تەموز، وەک کۆمیدیایەک سەیری ڕووداوەکانم دەکرد. لە دوای مانگێک بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران منیشیان لە کارەکەم دوور خستەوە. منیش وتم لایەنی کەم بۆ ئەوەی پرۆژەکانم لە کۆمپانیاکەم لە کەرتی تایبەتدا پەرە پێبدەم، دەستم کرد بە کارکردن. دوای ٣ مانگ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم، لەو کاتەدا خەریکی چاوپێکەوتن بووم لەگەڵ وەقفی “Tema” هەتا پرۆژەکەم لە سەرتاسەری وڵات بخەمە گەڕ. خێزانەکەم تەلەفۆنیان بۆ کردم و منیش وتم بە پۆلیسەکان بڵێت کەوا لە کۆبوونەوەم، ئەوانیش لە وەڵامدا وتبوویان گەر نەیەتەوە لە جیاتی خۆی هاوسەرەکەی دەبەین! منیش کۆبونەوەکەم جێهێشت و گەڕامەوە ماڵەوە. پۆلیسەکان دەستیان گرتبوو بەو بەسەر ئەو هارددیسکەی کە پڕۆژەکەمی تێدا بوو، دواتر دەستگیریان کردم.

 

وێنە: ئەو ئۆتۆمبیلەی خوێندکارەکانی کەرەجا دروستیان کردووە کە بە وزەی خۆر کار دەکات

“ڕووم نەدەهات سەیری دەموچاوی سەرمایەدارە ئینگلیزەکە بکەم”

کەرەجا بە پێچەوانەوەی هاوڵاتیەکانی تر  دوای کودەتاکەوە ماوەی دەستگیرکردنەکەی کەم دەخایەنێت. لەلایەن دادگای سوڵح و سزاوە ئازاد دەکرێت و هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی لە تورکیادا بمێنێتەوە:

لە کاتی دەستگیرکردنمدا بە هۆی مامەڵەی خراپیانەوە فشاری خوێنم بۆ ٢٤ بەرز بوویەوە، لە نەخۆشخانە هەر گوێشیان پێنەدەدام. کاتێک چوومە بەردەمی دادوەر، وتم ناوم لە گوگڵ بنوسە دەبینیت کەوا لەلایەن ناساوە خەڵاتم پێدراوە. دادوەرەکەش ئازادی کردم. ماوەی مانگێک بە بێ بڕیاری دەستبەسەرکردن دادگایی کرام. هێشتا هەوڵم دەدا بە ئەرێنیانە لە ڕووداوەکە بڕوانم. لەگەڵ سەرمایەدارانی بیانی چاوپێکەوتنم ئەنجام دەدا و کۆمپانیاکەم هێشتا خزمەتی دەکرد.

چەند سەرمایەدارێک لە ئینگلتەراوە هاتن و پرۆژەیەکی ٣٧ ملیۆن دۆلاریان خستە بەردەمم، لەو کاتەدا کە من خەریکی چاوپێکەوتن بووم لەگەڵ ئەوان، نامەیەک لە ڕێگەی پۆستەوە دەگات بە ناونیشانی ماڵەکەم و تێیدا باس لەوە دەکرا کە داواکاری گشتی بانگەشەنامەی لەسەر نوسیوم. ١٨ تۆمەتی جیاوازی خستبوویە پاڵم. ئابۆنەی کەناڵی دیجیتورکم هەڵوەشاندبوویەوە، کەچی تەنانەت پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئابۆنەداریم، بە بەڵگەی تاوان لەسەرم ئەژمار کرابوو. ئەژمارە بانکیەکانم و بەخشینەکانم بۆ ڕێکخراوی کیمسە یۆک مو، هەر هەمووی بە تاوان لەسەرم ئەژمار کرابوون.

لەو کاتەدا بیرم لەوە کردەوە کە من هەوڵی چی دەدەم بۆ وڵاتەکەم و دەوڵەتیش چی لە بەرامبەر ئەم کارانەی من ئەنجام دەدات. شتی زۆر بێ مانا بوون. لەو کاتەدا ئیدی ڕووم نەدەهات سەیری دوموچاوی سەرمایەدارە ئینگلیزەکان بکەم. ئەو باسی خستنەگەڕی سەرمایەی دەکرد و وڵاتەکەم بەو هۆیەوە پارەی دەست دەکەوت، منیش بیرم لە ئازادی دەکردەوە! لە نێوان ئەم هەستە دوو جەمسەریانەدا دەهاتم و دەچووم.

 

وێنە: کەرەجا باسی پرۆژەکەی دەکات بۆ هەریەک لە ئیدریس گوللوجا وەزیری ژینگە و عیسمەت یڵماز بەرگری ئەو کاتەی تورکیا …

 

“نەمدەتوانی بەشداری لە تەندەری پرۆژەکەی خۆمدا بکەم”

کەرەجا پاش ماوەیەک ئەوە دەبینێت کە پرۆژەکەی کۆپی کراوە و بە هۆی ئەو فشارەی لەسەریەتی لەلایەن دادگاوە ناتوانێت هیچ بڵێت. ناتوانێت هیچ بکات چونکە لە هەموو لایەکەوە تەنگی پێهەڵچنراوە و لەم خالەدا بڕیار دەدات کە چیدی لە تورکیا درێژە بە ژیانی نەدات.

کەرەجا سەبارەت بەو ساتە وەختەی ئەم بڕیارەی تێدا دەڵێت:

لە دوای خاڵێک، ئیتر نەماندەتوانی هیچ کارێک ئەنجام بدەین. پرۆژەکەی ئێمەیان کۆپی کرد و لە هەزاران یەکەی نیشتەجێبووندا دایاننا. نەمدەتوانی هیچ بڵێم و لە ژێر هەڕەشەدا بووم. لەو تەندەرەی لێدرابوو بۆ پرۆژەکەی من بە ناوی کایناشتر، نەیانهێشت من بەشداری بکەم و ناوی منیان دەرهێنابوو. واتە لەو پرۆژەیەی کە من دامهێنابوو نەمدەتوانی بەشداری تەندەرەکەی بکەم، تەلەفۆنیان بۆ کردم و پێیان وت،” دەڵێن تۆش لەوانیت!” ئیتر منیش نەمدەوێرا قسەیەک بکەم… پاش ماوەیەک نەمدەتوانی موچەی کرێکارەکانی کۆمپانیاکەم بدەم و بە ناچاری خانوەکەم فرۆشت. دواتر لە بەرواری ١٥ ی ئایاری ٢٠١٨، خۆم و ئەندامانی خێزانەکەم بە ئاوی مەریچدا پەڕینەوە و خۆمان گەیاندە یۆنان. لە دوای یەک هەفتەش لە ڕۆشتنم، دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردم”…

 

وێنە: یونس کەرەجا و ئەندامانی خێزانەکەی لە کاتی بڕینی دارستانی بەردەم ئاوی مەریچدا دەبینرێن…

 

“قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵات”

کاتێک بڕیارماندا لە دەریاچەی مەریچەوە وڵات بەجێبهێڵین، بە منداڵەکانم وت کەوا بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی بەلەمەوانی دەچینە ناو بەلەمەکەوە، ئەو ڕۆژە نەچوونەوە خوێندنگەکەیان، منداڵەکان بە تاسەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان دەکرد! بە مەریچدا پەڕینەوە و لەوبەر مەریچەوە ناوچەیەکی پڕ دڕکوداڵمان هاتە پێش و بەویشدا پەڕینەوە. دڕکوداڵەکە هێندە بەرز بوون کە نەتدەتوانی بە ئاسانی بازیان بەسەردا بدەیت. هاوسەرەکەم و هەردوو منداڵە ٧ ، ١٣ ساڵانەکەشم لەگەڵدا بوو…

کاتێک زانیم ناتوانم بەسەر دڕکوداڵەکەدا باز بدەم، قەمسەلەکەمم لەبەر کرد و جانتاکەشم خستە سەر پشتم، کە خۆم فڕێ دەدا بەسەر پشتدا دەکەوتم هەتا ئازارم پێنەگات. بێگومان ئەمە بۆ من زۆر ناڕەحەت بوو، چونکە کێشم ١٠٠ کیلۆ بوو، بەمشێوەیە لە دوای ٤ کاتژمێر و نیو خۆمم گەیاندە ئەوبەر دڕکوداڵەکەوە و خۆمان ڕادەستی پۆلیسی یۆنان کرد. پۆلیسە یۆنانیەکان زۆر باش بوون لەگەڵمان، ماوەی یەک ڕۆژ بە دەستگیرکراوی ماینەوە و پۆلیسەکان بسکیت و ئاوی میوەیان پێشکەش بە منداڵەکانمان کرد…

 

“چوونە ئەڵمانیا و گەڕانەوە بۆ سەر پیشەکەی خۆی”

ئێستا یونس کەرەجا و ئەندامانی خێزانەکەی لە ئەڵمانیان و ژیانێکی نوێیان بۆ خۆیان دەست پێکردووە. لە هەمووشی گرنگتر ئێستا کەرەجا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەیی و زۆر باشتر لە جارانیش، چونکە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی لێدەکرێت:

ئێستا لە ئەڵمانیاین و دڵمان زۆر خۆشە، دەوڵەت مۆڵەتی نیشتەجێبوونی پێداوین. لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا فەرمانبەری کۆچ و پەناهەندەکان ماوەی ٩ کاتژمێر گوێی لێگرتم. باسی پڕۆژە و خەڵاتەکانی خۆمم بۆ کرد. ئەویش لە وەڵامدا وتی ” بە ڕاستی تورکیا شێت بووە”، مەبەستی لەوە بوو کە چۆن دەبێت کەسێکی داهێنەر لە کیس خۆیان بدەن…

کاتێک لە کەمپ دەمامەوە هەندێک لە هاوڕێکانم لێرە، چەند چاوپێکەوتێکیان بۆ ڕێکخستم سەبارەت بە بواری کارکردنم. دواتر ئەو سەرمایەدارە ئینگلیزەی لە تورکیا چاوم پێکەوت، ئێستاش هاتۆتە و نیازی ئەوەی هەیە کە بریکاری پرۆژەیەکی ئەو بم.

ئەو پرۆژەیەی لە تورکیا بە تەمابووین بە شێوەیەکی نێوخۆیی ئەنجامی بدەین، ئێستا بە نیازین لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی ئەنجامی بدەین.

گەر لەگەڵ ئینگلیزەکانیش ئەم پرۆژەیە سەرنەگرێت، ئەوا لەگەڵ ئۆفیسی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ئەڵمانیا ئەنجامی دەدەین کە لەم ماوەیەدا ئۆفەرێکیان خستۆتە بەردەممان. ئێستا نرخی پرۆژەکە زۆر بەرز بۆتەوە هەندێک لە سەرمایەدارەکان باس لە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەکەن.

“ئێستاش هەندێک جار بە کابوسەوە بە ئاگا دێمەوە”

یونس زۆر دڵخۆشە بەو پاڵپشتیەی کەوا لە ئەڵمانیا پێشکەشی کراوە، بەڵام هێشتا ترسی ئەو ڕووداوانەی لە تورکیا بەسەری هاتووە، نەڕەویوەتەوە.

کەرەجا دەڵێت” لە ئەڵمانیا هەست بە چۆنیەتی دیموکراسیەت دەکەم، بەڵام هێشتا شەوانە بە کابوسەوە بەئاگا دێمەوە. لە یۆنان کاتێک لەسەر پشت دەکەوتم بەسەر زەویدا بە خەیاڵمدا نەدەهات، چونکە هەوای ئازادیم هەڵمژی بوو.

دایکم هەمیشە نزای بۆ دەکردم” لە دونیادا بەهەشت بژین و لە ئاخیرەتیشدا بڵێن ئێمە ئەمەمان لە دونیاشدا بینی بوو” وابزانم نزاکەی دایکم قبوڵ بووە. ئەڵمانەکان زۆر باشن لەگەڵمان و هەوڵ دەدەن سوود لە بەهرەکانمان ببینن. کۆرسی زمانیان بۆ کردووینەتەوە و موچەی خواردن و هاتووچۆی ڕێگەوبانیشیان بۆ دابین کردووین. لە تورکیا هەمیشە منداڵەکانم دەنارد بۆ خوێندنگە تایبەتەکان، بەڵام لێرە خوێندنەکانی دەوڵەتیش جیاوازیان لەگەڵ خوێندنگە تایبەتەکاندا نیە. خوێندنگەیەکی گوندەکان و خوێندنگەیەکی ناو شاریش هەمان ئاستیان هەیە.

ئۆتۆمبیلم کریوە، لێرە دەتوانیت بە ٨٠٠ یۆرۆ ئۆتۆمبیل بکرێت، ئێستا زۆر بایەخ بە ماڵ و منداڵم دەدەم و ئەو کاتەی خەرجم دەکرد لە پێناو گەلەکەمدا و ئەوان بە فیرۆیان دەدا، ئێستا الله لێرە بەری ئەو ڕەنجەی پێداومەتەوە. هەمیشە هەر خەریکی ڕاکە ڕاک بووم، ئیستا وا هەست دەکەم تازە دەبین بە مرۆڤ، ئەم مرۆڤانە بە ڕاستی زۆر باشن لەگەڵ ئێمەدا و وەک مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن.

“دەستبەسەرکردنی کارمەندێکی ناسا لەلایەن تورکیاوە”

سەرکان گۆلگە ئەو تاقە هاوڵاتیەی کە کارمەندی ناسایە و لەلایەن تورکیاوە دەستبەسەر کراوە یەکێکە لەو رووداوانەی یونس کەرەجایان زۆر بریندار کردووە.

 

کەرەجا سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت:

” بەڕاستی ئەمە کارێکی پڕ ئازارە، زۆر بە داخەوەم بۆ ئەو سەرکان، هەروا بە هەوانتە کارمەندێکی ناسا فڕێ دەدەنە ناو زیندانەوە، تەنانەت منداڵی ساواش دەخەنە زیندانەوە، ڕق و کینەی ئەمانە تەواو بوونی بۆ نیە.

ئێستا ئەوەی ڕوو لە ئەڵمانیا دەکات هەموویان مرۆڤی پاکوبێگەردن. مامۆستاکانی زمانیش هەستیان بەمە کردووە. یەکێک لە مامۆستاکان وتی هەتا ئێستا خوێندکاری وەهام نەبووە. ئەڵمانەکان مرۆڤگەلێکن کەوا بە پرێنسیپی خۆیانەوە دەژین، بێگومان هیچ شتێک بە فیڕۆ ناڕوات و ئەوەی لە ئیستادا ڕوو دەدات لەلای خودا بە بەلاش ناڕوات…

 

 

 

Show More
Back to top button