بیروڕاهەواڵ

داری قەزوان!

عەبدوڵا ئایماز

 

دار قەزوانێک لە ناحیەی بنگرد 30 ساڵە لەسەر تاشەبەردێک گەشەدەکات.

 

ئوستاد بەدیعوزەمان سەعید نورسی لە پەیامی بریسکەکاندا سەبارەت بە ئایەتی ٤٤ ی سورەتی الاسراء” لە نێوان ٧ ئاسمان و زەویدا هەرچی شتێک بوونی هەیە پاکوبێخەوشی بۆ خودا دەردەبڕن و گوزارشت لە دووری ئەو لە هەموو کەموکوڕی و نوقسانیەک دەکەن”، وەک ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە لە بەشی شەشەم و حەوتەمی پەیامەکەدا دەڵێت:” جارێکیان ڕێمکەوتە شوێنێک، دارێکم بینی لە بەردێکەوە ڕوا بوو کە لە هەمان کاتدا دوو جۆر میوەی جیاوازی لێدەرهاتبوو. میوەی یەکەمیان تایبەت بوو بە دارەکە خۆی، کە لە زمانی کوردیدا پێی دەڵێن “قەزوان”. میوەی دووهەم شتێکی شێوە پاقلەیی بوو کە هێندە پەنجەیەک درێژ یاخود کورتتر بوو، وەک ئەوەی بۆ میوانداری شتانێکی تر ئامادە کرابێت، ناوەکەی بۆش و بێبەر بوو. یەکێکم لەو میوە پاقلەییانە هەڵگرت و ناوەکەیم کردەوە، یەکسەر دوو مێشولەم بینی کە لە ناویدا بوون و دەستیان کرد بە هەڵفڕین. گەرچی هێندەی گەرد و تۆزێک دەبوون، بەڵام لە بەرامبەر ئاوابوونی تیشکی خۆردا، جەزبەی زیکرکردنیانت دەبینی بە چەشنی ئەوەی لە برا مێرولە و مێشەکانیاندا دەیبینیت. هەرگیز وا بیر نەکەیتەوە کە ئەوان بەو هەڵفڕین و جوڵانەیان خەریکی یاری و گەمەکردنن؛ بەڵکو ئەوان یادکەرەوەیەکی ڕەحمانن کە لە کاتی پێگەشتنیاندا لە ئاسماندا ڕایاندەگرێت و ناهێڵێت بکەون، کە بچوک و وردیلەشن و لە قۆزاخەکانیاندان، بە مەبەستی پاراستنیان لە هاورەگەزەکانی خۆی، لەناو پاقلەیەکدا لەسەر داری میوەیەکی تر کە تایبەت بەو میوە پاقلەییە نیە، چەشنی ڕەحمی دایک شوێنێکی پاک و پڕ ڕزق و ڕۆزی بە تام و بەلەزەتی بۆ دابین کردوون.

ئەی ئەو کەسەی پێتوایە جگە لە الله کەسانێکی تریش دەتوانن خۆسەریانە ڕەفتار و هەڵسوکەت بکەن لە موڵکی خودادا، ئەی ئەو کەسەی پێتوایە بە ڕێکەوتیش هەندێک شت تێکەڵی شاکارە جوانەکانی پەروەردگار بووە! پرسیارێک لە تۆ دەکەم. ئەم درەختە، چۆنی لە زمانی ئەو مێشولەیەی هێلکەکەی لەسەر داناوە تێبگات و لێی حاڵی دەبێت، یاخود چۆن پێداویستیەکانی دەزانێت؟ چۆنی ئەو مێشولەیە هێلکەکانی ئەمانەتی دارەکە دەکات و، دارەکەش چۆنی دەبێتە هێلانەی چەشنی رەحمی دایکیان و چۆنی وەک بێشکەیەکیان لێدێت کە بە ئاسمانەوە دەلەرێنەوە؟!

درەختەکەش لە گەنجینەی ڕەحمەتی پڕ و تەواو و بە تام و لەزەتی الله وە رزقی خۆی وەردەگرێت و، هەر لە پێناو خوداشدا ئەمباریان دەکات و دەیانشارێتەوە، هەتا بیبەخشێت بە کەسانێکی تر کە نە کوڕ و کچی ئەو درەختەن! چونکە ئەوان تەنیا ئەمانەتی خودان و، لەلای ئەو میوانن.

هەربۆیە ئەم وەڵامدانەوە و هەماهەنگیەی لە نیوان شاکارە هونەریەکانی پەروەردگاردا هەیە، چەشنی ئەوەی لە نیوان مێشولە و درەختەکەدایە، یاخود تەواوی ئەو پەیوەندی و هەماهەنگیەی لە نێوان هەموو گەردوندا هەیە، هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە گشتیان خزمەتکاری یەک فەرمانڕەوان. هەموویان لە ژێر پەروەردەی یەک پەروەردەکاری تاک و بێ هاوتان و لە ژێر ئەندازەگیری یەک ئەندازیاردان… هەربۆیە ئێمەش باوەڕمان پێهێناوە…

کاتێک سەیری حاڵ و ڕەفتاری پڕ نەخش و نیگاری ئەو مێشولە و حەشەرانە دەکەیت کە لە بۆشایی ئاسماندا زیکری ئەفرێنەرەکەیان دەکەن، یاخود سەیری لاشەی پڕ نەخش و نیگاریان دەکەیت کە نەخش ونیگارەکانی سەریان وەک وشەی نوسراو وەهایە، ئەوان گەر خۆشیان تێنەگەن، بە زمانی تایبەتی خۆیان و  بەو واژە و دەنگانەی دەریدەکەن، وەک چۆن یادی خودا دەکەنەوە لە هەمان کاتدا باسی ئەو زیکر و یادەشیان بە تۆ دەگەیەنن. هەرچی ئەو مێشولە و حەشەرانەی بە زمانی تایبەتی خۆیان بە ئێمەی دەیڵێن، وەک ئەوە وەهایە لە ڕێگەی خودی خۆشیانەوە هەمان شت بە ئێمە بڵێن!

بە هەمان شێوە، کاتێک سەیری   مێروەکانی ژێر خاک دەکەین کە بە قەڵەمی قودرەت نەخشێنراون و بە زمانی جوانیەکانیان زیکری خودا دەردەبڕن، ئەوە دەبینی کە ئەوانیش بە زمانێکی تایبەت بە خۆیان تەسبیحات و پاک و بێخەوشی بۆ الله دەردەبڕن. ئا ئەم حاڵە ٤ سوودی گرنگی بۆ تۆ تێدایە:

یەکەم: ئاسودەیی و متمانە دەبەخشن بە دڵ و نەفسی مرۆڤ. ئەوەت پشان دەدات کە تۆ لە شوێنێکی پارێزراو و مۆڵگە و پەناگەیەکی ساغ و سەلامەتدایت. هەموو لایەکت بە زارۆ و منداڵ و ساوای تازە لە دایک بوو تەنراوە، ئەوانیش لەلایەن سۆز و شەفەقەتی زاتێکی زاناوە پەروەردە دەکرێن و، ئەندازەگیری خۆیان لە ژێر پەروەردەی زاتێکی باڵادەستدا وەردەگرن و، لەلایەن زاتێکی کەریم و بەخشندەوە جوانیان پێ بەخشراوە و، لەلایەن زاتێکی بەڕەحم و بەزەیەوە چاکەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت. تۆش ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە هەموو ساتێک لە ژێر سایەی زاتێکی زانای باڵادەست و بەخشندەی بە بەبەزەیدایت.

 

دووهەم: ئەم جۆرە تێڕوانینە بە بێ هیچ گومانێک قەناعەتێکی نەبڕاوە بە دڵت دەبەخشێت. ئەوەت بۆ دەردەخات کە کەسێکی بەرەڵا کراو نیت کەس لەسەر سەرتەوە نەبێت و پەتی ملی خۆت لە دەستی خۆتدا بێت و فەرامۆشکرا بیت. هەروەها بوونەوەرێک نیت  درابیتە دەستی نەفسی کۆڵەواری خۆت کە تەنانەت کۆڵەوارتر و دەستەوسانترە لە دابینکردن و فەراهەم کردنی بچوکترینی داخوازیەکانی خۆیشیدا و، کەسێک نیت لە حاڵێکی تۆقێنەردا لە نێو داخوازیە بێ کۆتایەکان و کۆڵەواریە ڕەهاکەتدا جێهێڵدراو و سەرکۆنەکراو دانرابیت، هەتا لە نێو زەرەرەومەندیدا بمێنیتەوە. هەربۆیە لەو شتە بچوک و وردیلانەشدا، لە ڕووی گشتیەوە  یاساگەلێکی تایبەت و لە ڕوی تایبەتەوە یاسا و ڕێساگەلێکی ڕێک و پێکیان تێدا بەدی دەکەیت، کە لەو هەموو فراوانی و بەربڵاویەشدا سیستەمێکی ئابوری ڕێک و پێکی پڕ بەخشندەییان بۆ فەراهەم کراوە.

ئەی کەسی بێ ئاگا! لەم پاشکۆ دەقیق و وردانە و لەو کتێبە رەکیکانەی بە پیتی گەورە نوسراون، ئایا ئەوە ناخوێنینتەوە کە خۆشت بە گوێرەی پێودانگ و ئەندازەیەکی هاوسەنگ و ڕێک ئەفرێندراویت؟ مادام وەهایە کەواتە بە ئاگا بێرەوە و بە دادپەروەرانە پێوانە بکە! چونکە هەتا ئێستا چەشنی شێتی ناو شێتەکان، خەریکی گەمە کردنیت و خۆت ئەحمەق دەکەیت و بە فێڵەوە کێشانەی تەرازوو و پێودانگەکانت دادەنێیت.

سێهەم: ئەم حاڵەی دەیبینیت، بێگومان تەڵقینی  پشتبەستن(توکل) و پاڵدانەوە بە پەروەردگارەوە دەکات، چونکە هەموو شتێک هەر لەو داوا دەکەیت و هەموو کات هەر لەو دەترسیت و سەرەڕای دووری بێ کۆتایی تۆ لەوەوە، ئەو بە شێوەیەکی بێ کۆتا لە تۆ نزیکە! ئەو بە شێوەیەکی وەها باڵادەست و بەهیزە بەسەر تۆ و ئەوانەی چواردەورتدا بچوک- گەورە، کەم-زۆر، دوور – نزیک هەموویان بە هەمان ڕێژە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودان.

چوارەم: کاتێک ئەم مێرووە بچوکانە دەبینیت، بەڵگەیەکی بڕێنەرەوەت لەسەر ئەوە دەست دەکەوێت کە تەنیا یەک ئەفرێنەر لە هەموو ئەو شتانەی ئەفراندویەتی، هەموو شتێکی بێ کەموکوڕی و نوقسانی وەک شاکارێکی هونەری هێناوەتە بوون. مێشولەکان چەندە بچوک بن، ئەو بەڵگەیە لە چاوی مرۆڤە ژیرەکاندا هێندە گەورە دەبێت، بە ڕێژەی شاراوەیی ئەوان، ئەو بەڵگەیەش هێندە ئاشکرا و ڕوون دەبێت. هەربۆیە  کاتێک سەیری شاکارەکانی خودا دەکەین لە بەدیهێنراوە بچوکەکانیدا، بە پێچەوانەوەی بەدیهێنراوە گەورەکانی، ماددە لەبەرچاومان ون دەبێت و تەنیا گەورەیی بەدیێهێنەرەکەی خۆی بەدەردەخات.

Show More
Back to top button