هەواڵ

دادگا ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی مامۆستا گۆکهان بڵاوکردەوە

دادگای کۆماری لە ئەستەمبوڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی کۆچی دوایی مامۆستا گۆکهان ئاچککوللو لە زینداندا بە هۆی ئەشکەنجەوە ئەنجامدا.

بولێنت جەیهانی ڕۆژنامەنووس پێشتر چەندین هەواڵی گرنگی لەسەر کۆچی دوایی مامۆستا گۆکهان بڵاوکردبووەوە، هەموو ئەو بەڵگانەی لە ڕوونکردنەوەکەی دادگادا خرابوونەڕوو بە درۆی خستنەوە.

مامۆستا گۆکهان لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ بێ ئەوەی هیچ وتەیەکی لێوەربگیرێت ئەشکەنجەدەدرا. لەو ماوەیەدا دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. دواجار بەرگەی ئەو مامەڵە خراپەی بەشی دژەتیرۆری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەستەمبوڵی نەگرت و گیانی لەدەستدا. هەوڵدرا لە گۆڕستانی خائینان بنێژرێت، دواتر بە بیانووی خائینی هیچ مامۆستایەکی ئایینی ئامادە نەبوو نوێژی جەنازەی لەسەر بکات. لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامبوون بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە مامۆستا گۆکهان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە ئابڕووچوونێک ڕوویدا. مامۆستا گۆکهان کە لە لایەن حوکومەتەکەی ئاکەپەوە گیانی لەدەستدا پاش تێپەڕینی ساڵ و نیوێک بەسەر کۆچی دواییدا لە لایەن هەمان حکومەتەوە بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو پاشان بڕیاردا بگێڕدرێتەوە بۆ سەر کارەکەی. ئەم ئابڕووچوونە دەنگێکی زۆری دایەوە دوێنێ کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی جەهەپە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی کۆچی دوایی مامۆستا گۆکهانی کرد.

دوای قسەکانی کەمەل کڵچدارئۆغڵو  دادگای کۆماری لە ئەستەمبوڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت “هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکات مامۆستا گۆکهان بە ئەشکەنجە گیانی لەدەستدابێت”.

دواتر ڕۆژنامەنووس بولێنت جەیهان یەک بە یەک هەموو بەڵگەکانی دادگای بە درۆخستەوە. بولێنت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەم شێوەیە وڵامی بەڵگەکانی دادگای دایەوە:

 

  • ڕۆژی ٥ی ئابی ٢٠١٦ کاتێک مامۆستا گۆکهان کۆچی دوایی کرد دادگای ئەستەمبوڵ ڕوونکردنەوەیەکی شپرزەی بڵاوکردەوە کە گوایە بێ هیچ لێپیچینەوە و ئەشکەنجەدانێک مامۆستا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆدا نەیانتوانی بڵێن لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە چونکە خۆیان باش دەزانن لە زیندان وەفاتی کردووە.
  • دادگا دەڵێت: حەبیب ئێرتورک دەڵێت فەرمانی ڕێگە کردنەوە بۆ تانکی کودەتاچییەکان بە فەرمانی مامۆستا گۆکهان بووە. بەڵام حەبیب ئێرتورک خاوەنی ئەو دەمانخانەیەیە کە مامۆستا گۆکهان بەردەوام دەرمانی شەکرەی لێدەکڕی. لە کاتی یەکەم ئەشکەنجەدانیدا لە لایەن پۆلیسەوە یەکسەر ناوی مامۆستا گۆکهانی داوە بۆ خۆدەربازکردن.
  • دادگا بە وتەی خاوەن دەرمانخانەیەک کە لەژێر ئەشکەنجەدا وتەی لێوەرگیراوە و پشتڕاستنەکراوەتەوە سزای مامۆستایەک دەدات تا مردن پاشانیش لە گۆڕستان بێبەشی دەکات.
  • دادگا دەڵێت لە ماوەی زیندانیدا دەرمانی شەکرە بۆ مامۆستا دەستەبەر کراوە. بەڵام خێزانەکەی دەڵێن کە کەلوپەلەکانمان وەرگرتەوە دەرمانەکان وەک خۆی بوون لێی بەکارنەهاتبوو.
  • دادگا دەڵیت بە پێی ڕاپۆرتی دادوەری پزیشکی هۆکاری مردنەکە جەڵتەی دڵ بووە. باشە بۆچی ئەشکەنجەدان دەشارنەوە؟ لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریدا ئەوە بە ڕوونی دیارە کە هۆکاری جەڵتەکە ئەشکەنجەدان بووە.
  • بورهان گۆرگولو دادوەری لێکۆڵینەوەکە بۆچی ئەو کەسانە بانگهێشت ناکات کە شایەتی ئەشکەنجەدانەکە بوون؟ ١٥ کەس شایەتی ئەشکەنجەدان دەدەن بۆچی یەکێک لەوان وتەی لێوەرناگیرێت.
  • دادگا لە ماوەی ١٣ ڕۆژ زیندانی مامۆستا گۆکهاندا تەنها تەماشای دیمەنەکانی ڕۆژی ٥ی ئاب واتە ڕۆژی وەفاتی مامۆستا دەکات لە کامێراکانی چاودێرییەوە و ڕێگری دەکات دیمەنی ڕۆژەکانی تر بخرێتە دۆسیەکەوە.

سەرچاوە: AktifHaber

Show More
Back to top button