بیروڕاهەواڵ

دادگای بۆسنە وەڵامی تورکیا دەداتەوە: ڕێکخراوێک بە ناوی “فەتۆ” بوونی نیە

 

دادگای وڵاتی بۆسنە هێرسک، سەبارەت بە داوای تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕۆژنامەنوسێکی سەر بە بزاڤی خزمەت، وەڵامێکی نمونەیی بە کاربەدەستانی تورکیا دەداتەوە.

دادگای بۆسنە سەبارەت بە داوای تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی ئۆزەر ئۆزسەرای، کە سەرنوسەری ڕۆژنامەی سونگورلو گیوندەم بوو لە ساڵانی ڕابردودا، لە وەڵامێکی فەرمیدا دەڵێت:

ڕێکخراوێک بە ناوی “فەتۆ” بوونی نیە.

 

لە بەشێکی ڕوونکردنەوەی بڕیارەکەی دادگادا هاتووە کە دەڵێت” یەکێک لە توخمە سەرەکیەکانی تاوان لەم داوایەدا نوقسانە، ئەویش بوونی ڕێکخراوێکی تیرۆرستیە بە ناوی فەتۆ”.

دادگا لە هەمان کاتدا بڕیاری لەسەر ئەوە داوە، کە بڕیارەکەیان لەلایەن دادگای تەمیزەوە، پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت و، بڕیاری کۆتاییان بە واژۆی جۆسێف گروبسای وەزیری دادی ئەو وڵاتەوە، لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردەوە.

 

لە ماڵپەڕی Nordic Monitör بە درێژی باسی قۆناغەکانی دۆسیەکە کراوە و تێیدا هاتووە:

ئۆزەر ئۆزسەرای لە بەرواری ١٦ ی ئابی ٢٠١٦ فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەردەکرێت و کاتژمێر ١:٠٠ ی شەو دەدەن بەسەر ماڵەکەیدا و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و ڕۆژنامەکەیدا دەگرن. ناوبراو پاش ماوەیەک لەم ڕووداوە، پەنا بۆ وڵاتی بۆسنە هێرسک دەبات.

 

داواکاری گشتی سونگورلو لەگەڵ تونای پوڵچا کە بیرۆکراتێکی دیاری سەر بە ئاکەپەیە، دوای ئەوەی دەزانن ناوبراو لە وڵاتی بۆسنەیە، لە ڕێگەی باڵیۆزی وڵاتەکەیانەوە داوای ڕادەستکردنەوەی ناوبراو دەکەن.

باڵیۆزیش لە وەڵامی داواکەیاندا دەڵێت” گەیاندنی بەڵگە و زانیاریەکان بە شەرەف دەزانین” و بە شێوەیەکی فەرمی داوا لە دادگای بۆسنە دەکەن، کە ناوبراو ڕادەستی تورکیا بکاتەوە.

 

دوای ئەوەی نوسراوەکە بە شێوەیەکی فەرمی دەگاتە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، دۆسیەکە قبوڵ دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستە دەستەیەک لە داواکارانی گشتی دیاری دەکرێت.

ئۆزسەرای لە بەرواری ٢٢ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨، یەکەم لێپرسینەوەکانی پێش دانیشتنی یەکەمی دادگا ی لەگەڵدا ئەنجامدرا. پاشان دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گیرا و هەڕەشەی ئەوەی لێکرا، کە نابێت لە وڵاتی بۆسنە بچێتە دەرەوە.

هەروەها دادگا بڕیاری لەسەر ئەوە دا، کە هەتا دۆسیەکە لە دادگا بە کۆتایی دەگات، نابێت ناوبراو سنورداشی وڵاتەکەی خۆی بکرێتەوە.

 

لە دانیشتنی بەرواری ١٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، دادگا بڕیاری لەسەر ڕەت کردنەوە داواکەی تورکیا دەرکرد.

پاشان لە دادگای باڵاش بڕیارەکەی دادگا قبوڵ کرا و بە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاند.

 

پێش ئەوەی ڕۆژنامەنوسەکە دڵی بەوە خۆش بێت کە دادگا بڕیاری لەسەر بێ تاوانی ناوبراو دەرکردووە، باڵیۆزی تورکیا لە بۆسنە، لە بەرواری ٤ ی نیسانی ٢٠١٩، تانەی لە بڕیارەکەی دادگای بۆسنە گرت و، داوای کرد سەرلەنوێ دۆسیەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

دوای ئەوەی دیسان  وەزارەتی دادی بۆسنە داواکەی باڵیۆزی تورکیای قبوڵ کردەوە، دۆسیەکە سەرلەنوێ کرایەوە.

دۆسیەکە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرانی بۆسنەوە پێداچوونەوەی بۆ کرا و، ئەوانیش داوای بیروڕای دەستەی داواکارانی گشتیان کرد.

داواکارە گشتیەکان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە بڕیارەکەی پێشوویان لە شوێنی خۆیەتی و ئاماژەیان بەوەدا کە ڕادەستکردنەوەی ناوبراو جێگای باس نیە.

ئەنجومەنی دادوەرانیش لە کۆبوونەوەی ڕێکەوتی ٢٢ ی ئایاری ٢٠١٩، بڕیاریان لەسەر ئەوەدا، کە دۆسیەکە بە کۆتا بڕیار گەشتووە و ڕێگای دادگای تەمیزیشیان داخست.

لە بڕیارەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بە ناوی “فەتۆ” لە دونیادا بوونی نیە. ئاماژەیان بەوەشدا کە بە هۆی بەرپرسیارێتی دادگای بۆسنە بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بڕیارێکی لەو شێوەیان دەرکردووە.

 

“ئێردۆغان لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت داوای ناوبراوی کردبوو”

 

ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانەی گەشتێکی فەرمی بۆ وڵاتی بۆسنە، کە لە بەرواری ٨-٩ ی تەموزی ساڵی ڕابردوو ئەنجامیدا، لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت داوای ئۆزسەرایی و ٦ کەسی تری کردبوو.

ئەم داوایەی ئێردۆغان، لە مێدیای ئەو وڵاتەدا کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

 

لە مێدیای ئەو وڵاتەدا باس لەوە کرا،  ئێردۆغان لە بەرامبەر نۆژەنکردنەوەی هەندێک ژێرخانی ئەو وڵاتە، وەک هەڕەشە و بەرتیل هەندێک داوای تایبەتی لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کردووە.

هەروەها کۆمپانیا تورکیەکانی نزیک لە ئێردۆغان، زۆرترین ڕێکلام بە تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە دەدەن. ئەگەرچی لە مێدیای ئەو وڵاتە زۆر ڕەخنە لە کارەکانی ئێردۆغان و پارتەکەی ناگیرێت، بەڵام زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە ئەم جۆرە داوایانەی ئێردۆغان، لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، نیگەرانی دروست کردووە.

دوای ئەوەی ئێردۆغان ئەم داوایەی پێشکەش بە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کرد، ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرەکانی بۆسنە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر داواکەی ئێردۆغان، هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان دەست پێکرد و داوایان لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کرد، کە ڕێگە نەدەن بەوەی ئێردۆغان، دەست لە سەروەری دەستور و یاساکانی وڵاتەکەیان بدات.

ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرەکانی ئەو وڵاتە، ئاماژەیان بەوەشدا کە گەر بیانەوێت لە یەکێتی ئەوروپا و ڕیزی وڵاتانی دیموکراسی دونیادا بن، ئەوا نابێت ڕێگە بەم جۆرە داواکاریانەی ئێردۆغان بدەن.

پاشان ئاماژەیان بەوەدا کە  ٧ کەسە داواکراوەکە، مۆڵەتی مانەوەیان لە وڵاتەکەیان هەیە و، کەسانێکی خاوەن ژن و منداڵن و، بە شێوەیەکی فەرمی لەو وڵاتەدا کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

 

هەروەها ڕۆشنبیرەکان لە بەشێکی قسەکانیاندا بە توندی ڕەخنە لە داواکەی ئێردۆغان دەگرن و بە کاربەدەستانی وڵاتەکەیان دەڵێن” لە ڕێگەی ئەو هەڵوێستەی دەینوێنن، ئەوە پشان دەدەن کە بۆسنە ویلایەتێک نیە لە ئیستەنبوڵەوە بەڕێوە ببرێت”.

 

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، لە ماوەی ڕابردوودا دادگای ڕۆمانیاش لە بڕیارێکی هاوشێوەدا، داوای ڕادەستکردنەوەی کامیل دەمیرکەیای ڕۆژنامەنوسی ڕەت کردەوە.

 

تونای پوڵچا ئەو داواکاری گشتیەی کە هەوڵی ڕادەستکردنەوەی ئۆزسەرای دەدا، لە ماوەیەکی کەمدا پۆستەکەی بەرز کرایەوە و، کرایە داواکاری گشتی شاری ئاغری.

پاش ئەوەی لە ئاغری چەندین سکاڵای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی ژنانی لەسەر تۆمار کرا، شوێنی کارەکەیان بۆ شارۆچکەی ئاکهیساری مانیسا گواستەوە.

Show More
Back to top button