هەواڵ

دادگای بۆسنە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی مامۆستا فاتیح کەسکینی ڕاگرت

دادگای بۆسنە، بڕیاری ڕادەستکردنەوەی فاتیح کەسکین بەڕێوەبەری خوێندنگەی ریچمۆند پارکی شاری بیهاچی، ڕاگرت.

دوای ئەوەی فاتیح کەسکین بەڕێوەبەری خوێندنگەی رێچمۆند پارک بیهاچ لە وڵاتی بۆسنە، بە هۆی فشاری کاربەدەستانی تورکیاوە مۆڵەتی کارکردن و مانەوەی هەڵوەشێندرایەوە، دادگای ئەو وڵاتە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ناوبراوی ڕاگرت.

کەسکین لە ڕێکەوتی ٤ ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، بانگهێشتی هۆبەی کاروباری کەسانی بیانی وڵاتی بۆسنە کرا و، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوە و کارکردنیان پێ ڕاگەیاند. پاشان پۆلیسی بۆسنە ناوبراویان دەستگیر کرد و لە ناوەندێکی تایبەت بە پەنابەران لە ژێر چاودێریدا هێشتیانەوە.
کەسکین کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە وڵاتی بۆسنە دەژی و بە شێوەیەکی بەردەوام مۆڵەتی مانەوە و کارکردنی نوێ کردۆتەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بردە دادگای بۆسنە.
ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی بۆسنەش، بە شێوەیەکی زۆر توند کاردانەوەیان بەرامبەر کاربەدەستانی وڵاتەکەیان دەربڕی و، بڕیارەکەیان بە” هەوڵێک بۆ ترساندنی تەواوی هاوڵاتیانی بۆسنە” لە قەڵەمدا.
هەروەها ئۆپۆزسیۆنی بۆسنە ئاماژەیان بەوەدا کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوە و کارکردنی فاتیح کەسکین، بڕیارێکی سیاسیە و بە خواستی سیاسیەکانی ئەو وڵاتە دەرکراوە.
لەلایەکی ترەوە کەسوکاری فاتیح کەسکین و خوێندکارانی خوێندنگەکەی، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کەمپینێکیان بۆ ئازادکردنی ناوبراو ڕاگەیاند.
دادگای بۆسنەش لە یەکەم دانیشتنیدا بڕیاری ڕادەستکردنەوەی کەسکینی بە وڵاتی تورکیا ڕاگرت.

Show More
Back to top button