هەواڵ

دادگای ئەنتالیا ڕۆژنامەنوسانی ئازاد نەکرد!

ڕۆژنامەنووس تونجەر چەتین کایە

لە دۆسیەی دادگاییکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ساڵی ڕابردوو دەزگاکانیان داخرا، دادگا دووبارە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن.

داواکاری گشتی لە بەردەم دادگادا داوای ٧ تا ١٥ ساڵ زیندانی کرد بۆ ١٧ گومانلێکراو کە بە تۆمەتی “ئەندامی گروپی تیرۆرستی” دادگایی دەکرێن.

هەندێک لە گومانلێکراوەکان لە ٢٧ ی تەموزی ٢٠١٦ دەستبەسەر کراون و لە نێوانیاندا کارمەندانی ڕۆژنامەی زەمان و ئێردۆغان پۆڵات سەرۆکی سەندیکای “Eğitim sen” بوونی هەیە.

بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی کۆرفەز کە لە شاری ئەنتالیا دەردەچێت، لە هۆڵی دادگا ١٣ گومانلێکراو ئامادە بوون کە ٤ کەسیان بە دەستبەسەرکراوی دادگایی دەکرێن.

تونجەر چەتینکەیا بەرپرسی ڕۆژنامەی زەمان، لە بەردەم دادگادا تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی” ڕەت کردەوە.

ئێردۆغان چیدەم کە وەک شایەت لە بەردەم دادگادا ئامادە بوو سەبارەت بە چەتینکەیا وتی”بیرمە پێی وتم کەوا جەماعەت خۆشیان ناوێت، هەربۆیە لە ڕۆژنامەی زەمان دەریان کردووە”.

چەتینکەیا لە بەردەم دادگادا ئاماژەی بەم  قسانەی چیدەم کرد و پاشان وتی” من لە ساڵی ٢٠١٠ لە ڕۆژنامەی زەمان دەرکرام و چوومە ئاژانسی ئەنادۆڵو، ئەو کاتە بە هۆی ڕێفەرانسی (واستە) مەولود چاوشئۆغلو کە ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیایە لە ئەنادۆڵو وەرگیرام، من هیچ پەیوەندیەکم بە گروپی تیرۆرستیەوە نیە. تا دێت باری تەندروستیم خراپتر دەبێت. داوا دەکەم ئازادم بکەن”.

سەرەڕای ئەم وتانە، بەڵام دادگا بڕیاری درێژکردنەوەی باری دەستبەسەری ڕۆژنامەنوسەکانی دەرکرد.

گولیزار یاقوت هاوسەری ڕۆژنامەنوس عوسمان یاقوت وتی” هاوسەرەکەم نە بەرنامەی بایلۆکی بەکارهێناوە، نە هیچ بەڵگەیەکی تری لەسەر دۆزراوەتەوە. هاوسەرەکەم بە هۆی شایەتی یەکێکەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ کاری کردووە، ماوەی ١٧ مانگە دەستبەسەرە. هیچ تۆمەتێکی تری لەسەر نیە، دوای ١٠ مانگ لە هاوسەرگیریمان دەستبەسەر کرا. ١٧ مانگە لە زیندانە، زیاتر لەو ماوەیەی پێکەوە ژیاوین لەیەک دوورین، دەمەوێت لە بەردەم دەرگای دادگا ڕزگارم ببێت و بە دوای بژێوی ژیانم بگەڕێم وەکو هەموو خەڵک. ماندوو بووم بەوەی بە تەنیا دەڕۆمە ماڵەکەم”.

http://www.tr724.com/antalyada-tutuklu-gazetecilere-yine-tahliye-cikmadi/

 

Show More
Back to top button