بیروڕا

دادوەرکان، ئێوە دایکەکانتان زۆر دلتەنگ کردووە!

بەخامەی/ نوروڵڵا ئاڵبایراک

 

ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ جلی دادوەری و کورسی و پارە و دەسەڵات نییە، بەڵکو ئەوە بەزەیی و میهرەبانی و ویژدانە کە دەیکات بە مرۆڤ. باسکردنی مرۆڤایەتی و دادپەروەری بۆ کەسێک کە ویژدانی نەبێت بێسوودە.

بەداخەوە ئەو کەسانەی وا هەست دەکەن کەسانێک بەهۆی جلی دادوەری و ئەو کورسییەی لەسەری دانیشتووە و ئەو سیفەتەی خراوەتە پاڵ ناوەکەی مرۆڤە، ئەوا لەهەڵەدان. لەڕاستیدا نازانن، یاخود نایانەوێت بزانن، ئەگەر ویژدان لە کەسێک بکەنەوە، ئەوا تەنها گیانەوەرێک لەبەردەمتاندا دەبینن.

ویژدان ڕابەرێکی گرنگ و هەستێکی دادپەرورییە کە زاڵم و مەزڵوم، باش و خراپ، ڕاست و هەڵە لەیەک جیادەکاتەوە. ناشبێت بوترێت من بە عەقڵم هەڵسوکەوت دەکەم پێویستم بە ویژدان نییە. پێویستە عەقڵ و ویژدان پێکەوە کار بکەن. مرۆڤ تەنها بونەوەرێکی عاقڵ نییە، بەڵکو بونەوەرێکی عاقڵی خاوەن ویژدانە.

عاقڵی خاوەن ویژدان بەهۆی سەرهەڵدانی جیاوازی، دورخستنەوە، ڕووبەڕووبونەوە، خۆپەرستی، بەکەم زانین و لێبووردن لە کۆمەڵگادا دەردەکەوێت.

دەزانین کاری سیاسییەکان بەهۆی درۆ و خەڵەتاندن بنیاتنراوە. تەنها ئامانجیان ئەوەیە دەنگ بهێنن و بچنە دەسەڵاتەوە. لەبەر ئەوەی بینینی هەموو شتێک بە ڕەوا بۆ ئەوان زۆر ئاسانە. لەبەر ئەوە چاوەڕوانی میهرەبانی و هەڵسوکەوتی ویژدانانە لەوان کارێکی بێسودە.

ئەمڕۆ تەنها لە دادوەرەکان و داواکاری گشتییەکان چاوەڕوانی ویژدان دەکرێت. چاوەڕوانی دادپەروەری و ویژدان لە دادوەرەکان و داواکاری گشتی کە بنیاتنەری دادن، ئومێدی هەموو کەسێکە. بەڵام بەداخەوە ئەو کەسانەی ئەو چاوەڕوانییانەمان لێیان هەیە، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ سیاسییەکان نەماوە.

 

ئەی دادوەرو داواکارییە گشتییەکان!

ئەگەر تۆزێک ویژدانتان هەیە ئەو دایکانەی لەگەڵ منداڵە ساواکانیان بەشداری دانیشتنەکان دەکەن، دەبێت کۆتایی بەو کارانەتان بهێنن.

فرمێسکی ئەو دایکانەی کە بەبێ چارە لەپشتی دەرگا ئاسنینەکانەوە لەگەڵ منداڵەکانیان دەمێننەوە،

ئەوا دایکانەی چاوەڕوانی مندالەکانیان کە لە حەوشەی دادگادا وەستاون و دەڵین من ئازاد بووم دایکە،

ئەو دایکانەی  بونەتە دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان لەبەر ئەوەی باوکەکانیان زیندانی کراون، ئەو دایکانەی کۆمەڵە بەرپرسیارێتییەکتان لەشان ناون کە تەنانەت لاشەی کەسێکی گەنجیش بەرگەی ناگرێت،

ئەو دایکانەی لەبەر ئەوەی خۆی و هاوسەرەکەی لە دوو شاری جیاواز زیندانی کراون، ناتوانن دەست بۆ منداڵەکانیان درێژ بکەن، ئەو دایکانەی ناتوانن ببن بە دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان،

ئەو دایکە بێچارانەی کە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونەوە لەگەڵ منداڵە ساواکانیان ڕەوانەی زیندان دەکران،

ئەو دایکانەی کە بەهۆی ئەوەی چەندین مانگ لە زیندان ماونەتەوە و منداڵەکانیان نەبینیوە، چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگای زیندانەکانن بۆ ئەوەی بڵێن ‘دەتوانم هەواڵێکی منداڵەکەم بزانم’، و تامەزرۆی بۆنی منداڵەکەیەتی،

ئەو دایکە لەبێچارەییدا کەوتۆتە سەر ئەژنۆ لەبەر ئەوەی کچەکەی کاتی زانکۆیەتی بەڵام دەستگیر کراوە و داوا لە دایکی دەکات کە ئازادی بکات،

ئەو دایکانەی بەرگەی ناخۆشی منداڵەکانیان ناگرن و لەو پێناوەدا وڵات بەجێدەهێلن  و لە ئاودا دەخنکێن،

ئەو دایکانەی لە هۆڵی دادگا بەدەم قورئان خوێندن و دوعا کردن و چاوی فرمێسکەوە چاوەڕوانی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیانن،

ئەو دایکانەی لەبەردەم بنکەی پۆلیس دەپاڕێنەوە تا هەواڵێک، دەنگێک یاخود نەفەسێکی منداڵەکانیان بزانن،

زۆر دڵتەنگتان کردن…

بەدڵنییاوە خوای گەورە ئاهی زوڵملێکراو بەبێ سزا ناهێڵێتەوە. بەتایبەت ئاهـ و ناڵەی دایکی زوڵملێکراوان لەو دنیا ئەگەر باوەرتان پێیەتی، بەبێ سزا ناهێڵێتەوە.

بە ئومێدی جیهانێک کە دایکەکان فرمێسک نەڕێژن و ناخۆشی ڕۆڵەکانیان نەبینن،

ڕۆژی دایکان لە هەموو دایکێک پیرۆزبێت.

Show More
Back to top button