هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

خەرمانە!

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 22.10.2018

 

رواه الحسن، واتە سیدنا حەزرەتی حەسەنی کوڕی ئیمامی عەلی گێڕاویەتەوە، کوڕی فاتمە، خودا لێیان ڕازی بێت، کاتێک دەڵێن “ عَنْ أَبِي الْحَسَنِ” واتە لە ئیمامی عەلیەوە گێڕاویەتیەوە، عَنْ جَدِّ الْحَسَنِ واتە لە سەردارمانەوە گێڕدراوەتەوە، إِنَّ أَحْسَنَ الْخُلُقِ اَلْخُلُقُ الْحَسَنُ…

واتە باشترینی ڕەوشتەکان،  ڕەوشەتە جوانەکانن…

واتە ڕەوشتی پێغەمبەر و خودا ئەوەی بە خلق الله ناو دەبرێت…

لێبوردەیی و بەزەیی و نەرمونیانی و چاوپۆشی لە هەڵەی کەسانی بەرامبەر، ئەوەیە بزانیت کەوا چۆن لە هەڵەی قەبە و زەبەلاحی بەرامبەر خۆش ببیت، ئەوەیە لە ناختدا ڕق و کینە هەڵنەگریت، ئیدی ئەوەی دەتوانین بە ڕەوشتی جوان ناوی ببەین، ببینە هەڵگری ئەو ڕەوشتانە، هەوڵبدەین لە هەموو ڕەوشتێکی خراپ خۆمان بە دوور بگرین، ئەوەی خودا خۆشی ناوێت و لە کتێب و سونەتدا بە خراپە باسی کراوە، هەندێک لەو ڕەوشتانە لە ئاستی کوفردان، وەک درۆ و بوختان و ساختەکاری و حەسودی ئەمانە لە ئاستی کوفردان…

ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات، تەنانەت گەر کافریش نەبێت، بەڵام گەر پێی وابێت کێشەیەک لە ئەنجامدانی ئەم کارە نیە، ئەوا کافر دەبێت.

 

پەنا بە خودای گەورە دەگرین.

گوناحی گەورە بە تۆبەکردن لێی دەبوردرێت، بەڵام گەر پشتگوێ بخرێن، گەر بڵێت جا ئەوە چیە ئێمە لە جەنگێکی میلیداین و ئەمەش جۆرێکە لە فێڵ و “خدعة” ی ناو جەنگ، ئیدی ئەمە لە ڕۆژنامەکاندا بێت یاخود لە ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت، یاخود گەر لەناو کۆمەڵگادا ڕاستەوخۆ بیهێنیتە سەر زوبانت، ئیدی لە هەر شوێنێک ئەم کارە ئەنجام بدەیت، گەر لەو بابەتەدا پشتئەستور بیت لە ئەنجامدانی، ئەوا بە کوفر ئەژمار دەکرێت.

لە دەرەوەی کەوانەیەک قسەیەکی تر دەکەم:

گەر لەسەر ڕێگای خەلیفە ڕاشیدەکان نەڕۆین، توانای ڕاستکردنەوەی هیچ هەڵەیەکمان نیە، دەبێت وەک ئەوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی بژین

هەموو جیهان فەتح دەکەیت، ٣٠ هێندەی پانتایی تورکیا لە ژێر قەڵەمی فەرمانڕەوایتدا بێت، بەڵام کاتێک لە دونیا دەڕۆیت لە دوای خۆت بستێک زەوی بەجێناهێڵیت.

ناڵێیت کوڕ و زاواکەم با لە دوای من ببنە جێگرەوەم، کاتێک وەک ئەوان نەبووین، ناتوانین هیچ شکاویەک نۆژەن بکەینەوە.

هیچ برینێک ساڕێژ ناکرێتەوە، ئێمەش لە سەردەمێکدا دەژین کە نەخۆشی هەتا ئەژنۆکانمان یاخود بینەقاقامان هاتووە، پەنا بە خودا، گەر نەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی خەلیفە ڕاشیدەکان، ناتوانن لە نێوان خۆتاندا برایەتیەکی هاوشێوەی ئەوان دابمەزرێنن.

ناتوانن ئامێز بۆ یەکتری بگرنەوە، ناتوانن لەگەڵ دونیاشدا گفتوگۆ بکەن، هەموو کاتێک لە حاڵی شەڕدا دەبیت لەگەڵ هەموو لایەکدا، ڕۆژێک جوێن و قسەی ناشرین بە یەکێک دەڵێیت، دواتر لایەنێکی دیکە وەک ئەوەی لێدێت کە خۆی بکات بە خاوەنی ئێوە و پشتگیریتان بکات، ئەمجارەیان دەڵێن تۆبە لە قسەکانی ڕابردووم، ئیدی دەست دەکەیت بە جوێندان و قسەی ناشرین بە لایەنەکەی تر، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەسانی زۆر خۆسەپێن هەیە کە خۆیان سەپاندووە بەسەر خەڵکدا، ئەوانەی ناهێڵن کەسانی باوەڕدار چاویان بکەنەوە و کەسانێکی غەدرکەرن، ئیدی سەرەڕای ئەوەی هەتا دوێنێ سەد جوێنیان بە کەس و لایەنێک دەدا، ئەمڕۆ دەست لەناو دەست و، دەست لەملانی یەکترن، دواتر دەست دەکەن بەوەی جوێن بدەن بە لایەنێکی تر و دەست لە ملانی ئەو لایەنە دەکەن کە پێشتر جوێنیان پێ دەدا و لە ئامێزیان دەگرن…

لەبەر ئەوەی هەموو کارێکیان لەبەر بەرژەوەندی ئەو دونیایەیە کە چەشنی ئێسقانی بێ گۆشتە، وەک زۆر جاریش ئاماژەمان پێداوە:

اَلدُّنْيَا جِيفَةٌ وَطَوَالِبُهَا كِلاَبٌ

 

دونیا ئێسقانە و خوازیارەکانی سەگەکانن…

 

ئەمە لە ڕوانگەی دونیاوە کە بەسەر دونیادا بڕوانێت ڕاستە، لەو ڕوانگەیەوە نەوتراوە کە دونیا شوێندەرکەوتی ناوە جوانەکانی خودایە، لەو ڕوانگەوە نەوتراوە کە کێڵگەی ژیانی ئەو دونیا بێت…

لەو ڕوانگەیەوە نیە کە ئەم دونیا داڵان و ڕاڕەوی ئەو دونیایە، لەو ڕوانگەیەوە نیە کە ئێرە پێشانگای کارە جوانەکانی خودایە، ئەمە لە ڕوانگەی ئەوەی دونیا شوێنی هەوا و ئارەزوی مرۆڤەکانە، بە ئێسقان شوبهێندراوە، ئەوانەی تەنیا ڤیلا و کەشتیان دەوێت، ئەوانەی تەنیا شوقە و کۆشک و تەلاریان مەبەستە…

ئەوانەی بە تێبینی ئەوەی لەم دونیادا نامرن و هەموو هەوڵ و کۆششێکیان بۆ دونیا خستۆتە گەڕ و ڕۆژانە هەزار جار لە پێناو بەرژەوەندی دونیادا دەمرن و زیندوو دەبنەوە!

کاتێک دونیات بەو شێوەیە پەرست و کەسانێکی وەها دونیاپەرستیش هەیە کە ئەم قسەیە لەبارەیانەوە ڕاستە…

تەنانەت گەر لە مزگەوتەکاندا سوژدەش بۆ خودا ببەن، ئەوان هەر بەندەی دونیان، ئەوانە مرۆڤگەلێکی دونیاپەرستن، هیچ جیاوازیان نیە لەگەڵ ئەوانەی لات و مەنات و عوزایان دەپەرست، ڕێچکە دەبێت وەک ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی بێت ئەمانە خەرمانەی چواردەوری پێغەمبەرن.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش پێی دەوترێت مانگی درەوشاوە، ئەو مانگە درەوشاوەیەی کە نور بە چواردەوریدا پەخش دەکات، خەرمانەی چواردەوری ئەو مانگەش بریتیە لە ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی و دواتر هاوەڵانی تر هەریەکە و بە گوێرەی پلەی خۆیان، هەرکەسێک ئەو ڕێچکەیەی نەگرتبێت و وەک ئەوان نەژی، ئیدی شوێنکەوتنی بە نیسبەت ئێوەوە دەبێت بە کاری نەکردە و دەبێت وەک هێڵی سوور وەهابێت.

گەر ئەمە بەم شێوەیە قبوڵ نەکرابێت، پێموایە هیچ برینێک تیماری ناکرێت، هیچ شکاویەکیش نۆژەن ناکرێتەوە.

ئیدی لەو بابەتەدا هەرچیەک ئەنجام بدەن، دیسان گرێکۆڵەی نوێ دروست دەکەن بۆ خۆتان، گەر بە شێوەیەکی هەڵە هەوڵی چارەسەری نەخۆشیەکی شێرپەنجە بدەیت، وەک چۆن نەخۆشی لاڕەشە(گانگرێن) پەرە دەسەنێت ئاوەها پەرە بە نەخۆشی شێرپەنجەکە دەدەیت.

هەربۆیە دەفەرموێت:

عَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي

واتە ڕێگە و شێوازی من،  وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الرَّاشِدِينَ الْمَهْدِيِّينَ مِنْ بَعْدِي،

لە هەندێک ڕیوایەتدا المهدیین بوونی نیە، واتە ئەو مرۆڤانەی لە بابەتی هیدایەتدا خێمەی خۆیان هەڵداوە، لە هەمان کاتدا مرۆڤگەلێکی تێگەشتوون، واتە هەموویان دەزانن کەوا چ کارێک ئەنجام دەدەن و بەرەو کوێ دەڕۆن و چۆنی سەیری بوون و بوونەوەر دەکەن، دەزانن کە پێغەمبەریان چۆنی ناسیوە، دەزانێت لە ڕووی تێبینی خوداناسیەوە چۆنی ئەم کارەی پێکاوێتی.

ئەوانە مرۆڤگەلێکن ئەم کارە دەزانن، الْخُلَفَاءِ الرَّاشِدِينَ الْمَهْدِيِّينَ، واتە ئەو کەسانەی لەسەر سەکۆی هیدایەت بناغەی خۆیان چەقاندبوو. هەمیشە بە ئاڕاستەی ڕاستی و حەقیقەتدا هەنگاو هەڵدەگرن. لەسەر صراط المستقیم هەنگاو هەڵدەگرن، ئەو شتەی لە کاتی خوێندنی سورەتی فاتیحادا دەیخوێنین و هەمیشە داوای دەکەین، اِهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ

واتە هیدایەتمان بدە بۆ سەر ڕێگای ڕاست، دواتر دەفەرموێت:

  عَضُّوا عَلَيْهَا بِالنَّوَاجِذِ…

واتە بە خرێکانتان توند توند بیگرن، ئەمە دەستەواژەیەکی باوی ناو عەرەبە، کاتێک عەرەبەکان دەیانەوێت باسی بە جددی گرتنی شتێک بکەن، بەم شێوەیە گوزارشتی لێدەکەن.

ئەو کەسانەی لەو ڕێچکەیە دەژین واتە لەسەر ڕێچکەی سەردارمان و مرۆڤەکانی چواردەوری، ئەوەی بە خەرمانەی گەورە ناوی دەبەین، زۆر بە بەربڵاوی بەکارنایەت لە زمانی ئێمەدا، بەڵام لە شعرەکانماندا بەرچاومان دەکەوێت، لە شاکارە ئەدەبیەکاندا بەکارهاتووە، وابزانم لەمەودواش ئیدی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، خەرمانە، واتە ئەو بازنەی تیشکە کە لە چواردەوری مانگ دروست دەبێت…

گەر هەمیشە چاومان لەسەر ئەوان بێت، ئەوا ڕەفتار و کرداریشمان بە گوێرەی ئەوان خۆیان ڕێک دەخەن.

کەسانێکیش گوفتار و ڕەفتاری خۆیان ڕێکنەخستبێت، ناتوانن گوفتار و ڕەفتاری کەسانی تر ڕێکبخەن. ئیدی هەرچیەکیش بکەن بە ناوی ڕێکخستنی کەسانی ترەوە، دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی نێوان خەڵک.

ئەمە ڕێگایە ئەوە و هەر خۆیشی شێوازەکەی دیاریکردووە، سیستەمیش سیستەمی خۆیەتی…

جەنابی حەق لەو ڕێگەیە جیامان نەکاتەوە.

شتێک کەوا جیهانی ئیسلام پێویستی پێی هەبێت ئەوەیە لە ئاستی خەلیفە ڕاشیدەکاندا، لە هزر و فەلسەفەی مەزنی ژیانی ئەوان تێبگات و هەوڵی فەراهەمکردنی بدات.

دەرمانی دەردی ئێمە هەر ئەوەیە، دەرمانی دەردی بێ چارەمان هەر ئەوەیە…

ابو العتاهیة وەک سەرکۆنەی مرۆڤە خۆپەرستەکان دەڵێت:

تَرْجُو النَّجَاةَ وَلَمْ تَسْلُكْ مَسَالِكَهَا * إِنَّ السَّفِينَةَ لاَ تَجْرِي عَلَى الْيَبَسِ

 

واتە حەز بە ڕزگاری دەکەیت و هیوای پێ دەخوایت، وەک دەشزانن لە کتێبی احیاء علوم الدین هاتووە، لە بابەتی هەستی نێوان ترس و هیوادا بووین، رجا واتە هیواخواستن بە ڕەحمی جەنابی حەق،   واتە بەستنەوەی هەموو شتێک بەو هەستی تکا و هیوا بە خودایە، گەر ئەو نەبێت ناتوانین بچینە بەهەشت و لە دۆزەخ ڕزگارمان ببێت، گەر ئەو نەبێت ناتوانین لە پردی سیراط بپەڕینەوە، گەر ئەو نەبێت ناتوانین لەسەر ئەم ڕێگایە خۆڕاگریمان بپارێزین، ئەویش دەڵێت:

تَرْجُو النَّجَاةَ وَلَمْ تَسْلُكْ مَسَالِكَهَا *

واتە تۆ دەتەوێت ڕزگارت ببێت بەڵام رێگەکەشی ناگریت، واتە دوای هەوا و ئارەزوت کەوتوویت، لە ژێر تێخوڕینەکانی لاشەتدا ژیان بەسەر دەبەیت، دەڵێیت: دونیا، دونیا، دونیا و وتنەوەی ئەمەت کردووە بە ویردی سەر زوبانت، زیاتر لە لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ

 خەریکی وتنەوەی “دونیا، دونیا، دونیا” یت، دواتر هەڵدەستیت و هیوای ڕزگاری لە خوا داوا دەکەیت، دەبێت ئەوە چاک بزانیت کە إِنَّ السَّفِينَةَ لاَ تَجْرِي عَلَى الْيَبَسِ

واتە کەشتیەکان لەسەر وشکی ڕێ تەی ناکەن، تەنیا کاتێک لەناو دەریادا بوون ئینجا دەتوانن ڕێگە تەی بکەن…

 

 

 

کەسێکی تریش کە لەم بابەتەدا قسەی کردووە، هەر شتێکی هاوشێوەی ئەمە دەڵێت :

 

تَعْصِي اْلإِلَهَ وَأَنْتَ تُظْهِرُ حُبَّهُ * هَذَا لَعَمْرِي فِي الْفِعَالِ بَدِيعُ

 

لَوْ كَانَ حُبُّكَ صَادِقًا لَأَطَعْتَهُ * إِنَّ الْمُحِبَّ لِمَنْ يُحِبُّ مُطِيعُ

 

سەرکەشی فەرمانەکانی خودا دەکەیت و لە هەمان کاتدا بانگەشەی خۆشەویستی ئەو دەکەیت، هَذَا لَعَمْرِي فِي الْفِعَالِ بَدِيعُ

سوێند بە هەموو ژیانم، واتە ژیانی خۆی دادەنێت لەسەر ئەو بابەتە، واتە خودا گیانم بکێشێت گەر وا نەبێت، لَوْ كَانَ حُبُّكَ صَادِقًا لَأَطَعْتَهُ * إِنَّ الْمُحِبَّ لِمَنْ يُحِبُّ مُطِيعُ

 

واتە گەر ڕاستگۆ بوویتایە لەو شتەی بانگەشەی بۆ دەکەیت، * إِنَّ الْمُحِبَّ لِمَنْ يُحِبُّ مُطِيعُ

 ئەوەی خۆشەویستی کەسێکی هەبێت دڵوابەستەی دەبێت، هەموو دڵی دەدات بەو، لەگەڵ هەموو چاو داخستن و کردنەوەیەکیدا هەر باسی ئەو خۆشەویستیەی دەکات، لڤینێک بکات هەر بەو خۆشەویستیەوە ئەنجامی دەدات، دڵی وەک ڕیتمی ئەو خۆشەویستیە لێدەدات، کاتێک دڵی لێدەدات بە شێوەیەکی ئاسایی لێنادات، وەک دڵی ئیمامی ئاڵڤاری لێدەدات، کاتێک یادی خودای دەکرد بەم شێوەیە یادی دەکردەوە:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ

دڵی هەمیشە بەو شێوەیە لێیدەدا، تەنانەت لە کاتی پشکنینی پزیشکیشدا هەر بەو شێوەیە لێیدەدا، جارێکیان پزیشکێک پێی دەڵێت:

قوربان تۆزێک وەرەوە سەر خۆت هەتا بتوانم گوێم لە ڕیتمی ڕاستەقینەی دڵت بێت!

لَوْ كَانَ حُبُّكَ صَادِقًا لَأَطَعْتَهُ

گەر ڕاستگۆ بیت لە خۆشەویستیەکەتدا ئەوا گوێڕایەڵی دەکەیت، إِنَّ الْمُحِبَّ لِمَنْ يُحِبُّ مُطِيعُ

چونکە مرۆڤ گوێڕایەڵی ئەوەیە کە خۆشی دەوێت.

واتە دڵی داوە بەو، وەک دەشبینن ئەو مرۆڤانەی کە لەو ڕێچکەیەدان، بە هەمان شێوە لە بابەتەکان نزیک دەبنەوە… 

ئەمیشیان بە چەشنی ئەو دەڵێت:

تَرْجُو النَّجَاةَ وَلَمْ تَسْلُكْ مَسَالِكَهَا * إِنَّ السَّفِينَةَ لاَ تَجْرِي عَلَى الْيَبَسِ

واتە کەشتی لەسەر زەوی ڕەق و تەق ناڕوات بە رێدا، لاَ تَجْرِي السُّفُنُ عَلَى مَا تَشْتَهِي النُّفُوسُ

ئەمەشیان حەزرەتی پیر بەکاریهێناوە لە کتێبەکانیدا، لاَ تَجْرِي السُّفُنُ عَلَى مَا تَشْتَهِي النُّفُوسُ

 

واتە کەشتیەکان بە گوێرەی هەوا و ئارەزوو و تامەزرۆیی مرۆڤەکان ناڕۆن بەڕێدا، دەبێت ئامانجەکەی دیاریکراو بێت، دەبێت بزانێت کەوا بۆ کوێ دەڕوات، دەبێت قیبلەنمایەکی هەبێت و سوکانێکی ئاڕاستەکردنی هەبێت، دەبێت کاپتنێکی هەبێت، ئێستا تکاتان لێدەکەم وەڵامی ئەمە بدەنەوە:

لە نێوان دەستەی کۆمەڵانی مرۆڤەکاندا، یاخود لە دەستەی کۆمەڵانی جیهانی ئیسلامدا، لە کەشتی ئەم دەستە و گروپانەدا سوکانی ئاڕاستەکەری کەشتیەکە دیارە کە لە کوێیە؟

ئایا سوکانی هەیە؟

ئایا سوکانەکە کاپتنێکی بەسەرەوەیە کە ئاڕاستەی بداتێ؟

ئایا ئامانجی زۆر جددیان هەیە؟

بۆ نمونە ئامانجێکی وەهایان هەیە کە بڵێن : پێویستە بەرەو الله هەنگاو هەڵبگرین، بەڵام لە دڵ و ناخیانەوە ئەمە بڵێن، واتە بڵێن جگە لە الله چاویان بە ڕووی هەموو شتێکی تردا داخستووە، جگە لەو چاومان هیچ شتێکی تر نابینێت، بە چەشنی حەزرەتی موحیدینی عەرەبی، یاخود سوهرەوەردی و چەندین کەسانی وەک ئەوان، یاخود وەک ئیسماعیل حەققی بێت، گەر سەیری کتێبی “النتائج” بکەیت، بە تەواوی ئیشارەتی زەڕبیان لە خۆیان داوە و دەڵێن:

شتێک بە ناوی من نیە و دەڵێن،

تۆ تەجەلی ناکەیت گەر من لەسەر پەردە بم

شەرتی دەرکەوتنی تۆیە کەوا من عەدەم ببم

تۆ گەر هێشتا بڵێی : من، من، گەر هێشتا لەسەر پەردەکە تۆ مابیتەوە، ئیدی خودا لەوێ دەرناکەوێت.

تۆ دەبێت لە خۆت ڕزگار بوو بیت، هەتا کۆتایی بەو دوالیزمە بهێنیت، لە ڕووی هەست و هزر و دڵ و نەستەوە، خۆت بەو شێوەیە مەحکوم بە عەدەم و نەبوون بکەیت، لە ڕووی هەست و هزرتەوە، گەر بەم شێوەیە بوویت ئیدی ئەو تەجەلی دەکات و دەردەکەوێت.

سەیرکەن ئەمانە هەمووی تێبینی جیاوازن بەڵام هەموویان ئاماژە بە هەمان خاڵی هاوبەشی نێوانیان دەکەن، ابو العتاهیة بەو شێوەیەی وتووە، الله بەر شەفاعەتی خۆی بخات، یەکێکی تریشیان وتوویەتی:

تَعْصِي اْلإِلَهَ وَأَنْتَ تُظْهِرُ حُبَّهُ

 

وتەبێژی سەدەش دەڵێت: لاَ تَجْرِي السُّفُنُ عَلَى مَا تَشْتَهِي النُّفُوسُ

 

واتە کەشتیەکان بە گوێرەی هەوا و ئارەزوی مرۆڤەکان ناڕۆن بەڕێوە، پێش هەموو شتێک پێویستی بە دەریا هەیە، دواتر پێویستی بە ئاڕاستە هەیە، پێویستی بە سوکان هەیە، پێویستی بە کاپتن هەیە، بەڵام جیهانی ئیسلام لە تەواوی ئەمانە بێبەشە.

کەشتیەکەیان بێ ئاڕاستەیە و دیارنیە بەرەو کوێ دەڕوات، ئەو کەشتیەی ئاڕاستەی دیار نەبێت، ئەوا بنی دەریا  دوا ئاڕاستەی دەبێت!

هەربۆیە حاڵی ئێستاش بە چاوی خۆتان دەبینن…

 

هەربۆیە کاتێک باسی “زیندووکردنەوە، زیندووکردنەوە، زیندووکردنەوە” دەکەن، لە ڕاستیدا سرودەکانی کوشتن دەڵێنەوە!

کاتێک باسی ” دروستکردن، دروستکردن، دروستکردن” دەکەن لە ڕاستیدا باس لە وێرانکاری دەکەن.

کاتێک دەڵێن “کردمان، کردمان، کردمان”، کۆمەڵگایەکی پیرۆز بەرەو مەیلی بەلاڕێدابردندا دەبەن.

درۆ دەکەن، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خودا نەهی کردووە لەوەی سوێن بخۆین، لەبەر ئەوەی بە باشی نازانێت، لە شوێنێکدا کە دەتوانم سوێندی “وەڵڵاهی، بیللاهی، تەڵڵاهی” بخۆم، سوێندەکە ناخۆم، دەتوانم ئەو سوێندە بخۆم لەسەر درۆزنی ئەوان، بەڵام ئێوە هەر وا ئەژمار بکەن کە من سوێندێکی وەهام نەخواردووە.

دەتوانم سوێندتان بۆ بخۆم.

دەتوانم سوێندیش بخۆم لەسەر ئەوەی کە کەشتیەکە کاپتن و سوکان و ئامانج و قیبلەنمای دیار نیە، دیار نیە، دیار نیە…

وەک لە شعرەکەی ڕوخسەتیدا هاتووە:

هەموو کەس بە دوای دەرمانی دەردی دەگەڕێت، دەرمانەکەش دیار نیە، دەردەکەشیان دیار نیە…

حەزرەتی پیر لە باسی اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ  لە ٣ ڕوانگەوە باسی دەکات.

هێندەی لەبیرم مابێت، یەکەم  ئەوەیە داوا لە خودا دەکەیت هەر لە سەرەتاوە هیدایەتت بدات.

دووهەم ئەو هیدایەتە وەک بەشێک لە قوڵایی سروشتی خۆتی لێبکەیت، دابڕان لەو هیدایەتە وەک مەرگ بێتە پێش چاوت، پەنا بە خودا، لایەنی سێهەمیش ئەوەیە ئەو هیدایەتە وەک ئاڕاستەخانەیەک لێبکەیت، ئیدی واتلێبێت خۆ فڕێ بدەیتە ناو چێژی ئەو شتانەی خودا بەڵێنی پێداویت، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەمە دەڕۆیت…

گەر ئێمە بە سونەتەکانەوە ڕۆژانە چل جار داوای ئەمە لە خودا بکەین، پشتیوان بە خودا سونەتەکانیش ئەنجام دەدەن لەگەڵ نوێژە فەرزەکاندا، خۆ گەر ٤ ڕکات نوێژی چێشتەنگاویش بکەن ئەوا دەکاتە ٤٤ ڕکات، خۆ گەر چوار یان هەشت ڕکات شەو نوێژ بکەن – حەزرەتی پیریش دەڵێت لایەنی کەم دوو ڕکات – ئەوا بوو بە ٤٨ ڕکات، گەر نوێژی خۆر هەڵاتینیش ئەنجام بدەن ئەوا کردیە ٥٠، خۆ گەر ٦ ڕکاتی “اوابین”یش ئەنجام بدەن ئەوا دەکاتە ٥٦ ڕکات، گەر ڕۆژانە ٥٦ جار بڵێن اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ، ئیدی خۆتان ڕاستەوخۆ ئەمە دەڵێن یان گوێ لە کەسێکی تر دەگرن و هاوبەشن لەگەڵیدا، ئەو دەیڵێت و ئێوەش لە دڵتانەوە ئامین بۆ اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ ئەو دەکەن، لە ڕاستیشدا شێوازی دەربڕینەکەی لە کۆتایدا بە شێوەیەکە کە لە بری کەسانی تریش دەیڵێیت و ئەوانەش ڕوون دەکەیتەوە کە مەبەستە…

کاتێک دەڵێی اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ، مەبەستت لە کێیە؟ ئەوانەی بە نیعمەتەکانی خۆت پەروەردەت کردوون، یان بە چاودێری خۆت سەرفرازت کردوون.

ئەوانەی ڕێگاکانی بەرەو خۆتت بۆ ئاوەڵا کردوون، ئەوانەی تیشکت خستۆتە سەر ڕێگایان، دەڵێی خودایە بمخە سەر ڕێگای ئەو مرۆڤانە، کێن ئەوانە؟

لە شوێنێکی تردا ئەو کەسانە ڕوون دەکاتەوە:

فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَئِكَ رَفِيقًا 

 

 

واتە ئەوانەی وەک پێغەمبەرانن، دواتر الصدقین وەک حەزرەتی ئەبوبەکر، یاخود هەرکەسێک هەمان کەسایەتی ئەوی هەبێت، ئەو مرۆڤانەی بە هۆی ڕاستگۆییانەوە دەناڵێنن، دواتر شەهیدەکانی ڕێگای خودا، دواتر چاکەکاران، ئەوانەی دوای ئیمان هێنانیان بەردەوام لە ڕێگەی کاری چاکەوە ئیمانەکەیان دەخەنە ژێر بارێکی مسۆگەر و پڕ متمانەوە، خۆ گەر ئیمان بە کرداری چاکە گۆش نەکرێت، ئەو ئیمانە مەحکومە بەوەی وشک ببێت!

لە ڕێگەی نوێژ و ڕۆژوو لە دڵەوە ، هەروەها ئەنجامدانی حەج و سەدەقە لە دڵەوە ، لە ڕێگەی ڕەوشتە بەرزەکانی ئیسلامەوە، گەر وەک پەیکەرێک هەمیشە سەربەرزانە ڕاتگرت و گۆشت کرد، تەنیا بەم شێوەیە بە زیندووی دەیهێڵیتەوە، بە پێچەوانەوە لەناوی دەبەیت و دەیکوژیت.

پەنا بە خودا، لە ڕێگەی ڕەوشتە بەرزەکانی ئیسلامەوە، رَوَاهُ الْحَسَنُ، عَنْ أَبِي الْحَسَنِ، عَنْ جَدِّ الْحَسَنِ: إِنَّ أَحْسَنَ الْخُلُقِ/الْحُسْنِ اَلْخُلُقُ

 

هەروەها خودا بە سەردارمان دەفەرموێت :

وَإِنَّكَ لَعَلى خُلُقٍ عَظِيمٍ 

واتە تۆ لەسەر رەوشت و ئەخلاقێکی زۆر بەرز و باڵایت.

دایکە عائیشەشمان سەبارەت بەوانەی پرسیاریان لە شێوازی ئەخلاقی سەردارمان کرد،  کوڕی خوشکە گەورەکەی ئەم حەدیسە ڕیوایەت دەکات کە ناوی عوروەیە، دەفەرموێت ڕەوشتی هەروەک قورئان بوو، كَانَ خُلُقُهُ الْقُرْآنَ…

ڕەوشتی کتومت قورئان بوو، ملیم بە ملیم وەک قورئان ژیانی بەسەر دەبرد،  نەک وەک ئەوانەی لە مزگەوتەکاندا قورئان بە چەشنی هونەرمەندانی دەنگ خۆش دەخوێنن ، نورەدین تۆپچو ئەو کەسانەی بە “ئاغاکانی قوڕگ” ناو دەبرد، واتە گرنگ نیە بە چەشنی ئاغاکانی قوڕگ قورئان بخوێنینەوە، گرنگ ئەوەیە بیکەینە ژیانی ژیانمان، وەک ئەوەی تەواوی نەخشەی ژیانی پێ بخوێنینەوە، هەوڵی تێگەشتنی بدەین.

 

 

اَللَّهُمَّ فَهْمَ الْقُرْآنِ، اَللَّهُمَّ فَهْمَ اْلأَحَادِيثِ النَّبَوِيَّةِ، اَللَّهُمَّ فَهْمَ الْقُرْآنِ، اَللَّهُمَّ فَهْمَ الْقُرْآنِ

لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکماندا بەردەوام بڵێین خودایە قورئان پەیامی تۆیە لە ڕێگەی سەردارمانەوە پێمان گەشتووە، لە ڕواڵەتدا بۆ ئەو هاتووە و بەسەر ئەودا دابەزیوە، بەڵام وەک ئەوەی بۆ ئێمەش دابەزیبێت سەیری دەکەین، لە کوێوە هەتا کوێ…

لە اَلْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ هەتا دەگەینە مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ،  لە ڕووی حاڵەتە ڕوحیە جیاوازەکانمەوە، لە ڕووی بیرکردنەوە و تێڕامان و وێناکردنە جیاوازەکانمەوە، کاتێک کە دەچمە ناوی یاخود بە تێبینی کەسانی ترەوە لەو داڵان و کۆریدۆرانەیدا دەگەڕێم، هەمیشە کە سەیری دەکەم هەردەم باسی من دەکات، دەبێت بڵێی: وای خودایە قورئانی کەریم لە هەموو شوێنێکدا باسی من دەکات، لێرەدا با لە دەرەوەی کەوانە شتێکتان عەرز بکەم، دکتۆر ئیقبال کە وەک ئاکیفی خۆمان وەهایە، کەسێکە لە فیقه و  ئصولی فیقهیش شارەزایە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی ١٠ ساڵ لە لەندەن ماوەتەوە، بەڵام تەنیا یەک شەویش نوێژی تەهەجودی نەفەوتاندووە.

لەوە دەچێت خۆشتان چاوتان پێی کەوتبێت، بە ناوی کوڕەکەشیەوە کتێبێکی هەیە بە ناوی “جاویدنامە”، کتێبەکە ناوی ” نهێنیەکانی دۆزینەوەی خۆت و تەرک کردنی خۆت”، هەروەها کتێبێکی تر بە ناوی پەیامی ڕۆژهەڵات، جاویدنامە لەلایەن ئانا ماری شیمەل وەرگێڕدراوە.

وابزانم لە کۆتایی ساڵەکانی پەنجاکاندا بووە، قیتمیریش لە ڕێگەی ئەو وەرگێڕانانەوە ئەمانەی خوێندۆتەوە، دەتوانن لە شوێنی ئاکیف دایبنێنن، خۆی هەر کاتێک عاکیفیش چاوی بە کتێبەکانی دەکەوێت، دەڵێت: کتومت وەک من بیر دەکاتەوە…

ئیقبال دەڵێت من هەمیشە قورئانم دەخوێندەوە، دەڵێت باوکیشم پێی دەوتم – کەواتە باوکی وەها کوڕی وەهای لێ پەیدا دەبێت، جەنابی حەق باوکەکان بەو شێوەیە لێبکات و کوڕەکانیش بە هەمان شێوە، باوک چۆن بێت کوڕەکەشی لە سەرەتاوە و لە ڕێگەی چاولێکەریەوە وەک ئەو دەبێت، دواتر بە ڕووی هەرێمی لێکۆڵینەوەی باوکیدا دەکرێتەوە، دواتر بە ڕووی هەرێمی  لێکۆڵینەوە لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەکرێتەوە، دواتر لەم ڕێگەیەوە دەگات بە ڕاستیەکان و پاشان ڕۆژێک دەگات بە ڕاستی هەموو ڕاستیەکان، الله لەو کەسانەمان بگێڕێت کە لەو ڕێچکەیەدا ڕێگایان تەی کردووە – باوکی ئیقبالیش بەردەوام پێی دەڵێت : کوڕم قورئان بخوێنەوە… ئیقبالیش دەڵێت ئێ منیش بەردەوام قورئانم دەخوێندەوە و هەرگیز لە دەستم بەرم نەدەدا… خۆی گەر سەیری بەرهەمەکانیشی بکەیت ئەوە دەبینیت کە لە قورئانەوە دڵۆپەیان کردووە، لە وتەکانیدا ئەمە دەبینیت، کاتێک باسی سەرکەوتنی عوسمانیەکان دەکات لە تەرابلوسغەرب، لەو کاتەدا وتار دەدات بۆ خەڵک و دەڵێت: من ئێستا وا هەست دەکەم لە خزمەتی پێغەمبەری خودادا دانیشتبم، لێم دەپرسێت : دکتۆر ئیقبال چیت بە دیاری بۆ هێناوم؟ منیش لە وەڵامدا دەڵێم : سوپای عوسمانیەکانم بۆ هێناویت کەوا لە تەرابلوسغەرب جەنگاون،  خوێنی ئەوانم لە پەرداخێکدا  بە دیاری بۆ هێناویت… کاتێک باسی ئیقبال دەکەین دەبێت لە ڕووی ئەم لوتکەیەوە سەیری بکەین.

باوکی بەردەوام پێی دەڵێت: کوڕم قورئان بخوێنەوە.

ئیقبالیش دەڵێت؛ باوکە جا من هەمیشە قورئان دەخوێنمەوە خۆ قەت لە دەستم نایخەمە خوارەوە، باوکیشی دەڵێت: کوڕم قورئان مەخوێنە وەک ئەوەی بەسەر حەزرەتی محمد دابەزیوە، وەک ئەوەی خودا قسە لەگەڵ تۆ بکات بیخوێنەوە.

کاتێک دەڵێی اَلْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ دەبێت بڵێی خودا وای پێفەرمووم، اَلرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ کەوا خودا پێیفەرمووم ڕەحمان و ڕەحیمە، هەروەها مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ، کەواتە ئەو خاوەنی ڕۆژی پەسڵانە، دەبێت قاچەکانم لەبەردەم خوێندنەوەیدا بلەرزن، دڵم بلەرزێت، کەواتە لە ڕۆژی مەحشەردا لێپرسینەوەم لەگەڵدا دەکات…

دواتر دوای نزای اِهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ ، صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلاَ الضَّالِّينَ هەتا کۆتایی بخوێنینەوە،   ئەوانە فاکتەری تەواوکەری نزای ” اِهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ” ن، ڕێگەی پێغەمبەران و  ڕاستگۆیان و شەهیدان و کەسانی چاکەکار، مومکین نیە بتوانین ببین بە پیغەمبەر،  صادق بوونیش بە تەواوی واتای خۆی شتێکە لە ڕابردوودا ماوەتەوە،  باوک صدیقی ئەکبەر و کچەکەشی صدیقەی کوبرا بوو، ئەوانمان خۆش دەوێت، لە ناخی دڵمەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەم کە سەرم دەخەمە ژێر قاچەکانیانەوە، تامەزرۆی ئەوەم ساتێک زووتر بڕۆم بۆ ئەوێ و ئەبوبەکر پێ بنێت بەسەری چڵکنمدا و،  دواتر ئەو دایکە جوانەم کە دایکی هەموو دایکەکانە پێم بڵێت تۆش وەک یەکێک لە نەوەی نەوەکانی منیت…

ئەویش قاچی بنی بەسەرمدا، گەشتن بە پلەی ئەوانیش کارێکی دژوارە، بەڵام دەتوانین بگەین بە پلەی شەهادەت وەک چۆن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆرێک شەهید بوون، یاخود دەتوانیت ببیتە کەسێکی چاکەکار و بەم شێوەیە ئیمانەکەت وشک نابێتەوە.

چونکە ئیمانی بێ کرداری چاک مەحکومە بە وشک بوون.

تەنانەت ئەگەر هەیە پێچەوانەی ئەوەش رووبدات، ئیمان دێنیت و کرداری چاکیش دەکەیت بەڵام یەکێک دەبیت لەوانەی بەر توڕەیی خودا دەکەویت، چونکە دەبیت بە یەکێک لە کەسە گومڕاکان و دوایان دەکەویت، هەربۆیە ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە لەو ڕێگەیە بڕۆین کە خودا بۆی دیاری کردووین وەک ڕێچکە و ڕێباز، لەو ڕێگەیەی کە فەرمانی پێکردووین لەسەری بڕۆین. دەبێت ئەوەش بە چاکی بزانین کە نەڕۆشتن لەو ڕێگایەی خودا بۆی دیاریکردووین، وەک لێخوڕینی کەشتیە بەسەر وشکانیدا!

لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوەی لە نزاکانماندا داوای دەکەین، وەک گوزارشت لەوەی کە ڕاستگۆین لە داواکردنی ئەو شتانەدا، دەبێت ئەوەی لە دەستمان دێت ئەنجامی بدەین بۆ جێبەجێکردنیان لە ژیانماندا.

بە مەبەستی گوزارشتکردنیش لەمە، گەر بە زمانی خەڵک قسەیەک بکەم، هێندەی ئەوەی سکمان بدڕێت پێویستە هەوڵی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودا بدەین.

وەک ئوستاد نەجیب فازڵیش دەڵێت:

هێندەی ئەوەی مێشکمان لە کونی لوتمانەوە بێتە دەرەوە پێویستە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بین.

زاڵمان، خائینان، حەسودان، ستەمکاران، خیانەتکاران، گەر کارە خراپەکانیشیان بە ناوی موسوڵمانێتیە ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی پیک و لیسەکانیان بەردەوام بەسەر سەرتانەوە بوو، پێویستە دەستبەرداری خۆڕاگری خۆمان نەبین.

ئەوان بە کاری زاڵمانەی خۆیان هەڵدەستن، كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَى شَاكِلَتِهِ،   هەموو کەس بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات، کاتێک دێتە سەر خۆت، مادام تۆ باوەڕداری ڕاستەقینەیت کەواتە دەبێت بە گوێرەی کەسایەتی خۆت ڕەفتار بکەیت.

بە چەشنی بیلالی حەبەشی تاشەبەرد لەسەر سنگت دادەنێن، لەو لمە گەرمەی مێشکی مرۆڤ دەبرژێنێت لەسەر پشت ڕاتدەکێشن، چەندین کاتژمێر ئەو تاشە بەردانە لەسەر سنگت لانابەن،  توشی زۆر ناڕەحەتی دەبێت، پێت دەڵێن واز لە دینەکەت بهێنە.

دەڵێن دەی هاوار بۆ لات و مەنات و عوزا بکە.

دەلێن هاواری دونیا و ڤیللا و کەشتی و دەسەڵات و چەپڵەڕێزانی خەڵک و ستایشیان بکە، بەڵام ئەو لە بەرامبەر ئەم هەموو فشارەدا هەر دەیوت:

احد، احد، احد…

الله یەکە، الله یەکە، الله یەکە…

ئەمانە لە سەردەمانێکدا ڕوو دەدەن کە تەنیا چەند ئایەتێک دابەزیوە.

یاسر و سومەیە، واتە دایک و باوکی عەمار، لەبەر چاوی کوڕەکەیان دەکوژرێن، وابزانم ئەوانیش هەر بە وتنەوەی احد احد احد شەهید کران.

کۆتا هەناسەیان بەو وشەیەوە بوو.

بەڵام عەمار چیدی بەرگە ناگرێت و شتێکی پێچەوانەوەی ئیمانەکەی دەڵێت، بەڵام دواتر وەک ئەوەی لە مێشکیان دابێت بەرەو پیغەمبەری خودا ڕادەکات، تۆ سەیری ئاستی بەرزی موسوڵمانی ئەو سەردەمە بکەن کە تەنیا چەند ئایەتێک دابەزیوە، تەنیا چەند ئایەتێکی قورئان دابەزیوە بەڵام بەو ڕادەیە ئاست بەرزن، بە چەشنی پەیکەرە باڵاکان کە هەرگیز ناڕوخێن.

دەفەرموێت ئەی پێغەمبەری خودا، زۆریان بۆ هێنام، دایک و باوکیان کوشتم، لەبەرچاوی خۆم کوشتیان، هەمان شتیان بەرامبەر منیش دەکرد بۆیە چەند شتێکی نادروستم وت، ئەمەی لێرەدا دەیڵێم وەک تەئویل و ڕاڤەی من قبوڵی بکەن بۆ بابەتەکە، وەک ئەوە وابوو بڵێت: ئەی پێغەمبەری خودا لە پێناو ئەوەی لەگەڵ تۆ و هاوەڵاندا بژیم و هەمیشە لەلاتان بم، بەو تێبینیەوە ژیانم بەسەر مەرگدا هەڵبژارد!

لە ڕاستیشدا ئەوەی کردی لە دیندا ڕێگە دراوە، سەردارمان خۆی بە کەسێکی فەرموو ئەو کارە ئەنجام بدات لە بەرامبەر کەسێکی زاڵمی وەک موسەیلەمە، سەردارمان پێی فەرموو:

إِنْ عَادُوا فَعُدْ 

 گەر ئەوان بەردەوام بوون لە هەمان زوڵم و ستەم و  خۆفرۆشی، گەر هەر بەردەوام بوون لەو کارانەیان کە جێگای داخ و ئەسەفە، تۆش هەمان قسە بکە و خۆت ڕزگار بکە لە دەستیان.

قوربانی بم، هەروەها دەیفەرموو:

يَسِّرُوا وَلاَ تُعَسِّرُوا، وَبَشِّرُوا وَلاَ تُنَفِّرُوا …

کارئاسانی بکەن و کارەکان قورس مەکەن، کینە و نەفرەت بڵاو مەکەنەوە و  یەکترتان خۆش بوێت.

بەڵێ، دەشێت پیک و لیسەکان لەسەر سەرتان هەستێ و دانیشێ، دەشێ لە زیندانەکاندا بەر قامچیتان بدەن، دەشێ دایک لە رۆڵەکەی جیا بێتەوە، ئەمە خوی زاڵمانە و کەسایەتیان بەو شیوەیەیە، ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، ئیدی هەرچیەک بە خۆی بڵێ جیاوازی ناکات، دەتوانێت بە خۆی بڵێت جوبرەئیل، میکائیل یان ئیسرافیل بەڵام گومان نیە لەوەی کە خودی شەیتان خۆیەتی!

دەتوانێت ئەو ناوانە لە خۆی بنێت.

ئەو بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات، ئیماندارێکیش کە دەڵێت لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ ،  پێویستی سەر شانێتی کەوا بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە بکات.

بە چەشنی بیلال و یاسر و سومەییە و عەمار، هێندەی ئەوەی لەو ڕێگایەدا ئامادەی مەرگ بین خۆڕاگر بین.

پێویستە خۆڕاگر و پێچەسپاو بین، تەنانەت   بە چەشنی عەبدوڵای کوڕی جەحش، دەبێت ئاواتەخوازی ئەوە بین کە ساتێک زووتر باڵبگرین و بەرەو ئەو دونیا بفڕین، وەک ئەو بڵێین : خودایە لە پێناو ڕێگای خۆشەویستەکەی خۆت، با شمشێرێک قۆڵێکم ببات، شمشێرێکی تریش قۆڵەکەی ترم ببات، شمشێرێکی تریش قاچەکانم بپەڕێنێت، بەو خوێن و برینداریەوە بێمەوە حزوری خۆت و  لێم بپرسی: ئەی عەبدوڵا ئەمە چ حاڵێکە؟ منیش لە وەڵامدا بڵێم پەروەردگارا لە پێناو ڕێگای خۆشەویستەکەی تۆ منیان بەم حاڵە برد…

 

لە ئوحودیشدا بەو شێوەیەی لێهات، وەک لە وتارێکی ڕابردوشدا باسمان کرد، موسعەبی کوڕی عومەیر، کوڕە نازدارەکەی دایکی، لێی دەپاڕێتەوە و دەڵێت: کوڕم دوای ئەوانە مەکەوە، لە وەڵامدا دەڵێت: دایکە نامەوێت دڵت بشکێنم، بەڵام ڕێگای ئەوان ڕێگای منیشە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک و دوو ئایەتی قورئان دابەزیوە.

ئیدی تەمەنی ٢٠ ساڵ یان کەمتریشە، کاتێک بەسەر شەقام و کوچەی کۆڵانەکاندا دەڕۆی، هەموو کەس ڕایاندەکردە بەر پەنجەرەکانیان و پەردەکەکانیان لادەبرد و تەماشای جوانی ئەو گەنجە قۆزەیان دەکرد.

ئیدی خۆی لە ڕووی پێکهاتەی ناخیەوە چەندە کامڵ و پوخت بوو، لە ڕووی هزر و بیریشیەوە بە هەمان شێوە کامڵ بوو، لە ناو ئەو هەموو هاوەڵەدا تەنیا ئەو دەنێرێت کە ڕێنمویی خەڵکی مەدینەش بکات.

لەم کارەشیدا بە شێوەیەک سەرکەوتوو دەبێت،  لە ماوەی ساڵێکدا کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ عەقەبە، ٧٠ ژن و پیاو و گەنجی موسوڵمان لەگەڵ خۆی دەباتەوە، لە کاتێکدا کە شمشێرەکان لەسەر سەری دەخولانەوە، بەڵام یەک زەڕە توشی لادان و لەرزین نەبوو، سەعدی کوڕی مەعاز بە توڕەییەوە دێت بۆ لای، لە وەڵامدا دەڵێت:

تۆ دەتوانیت هەرچیەک دڵت دەیخوازێت بەرامبەرم ئەنجامی بدەیت، بەڵام تکات لێدەکەم دانیشە و گوێ لە پەیامەکەم بگرە، گەر بە دڵت نەبوو ئەوا دەتوانیت بە شمشێرێک ملم بپەڕێنیت…

ئەویش لەلایەوە دادەنیشێت، گوێ لەو قسە ڕاستگۆیانە دەگرێت کەوا لە دەم و زمانی موبارەکیەوە دێنە دەرەوە، بە شێوەیەک دڵی ئەو هاوەڵە بەرزەش فەتح دەکات، هەر لەویدا دێتە سەر هەمان ڕێچکەی ئەو…

بەڵام دواتر چی ڕوو دەدات؟ پێش ئەوەی تێکەڵی دونیا ببێت، بێ ئەوەی لە ژیانی دونیادا خۆشیەک ببینێت، لە ساڵی سێهەمی کۆچیدا، لە جەنگی ئوحودا، لەبەردەم پێغەمبەری خودادا شەهید دەبێت.

وەک ئەوەی بڵێت: مادام ئەم پێغەمبەرە سەردەمانێک منی بەرەو مەدینە نارد و لە چاوی ئەودا شوێن و واتایەکم هەبوو، کەواتە پێویستە ئیستا لەبەردەم ئەودا خۆم بکەم بە قەڵغان، هەربۆیە لە بەردەم پێغەمبەری خودادا ڕۆڵی قەڵغانێک دەبینێت، ئەم قۆڵی دەپەڕێت و قۆڵەکەی تری دەهێنێت، دوای ئەوەی قۆڵ و قاچی دەپەڕێت، لەبەردەم شمشێرێکی تردا ملی درێژ دەکات، دواتر لە مامۆستایەکم بیستووە لە کتێبدا نەمدیوە، دەڵێت سەری لەسەر زەوی داناوە و لە زاری موبارەکیەوە ئەم قسانە دەڕژێن:

خودایە دەترسم بەم حاڵەمەوە بێمەوە بەردەمت و پێمبڵێی ئەی موسعەب لەبەرچی ملیشت لە پێناو پێغەمبەرەکەم بەخت نەکرد!…

بە خەجاڵەتیەوە بەرەو ئەو دونیا دەکەوێتە ڕێ.

ئیماندارە ڕاستەقینەکان بەو شێوەیە بوون.

ئێوەش ڕێبواری هەمان ڕێگەن، ناڵێم هەستن و دەست بکەن بە شەڕ، چونکە شمشێری ماددی چۆتەوە ناو کێلانی خۆی!

ئێستا دەستورە ئەڵماسیەکانی قورئان، ئەو زمانەی کە دڵەکان فەتح دەکات گرنگە، ئەوەی دڵەکان وەک گوڵ وەها بن و ئەو وشانەی لە زمان و دەممان دەڕژێنە خوارەوە بۆنیان چەشنی عەتر بێت…

ئەمانە ئەو کەرەستانەن کە بەکاریان دەهێنن، لە ڕێگەی ئەم کەرەستانەوە بە چواردەوری دونیادا بکرێنەوە و بانگهێشتی مرۆڤەکانی ناو تاریکستان بکەن بەرەو ڕوناکی.

ئەو مرۆڤانەی دوای سێبەری خۆیان کەوتوون، ئاڕاستەی خۆری پشتیانەوە دەکەن. بەرەو خۆر و شەمسەکان ئاڕاستەیان دەکەن.

بێگومان لەبەر ئەوەی ئەمە ڕێگای پیغەمبەرانە، لەبەر ئەوەی لەلایەن هەندێک زاڵم و خائینەوە توشی ئازار و دەرد و جەفا بوون، ئەوانەی خودا و پێغەمبەرەکەی ناناسن و لە هەمان کاتدا بەردەوام دەیهێننە سەر زاریان، لەلایەن ئەم جۆرە خائینانەوە هەرچیەک بە خەیاڵتاندا نەیەت لە ئەشکەنجە توشتان دەبێت.

بەڵام بە ڕای من بایی هێندەیە کە توشی ئەمانە ببیت، لە ڕووی ئەو شتەی دەستان دەکەوێت ئەوە دەهێنێت توشی ئەو شتانە ببن، چیتان دەست دەکەوێت؟

ئەو بەهەشتەتان دەست دەکەوێت کە هەزار ساڵ خۆشی دونیا هێندەی ساتێکی ژیان ناو بەهەشت نرخی نیە، دواتر چێژی سەیرکردنی جوانی بێ کۆتای جەنابی حەقتان دەست دەکەوێت کە هەزار ساڵ ژیانی بەهەشتیش هێندەی ساتێکی سەیرکردنی ئەو نرخی نیە…

دەڵێم ئێوە خوازیاری ئەمەن و ناڵێم دەتانەوێت بیکڕن، لە هەمان کاتدا خوازیاری ڕەزامەندی ئەون، گەر خوازیاری ئەمانە بن، لەم پێناوەدا هەرچی بەخت بکەن لە شوێنی خۆیدایە، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا ئەوەی لەم ڕێگەیە داتانناوە لە پێناو ئەودا بووە، بە پشتیوانی خودا کاتێک دەچینە ئەولا بە چاوی خۆمان ئەمە دەبینین، کاتێک ئێوەش ئەمانەتان بە چاوی خۆتان بینی، لەبەر خاتری خودا ئەو قیتمیرەش فەرامۆش مەکەن کە ژیانی لە هەستان و داکەوتندا بەسەر بردووە، گەر جەنابی حەق پرسیاری لێکردن، بڵێن ئەویش لەگەڵ ئێمە بووە…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button