بیروڕا

خۆ بیستوتانە؟ هیدایەت کەرەجا لە زیندانی سلیڤریەوە کودەتای ئەنجامداوە

بەخامەی بولەنت کۆروجو

پیاوکوژەکەی گەڕەکی خۆمان، کاتێک بە تەورەکەی دەستیەوە ویستی بچێتە ماڵی دراوسێ کوردەکەمان کە لەوسەری گەڕەکەمان بوو، چاومان بە چاوی یەکتر کەوت و سەرمان دانەواند. بۆ ئەوەی گوێمان لە هاتوهاواری ماڵە کوردەکە نەبێت لە کاتی کوشتنیاندا، هەتا دوا ڕادە دەنگی مۆسیقاکەمان بەرز کردەوە. بە دەنگێکی نزم و پرتە و بۆڵەیەکیش وتمان گەر شتی وای نەکردایە باشتر بوو.

پیاوکوژەکە ئەمجارەیان بە تەورە خوێناویەکەوە خۆی کرد بە ماڵی بزاڤی خزمەتدا، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز لە جاری پیشوو، هەندێک بە بێدەنگیەک لەسەر شێوازی ڕازی بوون، هەندێکیش بە چەپڵەلێدان پێشوازیان لە کوشتاری پیاوکوژەکە کرد. ئێستا لە گەڕەکەدا هەموو کەس شڵەژاوە، چونکە پیاوی تەور بەدەست، لە دەرگای هەموو ماڵەکان دەدات.

ئەمە سەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە گەر چاوپۆشیت لە کاری ناحەقی پیاوکوژێک کرد، ئیدی پێی وایە حەقی ئەوەی بەدەستهێناوە هەمیشە تەوری بەدەستەوە بێت و لە هەموو کەسێکی بدات. وەک کۆمەڵگا لەم تاقیکردنەوەیەدا سەرکەوتوو نەبووین و گوێمان نەدا بەو مارەی دەدات بە کەسانی جیاواز لە خۆمانەوە!

خۆشنەویستنی کوردەکان و بزاڤی خزمەت / ڕقلێبوونمان، ئێمەیان هێنایە ئەم خاڵەی ئێستامان. گەر بە ناوی “خاوەن بنەما” بوونیشەوە نەبووایە، دەبوو وەک پیاوێکی خاوەن ئەقڵ ئەم سەرئەنجامەی ئێستامان بەدیبکردایە. جگە لە حەسەن جەمال و ئەحمەت ئاڵتان کە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن، کەسمان لەم تاقیکردنەوە دەرنەچووین و، ئێمەش و ئەوانیش پێکەوە باجە قورسەکەی دەدەین. بە داخەوە هێشتا زۆرینە سوورن لەسەر ئەوەی دان بە ڕاستیەکاندا نەنێن. وا دەزانێت گەر گورگی برسی خۆش ویست و دەستی بەسەریدا هێنا، ئیدی ئەویش بە ویژدان دەبێت لەگەڵیدا. نازانێت بەم کارەی قامچی لە ئیشتیای خواردنی دەدات و ئەم کارەی وەک ”هەلی خواردنی ئەوەی سەرەی هاتووە” دێتە پێش چاو! ڕووداوەکانی دواین بڕیاری دادگا لەسەر هیدایەت کەرەجا نمونەی ئەم قسانەی سەرەوەیە.

دکتۆر هیدایەت کەرەجا(٥٥) ماوەیەک سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆکاران و تەلەڤیزیۆنکاران و ماوەیەکیش سەرۆکی دەزگای توێژینەوەی تەلەڤیزیۆنەکان بووە و، تەلەڤیزیۆنکارێکی بە ئەزموونە.

دوای ئەوەی نوێنەرایەتی ڕۆژنامەی زەمانی کرد لە ئیزمیر و ئەنقەرە، لە ساڵی ١٩٩٩ ترانسفێر کرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆڕی مێدیایی سامانیۆڵو و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ بەردەوام بوو لە کارەکەی. لە بەرواری ١٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٤، هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر تەلەڤیۆنەکەیی و دەستگیریان کرد. نزیکەی ٤ ساڵە لە مافی ئازادی بێبەشکراوە. لە یەکەم دۆسیەی دادگاییکردنەکەیدا ٣١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. لە دۆسیەیەکی تری هاوشێوەدا کە هەمان تۆمەتی دۆسیەکەی تری تێدا بوو، سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا.

 

“پارێزەرەکانی دەستگیر کران و بە بێ پارێزەرە مایەوە”

” لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا بەرگری لە خۆم دەکەم. هەموو پارێزەرەکان وازیان هێنا و هەندێکیان دەستگیر کراون. تەنانەت بۆ نوسینی بچوکترین سکاڵا و داوای یاسایی، پارێزەرێکم دەست ناکەوێت”. کەرەجا ئەم قسانەی لە مانگی ئابی ٢٠١٦ لە بەردەم دادگادا کرد. هەر بە ڕاستیش ئەو پارێزەرانەی دەستبەسەر کرابوون کە توانای ڕۆشتنە دەرەوەی وڵاتیان نەبوو بە هۆی ئەوەی پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا گیرابوو. یەکێک لە پارێزەرەکانی بە ناوی دۆغان ئاککورت، زۆری لێکرا لە دژی بریگرتەکەی خۆی کە هیدایەت کەرەجایە شایەتی بدات، ئەمە لە کاتێکدایە یاساکان ڕێگە بە شتی وەها نادەن و، ناوبراو لە بەردەم دادگادا بە ناچاری دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ هیدایەت کەرەجا سەردانی گولەنیان کردووە. هەر بۆیە سزای پارێزەرەکەیان لە ١٠ ساڵ و ٦ مانگەوە کەمکردەوە بۆ ٥ ساڵ و ٦ مانگ.

 

 لە هەلومەرجی دادگاییکردنێکی لەم شێوەیەدا، کەرەجا لە دوو دۆسیەدا ٤٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

لە دۆسیەی دووهەمدا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لە کارخستنی دەستوری تورکیا لەگەڵ هەریەک لە ئیلهان ئیشبیلەن ڕۆژنامەنوس و پەڕلەمانتاری پێشووی پارتی ئاکەپە، کازم ئاڤجی خزمی م. فەتحوڵا گولەن و عەلادین کەیا خاوەنی پێشووی ڕۆژنامەی زەمان، سزایان بەسەردا سەپێندرا.

 

” بە دەستبەسەرکراوی لە زیندانی سلیڤریەوە کودەتای کردووە!”

هیدایەت کەرەجا کە لە بەرواری ١٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٤ لە زیندانی سلیڤری لە ژووری تاکە کەسیدا ژیان بەسەر دەبات، بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە. با جارێکی تریش دووبارەی بکەمەوە، ئەو هیدایەت کەرەجایەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە زیندانە، بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ سزای زیندان هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە. واتە لە دوای ٣٢ مانگ لە دەستبەسەرکردنی، لە زیندانەوە هەوڵی کودەتای داوە! دەبێت ئەم چەند دێڕە ملیۆنان جار دووبارە بکەینەوە، هەرکەسێک باسی یاسای کرد لە تورکیادا دەبێت باسی ئەم نمونەیەی بۆ بکەین.

باشتر وەهایە سەیرێکی ئەو دۆسیەیانە بکەین کەوا کەرەجای تێدا دادگایی دەکرێت و، ڕەجەب تەییب ئێردۆغان بە تۆڵەی ١٧ – ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣ دەزانێت. یەکەم دۆسیەی دادگاییکردنی کەرەجا بریتیبوو لە دۆسیەی تەحشیەچیەکان.

لە ٢٢ کانونی دووهەمی ٢٠١٠ ئۆپەراسیۆنێک لە شاری ئیستەنبول ئەنجامدرا.      مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئۆغوز کاغان کۆکسال بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئەو کاتەوە دەرکرا. دواتر بووە پەڕلەمانتاری ئاکەپە  و لە پەڕلەمانتاری تورکیا بووە سەرۆکی لیژنەی کاروباری ناوخۆی وڵات. ئەو کەسەشی داوای مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنەکەی کردبوو، ڤەکیلی حوسەین نەمال سەرۆکی هۆبەی هەواڵگری بوو، کە بە کەسێکی نزیک لە ئاکەپە ناسراوە.

لە نوسراوی فەرمی داواکردنی مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەم چەند دێڕە هاتووە” بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دەیەوێت ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات بە مەبەستی ئاشکرا کردنی مەهمەت دۆغانە کە لایەنگرێکی ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدەیە و دەمانەوێت خۆیی و لایەنگرەکانی بە بەڵگەی تاوانباربوونیانەوە قۆڵبەست بکەین”.

هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن موعەمەر گولەر وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیاوە بۆ ڕای گشتی تورکیا ڕوون کرایەوە. گولەری وەزیری ناوخۆی حکومەتەکەی ئاکەپە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە وتی” ڕۆژی  ٢٢ کانونی دووهەمی ٢٠١٠، ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر گروپێکی تیرۆرستی ڕادیکاڵ ئەنجامدراوە، واتە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر هەندێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدە بووە”.

گولەر بەوەوە نەوەستا کە  گروپی تەحشیەچیەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تۆمەتبار بکات بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، بەڵکو تۆمەتبارەکانی بەستەوە بە لوئەی سەقا کە بە بەرپرسی ئەلقاعیدە لە تورکیا و سوریا و عێراق ناسرا بوو، هەروەها تۆمەتبارەکانی  بەستەوە بە حەبیب ئاکتاشی بەرپرس لە تەقینەوەی ساڵی ٢٠٠٣ ئیستەنبول کە دواتر لە عێراق کوژرا. لەو بەروارەدا ئاکتاش تۆمەتبار کرابوو بەوەی هێرشی تەقینەوەی کڵێسەیەکی یەهودیەکان لە ئیستەنبول، کۆنسوڵخانەی ئینگلتەرا و تەقینەوەکەی بەردەم بانکی HSBC لە ئەستۆ گرتووە.

 

” هەموو مێدیا یەک دەنگ بوون بەرامبەر تەحشیەچیەکان”

مێدیاکانی تورکیا بە شێوەیەک بەربڵاو ئەم ڕووداوەیان  خستە بەر باسوخواس. یغیت بوڵوت ڕاوێژکاری ئیستای ئێردۆغان و ئەندامی دەستەی سندوقی دارایی، کە لەو کاتەدا کەناڵی هەبەرتورکی بەڕێوە دەبرد، هێرشی توندی کردە سەر تۆمەتبارەکان. ناوبراو ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرا هی مەهمەت دۆغانی سەرۆکی تەحشیەچیەکان بێت و لە ڤیدیۆکەدا پەسنی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەلقاعیدە دەکات و، شوێنکەوتنی بن لادنی بە ئەرکی سەر شانی موسوڵمان لە قەڵەم دەدات.

بولوت لەو بەرنامەیەدا وتی ” پێویستە ئیسلام لە دەستی ئەم ئەلقاعیدەچیانە ڕزگار بکرێت”. دادگای ١١ هەمی سزا قورسەکانی ئیستەنبول، لە بەرواری ٢٦ ی کانونی دووهەمی ٢٠١٠، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ گومانلێکراوەکانی دۆسیەکە دەرکرد. بەڵام ئەو دادوەرەی فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن، یەکێکە لەو دادوەرە بە شانسانەی هەتا ئیستا بە تۆمەتی جەماعەت بوون دەستبەسەر کراوە.

ئێردۆغان کە بە هۆی ١٧- ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣  تەواوی دامودەزگاکانی دادگای سەرلەنوێ دیزاین کردەوە، ویستی لە ڕێگەی ئەم دۆسیەیەوە تۆڵەی خۆی بکاتەوە. تەنانەت پێش ئەوەی دۆسیەی دادگاییکردنەکەیان بە ئەنجام بگات، بە بیانوی ئەوەی لە دۆسیەی تەحشیەکاندا فێڵ و ساختە ئەنجامدراوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری پۆلیس و بەرپرسی هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن کردەوە. هیدایەت کەرەجا و ئەکرەم دومانلی پێکەوە دەستگیر کران و، دومانلی بە هۆی ئەوەی لەو ڕۆژەدا منداڵێکی هاتە دونیاوە و لە ڕای گشتیدا سۆزێکی تایبەتی بەرامبەری دروست بوو، لەلایەن دادگاوە بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرا.

 

دواتر بۆ ئەوەی بزاڤی خزمەت بە دۆسیەی تەحشیەچیەکان تۆمەتبار بکرێت، دادگا لە ژێر فشاردا بڕیاری بێ تاوانی بۆ تەحشیەچیەکان دەرکرد. سەرەڕای هەموو فشارەکان، دادگا دوای ساڵێک ئەم بڕیارەیدەرکرد. کاتێک لە بەرواری ١٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ تەحشیەچیەکان ئازاد کران، هیدایەت کەرەجا و بەرێوەبەرەکانی پۆلیس ماوەی ساڵێک بوو لە زینداندا بوون.

تەحشیەچیەکان تەنیا لە ناو دۆسیەی هەواڵگری هێزەکانی پۆلیسدا ناویان نەهاتبوو، بەڵکو دەزگای هەواڵگری سەربازی تورکیاش هەمان ڕاپۆرتی لەسەر ئەم گروپە ئامادە کردبوو، کەوا سەر بە ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدەن. سەرەڕای هەموو ئەم بەڵگانە، گومانلێکراوەکان ئازاد کران. تەواوی ئەو پۆلیسانەی بە فەرمانی ئاکەپە ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامدابوو، هەموویان تۆمەتبار کران. دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتی مێدیایەک لەم دۆسیەیەدا، ڕووداوێکی ئابڕوبەرانەیە لە ڕووی یاساییەوە.

 

 چونکە جگە لە تەلەڤیۆنی سامانیۆڵو، هەریەک لە تەلەڤیزۆنەکانی CNN  و هەبەرتورک و ڕۆژنامەی حوڕیەت، زیاتر لە هەموو لایەک بە توندی پشتگیریان لە دەستگیرکردنی تەحشیەچیەکان کردبوو. بەڵام بەرپرسی ئەو دەزگا مێدیایانە وەک هیدایەت کەرەجا لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرا و کەسیان زیندانی نەکران.

ڕۆژنامەی حوریەت لە بەرواری ٢٦ کانونی دووهەمی ٢٠١٠ مانشێتی ” قاعیدە باوکی فکریانە” ی بەکار هێنا بەرامبەر گروپی تەحشیچیەکان. لە هەواڵێکی تریدا لە بەرواری ٢٧ ی هەمان مانگدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە وتی” گروپێکی سەر بە ئەلقاعیدە کە ژمارەیان ٥٧ کەسە، بۆ هەر سەر قوربانیەک ١٣٠ دۆلاریان وەرگرتووە و، ئەو پارەیەی کۆیان کردۆتەوە، ناردوویانە بۆ وڵاتی ئەفغانستان”.

ڕۆژنامەی ڕەدیکاڵیش سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە وتی ” شانەکانی ئەلقاعیدە لە تورکیا پوچەڵ کرایەوە”.

ڕۆژنامەی ستاریش سەبارەت بە هەمان ڕووداو وتی ” قاعیدە بە مەبەستی ئەوەی خانوویەک بکڕێت، ئامادەکاریان بۆ بڕینی بانکێک کردووە”.

ڕۆژنامەی سەباحیش لە بەرواری ٢٧ ی هەمان مانگدا دەڵێت” بە ناوی قوربانیەوە پارەیان بۆ  قاعیدە کۆ کردۆتەوە”.

سەرەڕای ئەوەی هەموو مێدیاکان هەواڵی هاوشێوەیان کردووە، بەڵام جگە لە هیدایەت کەرەجا هەریەک لە یورت ئەتایون بەڕێوەبەری هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تیرۆری ئیستەنبول سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و، عەلی فوئاد یڵمازەر سەرۆکی هۆبەی دەزگای هەواڵگری ئیستەنبولیش سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ٢٣ پۆلیسی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سزای جیاواز جیاوازیان بەسەردا سەپێندرا کە خۆی لە ٩ ساڵ و زیاتر دەدا.

بە گوێرەی یاساکانی تورکیا، گومانلێکراوێک نابێت دوو جار لەسەر هەمان دۆسیە دادگایی بکرێت، بەڵام کەرەجا لە ئیستەنبول و ئەنقەرەش لەسەر هەمان دۆسیە دادگایی کرا. سەرەڕای ئەوەی دادگای ئیستەنبول سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی دروستکردنی گروپی چەکداری تیرۆرستی، بەڵام دادگاییکردنەکەی بە هەمان تۆمەت لە شاری ئەنقەرە بەردەوامی پێدرا. کەرەجا سەرەڕای ئەوەی تانەی لە دادگایکردنەکەی دا کەوا تۆمەتەکان دووبارەیە، بەڵام گوێی لێنەگیرا.

سەرئەنجام دادگای ئەنقەرەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەرەجای بە ئەنجامدانی کودەتا بۆ لە کارخستنی دەستوری تورکیا تاوانبار کرد کە لە ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ ئەنجام درا و، سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند. ئەمە لە کاتێکدایە ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٤ لە زیندانە و نەهاتۆتە دەرەووە.

گەر یەکێک لێرەدا بپرسێت باشە کەسێک لە ناو زینداندا بێت چۆنی کودەتا ئەنجام دەدات؟ ئەوە وەڵامی نیە. تەنانەت هیچ مێدیا و دادگایەکیش نیە بتوانیت ئەم پرسیارەی لێبکەیت و کۆمەڵگاش ئاگای لەمانە نیە و بەرامبەریان بێدەنگە.

بۆ ئەوەی پشانتان بدەم کەوا چۆنی دادگایی کەرەجا کراوە، ئێستا بەشیك لە بەرگریکردنەکەی ناوبراو دەخەمە بەردەمتان.

کەرەجا سەبارەت بە شایەتیدانی هەندێک کەس لە دژی خۆی دەڵێت” ئەحمەت کەلەش دەڵێت کەوا من لە ساڵی ٢٠٠١ بەڕێوەبەری تەلەڤیۆن بووم و بەشداریم لە کۆبوونەوەکانی ئاڵتونیزادە کردووە لەگەڵ فەتحوڵا گولەندا. باشە ئێوە بۆ لە خودا ناترسن، فەتحوڵا گولەن لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەمەریکایە، چۆنی لەوێوە هاتەوە بۆ تورکیا و لەگەڵ مندا بەشداری کۆبوونەوەی کرد، ئەم هەڕەمەی ئەحمەت کەلەش دەیەوێت دروستی بکات تەنیا بەم بەڵگەیە دەڕوخێت. بەڵام ئێوە ئەم قسەیەی ناوبراو بە هەند وەردەگرن”.

 

” ئەو دادوەرەی کەرەجای ئازاد کرد، دەستبەسەر کراوە”

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی ئاستی پەیڕەوی لە دادپەروەری لە دادگاکانی  تورکیادا، لە نێو  ١١٣ وڵاتی دونیادا لە پلەی ١٠١ هەمیندایە. دادگایەکەی هیدایەت کەرەجا بەڵگەیەکی بەرجەستەی ئەم ئاستە نزمەیە. تورکیا لە هەموو دونیادا زۆرترین ڕۆژنامەنوسی دادگایی کردووە و سزای داوە.

بەڵام دۆسیەی کەرەجا لایەنێکی جیاوازتری هەیە، ئەو دوو دادوەرەی بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرکرد، هەردووکیان دەستبەسەر کران. هەروەها دەزگای باڵای داواکاران و دادوەرانی تورکیا، بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەوەی لە دادوەرەکان کرد، کە هەرکەسێک بڕیاری هاوشێوە بدات، ئەوانیش دەستبەسەر دەکرێن. هەر بۆیە کەرەجا هیچ پارێزەرێکی دەستنەکەوت کەوا بەرگری لێبکات و لەسەر هەمان تۆمەت دوو جار دادگایی کراو سزا درا!

کاتێک ئیستۆپی ئۆتۆمبیلی دەوڵەتت پچڕاند، بۆ ئەوەی چاکی بکەیتەوە و وەک جارانی لێبکەیت، جگە لە خۆ کێشان بە دیواردا چارەیەکی ترت لەبەردەستدا نیە. ئێستا ئابوری تورکیا وەک لۆریەکە ئیستۆپی پچڕابێت. ئێردۆغانیش دەڵێت ” ئەوەی یاری من نەبێت لە ژێر خاکدایە” و دەبێت سوپاسی خودا بکەین گەر وڵات بەرەو شەڕێکی ناوخۆ نەبات و وێرانی نەکات. گەرچی ئەمەش باجێکی قورسمان پێ دەدات، بەڵام هەموو سیناریۆکانی تر بە تەواوی تاریکن.  

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/duydunuz-mu-hidayet-karaca-silivrideyken-darbe-yapmis/

Show More
Back to top button