بیروڕاهەواڵ

خۆڕاگربن و یادی خودا زۆر بکەن

سەفوەت سەنیح

لە قورئانی کەریمدا خودا دەفەرموێت” ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە، لە کاتی جەنگدا کاتێک ڕووبەڕووی بەرامبەرەکانتان دەبنەوە، خۆڕاگربن و سەنگەرتان چۆڵ مەکەن و یادی خودا زۆر بکەن هەتا سەرکەون. گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەرەکەی بن و مەهڵێن ناکۆکی بکەوێتە نێوانتان. مەگەرنا توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن و هەیبەت و شکۆی هێز و دەسەڵاتتان لەناو دەچێت. بە تەواوی واتای ئارامگری، ئارامگر بن. چونکە الله لەگەڵ خۆڕاگر و ئارامگراندایە. وەک ئەوانە مەبن لە نێو وڵاتانی خۆیان بە کەش و فشکردن و خۆ نواندنەوە دەرچوون  و دەیانەوێت کۆسپ بخەنە بەردەمی مرۆڤەکان لە ڕێگای خودادا. خودای گەورەش بە تەواوی کارەکانیان ئاگایە. وەک چۆن شەیتان کارەکانی خۆیانی لا جوان کردن و وتی: هیچ کەسێک لە مرۆڤەکان لەمڕۆدا دەرەقەتی ئێوە نایەت و، منیش لەگەڵتانم. بەڵام کاتێک دوو سوپاکە بەرامبەر یەکتری وەستانەوە، شەیتان لە شوێنی خۆی گەڕایەوە و وتی من لە ئێوە بەریم، چونکە من شتانێک دەبینم کە ئێوە نایبینن. من لە سزای خودا دەترسم، بەڕاستی سزای خودا زۆر سەخت و بە ئازارە لە کاتی تۆڵەدا”.

بەرزکردنەوەی ناو خودا بۆ تاکی موسوڵمان( کە خۆی هەر ناوێکی بەرزە) کارێکی زۆر گرنگە.    واتە تێکۆشانی موسوڵمان لەم بابەتەدا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیی و سەرخستنی ڕەگەزی نەتەوەی خۆی نیە. گرنگی ئەرکی یادکردنەوەی خودا تەنانەت لە دژوارترین کاتی وەک جەنگیشدا، لەم ئایەتەدا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە. لە هەمان کاتدا باس لە کەش و فش و خۆنواندنی ئەبوجەهل و دارودەستەکەی دەکات. کاتێک ئەبو سوفیان کاروانەکەی بەرەو کەناری دەریا ئاڕاستە کرد و لە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ موسوڵمانەکان دوور کەوتەوە، کەسێکی نارد کەوا بە ئەبوجەهل ڕابگەیەنێت کە واز لە جەنگی موسوڵمانان بهێنێت. چونکە پێی وابوو هیچ هۆکارێک نەماوە هەتا لەسەری بجەنگن لەگەڵ موسوڵمانان. بەڵام سوپای قوڕەیش لە شوێنی خۆیان دەرچووبوون و ژنانی جاریە گۆرانیان دەوت و سەمایان بۆ دەکردن و ئاژەڵیان سەردەبڕی و ڕایاندەبوارد. کاتێک نامەکەی ئەبو سوفیان گەشتە دەستی ئەبوجەهل، لە وەڵامدا وتی ” سوێند بە خودا هەتا ٣ ڕۆژ لەسەر بیرە ئاوەکانی بەدر شەو و ڕۆژ نەکەینەوە و، ئاژەڵ سەرنەبڕین و لە گۆشتەکەیان نەخۆین، مەشروب نەخۆینەوە و ژنانی جاریە گۆرانی نەڵێن و سەمامان بۆ نەکەن، لەم جەنگە پاشگەز نابینەوە. بەم شێوەیە هەتا هەتایە هەموو عەرەب لێمان دەترسن”.

کاتێک پەیامبەرەکە ئەم وەڵامەی ئەبوجەهلی گەیاندە دەستی ئەبو سوفیان، ئەبو سوفیان لە وەڵامدا وتی” وای بە حاڵی گەلەکەم، ئەمە هەمووی لە ژێر سەری ئەبوجەهلدایە.  لەوەتەی بۆتە سەرداری خەڵک، لە خۆی بای بووە، لە خۆبایبوونیش کەموکورتی و نەهامەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. گەر جەنگاوەرەکانی محمد سوپای ئێمە ببەزێنێت، ئەوا بە تەواوی ڕسوا دەبین”.

پێشبینیەکانی ئەبوسوفیان هەموویان ڕاست دەرچوون. سوپای محمد بەسەریاندا سەرکەوت. ئەوانەی کەش و فشیان کرد و دەیانویست ببنە لەمپەر لە بەردەم ڕێگای ڕاستی خودادا، هەموویان ڕسوا بوون و پشتیان شکا.

بە گوێرەی گیڕانەوەیەک کەوا لە تەبەریدا هاتووە، شەیتان لە ڕۆژی جەنگی بەدردا، لەسەر شێوازی یەکێک لە کوڕەکانی مودلەج بە خۆیی و ئاڵاکەی دەستیەوە خۆی پشانی موشریکەکانی مەکە دا، شەیتان خۆی لەسەر شکڵی سوراقەی کوڕی مالیک گۆڕیبوو. شەیتان بە موشریکەکانی وت” ئەمڕۆ هیچ دەستە و تاقمێکی مرۆڤەکان دەرەقەتی ئێوە نایەت. منیش لەگەڵ ئێوەم”.

کاتێک هەردوولا بەرامبەر یەکتری وەستانەوە، سەردارمان چنگێک خۆڵی لە زەویەکە هەڵگرت و بە ڕووی موشریکانی مەککەدا پرژاندی. هەربۆیە هاوەڵگەران توشی دۆڕان بوون و گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان. کاتێک جوبەیر هێرشی کردە سەر ئیبلیس، لەو کاتەدا ئیبلیس دەستی موشریکێکی گرتبوو، کە جوبەیری بینی هێرشی بۆ دەهێنێت، دەستی موشریکەکەی بەردا و لەگەڵ پیاوەکانی چواردەوری کشایەوە دواوە.

موشریکەکە لە دوایەوە هاواری کرد و وتی ” ئەی سوراقە، لای خۆی تۆ بانگەشەی ئەوەت دەکرد کەوا لەگەڵ ئێمەدایت”. ئیبلیسیش لە وەڵامدا وتی ” من شتانێک دەبینم کەوا ئێوە نایبینن، من لە سزای خودا دەترسم، چونکە سزای خودا زۆر سەر سەختە”.

ئەم قسانەشی لەو کاتەدا بوو کە شەیتان فریشتەکانی بە چاوی خۆی بینیبوو.

هەموو کاتێک بەم شێوەیە بووە،  کاتێک حەق و باتڵ بەرەو ڕووی یەک دەبنەوە، شەیتان هەموویان دەخاتە ناو بارێکی خراپی بێ دەرچەوە و، لەو کاتەشدا لێیان دوور دەکەوێتەوە پشتیان تێدەکات.

ئەو ئیبلیسە ئینسیانەی لەمڕۆدا بەرەنگاری ئێمە بوونەتەوە، بە هەمان شێوە و قۆناغی ئەواندا تێدەپەڕن. چوونەتە سەر شکڵی ئەبوجەهل و وەک ئەو کەش و فش و خۆنواندن ئەنجام دەدەن و، لە ڕێگەی بوختان و درۆوە هەوڵی زوڵمکردن دەدەن.

      وەک لە خەوێکیشدا کە پێش ٤ ساڵ بینراوە، ئێمەیان لە دەمی ئەشکەوتی شاخێکدا قەتیس کردووە کە دەرچەی نەبێت. لە کاتێکدا هەموو کەسێک هیوابڕاو دەبێت، وەک ئەوەی لەو شوێنەدا بەرزکەرەوەیەک (مصعد) بێتە سەرەوە، تەواوی ئەو شوێنە بەرز دەبێتەوە و دەرچەیەک بە ڕوویاندا دەکرێتەوە.

سەرئەنجام ئەو تاقیکردنەوەی دەبوو ئەنجام بدرێت، بە سەرکەوتنی بزاڤی خزمەت کۆتای هات. هیچ کەسێک لە ئەندامانی بزاڤی خزمەت نەڕژانە سەر شەقامەکان و بچوکترین کاردانەوەی نەرێنیان لێ بەدینەکرا. هەموو لایەک لەوە تێگەشتن کە ئەم خزمەتە کارێکی پێویستە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

موسوڵمانێکی وڵاتی میسر کە سەرۆکایەتی ڕێکخراوێکی مەدەنی دەکات لە ئەمەریکا سەبارەت بە بزاڤی خزمەت وتی” خزمەت لێرە بە جوانی شوێن پێی خۆی جێگیر کردووە. ٤٠ ملیۆن مرۆڤ هەیە کە بە ڕەگەز خەڵکی ئەفەریقان. ئەمانە ماوەی ٤٠٠ ساڵ لەم وڵاتەدا چەوسێندرانەوە، هەرچەندە زۆر جیاکاری ئەرێنیانەشیان لەگەڵ ئەنجامدرا، بەڵام لە خوێندندا ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو بەدەستیان نەهێنا. بەڵام لە خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت بە ناوی (چارتەر)، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیان %٦٥ خوێندکارەکانە، سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و چەندین کەسیان لە خوێندکارە یەکەمەکان بووە،  ئەمەش سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە و ئەو کارەی کە چەندین ساڵە دەوڵەت نەیتوانی پێی هەڵبستێت، لەلایەن خوێندنگەکانی ئێوەوە ئەنجامدراوە. ئەمەش شتێکە خەڵک و دەوڵەتی ئێرەش بە چاوی خۆیان بینیویانە. ئێوە وەک بزاڤێک کە کاری سوودبەخش ئەنجام دەدەن تۆمار کراون”.

ئاگاشمان لەوەیە کە چەندین بیرۆکەی تری هاوشێوەی ئەمەی ئاماژەمان پێدا لە وڵاتانی ئەوروپاش چرۆی کردووە. لە حاڵێکدا کە چاودێری خودایی سەرچڵ دەربکات، پێموایە ئیبلیس و شەیتانەکان بەدەمدا دەکەون و تەنیا ئەوەیە پێویستە خودا لە یاد نەکەین. با ئارامگربین.

” لە ڕێگەی ئارامگری و نوێژکردنەوە داوای یارمەتی لە خودا بکەن. گەرچی ئەمە کارێکی سەختە تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کەوا دڵیان پڕە لە خەشیەتی خودا”.( بقرة،٤٥).

با بە گوێرەی ئەم ئایەتە هەڵسوکەت و مامەڵە بکەین، ئەم خزمەتە هەتا ئێستا شاهیدی زۆر یارمەتی و چاودێری خودایی بووە، پشتیوان بە خودا لەمەودواش شاهیدی هەمان شت دەبێت.

Show More
Back to top button