بیروڕا

خۆزگەکان، ناڵینەکان، پەشیمانیەکان

سەفوەت سەنیح

جەنابی حەق لە قورئاندا بەم شێوەیە باسی خۆزگە و پەشیمانیەکان دەکات” هەرکەسێک ئەو قورئانەی پڕ لە وانە و ئامۆژگاریە پشت گوێ بخات، ئێمە شەیتانێک دەنێرینە سەرڕێگاکەی، ئیدی دەبن بە هاوڕیی یەکتری. ئەو شەیتانە ئەو فریو دەدات و کەچی پێشی وایە هەر لەسەر رێگای ڕاستە، هەتا ئەو کاتەی دێتەوە بەردەممان هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێگای خۆی. کاتێک هاتەوە بەردەممان بە هاوڕێکەی دەڵێت: خۆزگە هێندە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە یەکتری دوور بووینایە. وایە چەندە هاوڕێیەکی خراپ بوویت. خوداش لەو کاتەدا پێیان دەفەرموێت: ئەم خۆزگەیەی ئێوە لەمڕۆدا هیچ سوود و قازانجێکی بۆ ئێوە نابێت. چونکە بە درێژایی ژیان زوڵمتان لە یەک کرد، لێرەش پێکەوە سزای خۆتان وەردەگرن”. ( سورەتی زوخروف 36-39 )…

لە قورئانی کەریمدا سەبارەت بەو کەسانی لە ڕۆژی دوایدا لە خۆیان دەدەن و دەڵێن ” خۆزگە، خۆزگە” لە زۆر ئایەتی تریشدا بە شێوازی جۆراو جۆر باسیان دەکات.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنیش لە وتارێکی بە ناوی ” تافی پەشیمانی” بەم شێوەیە باسی ئەم بابەتە دەکات:

” زۆر کەمن ئەو مرۆڤانەی سەیری دوای خۆیان دەکەن و هەستی پەشیمانی دایان ناگرێت. باشەکان؛ بیر لەوە دەکەنەوە کە بۆ نەیانتوانی باشتر و چاکتر ببن و، خراپەکانیش بە هۆی ئەو خراپە و تاوانە ڕوو سپیکەرانەی ئەنجامیانداوە، بە ئاخ و حەسرەتەوە لە نێو تێکشکانی خۆیاندا دەبن بە دوو کەرتەوە و دەست دەکەن بە ناڵاندن. ئەوانەی گەنجانمان لە تاریکی پێچاوپێچی نەفسیاندا بە تاقی تەنیا بەجێدەهێڵن  و،  بوونەتە تەماشاکاری گەنجەکانمان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەرەڕۆ دەبن… ئەوانەی کۆمەڵگا لە هزری بەها کەلتوری و میلیەکان بێبەش دەکەن و، ڕاپێچی گۆماوی شەهوانیەتیان دەکەن و تێیدا دەیانزڕێنن. ئەوانەی دەسخۆشی لە خراپە و خراپەکاران دەکەن و ڕۆژی خۆیانی پێ مەیسەر دەکەن، ئەوانەی لە هەر چواردەوری وڵات تۆوی سیاسەت دەچێنن و هەست و شعوری میللی دەکوژن. ئەوانەی  دوورکەوتنە لە کرۆک و ڕۆحی خۆیان بە ماریفەت و مەدەنیەت لە قەڵەم دەدەن، ئەوانەی لانەکانی زانستیان کردە بێستانی داری زەقوم، ئەوانەی ساڵانێکی زۆر دوژمنی سەرسەختی ئێمەیان کردە دۆستیان و ئاوازی دۆستایەتیان بۆ هۆنینەوە، ئەوانەی بە بەرچاوی هەمووانەوە حوکمی ئێمەیان تەختی زەوی کرد و ئەو تابلۆ غەمگینەی ئەمڕۆیان ئامادەکرد، ئەوانەی چێژ و ئارەزووە جەستەییەکانی خۆیان پێش هەموو شتێک خست و دەستیان دایە سەر شێتی و بەلاڕێدا ڕۆشتن، ئەوانەشی خۆزگەیان بەمانە خواست و، بە چەشنی ئەو پەپولانەی خۆیان دەخەنە ئاگرەوە و دەسوتێن، دوای ئەمانە کەوتوون و نوقمی پیسایی بوون. ئەوانەی هەموو هزرێکی بیانیان بە مەدەنیەت لە قەڵەمدا و گرەویان لەسەر کرد، ئەوانەی لە بەرامبەر ئەم هەموو ڕووداوەدا جارێک دانەچڵەکان و خۆیان ڕانەپسکاند. ئەوانەی لە خوارەوەن و خوارتریش لەوان، ئەوانەی لەسەرەوەن و سەروتر لەوانیش، بێ هیچ گومانێک ڕۆژێک  دێت پەشیمان دەبنەوە لە کارەکانیان و دەست دەکەن بە گریان. ئەگەر چی ئەو ڕۆژە ئاخ و ناڵە و هاوار بە دادی کەس ناخوات!

ئەو ڕۆژە کە زۆر پەشیمانی جۆراوجۆر وەک تەمێک هەموو لایەک دادەپۆشێت، کەسانێک لەبەر خۆیانەوە دەڵێن ” خۆزگە خۆم و دونیای هزرم، ببووینایە بە هاوارێک و هەموو لایەکمان بتەنیایە، بمتەنیایە هەتا ئیلهامەکانی ڕۆحم بە هەموو دڵە مردووەکان بگەیاندایە”، کەسانێک ئەمە دەڵێن و بە  لە خۆدان و پێچخواردن لە ئاهی پەشیمانی،  گوێ لە دەنگی زرنگاوە و هەمەجۆری کەسانی هیممەت بەرز دەبێت، لە هەمان کاتدا گوێمان لە دەنگی کەسانێک دەبێت کە بە درێژایی ژیانیان، هیچ کارێکی بە پێزیان نەکردووە و، هەرگیز خۆیان لە فیداکاری نەداوە، ئەوانەی کە سەرمایەی تەمەنێکی دوور و درێژیان بە فیڕۆ داوە، لە پەشیمانیدا دەناڵێنن و دەبینین کە بە سەرسوڕماوی خۆیان دەماڵن بە ڕاست و چەپدا.

ئەو کاتەی فەرامۆشیەکان وەک دێوەزمەی کارەسات و فەلاکەت هەموو لایەک دەتەننەوە، کاتێک تۆوە چێنراوەکانی دۆزەخ سەرچڵ دەکەن، ئەو کاتەی تاریکی هەموو لایەک دەگرێتەوە و چاوەکان ئەبڵەق دەبن، ئەو تابلۆ غەمگینەی دڵی هەمووان داخ دەکات و دەسوتێنێت، بە چۆکیاندا دەهێنێت و گوێمان لە دەنگی “خۆزگە” دەبێت:

خۆزگە لە دوێنێوە هەستمان بەمڕۆ بکردایە و ئەو لایەن و ڕۆحە تاریکانەی ئەم کارەساتەیان خولقاند لە دوێنێوە هەستمان پێ بکردنایە، هەستمان پێبکردایە هەتا نەکەوتینایە ئەم بێچارەیی و ئاخ و فیغانەوە…

خۆزگە لە نێوان ئێمە و ڕۆحە فریودەرەکان و ئەو سیمایانەی کە هەرگیز نەرمونیانیان نەدەزانی، شاخە بێ کۆتایەکان بوونیان هەبووایە و، دوای کەسانێکی بێ وەفا و هەزار دەردە و دۆستایەتی پڕ حەسرەتیان نەکەوتینایە و، هەموو تەمەنی خۆمان بە فیڕۆ نەدایە!..

خۆزگە لە دوای ئەو مرۆڤانە بڕۆشتینایە کە خاوەن هزر و ویژدانێکی ڕۆشن بوون و هەمیشە لێپرسینەوەیان لەگەڵ خۆیان دەکرد، لە ناو ئەواندا شوێنێکمان بۆ خۆمان بگرتایە و، خۆمان نەدایە بە دەم شەپۆلی پێچەوانەی ئاوی دەریای بێ ساحێبیەوە!

خۆزگە دەماغەکانمان بە زانست و، دڵەکانمان بە ڕاستیەکانی ئیمان ڕۆشنبکردایەتەوە و، بمانتوانیایە وابەستەی ڕێگای پاکی لوتکەی مرۆڤایەتی و نێردە خاوەن شکۆکەی  جەنابی حەق بووینایە، وابەستەبووینایە هەتا ئەو هەزار هەزەیانەی ڕۆحەکانمانی شڵەقاند و، دڵەکانمانی لێوان لێو کرد لە هەستی غوربەت و تەنیایی بەرۆکی نەگرتینایە.

خۆزگە پەند و عیبرەتمان لە پەڕەکانی ڕابردوو وەربگرتایە کە هەرگیز فریومانی نەدەدا و ڕێگای بۆ ڕۆشن دەکردینەوە، لە ڕێگەی ئەو وانانەی لەوێشەوە وەرمان دەگرت، سەرکەوتووبووینایە لەوەی داهاتوویەکی شکۆداری چەشنی ڕابردووی پڕ شکۆی خۆمان دروست بکردایە!..

بەڵێ، هەموو پەشیمانیەکانی ئەمڕۆ، سەرئەنجامی پشتگوێخستن و فەرامۆشیەکانی دوێنێ، هەریەکەیان وەک میوەیەکی تاڵ هاتنەوە سەر ڕێگامان. بەیانیەکانیش؛ ئیدی بە خۆشی و تاڵیشیەوە، تۆوەکەی لە ئامێزی خاکی ئەمڕۆدا دەچێنرێت. ئیدی دوو ئەگەر لەبەردەمماندایە وەک میللەت، یان ئەوەتا سبەینێ بە حەسرەتی “خۆزگە، خۆزگە” وتنەوە، داخمان بەسەر داروبەردا هەڵدەڕێژین، یان ئەوەتا یادی قارەمانیەکانی ئەمڕۆمان دەکەینەوە و زەردەخەنەی بەسەردا دەبارێنین”. ( لە کتێبی بەرەو ئەو بەهەشتەی لە دەستمانداوە، تافی پەشیمانی).

پێش ئەوەی بەیانی دەفتەری کردەوەکانمان دابخرێت و لە دیوانی گەورەی خودا لێپرسینەوەمان لەگەڵ بکرێت، لە ئێستاوە پەشیمان ببینەوە لە کردەوە خراپەکانمان و تەوبەیەکی نەسوحی لێبکەین، هەتا لەسەر پردی سیرات لەیەک جودا نەبینەوە…

Show More
Back to top button