گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

خۆبەزلزانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆمان


پرسیار: بە گوێرەی چیرۆکی هەندێک لەو گەلانەی لە قورئاندا باسکراون، یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی، کە ئەو هەموو ئەزیەت و ئەشکەنجەیەکیان بۆ پێغەمبەرە ڕەوانەکراوەکانیان بە ڕەوا بینیوە، بریتیە بووە لە خۆبەزلزانیی و سەرکەشییان. خۆبەزلزانی، لەو زوڵمەی لە ڕۆژگاری ئێستاماندا ئەنجام دەدرێت، چی ڕۆڵێکی هەیە؟

وەڵام: وەک چۆن خاکی بوون کلیلی تەواوی شتە باشەکانە، خۆبەزلزانیشی کلیلی هەموو شتە خراپەکانە.
خۆ بەزلزانی بریتیە لەوەی مرۆڤ، وەک بوونەوەرێک کەوا لەلایەن خوداوە بە شێوەیەکی کۆڵەوار و هەژار خراوەتە سەر ڕووی زەوی، خۆی زیاتر بە گەورە بزانێت لەوەی هەیە و، هەندێک لێوەشاوەیی کەوا لەلایەن خوداوە وەک ئیحسان پێی بەخشراوە، خۆی بکات بە خاوەنیان و بە هی خۆی بزانێت.
لە ڕاستیشدا بوونی ئێمە، ئەفرێنراویمان وەک مرۆڤ و، پڕ چەک بوونمان بە هەندێک ئامادەیی و لێوەشاوەیەتی، بە تەواوی لوتفی خودایە.
شکڵمان، ڕەنگمان، ڕەگەزمان، ئەقڵ و تەواوی ئەو تایبەتمەندیانەی تر کە بووینە خاوەنیان، لە هیچیاندا جێدەستی ئێمەی تێدا نیە. تەواوی ئەم نیعمەتانە وەک زیادە و پێشەکیەک لەلایەن الله وە پێمان دراوە. چونکە زۆر بە باشی ڕێی تێدەچوو بە شێوەیەکی تریش بمانئافرێنێت.

ڕووی ناشرینی خۆبەزلزانی

بەڵێ، تەواوی ئەم شتانەی موڵکدارییان بۆ مرۆڤ ناگەڕێتەوە و، بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بە دەستی نەهێناوە، خۆ کردنە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە و، بانگەشەی باڵاتر بوون بەسەر کەسانی تردا، هەم بە واتای دەستبەسەراگرتنی ئەو حەقانەیە کە بۆ خودا دەگەڕێنەوە و، هەم بە واتای ئەنجامدانی بێ ڕێزیەکی گەورەیە بەرامبەر ئەو…
ئیدی عەیبێکی لەمە گەورەتر بوونی نیە.
دەتوانین لە ڕێگەی ئەم نمونەیەوە لە حاڵی کەسێکی لەم شێوەیە تێبگەین:
کەسێک جلێکی زۆر جوان لەبەری ئێوە دەکات و، دەتانڕازێنێتەوە و پۆشتە و پەرداختان دەکات. ئێوەش هەڵدەستن و بەم جلانەوە کە هی خۆتان نیە، پۆز بەسەر خەڵکیدا لێدەدەن.
بەڵێ، خۆبەزلزانی بریتیە لەم حاڵەتە…
قورئان و سونەت وەک چۆن هەمیشە پەسنی خاکی بوون و خۆبەهیچ زانینیان کردووە، لە هەمان کاتدا کیبر و خۆبەزلزانیشیان سەرکۆنە و عەیبدار کردووە.
سەبارەت بەوەی پەسنی خۆبەزلزانی کرابێت، لە قورئان، سونەت و وتەی پێشینە چاکەکاندا چاوت بە هیچ شتێک ناکەوێت.
تەنیا ئاراوتەیەک لەم بابەتەدا هەبێت وتەیەکە کە وەک حەدیس دەیگێڕنەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە وەڵامدانەوەی کەسی خۆبەزلزان وەک خۆی، سەدەقەیە.
لە ڕاستیشدا کەسێک کەوا لوتی لە ئاسماندا بێت و پۆز لێبدات، خاکی بوون و خەجاڵەتی نواندن بەرامبەری، وەک سەرشۆڕکردن وەهایە. لە بەرامبەر کەسێکی وەهادا، پێویستە بە گوێرەی پێگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و، بەرامبەری سەربەرزانە ڕەفتار بکەیت.
جگە لەم حاڵەتە، کیبر بە شێوەیەکی بەردەوام سەرکۆنە کراوە.
چونکە خۆبەزلزانی نەخۆشیەکی وەها گەورەیە، هەم ڕێگرە لەوەی ببیتە کەسێکی ئیماندار، هەم دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە بازنەی ئیمان بچیتە دەرەوە.
لە ڕوانگەی کەسێکی خۆبەزلزانەوە، حەق و حەقیقەت گرنگی خۆیان لە دەستداوە. ئەو کاتێک حەقی بینی ڕووی لێ وەردەگێڕێت، یاخود لە ڕیگەی هەندێک بەلاڕێبردنەوە، هەوڵی پشاندانی شێوەیەکی تری بابەتەکان دەدات.
نزیک بوونەوەی کەسێکی خۆبەزلزان لە بابەتێک، بە ئینساف و حەقپەرستیەوە، مومکین نیە.
ئیدی بە هەر هۆیەک بێت، کەسێک کەوا خۆی لەسەروی مرۆڤەکانی ترەوە دەبینێت و کەسانی چواردەوری بە بچوک دەبینێت، زۆرینەی کات ناتوانن بە شێوەیەکی ماقوڵانە ڕەفتار بکەن و، حەقیقەتیش وەک خۆی نابینن.

ئەم جۆرە کەسانە، بێ ئەوەی دوێنراوەکانی خۆیان بە باشی بناسن، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تەواو بەرامبەریان ئەنجام بدەن، بە گوێرەی پێشینەدادوەری خۆیان بڕیاریان لەسەر دەدەن.
ئەو خۆبەزلزانانەشی کە پێیان وەهایە هەموو شتێک دەزانن، لەزگەیەکی دیاریکراو لە مرۆڤەکان دەدەن، لە جیاتی ئەوەی مرۆڤەکان لە ڕوانگەی هزر و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیان بناسن، بە گوێرەی خۆیان بە پێناسەکردنیان هەڵدەستن.
ئەم جۆرە مرۆڤانە کاتێک کەسێکیان بە شێوەیەکی نەرێنی لە هزری خۆیاندا تۆمار کرد، ئیدی هەروا بە شێوەیەکی ئاسان، مومکین نیە ئەو تێڕوانینەیان بگۆڕن. تەنانەت گەر هەرگیز نەیبینیبێتی و، ئاگاداری ئەو بیرکردنەوانەش نەبێت کە تۆ خاوەنیانی، زۆر بە ئاسانی دەستی دەچێتە ئەوەی تێچێن لە بارەی کەسەکەوە بدات و بەر ڕەخنەی بدات.
ئیدی ئەوان بە هۆی خۆپەرستی خۆیانەوە بێت، یاخود بە هۆی سەر بە لایەنێک بوون و، ئەو کیبرەی بەم هۆیەوە دروست دەبێت، گەر بڕیاری لەسەر ئەوە دابێت ڕووبەڕووی ئێوە ببێتەوە و ڕەخنەتان لێبگرێت، ئیدی دوای ئەو ساتە هەرچیەک دەڵێیت بیڵێ، چی دەکەیت بیکە، هەرگیز ناتوانیت ڕێگری لەم سەرکەشییەیان بکەیت.
تەنانەت دەست دەکەن بەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر بێگەردترین کارەکانیشت بکەن. ئیدی لە شتانێک کە هەرگیز ڕێگەیان تێناچێت کەرەستە دروست دەکەن و، هەوڵ دەدەن لە دژت بەکاری بهێنن. تەنانەت ئەو وەڵامانەی کە بۆ ڕەخنەکانیان دەیخەیتە ڕوو، دەیشوێنن و لە نێو ئەوانیشدا شتانێکی تر دەدۆزنەوە و، دیسان لە دژت بەکاری دەهێننەوە.

“خۆبەزلزانەکانی ڕابردوو”
گەر لە بناغەوە لە سەرگوزەشتەی ژیانی پێغەمبەران بڕوانیت کەوا لە قورئانی کەریمدا ئاماژەیان پێکراوە، چاوت بە تیمسال و پەیکەرەی ئەم کەسە خۆبەزلزانانە دەکەوێت. هەروەها چاوت بەوە دەکەوێت کە ئەمانە لە هەموو سەردەمێکدا بوونیان هەبووە و، واز بهێنە لەوەی خۆیان بە کۆمەڵێک موسوڵمانی سادەی وەک ئێمەوە خەریک کردووە، بەڵکو تەنانەت بە شێوەیەکی بێ ئامان لە دژی ئەو پێغەمبەرانەش وەستاونەتەوە، کە لەلایەن خوداوە بۆیان ڕەوانە کراوە.
ئیدی نە ئەو سیفاتە ئاکاریە بەرزانەی پێغەمبەران خاوەنیان بوون، نە ئەو وەحیەی لەلایەن خوداوە هێناویانە، نە ئەو موعجیزانەی پشانیان داوە، هیچیان بۆ هێنانە سەر ڕێی کەسانی خۆبەزلزان بەس نەبووە.

بۆ نمونە کاتێک حەزرەتی نوح قەومەکەی بانگهێشتی ئەوە دەکرد کە ئیمان بە الله بهێنن و پەرستشەکانیان تەنیا بۆ ئەو ئەنجام بدەن، سەرکردەکانی قەومەکەی، لە بەرامبەر ئەم پێغەمبەرە کە یەکێکە لە پێغەمبەرە هەرە گەورەکان(اولوالعزم)، بەم شێوەیە وەڵامیان دایەوە” بە ڕای ئێمە، تۆش هەر مرۆڤێکی وەک ئێمە و لەگەڵ ئێمەدا هیچ جیاوازیەکت نیە. هەروەها ئەو کەسانەی دوای تۆ دەکەون، ئاست نزمترین کەسانی ناو ئێمەن و ئەمەش بە چاو دیارە! هەروەها شتێک لە ئێوەدا نابینین کە ئێوە لەسەرو ئێمەوە پشان بدات. بە پێچەوانەوە ئێمە تۆ بە کەسێکی درۆزن دەزانین”. واتە کافرانی ئەو سەردەمەش کەسانی ئیمانداریان بە سوک زانیوە و لەلایەکی ترەوە حەزرەتی نوحیان بە درۆزنی تۆمەتبار کردووە.
ئیدی گەر سەیری ناوچەوانی ئەم جۆرە کەسانە بکەیت کە ئەم جۆرە قسانەیان کردووە، ئەوە بەدی دەکەیت کە لەسەری نوسرابێت “خۆبەزلزان”.
بە هەمان شێوە قەومەکەی حەزرەتی هودیش بەم شێوەیە وەڵامی بانگەوازەکەی ئەویان دایەوە” ئەی هود! تۆ بەڵگە و موعجیزەیەکی ئاشکرای وەهات بۆ ئێمە نەهێنا کە بتوانین باوەڕتی پێبکەین. ئێمە ناتوانین شوێنی قسەکانی تۆ بکەوین و واز لە خواکانمان بهێنین. ئێمە باوەڕ بە تۆ ناهێنین، تەنیا شتێک کە دەتوانین لە بارەی تۆوە بیڵێین ئەوەیە: پێدەچێت یەکێک لە خواکانمان زۆر بە خراپی دەستی لێ وەشاندبیت”.
ئایا ئەمانە قسەگەلێکن کەوا بەرامبەر پێغەمبەرانی خودا بیکەیت، لە کاتێک ئەوان زیاتر لە هەموو کەسێک خاوەنی لۆجیک و پێودانگی هەڵسەنگاندنن؟
ئەو پێغەمبەرانەی کە خاوەنی سیفاتگەلێکی کامڵی وەک صدق(ڕاستگۆیی)، امانة(متمانە)، عصمة(بێ گوناحی و پارێزراوی لە گوناح)، فتانة(وردبینی، واتە بوونە خاوەنی لۆجیک و ئەقڵێکی باڵا)، هەروەها پەیوەندیان جیهانی ئەولای سەرو ئاسمانەکانەوە هەیە و ژیانیان لە ژێر لێزمەی ئیلهامەکانی جیهانی ئەولا دەبەنە سەر، ئەم مرۆڤانە قسەگەلێکی وەهایان بەو پێغەمبەرانە دەوت کە تەنانەت ئێمە لە کاتی گێڕانەوەشیاندا ناڕەحەت دەبین، ئیدی بابەتی ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە لە نێو خۆبەزلزانی و سەرکەشیدا بوون، شتێکە جێگەی گومان نیە.

ئەو شتانەی پێغەمبەرانی تریش لەلایەن سەرکردەی قەومەکانیانەوە توشی بوون، جیاواز لەمە نەبووە کە باسمان کرد.
ڕەفتاری گشتی ئەوان، بریتی بوو لەوەی ڕوو لەو پێغەمبەرانە وەربگێڕن کە بۆ حەق و حەقیقەت بانگیان دەکردن، گاڵتەیان پێدەکردن و، بە درۆیان دەخستنەوە، بە سوک سەیریان دەکردن و هەڕەشەیان لێدەکردن.
ئەم بێ ڕێزی و چاوقایمییەیان تەنیا لە قسەکانیاندا کورت نەبوو بوویەوە، تەنانەت هەندێکیان پێغەمبەرانیان بەردباران کردووە، هەروەها لە ڕێگەی ئەو فشارانەی خستویانەتە سەریان ڕێگەی ژیانی ئاساییان بۆ نەهێشتوونەتەوە، هەندێکیشیان لە وڵاتی خۆیان دەرپەڕاندووە، هەندێکیشیان شەهید کردووە.
تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش، ئەو ئەزیەتەی لەلایەن خۆبەزلزانانانی قەومەکەیەوە توشی بووە، لە هی هەموو پێغەمبەران زیاتر بووە.
بە درێژایی ژیانی لە مەککە، ئەزیەتێک نەماوە بەرامبەری ئەنجامی نەدەن. تەنانەت لەتکردنی مانگ بە ئیشارەتی پەنجەکانی کە وەک موعجیزەیەک پشانی داون، بۆ شکاندنی عینادی قەومەکەی بەس نەبووە. تەنانەت بەرامبەر ئەم موعجیزە ئاشكرایە بەردەوامییان بە کیبری خۆیان داوە و، بە جادوویان لە قەڵەمداوە. قورئانیش سەرکەشی ئەوانی لە بەرامبەر ئەم موعجیزە ئاشکرایە بەم شێوەیە وێنە کردووە:
وَإِن يَرَوْاْ ءَايَةً يُعْرِضُواْ وَيَقُولُواْ سِحْرٌ مُّسْتَمِرٌّ

” ئەوان هەر کاتێک ئایەت و بەڵگەیەکی ئاشکرایان بینی، ڕووی لێ وەردەگێڕن و دەڵێن بە ڕاستی ئەمە جادوویەکی ئاشكرایە”.

هەروەها موشریکەکان ئایەتەکانی قورئانیشیان قبوڵ نەکردووە و بە “داستانی پێشینەکان” ناوزەندیان کردوون.
خودای گەورەش لە ڕێگەی ئەم ئایەتەوە باسی ئەم سەرکەشیەی ئەوان دەکات:
وَإِن يَرَوْاْ كُلَّ آيَةٍ لاَّ يُؤْمِنُواْ بِهَا حَتَّى إِذَا جَآؤُوكَ يُجَادِلُونَكَ يَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَآ إِلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ…
ئەوان هەرچی بەڵگە و نیشانەیەک ببینن هەر باوەڕ ناهێنن، تەنانەت دێن و دەست بە مشتومڕ دەکەن و دەڵێن ئەم قسانە تەنیا داستانی قەومە پێشینەکانە”.
ئایەتەکانی قورئان، باسی لە هەواڵگەلێک دەکرد، کە مومکین نەبوو مرۆڤێکی نەخوێندەواری گەورە بوو لە ناو هەلومەرجی مەککەدا، بیزانێت؛ باسی ژیانی پێغەمبەرە پێشینەکان، هەندێک هەوال سەبارەت بە داهاتوو، وێنەی هەندێک لە تابلۆکانی ژیانی ئاخیرەت، هەروەها هەندێک یاسا و ڕێسای ناو بوونی ڕوون دەکردەوە.

بەڵام بە نیسبەت ئەو کافرە کیبرزادانەی، پێداگریان لەسەر تەواوی ئەو عەقیدانە دەکرد، کە لە بابوباپیرانی خۆیانەوە بۆیان مابوویەوە، ئەم شتانەی لەناو قورئاندا هاتبوو، گوزارشتی لە هیچ شتێک نەدەکرد.
ئیدی چاویان بە هەر حەقیقەتێک بکەوتایە، خێرا بەرگێکی تریان بە بەردا دەکرد. کاتێک قورئان باسی لە شتانێکی دەراسا دەکرد، ئەوان بەم شێوەیە گوزارشتیان لە کوفر و نکوڵیکاری خۆیان دەکرد:
أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ اكْتَتَبَهَا فَهِيَ تُمْلَى عَلَيْهِ بُكْرَةً وَأَصِيلًا

واتە ” ئەم شتانە داستانی پێشینەکانە کە نوسیوتە و ئێواران و بەیانیان بەسەر خۆتیدا دەخوێنیتەوە”
تەواوی ئەمانە، بریتی بوو لە خۆبەزلزانین و، ڕەوانپەرێشی(Psychopathy) خۆ بە گەورە بینین، چۆنیەتی پەلکێشکردنی مرۆڤەکان بۆ ناو سەرکەشی. بە تایبەت کەسێکی لەم شێوەیە گەر پشتی بە هێز و دەسەڵاتێکی گەورە بەەستبێت، پاشان تێبینی لایەنگیری بوونی تێدا دروست کردبێت، ئیدی خۆبەزلزانی کەسەکە بە شێوەیەکی لێدێت کە سەری لەگەڵ دەرنەکرێت و دۆڕانی بۆ نەبێت. کەسێکی لەم شێوەیە، حاڵەتێکی دەرونی شێتانەی وەهای توش دەبێت، خۆی لە هیچ حەقیقەتێک نزیک ناکاتەوە، کەوا لە دەرەوەی تەڵقینی کرابێت. کەسێکی لەم شێوەیە بە هۆی خۆبەزلزانیەکەیەوە دەچێتە بەریانی هێزی ڕاکێشانی شەیتان و، لە هەموو بوونێک لەگەڵ ئەودا(معیة الله) ڕادەکات. ئیدی نایەوێت لە الله و پێغەمبەرەکەی نزیک بێتەوە.

“خۆبەزلزانەکانی ئەمڕۆمان”
گەر ڕەفتاری مرۆڤە خۆبەزلزانەکان لە بەرامبەر حەق و حەقیقەتدا، لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ بەم شێوەیە بوو بێت، لەمەو دواش بە هەمان شێوە بەردەوامی دەبێت. ئیدی ئەمە لە توانای گۆڕینی ئێوەشدا نیە.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا نوێنەرانی هزری ئیلحاد و ئەو داماوانەی بە کیبری خۆیان دۆڕاون، لە سەرەوەی سەیری ئەو دڵە خۆبەخشانە دەکەن کە لە پێناو بەرزکردنەوەی کەلیمەی الله ڕادەکەن، هەرچیەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن لە پێناو ئەوەی ڕێگری لە ڕۆشتن لەسەر ڕێگەکەیان بکەن، بە لەکە و تاوانبارکردنێکی بێ بنەما، هەرچی تۆمەتی نەشیاوە دەیدەنە پاڵیان.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کە هەرچی بە دەمی مرۆڤیشدا نەیەت بەرامبەر پێغەمبەران وتوویانە، دەبێت چی بەرامبەر نوێنەرانی ڕێگەی ئەوان نەڵێن!
لۆجیکی ئیلحاد، ئینکاری و دووڕووی هەمیشە بە هەمان شێوە بووە. ئەم لۆجیکە ناتەواوەی کە خۆی لە کەسانی تر بە ئاقڵتر و بەرزتر دەبینێت، هەمیشە لەسەرەوە سەیری کەسەکانی تریان کردووە، دوژمنایەتی کردنیان بەرامبەر کەسانی ئیماندار، کە هاوشێوەی خۆیان نیە، وەک پیشە لێکردووە.
ئەم جۆرە کەسانە هیچ کاتێک لە دەمەقاڵێ(دێماگۆژی)، دیالێکتیک، درۆ و بوختان، فریودانی کۆمەڵانی ساویلکە خۆیان بە دوور نەگرتووە، بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی ڕاکێشانی ئەوانیشیان بۆ ڕیزەکانی خۆیان داوە.
بەڵام لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە کاریگەری ئەم قسە بێ بنەما و بیرکردنەوە چەوتانەی ئەم جۆرە کەسانە، هەتا شوێنێکی دیاریکراو بڕ دەکات.
پەندێکی جوانی لای خۆشمان هەیە کە دەڵێت” مۆمی درۆزن هەتا سەر لە ئێوارە بڕ دەکات”.
دەموچاوی ڕاستەقینەی ئەم شەبەکانە کە تەواوی وتار و کردارەکانیان لەسەر بنەمای درۆ و بوختان بونیاد ناوە، ڕۆژێک دێت هەر ئاشكرا ببێت.

ڕۆحە خۆبەخشەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، لە ڕێگەی چالاکی پەروەردەیی، بونیادنانی پردەکانی دیالۆگ و درێژکردنی دەستی یارمەتی بۆ کەسانی لێقەوماو، ئەرکی سەرشانیان ئەنجام دەدەن و، بەم جۆرە بیرکردنەوەوە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بوونەتەوە و، پاشان لە ڕێگەی ئەو خوێندنگە، زانکۆ، ناوەندی کەلتوریە لۆکاڵیانەی بونیادیان ناوە، هەوڵی بەدیهێنانی بیرکردنەوەکانیان دەدەن.

کاتێک ئەم کارانەشیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە قەرەی کەس نەدەن و دڵی کەسیان لێ زویر نەبێت، هەتا بڵێیت بە هەستیاریەوە هەنگاویان هەڵگرتووە.
لەگەڵ کەسدا خۆیان ناخەنە چاوەڕوانی هیچ جۆرە بەرژەوەندیەک، لە دژی کەس کار ناکەن، چاویان لەسەر هەندێک پۆست و پایەی دونیایی نیە، بە شێوەیەکی بەردەوام مەسەفای خۆیشیان لەگەڵ سیاسەتدا پاراستووە.
گەر ئاکار و ڕەفتای خزمەتی دڵسۆزانی خزمەت بەم شێوەیەش بوو بێت، بە داخەوە ئەم هەوڵ و کۆششە بێ گوناحانەی ئەوان، کەسانێکی تر ناڕەحەت دەکات.
کەسانێک بە فێڵ و دەسیسەگەلێکی وەها کە بە ئەقڵ و خەیاڵی مرۆڤدا نایەت، هەوڵی ڕێگری لەو خزمەتانە دەدەن.
ئەمە لە کاتێکایە ئەو خزمەتەی هەتا ئەمڕۆ ئەنجامیان داوە، لەبەرچاوی هەموو لایەکە.
ئەگەر گومان و دوودڵییەک جێگەی باس بێت لە کارەکانیاندا، گەر نیگەرییەکیان بەرامبەر کارەکانیان هەبێت، ئەوان دەڕۆن و لە نزیکەوە تەماشای کارەکانیان دەکەن، دەشتوانن لە نزیکەوە ئەو مرۆڤانە بناسن کە خۆیان بە خاوەنی ئەو کارانە کردووە. گەر کەسێک کەمێک ئینساف و تێگەشتنی قوڵی هەبێت، دەڕوات و بە چاوی خۆی دەیبینێت، لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات.
بەڵام هەرچیەک هەبێت، کەسانی خۆبەزلزان و سەرکەش هەرگیز بە کارێکی لەو شێوەیە هەڵناستن.

عیشوەکانی سەر ڕێگای پێغەمبەران
لەبەرچی ئاماژە بە تەواوی ئەم شتانە دەکەم؟
لەبەر ئەوەی دەشێت بە ئەقڵی کەسانێکدا بێت و بڵێن: ئێمە سەرەڕای ئەوەی لە پێناو چاکە و سەلامەتی مرۆڤەکان ئەم هەموو کارە جوانە ئەنجام دەدەین، لەبەرچی توشی ئەم هەموو ئێش و ئازارە دەبین؟

باشە، ئایا پێغەمبەرە گەورەکانیش بە هەمان شێوە کاری چاکیان ئەنجام نەدەدا؟ ئایا ئەو کارانەی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی ئەنجامی دەدان چی بوون؟ ئەوانیش تەواوی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندن و نوێنەرایەتی کردنی ڕاستیەکانی دینەکەیان تەرخان کردبوو. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، لەلایەن نزیکترینی کەسەکانیەوە سوکایەتی پێکراوە و ئەزیەتی دراوە.
بۆ نمونە کاتێک سەیری ژیانی قەشەنگی سەردارمان دەکەین، لە ژیانی ئەم تیمسالی شەفەقەت و لێبوردەییەدا، ئەوە بەدی ناکەین بە ئەنقەست قاچی بە مێروولەیەکیشدا دانابێت. ئەو هەمیشە لە ڕیزی هەژار و گەدایان وەستاوە و، دەستی بەسەری هەتیواندا هێناوە، سکی برسییانی تێرکردووە و بە خۆشەویستیەوە باوەشی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی کردبوویەوە.
بەڵام سەرەڕای ئەمانەش – حاشا و کلا- بە “جادووگەر” ناوزەندیان کرد و، پەیامەکەشیان بە “داستانی پێشینەکان” لە قەڵەم دەدا.
سەردەستەکانی مەککە هەمیشە ڕێگەیان پێگرتووە و، بۆ پاشگەزکردنەوەی لەو ڕێگەیەی گرتبوویە بەر، هەرچی کارێکیان لە دەست بهاتایە ئەنجامیان دەدا. ئیدی دوای ئەوەی ئەم جۆرە کارانە بەرامبەر خۆشەویسترینی مرۆڤەکان ئەنجام دراوە کە ئەوانیش پێغەمبەرانن؛ ئەنجامدرانی هەمان شت بەرامبەر بەندەگەلێکی سادەی وەک ئێمە، پێویستی بە سەرسوڕمان نیە!

تەنانەت لە یەکێک لە فەرمودە شیرینەکانیاندا دەفەرمون:
أَشَدُّ النَّاسِ بَلَاءً الْأَنْبِيَاءُ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ
گەوترینی بەڵاکان بەسەر پێغەمبەراندا دێت، دوای ئەوانیش کەسانی ئیماندار بە گوێرەی نزیکی لەوان”.
بەم شێوەیە ئەم حەدیسە شەریفە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی لەسەر ڕێگای الله دەڕۆن، گیرۆدە بوونیان بە هەندێک لە بەڵا و مویسبەتەکان، کارێکی حەتمیە.
مادام خودی پێغەمبەران لەمە ڕزگاریان نەبووە، ئیدی ئەو کەسە ڕاستگۆیانە هەنگاو بە هەنگاو شوێن پێی ئەوانیان هەڵگرتووە، بە گوێرەی ئاستی خۆیان، ڕادەوەشێنرێن و دەهەژێندرێن.
وەک چۆن خۆیان بە پێغەمبەرانەوە خەریک کردووە، بە هەمان شێوە خۆیان بەوانیشەوە خەریک دەکەن. ئیدی هەندێکیان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەکەن، هەندێکیشیان لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵاتە دەیانتارێنن، لە زیندانیش شوێن بۆ هەندێکی تریان ئامادە دەکەن.
تەنانەت لەو دانوستانانەی ئەنجامی دەدەن، باس لە سێدارەدانیان دەکەن، دەسیسە بۆ لە بێخەوە دەرهێنانی ئەوان دادەڕێژن.
لەم ڕوانگەیەوە گەر سەیری ئەو شتانە بکرێت کە ئەنجام دەدرێن و ڕوویانداوە، دەشێت بوترێت خۆبەزلزانەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ خۆبەزلزانەکانی سەردەمانی ڕابردوو، زیاتر هار و سەرەڕۆترن.
چونکە ئەمانە بێ ئەوەی هیچ شەرم و خەجاڵەتیەک بیانگرێتەوە، دەتوانن درۆ بکەن، لە هەندێک شوێنیشدا “تەقیە” ئەنجام دەدەن.
لە پێناو لەناوبردنی ئەو مرۆڤانەی بە دوژمنی خۆیان لە قەڵەمیان دەدەن، پیلان و دەسیسەی شەیتانی وەها ساز دەکەن، پێم وایە بە ئەقڵی هیچ کام لە ئەبوجەهل، عوتبە، شەیبە، وەلیددا نەهاتووە.
تەنانەت لە بەرامبەر مەعسومانەترین چالاکیەکانی خزمەتدا کاری سەرەڕۆیانەی وەها ئەنجام دەدەن، لەوە دەچێت سەرکەشەکانی سەردەمی جەهالەتیش، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئەمڕۆمان توشی پارانۆیای لەو شێوەیە نەبووبێتن.

“ڕێگەی خۆبەخشەکان”
بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم شتانە، ڕێبوارانی ڕێگەی پێغەمبەر، خۆڕاگرییان لەسەر ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن، ڕۆشتنیان بە بێ وچان لەسەر ئەو ڕێگایە گرنگیەکی زۆری هەیە. ئەوان پێویستە بە دەست هیچ کام لەو شتانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت/دەکرێت گیر نەخۆن. چونکە هەموو کەس بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات.
دوپشک پێوە دەدات، مار دەگەزێت، گوڵ بۆنی دێت و بولبولیش چریکەی دێت. هەرکەسێک لە کەسایەتیدا چی هەبێت، ئەوە دەخاتە ڕوو.
ئیدی دوای ئەوەی ئەمەت زانی، چیدی پێویست بە زویربوون و عاجز بوون بەرامبەر ئەوەی خەڵکی ئەنجامی دەدەن، نیە.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ئەوان تەنیا جەنگ لە دژی نەزانی، دووبەرەکی و کارە خراپەکان ڕابگەیەنن، لە جیاتی ئەوەی دژی لەڕێدەرچووان، خراپەکاران و خۆبەزلزانان ببنەوە.

ئامانجی ئەوان لە جیاتی ئەوەی بریتی بێت لەوەی خۆیان بە مرۆڤە خراپەکانەوە خەریک بکەن، پێویستە هەوڵدان بێت بۆ لەناوبردنی ئیلحاد، سەرکەشی، خۆبەزلزانی و سیفاتە خراپەکانی ئەوان.
پێویستە بوترێت” ئاخۆ ئەم تیمسالە بێگەردەی بوون کە وەک جێدەرکەوتی “احسن تقویم” ئەفرێندراوە، چۆنی لەم لەڕێدەرچوویی، گومڕایی، خراپەکاری، خۆبەزلزانی و غرورە ڕزگاری دەبێت، چۆنی ئاڕاستەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی دەکرێت، چۆن دەتوانین پەیوەندی ئەو لەگەڵ ڕۆح و واتا فەراهەم بکەین؟”
هەربۆیە پێویستە ئەوان لە جیاتی کەسەکان، هەڵوێستیان بەرامبەر سیفاتە خراپەکانی ئەوان بێت، پاشان لە پێناو هەڵکێشانی ئەو سیفاتە خراپانە، ستراتیژیەتی خۆیان داڕێژن.
لە ڕێگەی بەکارهێنانی زانست و عیرفانەوە، خۆشەویستی و موحیبەت وەک بناغە وەربگیرێت، بەها مرۆیی و گەردونیەکان لەبەرچاوبگرین و لە بەرامبەر شتە نەرێنیەکاندا، هەڵمەتی سەرتاسەری ڕابگەیەنین.

تەواوی کۆششی دڵسۆزانی خزمەت بریتیە لە ئەنجامدانی ئەم کارە. ئەوان هەرچیەک بکەن پێویستە لە پێناو ئەم کارەدا ئەنجامی بدەن.
ئامانجی سەرەکی ئەوان، وەک ئەوەی حەزرەتی پیریش لە سەردەمی مەشروطیەتەوە ئاماژەی پێداوە، بە گوێرەی هەلومەرجی ڕۆژگار، بەرەنگاربوونەوەی نەزانی، هەژار، ناکۆکی و دووبەرەکی بێت.
ئیدی ڕێگرەکان چەندە بەهێزیش بن، پێویستە هەرگیز دەستبەرداری ئەم کارەیان نەبن. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕێگرەکان و تێپەڕین بەناو دەریای پڕ لە تۆڕ و تەڵەی خوێنیندا، پێویستە خۆڕاگر بن.
لەلایەکی ترەوە ڕاستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە، زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەمڕۆمان، درکیان بە ڕاستیەکان بردووە، ستایشی ئەو کارە چاکانە دەکەن کە ئەنجام دەدرێت.

ئیدی لەم ڕوانگەیەوە پێویستە توشی بێ هیوایی، چۆک دادان و شڵەژان نەبین.
لە پێناو ئەوەی بەها مرۆییەکان لەسەر ڕوی زەوی بونیاد بنێین، لە ڕێگەی ئەوانەوە تیمسالێکی بەهاکان دروست بکەین، هێندەی لە تواناماندایە ویژدانەکان بە ئاگا بهێنینەوە.
تەنانەت گەر بە شێوەیەکی ڕێژەییش بێت، هەوڵی بونیادنانی دونیایەکی بێ شەڕ و بێ پێکدادان بدەین، خۆمان بە بێدەنگرکردنی چەکە تۆقێنەرە کوشندەکانەوە خەریک بکەین، بەم شێوەیە سەرزەمینێکی پڕ ئاشتی چەشنی ئەوانەی یۆتۆپیاکاندا ئاماژەی پێکراوە، پێک بهێنین.
لە پێناو هێنانە دی ئەمەش، بە عەزم و بەرەوپێشچوونێکی زۆر جددیەوە، بێ ئەوەی بە دەست هیچ شتێکەوە گیر بخۆین بەرەو پێشەوە بڕۆین، چەشنی کوهەیلانێک، هێندەی ئەوەی سنگمان شەق ببات، خەریکی ڕاکە ڕاک بین.

Show More
Back to top button