جیهانی

خوێندکارە لەنکارنایەکان و مام سەلمان!

عەبدوڵڵا ئایماز

کاک ئۆزکان کە خەڵکی شارەکەی منە، لە کاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خۆی لە وڵاتی ئازەربایجان، باسی مام سەلمانێکی بۆ کردم. منیش داوام لێکرد کە ئەم یادەوەریە جوانەی خۆی بنوسێت و عەرزی ئێوەی خۆشەویستیشی بکەم:
سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٥ بوو. لەگەڵ دوو برادەرمان کەوا لە بەڕێوەبەرایەتی کاریان دەکرد، بەرەو خوێندنگەیەکی شاری لەنکارنیا لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێکەوتین. شۆفێرەکەشمان مام سەلمان بوو، کە پیاوێکی تەمەنی ٥٩ ساڵ بوو، ساڵانێکی دوور و درێژ لە ڕێگا وشکانیەکانی یەکێتی سۆڤیەت شۆفێری کردبوو، بەر لە ماوەیەکی کەمیش خانەنشین کرابوو. کاتێک بە دوای هەلی کاردا گەڕابوو، ڕێگەی کەوتبووە سەر ڕێگای براکانی ئێمە. پاشان ئۆتۆمبیلێکی جۆری لادایان بە کرێ گرتبوو، ئەویشیان وەک شۆفێر دیاری کردبوو.
گوایە ئەو شۆفێری ئێمە بوو، بەڵام لە ڕاستیدا دۆستێکی نزیک کە یارمەتی ئێمەی دەدا لەوەی باشتر خەڵکی ئازەربایجان بناسین و، پیاوێکی سەرسپی قسە خۆش بوو. لە ٧ گەشتی جیاوازی ئێمە بۆ خوێندنگەی شارە جیاوازەکانی وڵاتی ئازەربایجان، هەر ئەومان لەگەڵدا بوو.
لەو کاتەدا دووهەم ساڵی کردنەوەی خوێندنگەکەی شاری لەنکارنا بوو. لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی گونجاوی شاردا نەمانتوانیبوو شوێنێک بۆ خوێندنگەکە بە کرێ بگرین، بە شێوەیەکی کاتی لە گوندێکی ئەو شارە بە ناوی “ڤەل” خوێندنگەکەمان کردبوویەوە. لە ڕاستیشدا دوای چەند ساڵێک گواستنەوەی خوێندنگەکەمان بۆ ناوەندی شار بە نسیب بوو.
لەو گوندە بینایەکی کۆنی داوەشاومان بینیەوە و، تا ڕادەیەک نۆژەنمانکردەوە و بەو شێوەیە کردمانەوە. ئیمکانیەتە فیزیکیەکانی ئەو شوێنە نەگونجاو بوو، شوێنێکی چەپەکی وەها بە نیسبەت مرۆڤگەلێکەوە کەوا لەسەر ژیانی ناوشار ڕاهاتبوون، بەرگەگرتنی ئەو شوێنە، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو. چەند مامۆستایەک کەوا لە تورکیاوە هاتبوون، لە کۆتایی خوێندنگەکەدا، لە شوێنێکدا کە ڕوناکی خۆر لێینەدەدا، چەند ڕەنزەیەکی ئاسنیان ڕیز کردبوو، بەو شێوەیە ژیانیان دەبردە سەر. ئیدی ئەو شوێنە ماڵی ئەوان بوو.
کەمێک لە پێشەوە بینای خوێندنگەکە هەبوو، ئیمکنایەتە فیزیکیەکانی ئەویش بە هەمان شێوە وەک پێویست نەبوو، گەرمکردنەوەی کارێکی سەخت و لە بەلوعەکانی ئاوەوە قوڕاو دەهاتە دەرەوە و، تەوالێتەکانیشی زوو زوو دەگیران.

سەرەڕای ئەوەی هەلومەرجەکان بەم ڕادەیە سەخت بوون، مامۆستایانی هاوڕێمان لە جیاتی ئەوەی سکاڵای حاڵی خۆیان بکەن، هەموو جارێک کە سەردانمان دەکردن، تەکلیفی نوێی خزمەتیان دەخستە بەردەممان و، ئەو تام و چێژەی بە هۆی ئەنجامدانی خزمەت و، پەیداکردنی هاوڕێ، خوێندکار، دۆستگەلێکی نوێ کە بتوانیت هەست و هزرەکانی خۆتی لەگەڵدا باس بکەیت، بە تەواوی دڵیانی کردبوویەوە و لە ژیانی خۆیان زۆر ڕازی بوون.
کاتێک باسی خوێندنگەکە و خوێندکارەکانیان بۆ دەکردی، واتدەزانی باسی باخچەیەکی ناو بەهەشتت بۆ دەکەن.
هەرگیز خۆیان بە سەختی هەلومەرجەکانەوە سەرقاڵ نەدەکرد و، بە هەستی هەوڵدان و فیداکاری و خۆبەخشیەوە، تەنیا خەریکی ئەنجامدانی خزمەت بوون. تەنیا لە ڕێگەی خزمەتیشەوە دڵیان سوکنایی و خۆشی پێدا دەهات.
ئەم سەردانەمان لە سەردانەکانی تر جیاواز بوو، چونکە دەبوو لەگەڵ خۆماندا مامۆستا سەردار هەڵبگرین و، بیبەینەوە بۆ تورکیا هەتا خولی مەشقی دوای تەواوکردنی زانکۆ، ئەنجام بدات.

دوای ئەوەی سەردان و چاوپێکەوتنەکانمان ئەنجامدا، ڕۆژی دواتر لە کاتی پشووی نیوەڕۆدا بەڕێکەوتین. خوێندکارەکان نانی نیوەڕۆیان خواردبوو، ئێمەش خەریک بوو سواری ئۆتۆمبیلەکە دەبین.
مامۆستا سەرداریش لە خەفەتاندا بە هیچ کام لە خوێندکارەکانی نەوتبوو کەوا دەڕوات و بۆ ماوەیەک بەجێیاندەهڵێت. دەستی کرد بە گریان، کاتێک خوێندکارەکان بینییان کەوا مامۆستاکەیان دەگری، لە چواردەوری ئۆتۆمبیلەکەمان کۆبوونەوە. هەوڵی ئەوەیان دەدا کە تێبگەن چی ڕوویداوە. کاتێک جانتاکەی مامۆستا سەردارمان خستە پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەوە، ئیدی لەوە تێگەشتن کە شتێکی نائاسایی ڕوویداوە. بە تەواوی چواردەوری ئۆتۆمبیلەکەیان لێگرتین.

نەیاندەهێشت ئۆتۆمبیلەکە بڕوات و، هەوڵی کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبیلەکەیان دەدا. هەموویان دەگریان، مامۆستا سەرداریش لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا خەریک بوو دەبوورایەوە، ئێمەش لەو نێوەندەدا سەرمان لێ تێکچوو بوو، نەماندەزانی دڵی کام لایان بدەینەوە. زۆرمان لەگەڵ منداڵەکان وت هەتا ڕێگەمان بۆ بکەنەوە، بەڵام هەموویان دەگریان و مام سەلمانیش لەگەڵ ئەواندا چاوەکانی تەڕ بوو بوو.
سەیری دیمەنەکەی دەکرد و هەوڵی دەدا واتایەک بدات بەو شتانەی کە دەیبینێت.
نەمانتوانی قەناعەت بە خوێندکارەکان بکەین، هەرچۆنێک بە زۆر لە باخچەی خوێندنگەکە چووینە دەرەوە و گەشتینە سەر شەقامەکەی بەرامبەری، ئەمجارەیان لەگەڵ مامۆستا سەردار، مام سەلمانیش دەستی بە گریان کرد. هەتا زیاتر دەڕۆشتین گریانەکەی توندتر دەبوو. لەو کاتەی خەریک بوو لە لەنکەرنا دەچووینە دەرەوە، گریانەکەیان بە شێوەیەک زیادی کرد، مام سەلمان ئۆتۆمبیلەکەی بردە کەنارێک و وەستاندی.
پیرە پیاو بە هەنسەکەوە دەگریا و سەر شانەکانی دەلەرزی، پاش کەمێک کە هاتەوە سەر خۆی وتی” مامۆستا من زۆر کەسم دیوە لە کاتی گریاندا، بەڵام کەسم نەدیوە بە دوای دایک و باوکیشیدا بەم شێوە بگری. ئەم مامۆستایە ٤ مانگە لێرەیە، لەم چوار مانگەیە چی کردووە وەها ئەم خوێندکارانە بەم شێوەیە خۆشیان دەوێت و ناهێڵن بڕوات و دەیانەوێت لێرە بمێنێتەوە”.
ئێمە وەڵامەکەیمان نەدەزانی، چونکە نهێنیەک بوو ئێمەش نەماندەزانی چیە. بەڵام زوو زوو چاومان بە ڕووداوی لەو شێوەیە دەکەوت و بە حەیرەت و سەرسوڕمانەوە سەیرمان دەکرد و تەنیا سوپاسی خودامان دەکرد.
پاش ماوەیەک پرسیارەکانی مام سەلمان ڕووی لە زیادبوون کرد، دەستی کرد بە خوێندنەوە و خۆی فێری قورئان دەکرد. ماوەیەکی زۆر خزمەتی کرد. تەنانەت دوای ئەوەی جەڵتەش لێیدەدا، گوێ بە نەخۆشیەکەی نادات و بە هاوڕێیان دەڵێت” لەو دونیا شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی کە منیش لەگەڵ ئێوە بووم؟”.

دوای ٢٤ ساڵ کاتێک چاوم بە مامۆستا سەردار کەوتەوە و باسی ئەو ڕۆژەم لەگەڵدا کرد، وتی : بیرم نەماوە، ئەو ڕۆژە ئاگام لە خۆم نەبوو.

منیش وتم خودایە لە کەسانی خۆبەخش بە دوورمان نەکەیت!

زۆر سوپاسی کاک ئۆزکان دەکەم و هیوادارم ئەم ڕۆحیەتە هەتا ڕۆژی قیامەت لە براکانماندا بەردەوامی هەبێت…

Show More
Back to top button