هەواڵ

خوێندکارێکی خوێندنگەکانی خزمەت بەشداری لە یورۆڤیشن دەکات

ئۆلێکساندەر بالابانۆڤ خوێندکاری خوێندنگەی مەریدیەنی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئۆکرانیا، لە پێشبڕکێی ساڵانەی یورۆڤیشن نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات.
ناوبراو کە لە هەمان کاتدا بەشداربوویەکی هەمیشەیی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی زمان و کەلتورە(IFLC)، باس لە ڕۆڵی خوێندنگەکانی خزمەت دەکات لەو ئەزمونەی لە ژیانیدا بەدەستیهێناوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی دەوڵەتی ئۆکرانیا، ئاماژە بەوە دەکات کە لە بابەتی سەرکەوتن بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی لە سەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا، خۆی بە قەرزاری مامۆستایانی خوێندنگەی مەریدیەن و ڕێکخەرانی پیشبڕکێی ساڵانەی (IFLC) دەزانێت.
باڵابانۆڤ لە میانەی چاوپێکەوتنە ٢٠ خولەکیەکەیدا کەوا لەگەڵ ڕادیۆی فەرمی وڵاتەکەی ئەنجامیداوە، باس لە چیرۆکی وتنی گۆرانی “بیکەنەوە” دەکات، کەوا بە نیازە لە پێشبڕکێی ساڵانەی یورۆڤیشنی بەشی منداڵان پێشکەشی بکات.
باڵابانۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە میوزیکی زۆر بەلاوە گرنگە، بەڵام بایەخی زیاتر بە وانەکانی دەدات و، لە هەمان کاتدا باسی لە پاڵپشتی هاوڕێکانی کرد بۆ بەشداریکردنی لە پێشبڕکێی یورۆڤیشندا.
ناوبراو ئاماژەی بە سەرکەوتنی هاوڕێکانیشی کرد کەوا لە زۆربەی پێشبڕکێ نێودەوڵەتیەکاندا مەدالیای ئاڵتونییان بۆ خوێندنگەکانی وڵاتەکەیان بەدەستهێناوە.
ناوبراو ئەوەی دووپاتکردەوە کەوا لە ڕێگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمانەوە ئەزمونێکی گەورەی بەدەستهێناوە و پاشان وتی” لە ڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە زۆر وڵاتی دونیا وەک بەڕازیلیا، ئوستورالیا، ئەمەریکا و کەنەدا گەڕاوم و، لەگەڵ منداڵانی وڵاتە جیاوازەکان گۆرانیم وتووە. ئەمەش ئەزمونێکی گەورەی بە من بەخشی. ئامانجی ئەم فێستیڤاڵانەش بریتی بوو لەوەی کەلتور و زمانە جیاوازەکانی دونیا لە یەکتری نزیک بکاتەوە و، هەستی پێکەوە ژیان لە نێو منداڵاندا دروست بکات. منداڵان لە ڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە هەم کەلتوری خۆیان دەناسێنن، هەم کەلتوری وڵاتانی تر دەناسن. لەگەڵ تەواوی ئەو منداڵانە دۆستایەتیەکی گەرموگوڕمان هەیە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پەیوەندیەکی بەردەواممان هەیە”.
باڵابانۆڤ سەبارەت بە کێشەی پیسبوونی ژینگەی تەواوی مرۆڤایەتیش وتی” پیسبوونی ژینگە و ئەو گۆڕانکاریانەی لە ژینگەدا ڕوویان داوە من زۆر نیگەران دەکەن. ئایا ئێمە چی دونیایەک لە دوای خۆمان بەجێدەهێڵین؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە و پیویستە هەموو کەسێک بە گوێرەی ئەم پرسیارە هەنگاوەکانی خۆی هەڵبگرێت”.

88 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە
Show More
Back to top button