نەناسێنراوەکان

خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ڕوداوەکانی ١٥ی تەموز لەگەڵ وتەکانی ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر

بەخامەی: پرۆفیسۆر د. مێهمێت ئێفێ چامان

 

دوای ئەوەی عفرین لە لایەن هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سووریای ئازادەوە کۆنتڕۆڵکرا و ئاڵای تورکیا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی شارەکە هەڵکرا، لە سەرجەم میدیاکانی تورکیادا کە لە لایەن دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵکراوە ئەم ڕووداوە وەک فەتحکردن پیشاندراوە و هەوڵداراوە وەک پڕوپاگەندە بەکاربهێنرێت. پێویستە ئێمە ڕێگری لە شاردنەوەی ڕاستییەکان بکەین. تەنانەت گەر هەموو هەوڵەکانمان بێ ئەنجامیش بێت، پێویستە لەسەرمان پرسیار بکەین گەر پرسیارەکانیش بێ وەڵام بن، پێویستە وەک خاڵێک لە مێژووی ئەم چەرخەدا بنوسرێنەوە. ئەمڕۆ لە وڵاتدا بە شێوەیەکی مەترسیدار نرخی دۆلار لە تورکیادا بەرز بۆتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تورکیا سیستەمێکی نوێی سوودی بانکی پەیڕەو بکات، ئەمەش وا دەکات ئابووری تورکیا بە تەواوی بڕوخێت. ئەم بابەتانە نابێت بە ئاسانی بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستادا تێپەڕێت چونکە ئەمە کاریگەری لەسەر ئابووری و سیاسەتی داهاتوو دەبێت.

ئەمڕۆ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ١٥ی تەموز بخەمەڕوو لەسەر بنەمای وتەکانی ژەنەڕاڵی خانەنشینکراو مەهمەت شانڤێر. بەم هۆیەوە داوا لەو خوێنەرە بەڕێزانە دەکەم کە چاوەڕێی نوسینێکی پۆزیتیڤ و ورە بەرزکەرەوە دەکەن لە ئێستاوە دەست لە خوێندنەوەی ئەم بابەتە هەڵبگرن، چونکە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ڕووبەڕووی ڕاستییە تاڵەکان ببینەوە.

گەر لە بیرتان بێت ١٥ی تەموز هەموو پلەدارەکانی هێزە ئاسمانییەکان لە هۆڵی کادیکۆی میوانبوون بە بۆنەی ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەی ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێەرەوە. لە کاتی بیستنی هەوڵی کودەتاکەدا هەموو ژەنەڕاڵەکان فەرمانیان بە سەربازەکانی خوار خۆیان کرد کە بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان، واتە ٦ ژەنەڕاڵ ئەم بیانووە دەهێننەوە بۆ ئەوەی کە نەکەوتوونەتە دەست کودەتاچییەکان. لە چەند سەرچاوەیەکدا باس لەوە کراوە کە بنکەی هێزی ئاسمانی لە ئێسکیشەهیر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەم ٦ ژەنەڕاڵەدا بووە. واتە مەهمەت شانڤەر دەیەوێت بەم هۆیەوە بیسەلمێنێت کە لە کودەتاچییەکان نەبووە و هەوڵیداوە ڕێگرییان لێبکات، بۆیە فەرمانیداوە هەمووان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. بە پێی وتەکانی خۆی هەموو ئەم فەرمانانەی لە هۆڵی ئاهەنگەکەوە دەرکردووە و هەموو پەیوەندییەکانی ڕێکخستووە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زۆرێک لە فڕۆکەی کودەتاچییەکان کردووە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، چۆن ئەفسەرێکی فڕۆکەوان کە بە نیازبووە کودەتا ئەنجام بدات پلانی بۆ داناوە بە تەنها وتەیەکی ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر پاشگەز دەبێتەوە و بە قسەی دەکات؟ . بە پێی وتەکانی ژەنەڕاڵ مەهمەت بێت ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەی ئەو تورکیای لە کودەتا ڕزگار کردووە و هێزە ئاسمانییەکانی پاشگەز کردۆتەوە.

فەرمانی داخستنی ئاسمانی تورکیا لە لایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جێی تێڕامانە. بڕیاری داخستنی ئاسمان دەتوانرێت هەم وەک ڕێگری لە کودەتاچییەکان تەماشا بکرێت، هەم وەک ڕۆتینێکی ئاسایی تەماشا بکرێت. کامیانە؟ بەڵام ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم بابەتێکی ترە. بە پێی وتەی فەرماندەی گشتی ئەم بڕیارە لە ٧:٠٥ ئێوارە دراوە. بەڵام مەهمەت شانڤەر دەڵێت کە ئاگادار نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆی بەرپرسی هێزە ئاسمانییەکانە. باشە بۆچی فەرماندەی گشتی ئەم بڕیارە بە بەرپرسی هێزە ئاسمانییەکان ناڵێت؟ ئایا دەترسا لەوەی مەهمەت شانڤێر کودەتاچی بێت؟ یاخود فەرماندەی گشتی خۆی ڕێکخەری کودەتاکە بووە ویستوویەتی ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر ئاگاداری پرۆسەکە نەبێت و ڕێگری لێ نەکات؟

فەرمانی داخستنی ئاسمان کە لە ٧:٠٥ ی ئێوارە لە لایەن فەرماندەی گشتییەوە دەرچووبوو بە وتەی مەهمەت شانڤێر کاتژمێر ٧:٢٦ ی ئێوارە گەیشتۆتە بنکەی ئاسمانی ئێسکیشەهیر. واتە پاش ٢١ خولەک ئەم فەرمانە گەیشتۆتە بنکەی ئاسمانی ئێسکیشەهیر. تەماشای ئەم ئابڕووچوونە بکەن. لە حاڵەتی ئاساییدا فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ بە ٥ خولەک دەگاتە ئەنقەرە، بەڵام تەنها بە هۆی ڕێکاری فەرمان دەرکردنەوە ڕێگە نەدرا زوو پێش بە کودەتاکە بگیرێت و ئەو زیانە زۆرە گیانی و ماڵییەی لێ بکەوێتەوە. ئەیا ئەمە تەنها هەڵەیەکی کارگێڕییە؟ یاخود شتێکی تر لەناو کارەکەدا هەیە؟ ئایا کەسێک هەیە کە بیەوێت ڕاستییەکان بشارێتەوە؟ تەنانەت ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر دەڵێت “هەندێک لە شتەکان لەگەڵ ژیانی ئاساییدا ناگونجێت”. دوای هەموو ئەم ڕووداوانە، ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر لە نێوان ٧:٣٠ بۆ ٧:٤٥ فەرمانەکەی پێدەگات. واتە بەرپرسی هێزە ئاسمانییەکان دوای نزیکەی ٢٥ بۆ ٤٠ خولەک هەواڵەکەی پێدەگات. ئەوەی لەمە ئابڕووبەرترە ئەوەیە کە بە وتەی خۆی ژەنەڕاڵ مەهمەت شانڤێر دوای نزیکەی ١٥ خولەک ڕێکارەکانی دەستپێکردووە. ئایا ئەمە لەگەڵ واقیعدا دەگونجێت؟

دواتر کودەتاچییەکان دێن. واتە ئەو ژەنەڕاڵانەی لە ئاهەنگەکەن هەر بەردەوامن لە ئاهەنگەکەیان، کەسیان بە بیریاندا نایەت کە دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان. هەتا ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێدەپەڕێت و ئەمان هەر لە ئاهەنگەکەن، کاتێک کودەتاچییەکان دێن و ئەم ژەنەڕاڵانە دەسگیردەکەن. بە وتەی خۆیان سەرەتا لە پشتەوە دەستیان بەستراوەتەوە، بەڵام دواتر لەناو ئەم هەموو سەرقاڵییەدا کودەتاچییەکان دەستیان کردوونەتەوە و لە پێشەوە دەستیان بەستوون. باشە بۆچی ئەم هەموو ئەفسەرە بێ هێچ شتێک ڕاستەوخۆ تەسلیمی کودەتاچییەکان بوون؟ ئایا ئەمە هەڵوێستێکی شێتانە نییە؟ لە تەواوی هەموو شەودا فڕۆکە بە ئاسماندا سووڕاوەتەوە باشە ئەم فڕۆکانە بۆ هیچ شتێکیان نەکرد؟ ئایا شتێکی تر لە بابەتەکەدا هەیە؟ شتێک کە پێویستبێت خەڵکی نەیبیستێت و نەیزانێت؟ چونکە ئەمان کەسانی بە سالاچووی خانەنشین نەبوون، بەڵکو هەموویان سەربازبوون هونەری جەنگ و ستراتیژی کاری ئەوانە. تا چەند باوەڕ بەوە بکەین سەرەڕای ئەو هەموو ڕووداوە بەردەوام بوون لە ئاهەنگەکەیان و چاوەڕێ بوون تا کودەتاچییەکان بێن و دەستگیریان بکەن؟

دواتر دەیانبەن بۆ بنکەیەکی سەربازی کە لە لایەن کودەتاچییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە. بە وتەی خۆیان دەستیان لە پێشەوە بەسترابوو وە چاویشیان بەسترابوو. باشە دەتوانن تاقی بکەنەوە ئەگەر دەستت لە پێشەوە بەسترابێت کردنەوەی چاو شتێکی قورسە؟ واتە ئەوانەی کودەتاکەیان ئەنجامداوە ئەوەندە کەسانی نەشارەزا بوون. یاخود بە وتەی ژەنەڕاڵ شانڤێر هەندێک شت لەم ڕووداوەدا هەیە کە ناگونجێت.

کێ پلانی ئەم کودەتایەی داناوە؟ ئامانج لە کودەتاکە چی بوو؟ ئەو ناڕێکییانەی کە لەم نووسینەدا خستوومەتە ڕوو تەنها بەشێکی کەمە لە ڕاستییەکان. لە ڕاستیدا هەموو ڕووداوەکانی ئەو کاتە لەگەڵ یەکدی ناڕێکن و ناگونجێن، بە وتەی خۆیان لەگەڵ ژیانی واقعیدا ناگونجێت. ئایا ئێستا دەزانن بۆچی فیدان و ئاکاریان بۆ کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە لە ١٥ی تەموز بانگنەکرد، چونکە گەر ئەوانیشیان بانگبکردایە ئەوا چەندین ڕووداوی تر کە نەدەگونجان پێکەوە و زیاتر ئابڕووی خۆیان دەچوو دەهاتنە ئاراوە. ئەم ڕووداوانە وەک شاخێکی بەستەڵەک وایە کە تەنها بەشێکی کەمی دیارە و زۆرییەکەی لەناو ئاودایە، بەهەمان شێوە ئەم ڕووداوە ئابڕووبەرانە تەنها بەشێکی کەمی دیارە و زۆر شت هەیە کە تا ئێستا نزانرێت. بەڵام پێویستە ئێمە زۆر پرسیار بکەین تا وەکو ئەم ڕووداوانە بۆ مێژوو ڕوون ببێتەوە. ئاشکرابێت کە کێ لە پشت کودەتاکەی ١٥ی تەموزەوە بووە.

Show More
Back to top button